چووکی بچووک، چووکی گەورە
چووکی بچووک، چووکی گەورە
ئیمڕۆ بەڕێکەوت بەسەر لایڤێکدا کەوتم. لە لایڤەکەدا خانمە دکتۆرێک لەسەر سایزی چووکی پیاو قسەی دەکرد. دەیگوت چووکی نۆرمال سیانزە سەنتیمیتر، چووکی مامناوەندی یانزە و نیو و چووکی بچووک حەوت و نیوە. دوواتر درێژەی دایە کە بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە چواردە هەزار کەسی لە دونیادا گرتووەتەوە و لەوانیشدا وڵاتانی عەرەبی بەشدارن، پیاوە لوبنانییەکان لەناو وڵاتە عەرەبییەکاندا خاوەن گەورەترین چووک و پیاوە ئێراقییەکان خاوەنی بچووکترین چووکن! واتە هی لوبنانییەکان سیانزەیە و، هی ئێراقییەکان یانزە و نیو.
وەک هەموو پیاوێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هێشتا عادەتم بە قسە و باس لەسەر جنس نەگرتووە و، کاتێک گوێی لێدەگرم بزەیەک لەسەر لێومە و تامەزرۆییەکی سەیریش لە مێشک و دەروونمدا، بە خۆم گوت باشە بۆ!؟ بۆ دەبێ پیاوی لوبنانی کەیفی سازتر بێ!؟ ئەم لایڤە زیاتر سەرنجی راکێشام کاتێک بینیم بەهەرحاڵ هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئێراق حسێبە و بەم پێیە بچووکیی چووک، پیاوی کوردیش دەگرێتەوە. ئەو پیاوەی وا کاتێک تووڕە دەبێ و جوێن دەدا بە ئاسانی کێری بە زارەوە دەگرێ و دەیکا بە کونی ئەم و ئەودا، جا چ لە کەسەکە خۆیەوە بگرە هەتا دایک و خوشک و ژن و ئیتر هەموو کەس و کاری دوور و نزیکی.
هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم پرسیارە ئەوە بوو کە ئێراق و لوبنان لای من دۆخیان زۆر لەیەک دەچێ. بۆ وێنە:
ـ لەهەر دووکیاندا دەیان ساڵە شەڕە و، ئارامی و ئاسایشیان بە خۆیانەوە نەبینیوە،
ـ خاوەنی دەوڵەتی مەرکەزی بەهێز نین،
ـ پڕن لە حیزب و حیزبەڵۆکە و،هەر کەسە بە کەیفی خۆی حوکمڕانی دەکا،
ـ هەر دەوڵەتێک پێی خۆش بێ، خۆی تێ دەهاوێ و، بە کورتی سنوورێک بوونی نیە.
بە خۆم گوت باشە بۆ چووکی پیاوی لوبنانی دەبێ لە هی پیاوی ئێراقی گەورەتر بێ؟ دیسان زیاتر بیرم کردەوە. بە خۆم گوت رەنگە هی ئەوە بێ کە لەم بیست ساڵەی دوواتردا لوبنان تەنیا دوو شەڕی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام لە ئێراقدا بەردوام نائارامی، پشێوی و پێکدادانی سەربازی هەبووە.
بەڵام ئەمەیش رازی نەکردم. ئاخر بچووکی و گەورەیی چووک لە دە، یان بیست ساڵدا بە هۆی کاریگەریی ژینگەوە خۆی نابینێتەوە. لە راستیدا ئەمە پێویستی بە زەمەنە تا بچێتە ناو ‘ژێن’ی مرۆڤەوە و دوواتر لە نەسڵێکەوە بۆ ئەوی تر بگوازرێتەوە.
بە خۆم گوت رەنگە هی ئەوە بێ کە لە شەڕەکانی لوبناندا جۆری تەقینەوەکان بەهێزتر بوونە و، لە ئێراق لاوازتر. لە لوبناندا بەشێوەی بەردەوام نەبووە و، لە ئێراق بە شێوەی بەردەوام بووە. کەواتە دەبێ هۆکارەکە لەمەدا بێ.
دیسان ئەمەیش بە قەناعەتی نەگەیاندم. ئاخر دەی چۆن دەبێ لوبنان لە وڵاتانی عەرەبی دیکە کە هەر شەڕیان تێدا نەبووە، لەپێشتر بێ!؟
زۆرم بیر کردەوە. تەنانەت چەند رۆژ دوواتریش، لایڤی ئەم خانمە دکتۆرە کە بە جورئەتێکی بێ وێنەوە لەسەر چووک دەدوا و بە وێنەیش نیشانی دەدا، لە مێشکم نەدەچووە دەر.
تا بە لێکدانەوەیەکی تر گەیشتم. بە خۆم گوت رەنگە هی ئەوە بێ کە توریست و گەشتیار زیاتر روو لە لوبنان دەکەن، یان رەنگە هی ئەوەیە کە ژن زیاتر تیایا ئازادە و بە نیشاندانی لەش و لاری خۆیان زۆرتر پیاوەکان دەبزوێنن. بەمە کەمێک لەخۆم تووڕە بووم، لەبەر ئەوەی هەستم کرد وەک ئیسلامی و سەلەفییەکان بیر دەکەمەوە. دیسان ئەمەیش بە هیچ چەشنێک بە قەناعەتی نەگەیاندم.
رێگەیەکی دیکە ئەوە بوو کە بیگەڕێنمەوە بۆ هۆکاری میتافیزیکی. ئەوەیکە خوا هەر لە ئەزەلەوە مرۆڤی لوبنانی وەها خوڵقاندبوو و، مرۆڤی ئێراقی بەو جۆرەی تر. دیارە گەر ئەو زەمانە لوبنان و ئێراقمان هەبووبێ. ئەوەیکە هۆکاری ئەمەیش چی بووە ئەڵلاهو ئەعلەم! وەک دەڵێن لە کۆتاییدا عەقڵی بەشەر لە کاری خوا ناگا و، ئەم بەشە دەبێ بۆ پەروەردگار خۆی بهێڵێتەوە.
بەڵام وەک دەزانن خودا لەهەمان کاتدا بە بەخشینی مێشک بە بەشەر ناچاری کردووە بیر بکاتەوە، هەرچەند بۆخۆیشی زۆر ئەمەی لەلا پەسند نەبێ. بۆیە رۆژانی داهاتوو دیسان پرسیارەکە لە مێشکمدا مایەوە و، منی بە تەواوی بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد. دەبێ دیان بەوەشدا بنیم کە رۆژانی رۆژ مانەوەی چووک لە مێشکی مرۆڤدا هەستێکی ناخۆش دروست دەکا، بۆیە بۆ ئەوەی بەتووش گێچەڵی زیاترەوە نەبم لای کەس باسم نەکرد.
تا رۆژێک کە گوێم لە ئەخبار دەگرت و، باس باسی چاڵە نەوت لە جیهان و ئەوەی کە کام وڵات زیاتر خاوەنییەتی، بوو کە لەپڕ خەیاڵم چووە سەر وەلامێکی تر.
بەگوێرە هەواڵنێرەکە ئێراق لە هەبوونی نەوت لە پلەی چوارەمی جیهاندا راوەستاوە و ناوی لوبنان بگرە لە کولەکەی تەڕیشدا هەر نەبوو! بە خۆم گوت ئەها کەواتە هۆکارەکەی نەوتە! ژیان کردن لە وڵاتێکدا کە لە دار و بەرد و کەلێن و قوژبنی بۆنی نەوت دێ، بێگومان کاریگەریی لەسەر چووک دەبێ و بە درێژایی ساڵان دەبێتە هۆی بچووک بوونەوەی بەردەوامی. بە خۆم گوت ئەم بۆنە تیژ و ناخۆشە لە گوێوە دەچێتە ناو مێشک و لەوێوە بۆ… چووک. تازە هەر باشیشە حەوت و نیو سەنتیم نیە و یانزە و نیوە،… بەڵام، بەڵام گەر ئاوا بڕواتە پێش، بەتایبەت کە ئیستاکە لە هەرێمی کوردستانیش نەوت هەیە و لە رادەیەکی زۆردا بەرهەمی دێنن و بگرە بۆ دەرەوەی وڵاتیش دەینێرن، وەزعەکە بێگومان هەتا دێ خراپ و خراپتر دەبێ!
دیارە دیسان ئەم وەڵامەیش وەک ئەوانی تر لە زەینمدا وەک بەفری پار توواویەوە. لەبەر ئەوەی لە لیستەکەدا چاوم بە وڵاتانی عەرەبی دیکە وەک عەرەبستان و کوێت و ئەمارات کەوت!
سەر سووڕماو و گێژ و وێژی پرسیار و وەڵامە بێ ئاکامەکان، بە خۆم گوت لە خۆوە بە شوێن جوابەوەم، لێگەڕێ شتەکان وەک خۆیان بڕۆن و تەواو!
بەڵام دیسان بێسوود بوو! ئەوسا بیرم لەو فڕۆکانە دەکردەوە کە دەیانگوت لە هەرێمی کوردستانەوە دەفڕن بۆ لوبنان و پڕی بازرگان و پیاوە دەوڵەمەند و کۆنە پێشمەرگەن.
بە خۆم گوت لە خۆوە نیە، رەنگە ئەوان لەمێژە ئاگایان لە سیانزە و، لە یانزە و نیوە!
فەڕۆخ نێعمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید