فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ئەمجارە چی هەڵبژێرم

کات 04/06/1403 96 بازدید

ئەمجارە چی هەڵبژێرم

ئەمجەد باقرزادە، کە زۆر لە شۆرەتەکی خۆی وەڕەز بوو، کاتێک ئاوڕ لە ژیانی خۆی دەداتەوە زۆری بەلاوە سەیرە. هەڵبەت ئەو کە خاوەن هونەری کورت کردنەوەیە، یاخود بینین و پۆلین کردنی شتەکانە، یان باشتر بڵێم دەتوانێ رووداوەکان لە چەند رستەدا کۆبکاتەوە و ئەمە بۆ خوێندنەوەی زۆر و بیرکردنەوە بێ سنوورەکانی دەگێڕێتەوە، جاری وایە سەری لە خۆی سووڕ دەمێنێ.

ئەمجەد کە کاتی خۆی نازناوی رێکخراوەیی ‘ئومێد’ی لەسەر بوو، وەک خۆی دەڵێ دەتوانێ تەواوی ژیانی لە چەند تویت‌دا کۆبکاتەوە، وەها کە خەڵکی بەتەواوی لێی تێ‌بگەن.

وتمان نازناوی رێکخراوەیی. ئەدی! ئەمجەد، با باشترە بڵێم ئومێد، یەکەم قۆناغی جیددی ژیانی، وەک خۆی دەڵێ لە کاری نهێنی و نیوە نهێنی لە رێکخراوێکی چەپ‌دا دەست پێ‌دەکا. چونکە زۆریش کەسێکی هەڵسوڕ و  چالاک بووە و جگە لە کاری سیاسی و بەشداریی چالاکانە لە کۆبوونەوەکان‌دا، خاوەن هەستی شیعریش بووە، ناوی هومێد بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ (یان رەنگە بۆی هەڵدەبژێرن، ئەمەیان نازانم). ئەم قۆناغە چەندین ساڵ لە خۆی دەگرێ، باشترە بڵێین دابەش دەبێ بە سەر دوو بەش‌دا: ساڵی ۶٢ی هەتاوی کە حکومەت هێرش دەباتە سەر رێکخراوەکەیان و، بەشی دووهەم لە دووای کەوتنی سۆڤیەت لە ساڵی ۶٩.

وەک خۆی دەڵێ هێرشی حکومەت لە ساڵی ۶٢، نە تەنها لە ئومێد و لە ورەی ئەوی کەم نەکردەوە، بگرە بە تین و گوڕی زیاتر هاتە مەیدانەوە و ئەوەی پێی کرا کردی بۆ ئەوەی هەم حکومەت بڕوخێنێ و هەم دەسەڵاتی گەل بێنێتە دی. سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکان لەم خەونەی نەکەوتوو و، هەر وا ئومێدەوار درێژەی بە خەباتی خۆی دەدا.

بەڵام کەوتنی سۆڤیەت کە سەرەتا هەوڵی‌دەدا لای خۆی، وەک دەڵێن تەوجیهی بکا، تەواو سەری لێ شێواند. هەڵبەت ئەمە نەبووە هۆی لادانی لە چەپ. بگرە هەروا مارکسی ـ لنینی مایەوە.

قۆناغی دووهەم راپەڕین بوو لە هەرێمی کوردستان. بەمە گڕ و تینێکی تێ گەڕا و، تێگەیشت کە نا، دونیا ئەوەندەیش قاقڕستان نیە و دەکرێ هێشتا گۆڕانی گەورە رووبدا. لای ئەو کەوتنی سۆڤیەت گۆڕان بە شێوەی پێچەوانەی مێژوو بوو و، ئەمە یەکجار دڵتەنگی کردبوو. وەک خۆی دەڵێ ئەم ساڵانەیش دەبوون بە دوو بەشەوە: راپەڕین تا شەڕی ناوخۆ (یەعنی ساڵی ١٩٩۴)، شەڕی ناوخۆ هەتا ئیستا؛ کە بەشی یەکەم دیسان بەشی ئومێد بوو و بەشی دووهەم وەک کەوتنی سۆڤیەت بەشی ناهومێدی.

ئەمجەد باقرزادە کە دەبینێ سەرەڕای تێپەڕینی ساڵەکان نە ئەزموونێکی وەک سۆڤیەت دووپات دەبێتەوە و، و نە هەرێمیش دۆخی بە گشتی باشتر دەبێ، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە نا، وادیارە لە شێوەی ژیانی یاخود بۆچوونەکانی‌دا هەڵەیەکی گەورە هەیە. سەرەتا هەوڵ دەدا خۆی تەنیا بە بیر و باوەڕەکانییەوە، واتە بە بێ هیچ چەشنە باوەڕ بە هێزێکی دیاریکراوەوە سەرقاڵ بکا. واتە تیۆر بە بێ کردەوە. ئەگەرچی لای وابوو سەرئەنجام هێزێکی راستەقینە دروست دەبێ و، لەم بەزمە رزگاری دەبێ.

ساڵەکان تێدەپەڕن بە بێ هیچ چەشنە گۆڕانێکی وەها کە ئەو بتوانێ دڵیان پێ خۆش بکا.

لەم کەین و بەینەدا، کە لە راستیدا دەستپێکی قۆناغی سێهەمە، دەست دەکا بە خوێندنەوەیەکی چر و پڕ و هەمە چەشنە. ئیتر سەرنجی لە رووداوە دەرەکییەکانەوە دەگوازێتەوە بۆ ناو جیهانی کتێب. بە تایبەت لە بواری فەلسەفە و کۆمەڵناسی‌دا. سارتەر، نیچە، هیگڵ، جاروبارە مارکس (بەڵام لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە) و، …هەروەها لە بواری ئەدەبی‌دا کامۆ، کافکا، بێکێت، داستایڤسکی، ریمۆند کارڤێر، بوکۆوسکی و…

ئەو پێی وابوو لە جیهانێک‌دا کە بیری بە ئایدیۆلۆژیا گەورە و رۆژئاواییەکان کرابووەوە، تەنیا بە درێژەدان بە خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبی و تیۆرییەکانی ئەوێوە بە ئەنجامێک دەگا.

ئومێد وەک خۆی دەڵێ ئیستا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە چیدی نابێ لە نازناوی ئومێد کەڵک وەربگرێ، هەرچەند بەپێچەوانەی خواستی خۆی بەردەوام پێیەوە نووساوە! ئەو کە جاران رقی لە شۆرەتەکەی خۆی بوو، ئیستا لای وایە لە نازناوەکەی یەکجار باشترە و بگرە خۆش ئاهەنگ‌تریش دێتە گوێ.

ئەمجەد کە ئەم ساڵانەی دووایی یەکجار سەری لە ناو کتێبەکاندایە، پێی سەیرە کە کاتی خۆی ئەوەندە سادە بیری کردووەتەوە و تا ئەو رادەیە ساکارانە لە دونیای رووانیوە. بەتایبەت کە بۆ یەکەم جار کتێبی ‘ئایدیۆلۆژیی ئاڵمانی’ مارکسی خوێندەوە و لە قورسیی کتێبەکە و قووڵاییەکەی گەیشت، پێکەنینی بە مارکسی بوونی ئەو سەردەمەی خۆی دەهات. راستی چۆن بوو ئەوەندە ئاسان خۆی ناو نابوو لایەنگری مارکس!؟

جاری وایە هەوڵ‌دەدا بەو قسە بەناوبانگەی سارتەر کە دەڵێ مرۆڤ مەحکوم بە ئازادییە، دڵخۆشیی خۆی بداتەوە. ئا، ئەو ئازاد بوو ببێ بە مارکسی، بەڵام ئەمە چۆن هەڵبژاردنێک بوو بە بێ خوێندنەوەی کتێبەکانی!

ئەمجارە چی هەڵبژێرم

بۆیە باقرزادە ئیستاکە لای وایە کە لە دونیادا هەندێ کەس هەن کە کاریان کەمین کردنە بۆ ئەوەی مرۆڤەکانی دی بە لاڕێ‌دا ببەن. ئەو کەسانەی وا ئەوانیش بە جوانی کتێبەکانیان نەخوێندووەتەوە!

ئەمجەد جاری وایە رقیشی لە نیچەیە. ئاخر چۆن دەکرێ مرۆڤ وەک ئەو دەڵێ بوونەوەرێک بێ ئاراستەکراوی هێز. … نا نا، ناکرێ هێز و دەسەڵات بنەمای هەموو شتێک بێ.

بەڵام،… بەڵام راوەستن!… ئاهههااااا… ئیستایە تێدەگا!

باقرزادە دەکێشێ بە ناو چاوی خۆیدا. ئەرێ، بەڕاستی مرۆڤ بوونەوەرێکە بەرەو خواست و حەزی هێز، بە بێ ئەوەی بزانێ بۆ و چۆن. ئا، مرۆڤ سەرەتا ئەمە دەکا و ئەوجا بۆی دەخوێنێتەوە و ئەوجا دەیەوێ وەک دەیانگوت تەوجیهی بکا، یەعنی پاساوی بۆ بێنێتەوە!

ئەمجەد ئیستاکە خەنییە. لای وایە سەرئەنجام رازی ژیانی دۆزیوەتەوە.

هەنووکە ئیتر بە بێ هیچ چەشنە دڵەڕاوکێیەک بڕیاری داوە قۆناغی چوارەمی تەمەنی، لەپاش ماوەیەکی دوور و درێژی مانەوە لە قۆناغی سێهەم‌دا دەست پێ‌بکا. ئەو دەڵێ ئیستایە بە جوانی و بە قووڵی لە مرۆڤ و لە خۆی گەیشتووە. بە بزەوە دەڵێ سەیرە کە هەر لە سەرەتادا بەشێوازێکی دروست جووڵاوە بە بێ ئەوەی بۆخۆی پێی بزانێ… ئینجا سەرێک بادەدا و لەبەر خۆیەوە دەچرپێنێ کە ئا هەر لە سەرەتاوە هەڵە نەبووە.

باقرزادە لە کاتێک‌دا لە پەنجەرەکەوە لە دەرەوە دەڕوانێ، لەبەر خۆیەوە دەڵێ:

ـ “باشە ئەگەرچی درەنگە… ئەمجارە چی هەڵبژێرم!؟”

ئەمجارە چی هەڵبژێرم
فەڕۆخ نێعـمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *