مێینەیەک و دوو نێر
مێینەیەک و دوو نێر
رەشەمەی ۱۳۵۷ی هەتاوی بوو. بۆ نەورۆز هەفتەیەکی مابوو. رێک یەک مانگ لە سەرکەوتنی شۆڕش گوزەرابوو گەنجێک خوشکەکەی لەسەر بێ ئەخلاقی کوشت و، و ژنێکی تریش کە دوو منداڵی هەبوو سەری خۆی هەڵگرت و لەگەڵ جەوانێکی دراوسێیان ون بوو.
ئەم دوو هەواڵە وەها بوون کە بۆ ماوەیەک هەواڵی رووخانی شایان لەبیر خەڵک بردەوە. ئیتر لەجیاتی ئەوەی خەڵکی لەسەر سفرە و لە دوکان و لە شوێنە گشتییەکان باسی بارودۆخی دووای شۆڕش بکەن، ئەوەی کە قەرارە دوواتر چی رووبدات و چی بەسەر چارەنووسیاندا بێت، باس باسی ئەو دوو رووداوە بوو.
باوەگەورە تەنیا کەسێک بوو لە بنەماڵەکەماندا هیچی لەسەر ئەو دوو رووداوە نەدەگوت. تەنانەت لەسەر شۆڕشیش. ئەو بەردەوام موعجیبی تەلەفزیۆنە رەش و سپیەکە بوو و، کاتەکانی خۆی لەبەر دەمی ئەو قاپوڕە چوارپێیەدا رادەبوارد. باوەگەورە سەیری هەموو برنامەکانی دەکرد، هەر لە بەرنامەی منداڵانەوە بگرە، تا هەواڵەکان، گۆرانی، فیلم و سێڕیالەکان.
باوکم کە لەدژی شۆڕش بوو و، بە هیچ کلۆجێک پێی خۆش نەبوو شا بڕوخێ، زیاتر لە هەموو ئەوانی تر باسی ئەو دوو رووداوەی دەکرد. باوکم کوشتنی خوشکێک و هەڵاتنی ژنێکی وەک یەکەم رووداوە کارەساتبارەکانی ئەنجامی شۆڕش لێک دەدایەوە. زۆر بە دڵنیاییەوە دەیگوت: “ئەمە هێشتا سەرەتایە، هێشتا ماویەتی، راوەستن بزانە چیتان بەسەر دێ!”
مامم کە تازە ببووە ئەندامی حیزبێکی شۆڕشگێڕ، زۆر بە گەرمی وەک چۆن لە شۆڕش دیفاعی دەکرد، لە کوشتنی خوشکەکە بەدەستی براکەی و هەڵاتنی ژنەکەیش بەرگری دەکرد. دەیگوت براکە خوشکەکەی لەسەر بێئەخلاقی کوشتووە، هەموومان دەزانین خوشکەکەی وەزعی باش نەبوو، هەر لەکۆنەوە ناوبانگی هەبوو؛ ژنەکەیش وا هەڵاتووە ناحەقی نەبووە، حەزی لە مێردەکەی نەکردووە، بەزۆر بە شوویان دابوو، بۆیە مافی خۆی بووە لەگەڵ پیاوێکی تر کە خۆشی ویستووە رابکا، جا با منداڵیشی هەبێ. دەیگوت ئیتر سەردەمی منداڵ و شتی لەم بابەتە بەسەر چووە، مافی ژن لەسەرووی هەموویانەوەیە.
باوکم بەم قسانە شێت و هار دەبوو و، دەیگوت بەڵێ تا حکوومەت مابوو کەس نەیدەوێرا شتی وابکا، ئیستا حکوومەت نەماوە و ئیتر بووەتە بەرەڵڵایی، برا خوشک دەکوژێ و ژن مال و منداڵی خۆی لەسەر داوێن پیس جێدێڵێ،… خوا رەحم کا دەبێ چیتریش روو بدا!
رێک لەم کاتەدا باوەگەورە سەیری کارتۆنی دەکرد. بزەیەک لەسەر لێوەکانی بوو! پشیلەکە هەرچی دەکرد مشکەکەی بۆ نەدەگیردرا!
برای خوشکە کوژراوەکەیان لە خیابان پیشان دابووم. یەکی بەشان و باهۆی تێکسمڕاو بوو، کاتێک بەڕێگادا دەڕۆیشت سەری دادەخست و رێک لەبەردەمی خۆی دەڕوانی. لە ئەکتەری فیلمەکانی زەمانی شای دەکرد. بێمنەت و، تەژی لە بڕوا بەخۆبوون. تەنکە ریش و سمێڵێکی ئەستووری هەبوو. خەڵکەکە وەک قارەمان لێیان دەڕوانی. ئەویش وەک بڵێی بەمەی دەزانی. ئەو ببوو بە یەکێک لە قارەمانەکانی سەردەمی شۆڕش. هەموو کەس دەیانناسی. ئەگەرچی هەندێ کەس، کە ژمارەیان یەکجار کەم بوو، لایان وابوو دەبێ لێپرسینەوەی لێ بکرێ بەڵام هیچ کەس لێی نەپرسییەوە.
پیاوی ژنە سەرهەڵگرتووەکەیشم دەناسی. ئەو، سەری کز رادەگرت. ملی بەخوار بوو و، لەگەڵ ئەوەی لەکاتی رێگا رۆیشتندا دوور دەیڕوانی، بەڵام وەک بڵێی ئاگای لەکەس نەبێ. خواخوای بوو کەس نەیدوێنێ. لە وەڵامی لۆمەی خەڵکیدا گوتبووی لەم بێ سەرەوبەرەییەی وڵاتدا چۆن چۆنی ژنەکەی بدۆزێتەوە. تازە گەر بیشیدۆزێتەوە، چی لێبکا! خۆ تازە ناگەڕێتەوە. رواڵەتی لە گەوادەکانی فیلمە فارسییەکانی زەمانی شای دەکرد. کەس خۆشی نەدەویست. بوودەڵە و خوێڕی دەهاتە بەرچاو.
من کە تازە غیرەتی سەربڕینی مریشکم پەیدا کردبوو، هەمیشە لە کاتی سەربڕینیاندا بیری خوشکەکە دەکەوتمەوە. هەستێکی تێکەڵاو لە رق و بێز و قێز و غیرەت و ترس سەرتاپای دادەگرتم. دەستم دەکەوتە لەرزین. بۆیە نەمدەزانی چۆنم سەر دەبڕین. کە لێ دەبوومەوە، بەقەدەر دونیا ماندوو بووم. هەمیشە بەخۆم دەگوت جارەکەی تر ناهێڵم وەها بێ! نازانم تا ئیستا مریشکتان سەر بڕیوە یان نا، دەبێ بڵێم لەگەردنی مریشک خوا ناسکتر و قوڕ بەسەرتر دروستی نەکردووە. ئەڵێی کرمە، بۆخۆی بەدەستەوە دێ. پەڕ و پۆکان زۆر خەڵەتێنەرن.
باوکم دەڵێ زەمانی شا بووایە نەک نەیدەوێرا سەر ببڕێ، بەڵکو ئەگەر بیشیکردایە ئیستا لە زیندانی شارەبانی بوو و ملیان بە پەتەوە کردبوو. لەکاتێکدا چاوی بز دەکاتەوە، درێژەی دەداتێ، دەڵێ بەڵام ئیستا کەس کاری پێی نیە، بگرە لێشمان بووەتە قارەمان، با هاوین بێتەوە بزانە چۆن بە لەبەرکردنی کراسی قۆل رووت بازوو و مەچەکە خوێناوییەکەیشمان بۆ دەردەخا! ئەوە دەیبینی!
مامم دەڵێ بێهۆ نیە شا وڵاتی پڕ کردبوو لە قەحبەخانە، قەحبە لە حکوومەتی تازەدا جێ و شوێنی نیە. هەموویان سەر دەبڕین، جا یا خزم و کەسی خۆیان دەیکەن یان ئێمە، بێئەخلاقی شوێنی نەماوە.
تۆم خۆی کردووە بە کوونەکەیدا. جێریش قۆلی هەتا بن هەنگڵی بە ژوورەکەدا کردووە و، هەرچی دەکا بۆی ناگیرێ. تۆم لەنەکاو نارنجۆکێک دەدۆزێتەوە، دەیداتە دەست جێری. جێری لەخۆشیاندا بەبێ ئەوەی لێی بڕوانێ خێرا قووتی دەدا. نارنجۆکەکە لە سکیدا دەتەقێتەوە. باوەگەورە شێتانە دەست دەکا بە پێکەنین.
باوکم دەرزی لێبدەی، وەک نارنجۆکەکەی ناو سکی جێری دەتەقێتەوە.
لەماڵەوە نە دایکم و نە دایە گەورە خۆیان لەقەرەی ئەم باسە نادەن. جا نازانم را و بۆچوونیان چیە و چۆنە. ئەوان کاتێک پیاوەکان دەدوێن، تەنیا گوێ دەگرن. وەک بڵێی باسی نامووسیی ئەوەندە قەدەغەیە نابێ هەر بیریشی لێبکەنەوە، چ بگا بەوەی قسەی لەسەر بکەن. من پێم وایە هەموو ژنێک کاتێک ئەم جۆرە شتانە دەبیستێ، دەستبەجێ خۆی بەجۆرێک لەمەترسیدا دەبینێ. وەک بڵێی ئەویش زۆر خۆی لەم چیرۆکە بەدوور نابینێ. من دڵنیام. ساڵانی دواتر خوێندمەوە نووسەرێک گوتوویەتی لە دەروونی هەر ژنێکدا قەحبەیەک خۆی حەشار داوە!
چەند مانگێکی پێنەچوو ئەوەی وا ژنەکەی هەڵگیرابوو، باروبنەی پێچایەوە، بۆ هەمیشە لە شارۆچکەی ئێمە باری کرد و رۆیشت. وەک دەیانگوت گواستبوویەوە بۆ شاری گەورە. دەیانگوت لەوێ نە کەس دەیناسێ و، نە ئەوەندە بچوکیشە خەڵک ئاگایان لە سڕ و تڕی یەکتر بێ.
ئەو کوڕەیش وا خوشکەکەی سەر بڕیبوو، چەند ساڵ دوواتر لە بۆمبارانی شاردا کوژرا. باوکم گوتبووی لەجیاتی شا، سەددام تۆلەی لێکردەوە!
ئیستا ئیتر باوکم و مامم ئەو دوو چیرۆکەیان لەبیر نەماوە. وەک بڵێی قەت هیچ شتێک رووی نەدابێ. باوەگەورەیش، کاتی خۆی وەک جاران بەدیار تەلەفزیۆنەوە بەسەر دەبا. هەڵبەت تەلەفزیۆنی رەنگی کە هەمووی ساڵێکە کڕاوە. باوە گەورە لەم چەند ساڵەی دوواتردا کتوپڕ زۆر تەمەن بە سەر و روویدا دەرکەوتووە. بەڵام هێشتا بە تۆم و جێری بە دەمی بەتاڵ لە دیانی پێدەکەنێ و، کاری نە بەسەر شۆڕشەوەیە و نە چیرۆکی کۆن و نوێ.
من ئیستایش کاتێک باس باسی شۆڕش و رووداوە گەورە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە، دەستبەجێ بیری کوشتنی خوشکەکە و سەرهەڵگرتنی ژنە خاوەن دوو منداڵەکە لەگەڵ خۆشەویستەکەی دەکەومەوە. تەنانەت گەر باسی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و فەڕانسە و کووبایش بێ. بێگومان ئەم دوو رووداوە هیچ فڕیان بەسەر شۆڕشەوە نەبوو. یەعنی شۆڕش کاری بەسەر ئەوانەوە نەبوو. ئەوە براکە و ژنەکە بوون دەرفەتەکەیان بە هەل زانی و، گوتیان لەم قەرەباڵغییە و لەم بێ سەرەوبەرەییەدا هەرچی خێراتر تا تەنوورەکە گەرمە با نانی خۆمانی پێوەدەین!
وەک هەمیشە چارەنووس جۆراوجور بوو. ساڵانی ساڵ لەوە پێش، لە ساڵی ۱۳۵۷، یەک لە ژنەکان بە ئاواتی خۆی گەیشت و، ئەوی دیکەیان تیا چوو. ئاە، چەند حەز دەکەم تەنیا یەک ژن بووایە و، دوو پشیلە بەیەکەوە حەزیان لێبکردایە.
رێک وەک کارتۆنی تۆم و جێری.
فەڕۆخ نێعمەتپوور






دیدگاهتان را بنویسید