فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

مامۆستای مێژوو

کات 11/08/1403 57 بازدید

مامۆستای مێژوو

رەنگی نیوەی لق و گەڵاکانی نەمامی دار قەیسییەکە لە ناو باخچەکە، هەڵپڕوزکاوە. ماتۆڕێکی کارەبا ریزەکانی ناو خۆپیشاندانێکی ساڵی ۱۹۱۸، روون دەکاتەوە. گوێم لێیان نیە. تڕە تڕی دینامۆکەی دەنگی دروشم‌دانی خۆپیشاندەران لە خۆی‌دا دەخنکێنێ. دەستێک بە نەمامە قەیسییەکەدا دێنم و، بیر لە خۆپیشاندەران دەکەمەوە. راستی بۆ ساڵی ۱۹۱۸؟… مەگەر ئەو ساڵە چ روویدا و، چ قەوما؟ بە چوار دەوری خۆم‌دا چاو بۆ مامۆستایەکی مێژوو دەگێڕم. هیچ بە دی ناکەم جگە لە بێ‌ئە‌ژمار عەرەبانەی دەستفرۆشەکان و، دەستە دەستە شەپۆلی رێبواران کە بە شەقامەکەدا بە پەلە پەل سەرە و خوار دەکەن. بە خۆم دەڵێم رەنگە نەمامەکە بژیێتەوە. ئەمەم لە کۆنە باخەوانێکی دراوسێمان شنەفت. گوتی تا تەواو وشک نەبێ دەستی لێ مەدە.

بە ناو کۆڵاندا، بێ ئەژمار گەڵای زەرد و سوور و پەمەیی پاییزی بە دەم باوە و لەگەڵ با رادەکەن. کۆڵانەکە لە سەر پێچێک ون دەبێ و، ئیتر نازانم ئەوان بۆ کوێ دەچن. لەوسەر، لە پێدەشتەکان‌دا دارستان و دەریا راکشاون. بە قەدی دار چنارێک‌دا سمۆرەیەکی سوور هەڵدەگەڕێ. پێم وابێ خەیاڵی ئەویش لای نەمامی قەیسی‌یەکە بێ!

لە منداڵێکی عەرەبانەچی دەپرسم راستی مامۆستایەکی مێژووت نەبینی لێرەوە تێپەڕێ؟ دەڵێم گرینگ نیە لە چ بوارێک‌دا پسپۆرە، لە مێژووی نیشتمان‌دا، مێژوی ناوچەکە، جیهان… یاخود مێژووی کۆن،… گرینگ ئەوەیە مامۆستایەکی مێژووم دەست کەوێ. ئەوسا بە دەمییەوە چاوەانم پێدەکەنن.

گەنجە گاریچی‌یەکە بە سەرسووڕمانەوە لێم دەڕوانێ و، پڕ بە گەرووی کتوپڕ هاوار دەکا کە وەرن بۆ شۆرمەزەی کوڵیو،… دەی یاڵڵا وەرن،… گەر بە لێو نەخورێ پووڵەکەی مەدەن… دەی یاڵڵا!

لێی دەڕوانم. شۆرمەزەی کوڵیویش رەنگی لە پاییز دەچێ. بەپەلە خۆم لەو ئۆتۆمبیلە دەپارێزم وا بێ پەروا بە تەنیشتم‌دا تێدەپەڕێ. لە ناوی‌دا تەنیا شۆفیرێکە و پیاوێکی چاویلکە لە چاوی کەمێک بە ساڵا چوو کە لە دوواوە بە گۆچانێکی دار گوێز بە دەستەوە و بە ریشێکی پرۆفیسۆری و عەینەکێکی گەورەوە دانیشتووە. نیگامان لەیەک دەئاڵێ. دڵنیام مامۆستای مێژووە. دەست هەڵدەبڕم بۆ ئەوەی رایوەستێنم. درەنگە و،… تێدەپەڕێ.

لەو سەر خیابانەوە ریزی تووڕە و تەوسەنی خۆپیشاندەران دەردەکەوێتەوە. لەوە دەچێ ئەم جارە ماتۆڕی کارەباکەیان لەگەڵ نەبێ. کە جوان گوێ بۆ دروشمەکانیان شل دەکەم، ئاگام لێ‌یە داوای بەردەوامیی شەڕ دەکەن. گوێم لە وشەکانی نەتەوە و خیانەت و سەربەرزی و شتی لەم بابەتەیە. راستی کامە شەڕ؟ ساڵی ۱۹۱۸، چ شەڕێک بەرۆکی بە نیشتمان و بە ناوچەکە و بە جیهان گرتبوو؟

لەناو دەریایەکی شینی روون، خەریکی مەلەم. تا چاو هەتەر دەکا ئاوە و… ئاو. ترسم لێ‌دەنیشێ. بەڵام لەهەمان کاتیش‌دا جۆرێک لە دڵنیایی تیاما شەپۆل دەدا. ئەوەندە ناخایەنێ بەدەم مەلەوە خەوم لێ دەکەوێ. کە خەبەرم دەبێتەوە لە ژێرم‌دا، کە شینێکی ئاسمانیی مەندە، بەردێکی گەورە دەبینم. لەسەری دادەنیشم. باشە چۆنە نەخنکاوم! لە بن ئاوەکەدا مروارییە بێ ژومارەکان دەدرەوشێنەوە. مشتێکیان لێ دەچنمەوە. یەکیان بەسە بۆ ئەوەی مامۆستای مێژوو پێم بڵێ چ باسە.

دەستفرۆشەکان بۆنی بنجۆکانیان گرتووە. بە دارێکی کورت کە بە سەرێکی‌یەوە پەڕۆیەکی چڵکنی پێوەیە بە پەلە پەل مێشەکان لە شیرینییەکان دوور دەخەنەوە. لەو سەری کۆڵان سمۆرەکە لە چەند گەڵا لە شوێنی ئەو گوێزە شاراوانە دەپرسێ کە لە بیری چوونەتەوە. گەڵاکان بزەیەکی زەرد و سوور و پەمەیی دەکەن. دار قەیسی‌یەکە دڵنیایە دەژیەتەوە.

مامۆستای مێژوو

لە ئاوی شیرینی دەریاکە دەخۆمەوە. وردیلە بڵقەکانی سەر ئاوەکە بێ‌ئەژمار دەمرن و لەدایک دەبنەوە. لە کەنار، کە ئەوەندەم لێ دوور نیە هەمان پیاوی ناو ماشینەکە دەبینمەوە. دەنگ هەڵدەبڕم کە داخۆ دەزانی ساڵی ۱۹۱۸ چ روویداوە؟ مامۆستاکە لەسەر دوو شوێن پێی خۆی لەناو زیخەڵانەکەدا رادەوەستێ، لە من دەڕوانێ و بە سەرسوڕمانەوە دەڵێ مەگەر پەری دەریاییش دەتوانێ لەسەر مێژوو پرسیاری هەبێ!؟ دەڵێم پەری دەریایی!؟ دەڵێ پەری دەریایی.

من لەم ژیانەدا هەموو شتێک تەحەمول دەکەم گاڵتە نەبێ. هاوار دەکەم پەرییەکان تەنیا لە چیرۆکەکان‌دا دەژین. ئەوسا ناهومێدانە دەستێکی لێ رادەوەشێنم و، لێی دەگەڕێم بڕوا. پاش چەند هەنگاوی تر، رادەوەستێتەوە و دەڵێ ۱۹۱۸ ئەو ساڵەیە وا شەڕی یەکی جیهانی تەواو بوو، بەڵام ئەوانەی شکستیان خوارد تووڕە بوون و داوایان دەکرد بەردەوام بێ. دەڵێم بەردەوام بوو؟ دەڵێ نا، یەعنی با، بەڵام بیست ساڵ دوواتر!

دەکەومە فکرەوە. هاوار دەکا تۆ کە لە ۲۰۲۴دا دەژی کارت بەم بەزمە چییە؟

پێم وایە مامۆستای مێژوو ئاگای لەم ساڵانەی دووایی نیە. دەبێ وەهایش بێ، مەگەر ئەوان تەنیا شارەزای مێژوو نین!؟ دەستێکی لەناو ئاوە شین و سیحراوییەکەوە بۆ رادوەشێنم و، دەڵێم ئاخر خۆ هەر من نیم. مامۆستاکە دەڕوا. شوێن هەنگاوەکانی بە درێژایی کەنار بڵاو دەبنەوە.

هەست بە برسییەتی دەکەم. لە دەستفرۆشێک پاقلە دەکڕم. کەمێک لیمەندۆزی بەسەردا دەکەم و، بەر دەبمە خواردنی. خۆپیشاندەرەکان بە بەردەمم‌دا تێدەپەڕن. بەدەم خواردنەوە لێ‌یان دەڕوانم. بێ‌ئەژمار مرۆڤی بێ روخسار بە دەمێکی گەورەوە. ئەو دەمانە بە رووی گەروویەکی تاریک و بێ بن‌دا دەکرێنەوە. کتوپڕ ئەو کاغەزەی وا بە دەستمەوە پاقلەکەی تیا بوو، سەرنجم دەقۆزێتەوە. لاپەڕەیەکی کتێب‌ێکی مێژووییەوە. تیایا باسی شەڕی دووهەمی جیهانە. دەترسم. فڕێی دەدەم. دەبینم تەواوی دەورووبەرم پڕی لاپەڕەکانی کتێبە مێژووییەکانە. هەر هەموویان رەنگ و بۆنی پاقلە، شۆرمەزە، هێلکەی کوڵاو، گوڵەبەڕۆژە، شیرینی و… یان گرتووە.

خۆپێشاندەرەکان بە دروشمدانەوە تێدەپەڕن. تووڕەتر لە هەمیشە و لە هەر کاتێکی تر. مامۆستای مێژوو دیسان بە هەمان ترۆمبیل بە بەردەمم‌دا تێدەپەڕێتەوە. ئەمجارە لێم ناڕوانێ. تاسەی پرسیارێک ئەوکم دەگوشێ. دەست هەڵدەبڕم کە…

نا، باشترە وازی لێ بێنم. مێژوو گەلێک ساڵ دوواترە دەنووسرێتەوە.

فەڕۆخ نێعمـەتپوور

ئەم چیرۆکە بە شێوەی دەنگ گوێ بگرە > مامۆستای مێژو

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *