فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

پەنا

کات 15/06/1403 78 بازدید

پەنا

ئەم ساڵانە خەڵک کەمتر لە ناو مینی‌بووسەکاندا لەگەڵ یەکتر دەدوێن. هەموو بێدەنگن. ئەوانەیشی قسە دەکەن، بە ئارامی لەگەڵ یەکتر وشەکان ئاڵ و گۆڕ دەکەن. وەک بڵێی شتێک هەیە و نابێ کەس گوێی لێ بێ، یان دەبێ ئاگایان لە دەرەوە بێ و گەر هاتوو شتێک قەوما زوو کاردانەوەیان هەبێ، یان رەنگە لەبەر ئەوەی چیتر قسە نەماوە.
مینی بووسەکە کە لە سەقزەوە بەڕێ‌کەوتووە، دەگاتە سەبەتڵوو. لەوێ چەند کەسێک دادەبەزن و، چەندی تر سوار دەبن. مینی‌بووسەکە جمەی دێ. کۆتایی زستانە، مانگی رەشەمەیە. کێوەکان ئەگەرچی هێشتا تەژیی بەفرن، بەڵام بە هۆی باران و گەرمبوونی هەوا، بۆز هەڵگەڕاون. ئەمڕۆیش ئاسمان سەرتاسەر هەورە و، بارانێکی گا خوڕ و گا ئارام دەبارێ. دونیا ئەوەندە خۆڵەمێشییە، نەبێتەوە.


شۆفیرەکە ئارام مینی‌بووسەکە دەخاتە گێڕ و، بەڕێ دەکەوێ. بەسەر جادە ئیسفاڵتە قوڕاوییەکەدا کە ئەم بەراوبەری دووکانی بە تەلیس و نایلۆن و چادر دروستکراوە، تێدەپەڕێ. ئاوایی جێدێڵێ. نە گۆرانیی لەسەرە و نە دیسان کەسێک دەدوێ. دەورووبەری کاتژمێر چواری دووانیوەڕۆیە. یەکێک لە موسافیرەکان سەری بەرەو ئەوەی تەنیشتی خواردەکاتەوە و، دەڵێ شوکور ئەوە هەفتەیەکە هەور و هەڵایە و چیتر بۆمبارانمان بەسەرەوە نەماوە! ئەوی تریش دەڵێ ئەرێ، وایە، بەتایبەت ئەمساڵ وەزع زۆر قۆڕە!
دیسان بێدەنگ دەبنەوە.


ماشینەکە بەرەبەرە لە شار نزیک دەکەوێتەوە. کێوەی رەشەقەڵات بە دەستی راستدا و، کێوی بابۆس بە دەستی چەپدا لە نێو تەم‌دا ونن. تەنیا داوێنەکان دەبیندرێن. دارستانی رەش بە بێ گەڵا بە ئاستەم بۆنی بەهاری کردووە و، دەڵێی دەجووڵێ!
موسافیرێکی تر بەئاستەم روو لە ئەوەی تەنیشتی دەکا و، دەڵێ هیوادارم ئەمساڵ کۆتایی شەڕ بێ و ئەم بەڵایە لەکۆڵمان بێتەوە. ئەوەی تەنیشتی کە بە سەرسوڕمانەوە لێی دەڕوانێ، دەڵێ خوا بکا وا بێ و بە دەمی تۆ بێ! ئەوی تر دەڵێ خوا گەورەیە!
لە بێدەنگیی موسافیرەکاندا تڕەتڕی مینی‌بووسەکە بەرزترە. دەڵێی بۆنی گازاوڵەکەیشی کە لە شوێنێکەوە خۆ بە ژوورەوەدا دەکا، ناخۆشترە لە هەر کاتێکی تر.
پرسگەکەی رەشەقەڵات جێ‌دێڵن و، دەچنە ناو ئەو دەشتەوە وا شار لەو سەری راکشاوە. خانووەکان لە ژێر قورسایی هەور و لێڵایی تەم و مژدا ئەوەندەی تر بێ دەرەتان‌ دیارن. چەند کەسێک مل دەکێشن و لێی دەڕوانن. زۆر خێرایش دیسان پاڵ دەدەنەوە و، لەناو بێدەنگیی خۆیاندا نوقم دەبنەوە. جگە لە تڕەتڕی ماشینەکە و گرمەگرمی رێکردن و دەنگی باران چیتر نایەتە گوێ. یەکێکی تر لە موسافیرەکان بەوەی تەنیشتی دەڵێ چاوێک لە ماڵەکە دەکەین، ئەوەی وەک ئازووقە ماوە هەڵیدەگرین و هەر ئەم ئێوارەیە دەگەڕێینەوە. ئەوی تر دەڵێ جا بۆ ئەمڕۆ! سبەی زوو دەگەڕێینەوە. ئەوی دیکە بێدەنگ دەبێ.
مینی‌بووسەکە ئەو دەشتەی دەبڕێ وا دەگاتە مەیدانی رەزا شای کۆن، یان مەیدانی جەهاد. ئەوەی وا باسی ئازووقەکەی کردبوو، دیسان بە ئەسپایی دەڵێ هەر لەم وەرزەدا بوو موجەسەمەکەمان هێنا خوارەوە، لەبیرت دێ؟ ئەوی تر دەڵێ موجوسەمە!؟ هی رەزا شا ئەڵێم، لەبیرت نەماوە؟ ئەوی تر دەڵێ ئاها! هەی ماڵتە تۆیش شتی وات لەبیرە! ئەمیش زەردەخەنەیک لێوی دەگەزێ.
لە مەیدانەکە تەواو نزیک کەوتوونەتەوە. ئەوەی وا باسی بۆمبارانی کردبوو، دەڵێ خۆشیشە هەفتەیەک بێ خەم بی، هیوادارم تا یەک مانگی تریش خۆش نەکاتەوە! ئەوەی تەنیشتی دەڵێ بەتەمای ئەمجارە ئاو بمانبا!؟ وەڵلا برا تەواومان کرد. ئەمیش دیسان بێدەنگ دەبێتەوە.
ماشینەکە بە تڕەتڕی وەڕەزکەری نزیک و نزیک‌تر دەکەوێتەوە. بە دەستی راست‌دا دەشتەکەی پێش ستادیۆمەکەی شارە و، بە دەستی چەپ‌دا کۆمەڵێک درەختی چنار کە بەرزبەرز هەڵکشاون. شۆفیرەکە لە ئاوێنەکەوە چاوێک بەناو مشتەرییەکانی‌دا دەگێڕێ.
هەر لەم کاتەدا دەنگی دوو سێ تەقینەوەی سامناک دێتە گوێ. وەک بڵێی رێک لە تەنیشتی مینی‌بووسەکەدا بێ. کابرای شۆفیر دەشڵەژێ و، فەرمانی پێ کۆنتڕۆڵ ناکرێ و سەیارەکە لە ئیسفاڵتە پیسەکە دەترازێ. هەر لەم کاتەدا دەنگی تەقینەوەی سامناکی تر دێتە گوێ. شۆفیرەکە تورمیز دەگرێ و هاواری لێ بەرز دەبێتەوە. موسافیرەکان دەشڵەژێن. یەک هاوار دەکا بۆمبارانە. ئەوسا بەپەلە دەڕژێنە دەرەوە. هەر لەو کاتەدا دوو سێ تۆپی تر دەدرێ بەناو دەشتەکەی دەستی راستیان‌دا. یەک هاوار دەکا مەترسن بۆمب نیە، تۆپبارانە!

پەنا


خەڵکەکە بڵاو دەبنەوە. هەندێکیان بەرەو دەشتەکە هەڵدێن، هەندێکیان بەلای دەستی چەپ‌دا بەرەو دارستانەکە و هەندێکیشیان لەناو مینی‌بووسەکە و دەورووبەریدا دەمێننەوە. کابرای شۆفیر کە لە تەنیشت تەگەرەکەی پێشەوەدا هەڵتروشکاوە، پاش ماوەیەک هەڵدەستێتەوە و دەنەڕێنێ کە کاکە واباشە سوار بنەوە و بچینە ناو شار، ئێرە خەتەرە. بۆ ماوەیەک دەنگی تەقینەوە نایێ. خەڵکەکە ورەیەکیان تیا دەگەڕێتەوە و کەم کەم دێنەوە لای مینی‌بووسەکە. شۆفیرەکە غیرەتی زیاتری تیا دەگەڕێ و هاوار دەکا دەی یاڵڵا سواربن با بڕۆین. خەڵکەکە لە کاتێکدا نازان چی لە پێڵاوە قوڕاوییەکانیان بکەن، بەپەلەپەل سوار دەبنەوە. یەک دەڵێ ماشاڵڵا عەجەب قوڕێکە! باران بەخوڕتر دادەکا. هەورەگرمە ئاسمان دووقڵیش دەکا. چەند کەس هاوار دەکەن. چەند کەسێک دادەبەزنەوە و بە هەڵاتن دەیدەن بە دەشتەکەدا رێک بە درێژایی جادەکە بەرەو ناو شار، بەڵام ئەوەندە قوڕە کە هەنگاو هەڵێنانەوە زەحمەتە. بەناچار دەچنەوە سەر جادەکەو بەردەوام دەبن لە راکردن.


شۆفیرەکە هاوارایان لێدەکا کە کاکە بگەڕێنەوە بە ماشین دەڕۆین! بەڵام بێسوودە. شێتانە لە راکردن بەردەوامن. کاکی رانەندە بەپەلە دەیخاتە گێڕی یەک و، گاز دەدا. مینی‌بووسەکە تەکانێک دەخوا و دیسان دەچەقێتەوە. شۆفیرەکە چەند جاری تر هەوڵ‌دەدا، بەڵام بێسوودە. داوا لەخەڵکەکە دەکا دابەزنەوە و، پاڵی پێوە بنێن. زۆرینە جگە لە ژن و منداڵ دادەبەزنەوە. دیسان بێسوودە. یەک دوو کەس قاچیان لەکاتی پاڵ پێوەنان‌دا هەڵدەخزێ و، دەکەون. هەموو گیانیان دەبێ بە قوڕ. یەک هاوار دەکا کە دەبێ هەموو دابەزن ماشینەکە قورسە. ژن و منداڵیش دادەبەزن. دیسان بێسوودە. لەم بێنەو بەرەیەدا تۆپێکی تر دەیدا بە دەشتەکەدا. زریکە و هات و هاوار لە موسافیرەکان بەرز دەبێتەوە. جەماعەتێکی تر دەست دەکەن بە راکردن. هەر یەکەی بە لایەکدا. شۆفیرەکە هاواریان لێدەکا کە جێی نەهێڵن. دەڵێ گەر مینی‌بووسەکە دەربێننەوە، ئەوا خێراتر نەجاتیان دەبێ. کەس گوێی لێ نیە. تەنیا ژن و منداڵ ماونەتەوە لەگەڵ چەند پیاوێک. پیاوەکان هەنکەهەنکیانە. لە کاتێکدا باران چۆڕ چۆڕ بە سەرو چاویاندا دێتە خوار، ناو دەمیان وشک وشکە. منداڵ دەگرین. ژنان زیاتر چارشێوەکانیان لە خۆیان و لە منداڵەکانیان دەئاڵێنن. پاڵ پێوەنان چەند بێسوودە! شۆفیرەکە بە جوێندان دادەبەزێتەوە. سەیرێکی ئەم سەراوسەری جادەکە دەکاتەوە. نە لە شارەوە و نە لە سەبەتڵووەوە هیچ ماشینێک نایە. بگرە تاقە زەلامێکیش بەدەروە نیە. شەقێک لە تەگەری مینی‌بووسەکە دەدا و، چەند جوێنی پیسی تر حەواڵەی دونیا و خەڵکەکە و حکومەت دەکاتەوە. ژن و منداڵەکان کە لەناو باران و تۆپ و تووڕەیی شۆفیرەکەدا ماونەتەوە کە سوار مینی‌بووسەکە بن یان هەروا لەدەرەوە بمێننەوە زیاتر لە ماشینەکە نزیک دەبنەوە. وەک بڵێی پەنایە بۆ هەموو شتێک. هەم خۆیان لە باران دەدزنەوە، هەم لە تۆپ و هەم لە تووڕەیی کاکی رانەندە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *