دیاریی جەژنی لەدایکبوون
دیاریی جەژنی لەدایکبوون
کە تەمەنی بوو بە هەژدە ساڵ باوکی کە لەمێژ بوو لە دایکی جیاببووەوە، بڕیاری دا جەژنێکی گەورەی لەدایکبوونی بۆ بگرێ و هەر ئەو شەوەیش خەڵاتێکی دەگمەنی پێشکەش بکا.
دۆست و ئاشنایەکی زۆری دەعوەت کردبوو و، جگە لەمە یەک دوو هاوڕێی کوڕەکەیشی لەوێ بوون. لە راستیدا کوڕەکەی زۆر هاورێی نەبوو و، بە هۆی گۆشەنشینی و پەراوێز بوونییەوە، کە ئاکارێکی هەڵبژاردە نەبوو و لە خەسڵەتێکی تایبەتییەوە دەهات، تەنیا هەر ئەم یەک دوو کەسە هەڤاڵی بوون. دیارە ئەوانیشی کەم کەم دەبینی. گەر کاتی هەبووایە، ئەوا لەگەڵیان دەچووە دەرەوە، یان لە ماڵەوە لەگەڵیان کۆ دەبووەوە.
کوڕەکەی لە تەمەنی شانزدە ساڵییەوە، رێک لە دووای جیابوونەوەی دایک و باوکی کتوپڕ جەوی فەلسەفە گرتبووی و بە توندی سەرقاڵی ببوو. کەس نازانێ چۆن ئەمەی بەسەردا هات. پێم وابێ لەبەر ئەوەی ئەهلی کتێبخوێندنەوە بوو، رۆژێک لە کتێبخانە بەسەر کتێبێکی فەلسەفیدا دەکەوێ و، پاش وەی کەمێکی لێ دەخوێنێتەوە، سەرنجی رادەکێشێ و لەو رۆژەوە ئیتر فەلسەفە دەبێ بە هەموو جیهانی. زۆربەی کاتەکانی لە ماڵەوە لە ژوورەکەیدا خەریکی خوێندنەوەی فیلسووفە جۆربەجۆرەکان دەبێ. هەرچەند باشیان لێ حاڵی نابێ، بەڵام دەستبەردار نابێ و لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا تا رادەیەکی باش دەچێتە ناویەوە.
باوکی کە ئاگای لەمە دەبێ و، یەکجار رقی هەڵدەستێ، هەرچی دەکا بۆ ئەوەی کوڕەکەی لە فەلسەفە دوور بخاتەوە بێسوود دەبێ. هەرچی پێی دەڵێ فەلسەفە ئیشی خەڵکی بەتاڵە و، نان و شوغڵی پێ پەیدا نابێ و شتی لەم بابەتە بێسوود دەبێ.
شەوی جەژنی لەدایکبوونەکە، لە بەرەبەری کۆتایی کۆبوونەوەکەدا میکرۆفۆنەکە بەدەستەوە دەگرێ و، دەڵی:
ـ دۆستان! ئەمشەو دەمەوێ سورپرایزتان بکەم، هەم ئێوە و هەم کوڕەکەم کە یەکجار زۆرم خۆش دەوێ! (لێرەدا قوڕگێکی بۆ ساف دەکا) وەک دەزانن ‘سۆران’ کوڕێکی زۆر ژیر و وریایە. من هەمیشە شانازیم بە کوڕەکەمەوە کردووە، سەرەڕای تەمەنی کەمی کەسێکی تێگەیشتوو و ئەهلی خوێندنەوە و هەروەها زیرەک لە قوتابخانە. قەت لە ژیانی من و دایکیدا دەخالەتی نەکرد و، هەمیشە لە گۆشەیەکدا بە بێ ئەوەی خۆی لە شت هەڵقورتێنێ، چاوەروان دەمایەوە. سەر کز و دڵ وریا. بەڵام وەک دەزانن جاری وایە زیرەکی، وەک هەموو شتێکی ئەم دونیایە لە ئاستی مەعقولی خۆی دەربچێ کەمێک… ئا، کەمێک دەبێتە مایەی ناڵێم خراپە و سەرئێشە،… دەبێتە هۆی ئاکار و رەفتاری کەمێک سەیر و سەمەرە. خۆ تێدەگەن مەبەستم چییە!
بەم شێوەیە درێژە بە قسەکانی دەدا. خەڵکەکە، کە بەم گوتانە سەرنجیان قنج دەبێتەوە هەروا چاوەڕوانی درێژەی وشە و رستەکان دەبن.
ـ دۆستانی خۆشەویست! راستییەکەی من بڕیارم داوە ئەمشەو پێتان بڵێم کە لەدووای ئەم جەژنە سۆران سوار ماشین بکەم و، بیبەم بۆ شازترین هوتێلی ئەم شارە کە هەمووتان دەزانن کوێیە. لەوێ خانمێکی سۆزانی کە جوانترین سۆزانی ئەم شارەیە، چاوەڕوانیەتی! ئەمشەو کوڕەکەی من کە گۆشەگیرترین و گەنجترین فیلسووفی شارەکەمانە، قەرارە لەگەڵ ئەو خانمە سۆزانییە شەو رۆژ بکاتەوە!
لێرەدا ژاوە ژاوە دەکەوێتە ناو خەڵکەکەوە. بە سەرسوڕمانەوە لە یەکتر دەڕوانن و، دەکەونە ورتە ورت. تەنیا ‘سۆران’ە لەسەر جێگاکەی خۆی لە تەنیشت دوو هاوڕێکەی دانیشتووە و، بە بێ ئەوەی مێشێکی میوان بێ، گوێی لە گوتەکانی باوکیەتی.
باوکی سۆران چاوێک بە حەشیمەتەکەدا دەگێڕێ. پاشان دەڵێ:
ـ وەک دەزانن هەموو باوکێک دڵ نیگەرانە بە گۆشەگیری منداڵەکەی و حەزدەکا منداڵەکەی کەسێکی چالاک و روو بە دەرەوە بێ و، وەک هەموو منداڵانی تر ژیانی راستەقینەی منداڵیی خۆی تێپەڕ بکا. بەڵام شتێک لە ژیانی سۆراندا سەری هەڵداوە کە ئەوەندەی من لێی بزانم تەنیا بە خەڵکی سۆزانی چارەسەر دەکرێ. وەک دەزانن کوڕەکەم ماوەی دوو ساڵە ئاوێتەی فەلسەفە بووە، ئەویش لە شارێک کە کەس خەریکی نیە. دەبێ بڵێم فەلسەفە شتێک نیە هەر ئاوەها بە ئاسانی لە مێشک بچێتە دەرەوە و، واز لە کەسەکە بێنێ. فەلسەفە کە تەواو بە عەقڵەوە پەیوەندی هەیە تەنیا بە شتێکی هەستی، واتە لەززەتێکی جەستەیی دەردەپەڕێتە دەرەوە. دەبێ خۆشییەکی وەها ئەزموون بکەی بۆ ئەوەی لەززەتی عەقڵ ببەزێنێ.
لێرەدا وەک خۆی کەمێک بە شێوەی داڕشتنەکەی خۆی سەری سووڕ دەمێنێ. هەست دەکا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی فەلسەفەوە! بە خۆیدا دێتەوە. دیسان بە وردی لە حەشاماتەکە دەڕوانێتەوە. بگرە وردتر لە جاری پێشوو. خەڵکەکە بێدەنگن.
ـ ئازیزانی من! دەزانم تێگەیشتن لەم جۆرە قسەو باسانە دژوارە… دەزانم. دەزانم سەرتان بەم کارەی من سووڕ ماوە. بەڵام حەز دەکەم وەک باوکێک کە نیگەرانی داهاتووی منداڵەکەیەتی، لێم تێبگەن! رەنگە بڵێن ئەمە هەم کارێکی نایاسایی و هەم دژە ئەخلاقییە. حەقتانە… رێک وەهایە! رەنگە ئیستا هەندێکتان بیر لەوە بکەنەوە زەنگ بۆ پۆلیس بدەن. بەڵام نا، تکایە نە وا بیر بکەنەوە و نە کاری وەهایش بکەن. تەنیا ئەوەندەی هەست بە ئازار و دڵەڕاوکێکانی باوکێک بکەن بۆ ئەوە هەرچی کاری نایاسایی و دژە ئەخلاقیی دونیایە دەرکی پێبکەن! تازە دڵنیا بن من بیرم لەهەموو شتێکیشی کردووەتەوە. دەمەوێ بڵێم زەنگیش بۆ پۆلیس بدەن، بێسوودە!… ئەرێ بێسوود، هەر چەند دەزانم نان و نمەکی ئەمشەو گرتوونی و کەستان ئەم کارە ناکا. ئیستایش لەگەڵ تەواوبوونی قسەکانم، جەژنەکەمان کۆتایی دێ و، تاکسییەک کە لەدەرەوە چاوەڕوانە کوڕەکەم دەبا بۆ هۆتێل بۆ لای خانمە نازدارەکە. راستی لێرەدا با ئاماژە بە خاڵێکی گرینگی تر بکەم. ئەویش ئەوەیە کە هیچ شتێک لەم دونیایەدا بێ کەڵک و بێسوود نیە. گەر بمەوێ بە وشە و دەستەواژەکانی کوڕەکەم شی بکەمەوە هەموو فێنۆمێنێک کارکردی پۆزیتیڤی خۆی هەیە!
ئەو شەوە سۆران چوو بۆ هۆتێل. تا بەیانی لای خانمە سۆزانییەکە مایەوە. کەس نازانێ لەگەڵی خەوت یان نا. دوواتر لەیادداشتەکانیدا نووسیبووبی “ئیستا بەڕاستی دەزانم فەلسەفە لە کوێوە هاتووە! فەلسەفە کە هەر لە سەرەتاوە کاری پیاوان بووە و دوواتر لە سەردەمی مودێرندا ژنانیش تێوەی گلاون، بریتییە لە هەڵاتنی پیاو لە ژن، یاخود پڕکردنەوەی ئەو مەودایەیە کاتێک پیاو خەریکی هەڵاتنە. مەودایەک کە نە پڕ دەبێتەوە و، نە کۆتایی دێ. کاتێک پیاو هەست بە تەنیایی قووڵی خۆی دەکا، کاتێک دەبینێ ژن بەڕاستی لەگەڵ ئەوەی مرۆڤە دونیایەکی ترە و تەواو جیاواز، چاری نیە جگە لە بیرکردنەوە لە تەنیاییەکانی خۆیدا. ئەمە دیاردەیەکی هەم غەمناک و، هەم ترسناکە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیش ئەگەرچی من هێشتا وەک خۆم راستەوخۆ ئەزموونی جیاوازیی دونیای ژن و پیاو نەکردووە، واتە خۆم ئەزموونم نەکردووە، بەس ئەمشەو بەتەواوی بەپێچەوانەی را و بۆچوونی باوکم سوورم لەسەر رێبازی خۆم. من پێم وایە ناز و غەمزە و هات و هاوارەکانی ژن لە کاتی سێکسدا ترسناکترین دیاردەن، هەوڵێکە بۆ خەساندنی بیرکردنەوە، هەوڵێکە بۆ تاساندنی بیر لەناو کوونە ترسناکە سەرچاوەکەی ژیانی ئادەمیزاد… نا باوکە گیان! سوپاس بۆ هەوڵەکانت! من ئەمشەو زیاتر بەو بڕیارە گەیشتم کە هۆگری فەلسەفە بمێنمەوە. تەنانەت گەر ژیانیش لە شوێنێکدا بۆ هەمیشە راوەستێ.”
مانگێک دوواتر پۆلیسی شار هەم باوکی سۆرانیان بانگ کردبوو بۆ ئیدارەی پۆلیس و هەم خاوەن هۆتێلەکە. خاوەن هۆتێلەکە سەرئەنجام سەرەڕای نکۆڵی کردن لە رووداوەکە و ئەوەیکە نەیانزانیوە ئەو شەوە چی لە ئارادا بووە، جەریمەیەکی باش کرا و، باوکی سۆرانیش لە رۆژنامەکانی شاردا ناوی هات. ئەگەرچی سۆران لەو شەوەوە لە تەمەنی قانوونیدا بوو، بەڵام کاتێک لەگەڵی دووان، زۆر بە قورسی لێیان نەگرت.
سۆران بە پۆلیسی گوتبوو بەڵێنە کتێبێک لەسەر قاتی چوارەمی هوتێلەکە بنووسێ، قاتێک کە دەیویست مێژوویەکی نوێ لە رەوتی فەلسەفەدا دروست بکا و لە راستیدا ئەوەی هەیە ئاوەژووی بکاتەوە.
فەڕۆخ نێعمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید