فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

رەنگە

کات 25/07/1403 25 بازدید

رەنگە

لەم ژوورەدا دە کەسین. هەموویان قەرارە ئازاد بکرێن، جگە لە من. هەفتەیەک لەوە پێش حوکمەکەیان دامێ. حوکمی لەسێدارەدان. دانەیەک لە هاوبەندەکانم کە بە دزییەوە خەریکی بەخێوکردنی مێروولەیە، دەڵێ خەفەت مەخۆ، ئەو بەیانییە تەنیا نابی، گیرفانەکانت پڕدەکەم لە مێروولە! دەڵێ ئەوان هەتا دوواساتەکان جێت ناهێڵن. تازە، دەچرپێنێ بە گوێم‌دا کە “رزگاریشت دەکەن!”

منیش سوپاسی دەکەم.

سەیر ئەوەیە بە حوکمەکەم زۆر زویر نیم. زیاتر لەبەر ئەوەی لە چاوی ئەوانی تردا هیچ مەیل و خۆشییەک بۆ ئازادی نابینم. بە خۆم دەڵێم جا بەم حسێبە فەرقی من و ئەوان چییە؟ جگە لەوە، بێ خەیاڵیی مێروولەکان، یاخود جووڵەی هەمیشەییان کە بێ گوێدان بە مەرگ خەریکی ئەرکی هەمیشەییانن، منیش لەگەڵ خۆی دەبا.

هەموومان بەڵێنە رۆژێک لەم دەرگایە بچینە دەرەوە. ئەوان بۆ ماڵەوە و، منیش بۆ… .

راستی بۆ کوێ!؟

یەکیان کە لە کاتی قسەکردن لەگەڵم‌دا حەزناکا چاو لە چاوم ببڕێ، دەڵێ ژیان سەرئەنجامی تیاچوون و مردنە. وەک ‘ئاکیل’ی یۆنانی کەونارا دەڵێ چ ئیستا و چ بیست ساڵی دیکە، چ جیاوازییەکیان هەیە!

پێکەنینم دێ. مەگەر ژیان خۆی لە خۆیدا چەندەیە. مرۆڤ چ ئاسان لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دەورووبەرەکەیدا دەکەوێتە درۆکردن. بە خۆم دەڵێم گەر من بتوانم بیست ساڵی تر بژیم، بیست ساڵی تر رەنگە شتێکی وەها رووبدات کە پێویست نەکا بیر لە ساڵەکان بکەمەوە.

مانگێکی تر قەرارە ئیعدام بکرێم. رۆژی دووای وەرگرتنی حوکمەکە کەسێکی تازە سەردانی ژوورەکەمان دەکا. بەرپرسی نوێمانە. دەڵێن ئەوە کە بەڵێنە من مانگێکی تر لە سێدارە بدا. هاتووە بۆ ئەوەی بمناسێ و عادەتم پێ بگرێ بۆ ئەوەی ئەو بەیانییە زووەی مانگێکی تر، کاتژمێر چواری بەیانی ئەوەندەم لێ رانەمێنێ.

بە پێچەوانەی چاوەڕووانییەکانم، زۆر میهرەبانە. هەمیشە زۆر لەیەکتر رادەمێنین. گوایا لە دووای لەسێداردانی من دەتوانێ هەفتەیەک مەرەخەسی وەربگرێ و، بچێتەوە بۆ زێدی خۆی. بۆ لای کەس و کاری. ئەوەندە گەنجیشە کە دڵنیام رۆژی دووای لەسێداردانی من، کاتێک دەڕواتەوە، کچێکی نەشمیلانە چاوەڕوانییەتی. دیسان دڵنیام کە خواخوایەتی هەرچی زووتر کاتژمێر چواری بەیانیی مانگێکی تر بگات. دەگێڕنەوە هەمیشە چاوی لەسەر رۆژ ژمێر و کاتژمێرە دیوارییەکەی ژوورەکەی خۆیەتی.

خۆشحاڵم کە رۆژی دووای مردنی من، دونیا پڕ دەبێ لە شەوقی دیدارێکی گەنجانەی تەژی لە خۆشەویستی و لە تامەزرۆیی. وەک سوپاس مشتێک مێروولەی بە دیاری بۆ دادەنێم. دەیانخاتە شووشەیەکەوە و، لەگەڵ خۆی دەیانبا.

نیوە شەوان گوێم لە دەنگی گریانە. هەست دەکەم جاری وایە خۆمم و، جاری وایە ئەوانی تر. بۆ سبەی خوتبەیەکی دوور و درێژی دووپاتکراوە دەدەم. لەو خوتبانە وا قەرارە وشەکان ژیان لەبەر چاوماندا جۆرێکی دیکە لێ‌بکەن. دەڵێم ژیان بە مردنەوە مانادارە، رێک وەک پێوەندیی نێوان شەو و رۆژ. دەڵێم ئەو کاتەی دەستم دایە ئەم کارە بیرم لەم رۆژانە کردبووەوە، بۆیە زۆر بەلامەوە گرینگ نیە. ئەوسا هەیکەلی هەڵواسراوی خۆم بە عەرشی ئاسمانەوە دەبینم. بە خۆم دەلێم خۆزگە هەر ئەوەندەی کە مردنیش وەک بڕیارەکەم هیچ لەرە و بزاوتێکی جەستەیی تیا نەبووایە. من زۆر رقم لە بزەی جەللاد و نیگای پڕ لە سەرکەوتنی ئەوەیە وا بە ئاماژەیەکی پڕ لە سووکایەتی دەڵێ دەی یاڵڵا تەرمەکەی داگرن!

لەو دیو دیوارەکەوە ئاسمان دەگرمێنێ. لەناو قژی بژ و لوول و زۆری تەرمەکەدا چەند مێروولەیەک مڵ و مۆیانە.

نۆ کەسەکەی تر هەر هەموویان لەسەر بازوو و سینگیان تاتوویان کێشاوەتەوە. یەک لە نۆ کەسەکە کە لە دووای هەموومان پێی ناوەتە ئەم زیندانەوە، شارەزای ئەم هونەرەیە. لەسەر سینگی هەموویان باڵندەیەکە و لەسەر بازووەکانیان پاڵەوانێکی نیگا تیژ بە خەنجەرەوە. من کە حەزم بە تاتوو نیە، دەڵێم ئەم دوو وێنەیە پێکەوە نایەنەوە. ئەوان بە پێچەوانەوە بیر دەکەنەوە. یەکیان بە نوێنەرایەتی ئەوانی تر دەڵێ قەدیم لە خانووی هەموو پاڵەوانێک باڵندەیەک هەبووە. دەڵێم ئاخر لە ناو قەفەس. دەڵێ گرینگ نیە لە ناو چی، موهیم ئەوەیە هەبووە.

تەنیا من بێ تاتووم. هەرچی گوتیان و لێم پاڕانەوە بەقسەم نەکردن. گوتم نامەوێ باڵندە و پاڵەوانەکە لەگەڵ من بمرن و، بنێژرێن. هەرچەند مێروولەکان زۆر لەم هەڵوێستەی من رازی نین.

ناڵێم ناترسم. نامەوێ بڵێم دەشترسم. هەر ئەوەندەی کە هەموو شتێک لەبەر چاومدا یەکجار لە مانا بەتاڵ بووەتەوە. ئەمە ئەو رستەیە کە لە ئیعدامییەکی ترم بیست. یەعنی چاوەکانی پێیان گوتم. ئەویش لە ژوورێکی تەنیشت ئێمەدا دەژیا و، رۆژێک لەکاتی هەواخۆری‌دا ئەمەی پێ گوتم. ئێمەی ئیعدامی بە نیگا یەکتر دەناسینەوە. وەک بڵێی بۆ ئەوەی یەکترمان لەو بەیانییەدا و لە رۆژەکانی دوواتردا لێ ون نەبێ. وەک بڵێی دڵنیاین ئێمە دیسان بە تووش یەکتر دەبینەوە. شتێک لە دەروونەوە پێم دەڵێ لە دونیای بێ جەستەیی‌دا نیگاکان دەمێننەوە.

لە پشت دیوارەکانی زیندانەوە، جادەیەکە. جادەیەکی خەیاڵی. دەگاتە زۆر شوێن. یەک لەوان ئەو رێگایەی وا من لێیەوە گەیشتمە ئێرە. بە نیگارکێشەکە دەڵێم داخۆ نەدەکرا جۆرێکی تری بیکێشێ! هیچ وەڵامێک نیە. نازانم بۆ لام وایە هەموو وێنەیەک وێنەکێشێکی هەیە. ئەوەی وا بەڵێنە لە سێدارەم بدا دەڵێ دونیا بە بێ قەڵەم خوڵقا. پێداگرە کە جیهان خۆی بوو قەڵەمی خوڵقاند.

سبەی کوڕە میهرەبانەکەی تا مانگێکی تر، بۆ ناشتا هێلکەمان بۆ دێنێ. بیست هێلکەی کوڵاو بە دە نانەوە. مێروولەکان خۆشحاڵن. ئەمڕۆ رۆژی ورتکە نانە و ساتی جێژنی ئەوان. کەفی ژوورەکە پڕ دەبێ لە مێروولە. یەکتر بانگ دەکەن. رێگایان بۆ دەکەینەوە. رەنگە لە کونەکانی ئەوانەوە رێگایەک بۆ دەربازبوون هەبێ. شەو بە ئەسپایی لە خاوەنی مێروولەکان دەپرسم. بەسەرسوڕمانەوە لێم دەڕوانێ. من کە تیایا ماوم، رووم نایە بڵێم خۆ لانیکەم دەتوانن هەر کامەیان خانەیەکی وردیلە لە جەستەم بەکۆڵ‌دا بدەن و لێرە دوور دوورم بخەنەوە.

بێدەنگ دەکشێمەوە.

رۆژەکان تێدەپەڕن. رۆژی پێش سبەی ئیعدام هەر دەمان بەو بڕە خواردنانەی لامان داون، سووکە جەژنێک دەگرین. هەوڵ دەدەین قسەی خۆش بکەین و، پێ‌بکەنین. ئەگەرچی هەر پێکەنین و بزەیەک راوەستانێکی کتوپڕی و لێ‌ڕامانێکی خۆڕسکی بەشوێنەوەیە. مێروولەکانیش دێن. بە دەوری سفرەکەماندا کە رۆژنامەی کۆنن، مۆڵ دەخۆن. رێگایان بۆ دەکەینەوە. تاتووکێشەکە دەڵێ گەر سینگ و بازوویان جێی هەبووایە ئەوا لەسەر هی ئەوانیش هەمان تاتووی خۆمانمان دەکرد. مێروولەکان پێدەکەنن. یەکێک لە هاوڕێیان کە ئارەقی شاراوەی خواردووەتەوە، دەیداتە قوڵپەی گریان.

هەموو بێدەنگ شەو درەنگان دەچینە ناو جێگاکانمانەوە. ژوورەکە پڕ دەبێ لە باوێشک.

خەوم نایەت. یەعنی ناکرێ دووا شەوی تەمەنم بخەوم. بیر و داڵغە و بیرەوەرییەکان دەورم دەدەن. دەست لە ژێر سەر، هەوڵ‌دەدەم لە خۆم کەمێک دووریان بخەمەوە. دژوارە. هەست بە جەستەم ناکەم. مێروولەیەک بە گوێم‌دا دەچرپێنێ کە لێوم دەلەرزێ و پەنجەکانم بێ ئۆقرەن. رەنگە خەتای سبەی بێ، تاوانی کۆتاییەکان. بەدەورم‌دا هەموو مێروولەکان مۆڵ دەخۆن. ریز لە دووای ریز. لە ژێر تیشکی کزی تاقە گڵۆپی سووچەکەدا رەش رەش دەبریقێنەوە. دەنگی پرخەی هاوڕێیان دێ. بەڵێنە سبەی کاتژمێر سێ هەر هەموومان پێکەوە لە خەو هەستین. پێم وابێ لە دەورووبەری کاژێر دوو خەو دەمباتەوە. خەون بە پاڵەوانە خەنجەر بە دەستەکە و بە باڵندەکانەوە دەبینم. وەک هاوڕێکانم، ئەوانیش هەر کامەیان نۆ دانەن. لە خەو دادەچڵەکێم و، رادەبم. ئەی بۆ تا ئیستا بیرم لەمە نەکردبووەوە! ئەوان نۆ کەس نین. بیست و حەوتن! تازە نۆ خەنجەریش. بە مێروولەکانیشەوە ئێمە چەندە بێ‌ئەژمارین!

هومێدێک لە دڵم‌دا دەگەڕێ. بە خۆم دەڵێم رەنگە سبەی من دەرباز دەبم… ئەرێ رەنگە.  

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *