خوێندنەوەیەکی رۆمانی ئێوارەیەکی بابۆس

نووسینی: ئەرسەلان چەلەبی
لەسەر رۆمانی ئێوارەیەکی بابۆس ، بەرهەمی فەڕۆخ نێعمەتپوور ــ
تابڵۆی “قیژە”ی ئێدوارد مۆنک، یەکێک لە ناسراوترین بەرهەمی هونەری ناو جیهانی شێوەکارییە، کەسیک کە بە سەر پردێکەوە وەستاوە و دەستی بە گوێیەوە گرتووە و دەقیژێنێ. بەستێنی گێڕانەوە زۆر جاران ئاوڕی لە هونەرمەندانی دیکە داوەتەوە و وەک “نێوان دەق” لە بەرهەمەکانیاندا کەڵکیان لێ وەرگرتووە. بۆ هەر کەسە و بە جۆرێک بووە. هەر نووسەرێک بە پێی فۆڕم و ناوەڕۆکی کارەکەی پردێکی بۆ کەسایەتییەکی هونەری لێداوە. “ئێوارەی بابۆس”یش بە هەمان شێوە هەر لە بەشی یەکەمی ڕۆمانەکەوە بەو نێوان دەقییە دەست پێدەکات.
رۆژنامەنووسێکی ئامریکایی بە ناوی(آرتور لابو )گوتبووی: ” وەک چۆن تابڵۆی مۆنالیزا نوێنەری ڕێنێسانس بوو، تابڵۆی قیژەی مۆنکیش نوێنەری سەدەی بیستەم، سەدەی دڵەڕاوکێ و ترس بۆ مرۆڤی سەردەمی مۆدێڕنە.” سەدەی بیستەم بۆ کۆمەڵگای کوردیش لەو بازنەیە بەدەر نەبووە. سەدەیەک پڕ لە کوشتار و ژێنۆساید، جا با ترس و دڵەڕاوکێ لەولا ڕاوەستێ. ئەو قیژەیەی مۆنک دەبێتە سەرەداوی پەتی گێڕانەوە لەو ناو بەرهەمەکەدا.
لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا لە گەڵ کاراکتەرێک ئاشنا دەبین کە بە گێڕانەوەیەکی زەینی، ژوورێک بۆ خوێنەر وێنا دەکا کە دەنگی تێدا هاتوچۆ دەکا. ژوورێک کە وێنەیەکی تابڵۆکەی “مۆنک”ی تێدا هەڵواسراوە. بەو جۆرە ئێمە لە گەڵ چوار دەنگ ئاشنا دەبین. دەنگی یەکەم بگێڕەوەیە وەک یەکەم کەس لە ڕووی گۆشە نیگاوە. دەنگی دووهەم تاپۆیەکە، یان باشترە بڵێن تەنیا دەنگێکی ڕووت و قووتە کە دوروستکراوی زەینی بگێڕەوەیە. دەنگی سێهەم تابڵۆکەی “مۆنک” کە بە بەردەوامی لە درێژەی ڕۆمانەکەدا دێتە گۆ و زمان دەگرێت. هەروەها سێبەر کە زۆر جاران لەگەڵ دەنگ بۆ منی خوینەر دەبوونە یەک.جوگڕافیا لەوێدا وڵاتێکی باکووری ئەورووپایە کە دیارە دەبێت نۆڕوێژ بێت.
ئەو چوار دەنگە هەتا کۆتایی ڕۆمانەکە پێکەوە جەدەلێک ساز دەکەن کە چیڕۆکی سەرەکی لە نێوانیاندا دەگێڕدرێتەوە. چیرۆکی ڕۆژانی هاوینی ساڵی ۱۳۵۸ی هەتاوی، سەر و بەندی هێرش بۆ کوردستان. چیرۆکی بگێڕەوە کە ئێستا تەمەنی چۆتە سەرێ و لە وڵاتێکی ئەورووپی دەژیت. بیرەوەری و ڕۆژە ڕەشەکانی سەردەمی تازەگەنجییەتی ئامانی لێ بڕیوە. لە درێژە بە کەڵک وەرگرتن لە تکنیکی فلاشبەک، خوێنەر بە بەردەوامی دەچێتەوە ناو ئەو ڕۆژانەی ساڵی ۵۸ کە حوکمی جیهادی خومەینی بە دژی کوردستان درابوو. چیرۆکەکە دەمانباتەوە بەندەنی کەلیخان و گەلێک شوێنی جوگرافیایی وەک گوندەکانی ناوچەی سەقز و بانە، ئەو شوێنانەی دەبنە مەیدانی گرینگترین ڕووداوەکانی پاش شۆڕش. ئەو دەمەی ستوونی نیزامی لە سەقزەوە بەڕێوەیە هەتا هێرش بەرێتە سەر بانە. دەنگی کۆپتەر و تۆپ و تفەنگ بە بەردەوامی لەو بەرهەمەدا حوزوورییان هەیە. چیرۆکی بگێڕەوە وەکوو تازەگەنجێک لە گەڵ خاڵی و چەند کەسیکی تر، ئەو ڕۆژانەمان بیر دێننەوە کە شۆڕشی ساڵی ۵۷ بەرەو چ ئاقارێک چوو.
لە درێژەی چیڕۆکی سەرەکی، لە ناو فلاشبەکەکان بۆ ئەو ڕۆژانە، کۆمەڵە لەتە کاراکتەرێکی دیکە دێنە کایەوە کە هەر کامیان مەجالێکیان بۆ ڕەخساوە هەتا لە ناو کتێبەکەدا خۆیان نیشان دەن، وەک دایک و باوکی بگێڕەوە و کەس و کاری و هەندێک کەسی دیکە. ئەوەی ئەرێنی و سەرنجڕاکێش بوو، کەڵک وەرگرتنی نووسەر لە خەڵکی جۆراوجۆر بوو کە هەر کامیان نوێنەری چین و توێژی خۆیان بوون لە کۆمەڵگای ئەو کاتی بانە دا. ئەو کەسانەی وەکوو کارمەند، بازرگان و ژاندرمە و مەلا و سەربازی عەجەم و زۆرانی تر.
گێڕانەوە لەو بەرهەمەدا وەک گوتم زەینییە و چوارپەلێکی تەواو خەیاڵی هەیە و بەردەوام بە بیرەوەری و فلاشبکەک چیرۆکەکە دەگێڕدرێتەوە. ئیدوارد مۆنک لەوێدا لە ڕێگەی خەیاڵی نووسەر، دەورێکی زۆری هەیە و بەردەوام ئەو قیژەیە وەک مۆتەکەیەک بە سەر کتێبەکەدا زاڵە. دەنگ، سێبەر، بگێڕەوە، مۆنک زۆر جاران وەک چوار بگێڕەوەی سەربەخۆ دەردەکەون. بەڵام هەموو جاران بە فلاشبەک و هێڵی سەرەکی گێڕانەوە، دەپچڕان و خوێنەر دەهاتەوە سەر هێڵی گێڕانەوەی بگێڕەوە. واتە ئەو کەسەی لە ئەورووپا دەژیت و پیر بووە و بڕێک نەخۆشیشە لە بواری جەستەیی. لە وەها دۆخێکدا، باری دەروونی بۆ ئەو کاراکتەرە، بارێکی قورسی دیکەیە و دەردی سەرەکییەتی. هەر ئەویش دەبێتە هێزێک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکەی و فلاشبەک لێدەداتەوە بۆ ئەو ڕۆژە نگریسانەی پاش حوکمی خومەینی، کە قیژەی لە تاک بە تاکی خەڵکی ئەو شارە هەستاندبوو.
جگە لە تێمی سەرەکی ئەو بەرهەمە، باری دەروونی و دەروونناسی ناو چیڕۆکەکەش خۆی دەتوانێ تێمێکی دیکە بێت. تێمی مەنفا و دۆخێک کە نووسەر لە پاش ئاوارەیی تووشی دەبن. بۆیە ئەو بەرهەمانەی لە دەرەوەی وڵات دەنووسرێن، زۆرینەیان دەچنە خانە و تێمی مەنفاشەوە. بە گشتی بەرهەمێکی سەرکەوتوو بوو و لەو نەوعی خۆیدا هەوڵێکی نوێ بوو. بەو تێبینییەی کە باری زمانی کتێبەکە دەبوو حەتمەن پێداچوونەوەی نەک نووسەر، بەڵکوو کەسی دووهەمی بە سەردا تێپەڕیبێ. بە تایبەت لە گێڕانەوەیەکی وەها، زۆر گرینگە و دەبێ ڕیتم و تێمپۆی زمان بپارێزرێت. لە سەرەتاوە نووسەر باش دێت. بەڵام ریتم لە کارەکەدا دەکەوت. زمانی بەرهەمەکە کۆک و پۆشتە نەکرابوو. وەک ئەوەی نووسەر بە پاش نووسین و خوێندنەوەی چەند جارەی ناردبێتییە ژێر مەکینەی چاپ. کە ئەگەر نووسەرەکەی دە جاریشی بخوێنێتەوە هەر نابێ. دەبێ کەسی دووژهەم بیخوێنێتەوە پاشان بڕوا بۆ چاپ. ئەوەش کەین و بەینی وەشان و جۆری کار کردنی جیهانی کوردییە، کە چەندە خزمەت دەکەن، ئەوەندەش زەرەر دەدەن لە یاسا و ڕێسای چاپ و بڵاو کردنەوە. یەکەم زەربەکان کە لە کتێب دەدرێت، لە لایەن جۆری کارکردنی وەشانەکانە.
ئەرسەلان چەلەبی
بینینی رۆمانی ئێوارەیەکی بابۆس





دیدگاهتان را بنویسید