فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سکاڵای سەگ

کات 07/10/1404 121 بازدید

سکاڵای سەگ

ئاخ من چەندە لەم خاوەنەی خۆم تووڕەم. کەس نازانێ خەریکی چییە. ئەوەتەی منی هێناوە بۆ ئێرە و بەخێوم دەکا، دەبینم شێوە ژیانی هەر ئەوەیە. نە قچێک زیا و، نە قچێک کەم. نازانم پێش من چۆن بووە. وەک لەم و لەوم بە هەڵکەوت لەکاتی پیاسە لەگەڵ خۆیدا بیستووە (ئەوسا کە بە تەلەفۆن قسەی کردووە)، بیست و پێنج ساڵێکە لێرەیە. گوایا سەرەتا ژن و منداڵی هەبووە، پاشان بەتووش کێشەوە دەبێ و ژنی تەڵاق داوە. ئەوەندە ناڕەسەنە منداڵەکانیشی هاتوچۆی ناکەن. گوایا چەند جارێک ژنی تری هێناوەتەوە، بەڵام دیسان جیا بووەتەوە. ئەم چەند مانگەیش وا لەگەڵیام، دەبینم زمانی نۆروێژییەکەیشی باش نیە. جا چۆن باش بێ، نە کار دەکا و نە لەگەڵ دوو نۆروێژی هاتوچووی هەیە. هەمیشە یان لەسەر موبیلەکەیەتی، یان لەبەر تەلەفزیۆن دانیشتووە و رۆژ تا ئێوارە سەیری تەلەفزیۆنی کوردی دەکا یان سێڕیاڵی فارسی و تورکی. ئەوەندەی ئاگام لێیە بە هەر دوو هەفتە جارێک فۆڕمێکی ناڤ واتە ئیدارەی کار پڕ دەکاتەوە و، لە رێگای نێتەوە بۆیان دەنێرێتەوە، جاروبارەیش بانگی دەکەن. لەنزیکەوە قسەی لەگەڵ دەکەن، دەینێرنە کووش (کۆرس)، بەس هەر هەمووی بێسوودە، کار چییە دەستی ناکەوێ، یەعنی دەستی دەکەوێ بەس پێی نادەن. سەرەتا لام وا بوو نایدەنێ لەبەر ئەوەی نایزانێ، دوواتر تێگەیشتم کاتێک بۆ ئینتەرڤیو واتە گفتوگۆی کاری بانگی دەکەن وەها قسە دەکا تا رەدی بکەنەوە! ئای کە سەگە! بە عەمری سەگیەتی خۆم شتی وام نەبینیوە. لێی دادەنیشێ، پاڵی لێدەداتەوە و رۆژ تا ئێوارە یان لەگەڵ خزمانی کوردستان قسە دەکا، یان لەگەڵ هاوڕێیانی حیزبی و سەردەمی زوو ئەوەی وا بۆ خۆی ناوی ناوە سەردەمی زێڕینی شاخ،… خەریکی چەنە بازییە! دەبێ بڵێم بە بیرەوەریی سەگیی خۆم کەسی ئاوەها ئاوێتەی رابردووم نەبینیوە.

ئاخ کە من وەڕەزم لەم ژیانە، ئاخ! نازانم چۆن بێتاقەت نابێ. دەبێ دیان بەوەدا بنێم من وەک سەگێکی نۆروێژی کە فێری جۆرێکی دیکە لە ژیانم، ژیانێک کە خاوەنەکەم دەچێ بۆ کار، دەچێ بۆ وەرزش و شاخ، یان رۆژ و شەوی لێک جیا دەکرێنەوە، تەواو لەم ژیانە نوێیەم تووڕەم. خوا غەزەب لە ساحەبەکەی پێشووم گرێ وا منی بە تووش وەها بوونەوەرێکەوە کرد! باشە کەسێک نیە لێی پرسێ باشە کابرا تۆ چی و راگرتنی سەگ چی!؟

خانووەکەمان لە ناوەندی شارە، لە لەیلیهێتێکی (ئاپارتمان) یازدە نهۆمیدایە کە ئێمە لە قاتی حەوتەمداین. خانوویەکی شەست میتری بە ژوورێکی خەو و شۆکنێکی (ئاشپەزخانە) کراوەوە. ئەوەندەی من تێگەیشتووم هەر لەم بلۆکەدا چەندین کەسی دیکەی وەک خۆی لێیە و سەریان زۆر بە سەری یەکترەوەیە. هەڵبەت دەبێ بڵێم ئەوانی دی یەکجار وەک ئەم نین. تیایانایە دەچن بۆ کار، ژن و منداڵیان هەیە، رێک و پێکن و بگرە ئاگام لێ بووە نۆورێژییەکی باشیش قسە دەکەن. بەهەرحال وەک دەڵێن بەڕەی خۆیان لە ئاو دەردەکێشن. هەروەها لەیەک شتدا خۆیان لە نۆروێژییەکان جیا دەکەنەوە، واتە وەک ئەوان تەنیا نین. تەنیایی ئێرەیان، بە بەیەکەوە بوونەکانی زەمانی زوویان قەرەبوو دەکەنەوە. خۆ تێدەگەن دەڵێم چی؟ بەڵام من زۆر جار حەز دەکەم تەنیا بێ، لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو کەسانەی وا سەگی وەک من رادەگرن، تەنیان. باشتر بیڵێم ئەوەی من رادەگرێ دەبێ هەم ئیستا تەنیا بێ و، هەم لە ژیانی رابردوویشیدا و هەم لە داهاتوویشدا. ئەمە یاسای سەگ راگرتن لەم وڵاتەیە. من نازانم ئەم پیاوە بۆ منی راگرتووە. لە داخی ژنە کۆنەکەی، لەبەر ئەوەی هاوڕێکانی نەیەنە ماڵی و هەر ئەو بۆ خۆی بچێ بۆ دیتنیان، یان لەبەر خەڵەتاندنی ئافرەتی نۆروێژی؟ دەبێ بڵێم بەڕاستی نازانم. رەنگە هەر هەموویان بێ و، لەهەمان کاتدا هیچیشیان نەبێ. تێگەیشتن لەم پیاوە بەڕاستی دژوارە.

ئەم پیاوە زۆر بێرەحم و نامەردە. لەبەر هاتوچووەکانی بۆ لای دۆستان و بۆ کۆبوونەوە و هەروەها بۆ سەفەرەکانی، ئەوەندە من بە تەنیا جێ دێڵێ یاخود لەم لاولا رامدەگرێ کە تەواو ژیانی لێ تاڵ کردووم. ئاخر ئەو پیاوە دەبێ تێ‌بگا منیش حەز دەکەم لە ماڵی خۆم بم، لای خاوەنی خۆم بم و ئەوەندە حەزم بەم لاولا نیە. خۆ سەگی پێ سووتاو نیم! لە نەریتی راگرتنی سەگیش ئەبەد تێ‌ناگا. بۆ وێنە بە گوێرەی پێویست نامباتە دەرەوە. زۆر جار فەرامۆشی دەکا و، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی من خۆم پیس کەم. یان کاتێک گوێ لە تەلەفزیۆن دەگرێ ئەوەندە دەنگی بەرز دەکاتەوە ناهێڵێ بۆ ساتێک کەمێک بە ئارامی سەر بخەمە سەر لاقەکانم و خەونووچکەیەک بمباتەوە. یان کاتێک بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوڕێکانی قسە دەکا ئەوەندە بەرز دەدوێ، گوێم کەڕ و کاس دەکا. باوەڕ بکەن رۆژی بە دەیان جار دادەچڵەکێم و، بەپەلە رادەبمە سەر قاچەکانم. هەمیشە لام وایە شتێکی سەیر روویداوە و، من دەبێ ئامادە بم دیفاعی لێ‌بکەم. ئاخر مەعقولە بە نیوەشەو یەک بەخۆت لەناو تەلەفۆندا بنەڕێنی!؟ کەچی دوواتر، واتە هەر دوو چرکە دووای ئەوە تێدەگەم چ باس نیە و تەنیا ئەوەیکە ئەو عادەتی وەهایە. راستییەکەی هەتا ئیستایش نازانم بۆ ئەوەندە بەدەنگی بەرز قسە دەکا. هاوڕێکانیشی وەهان، لەو دیو خەتەکەوە جوان گوێم لە دەنگی ئەوانیشە. حسێبم کردووە بە سەعات و دوو سەعاتیش پێکەوە دەدوێن. هەمیشەیش هەر ئەو قسانەیە. قسەکانی جاران. سەرەتا چاک و چۆنی و ئەحواڵپرسییەکی درێژخایەنی هەمیشە دووپاتکراوە، پاشان باسی سیاسەت و ئەم حیزب و ئەو حیزب، باسی رابردوو، دوواتر باسی کۆماری ئیسلامی، ئەردۆغان و عێراق و سووریا، هەروەها پارتی و یەکیەتی. من کە لەماڵی نۆروێژییەکان ئەو چوار ناوەی یەکەمم بیستبوو، بە ئیستایشەوە هەر نەمزانی پارتی و یەکیەتی چین و کێن! چەند جارێک لەبەر خۆمەوە نوزە نوزێکم کرد تەنانەت وەڕیشم، بەڵام نەک تێم نەگەیشت بەڵکو جارێکیان تا سەرپێیەکیشی تێ گرتم، یەعنی ها چەنە مەدە و بێدەنگ بە درەنگە! رێک لمبۆزی پێکام. تا سێ رۆژ شوێنەکەی دەکزایەوە. ئەو گەواد باوکە دەستی زۆر بەهێزە. من نازانم بۆ هەمیشە بۆ من درەنگە و، کەچی بۆ خۆی نا! مەگەر نازانێ ئێمەی سەگ جاری وایە، تەنانەت گەر پرسیار لەسەر پارتی و یەکیەتیش نەبێ، حەزمان بە وەڕینە!؟ ها نازانێ؟ دەبێ بڵێم گەر نەزانێ، ئیتر بەڕاستی کارەساتە، دەبێ کەسێک هەبێ و بۆی باس بکا کە سەگ بوون واتای چییە. ئەو دەبێ بزانی جیهانی ئێمە لەگەڵ مرۆڤ یەکجار جیاوازە و، گەر ئەم جیاوازییە دانی پیا نەنێ ئەوا پێکەوە بوونمان لە خانوویەکدا زەحمەتە. لەڕاستیدا بە بێ ئەم زانیاریانە راگرتنی سەگ هەر لە ئەزەلەوە حەرام بووە حەرام!

عادەتێکی خراپی تری ئەوەیە زۆر لە ئاودەست دەمێنێتەوە. لانیکەم بە نیوکاتژمێر دادەنیشێ. تەلەفۆنەکەیشی پێیە، جا یان قسە دەکا، یان سەیری شت دەکا. کە تڕیش دەکەنێ ئاگام لێیە دەست دەنێ بە دوگمەی مایکرۆفۆنەکەدا بۆ ئەوەی دەنگی تڕکەندنەکەی نەڕوا! واتە ئەوەی بەرامبەر نەیبیستێ. هەتا بڵێی زۆڵە… چاکی لێ دەزانێ. جارێکیان لێی تێک چوو و، دەستی پیا نەنا. ئەوەی ئەوبەر خەتەکە ئەوەندە پێکەنی کە ئەم لێرەوە تەواو تێک چوو. بەڵام خۆی نەشەمزان. پرسیاری کرد “ئەوە بۆ پێدەکەنی، نەکا لات وابێ تڕم بەرداوە، ئەوە هاوکات کە لەگەڵ تۆ قسە دەکەم لەسەر موبیلەکەیش سەیری شتێک دەکەم جا ئەو دەنگە کە تۆ لات وایە بایە و لێم بووەتەوە هی ئەو کرتەیە بوو!”

 بەڵام روونکردنەوەیەکی بێسوود بوو، کابرا هەر پێکەنی و پێکەنی. ئەمیش کتوپڕ وەها تووڕە بوو موبیلەکەی داخست و دایگرت بۆ جەدد و عابای کابرا! جوێنی وەهای دەدا من قەت لەم وڵاتە شتی وەهام نەبیستووە. نۆروێژی قەت ئاوا جوێن نادەن، تەنانەت گەر زۆر لەمە زیاتریش تووڕەیان بکەی. بەخوا سەیر بوو! ئەم پیاوە کە من هەمیشە لام وابوو بۆ وشە کەم دێنێ، تەنانەت بە زمانی خۆیشی، کەچی لەکاتی جوێن دانا ئەوەندە بە رەوانی و جوان جوێنی دەدا سەگ سەری لێ سووڕ دەما!

بەڵام لەبەر ئەوەی من لە بنەڕەتدا سەگێکی نۆروێژیم، دەبێ دیان بەوەدا بنێم ساحەبەکەی من خەسڵەتی باشیشی هەبوو. ئێمە ئاوا فێر بووین کە بە شتی چاک بڵێین چاک و بە خراپیش بڵێین خراپ، جا با لەگەڵ کابرا نێوانیشمان ناخۆش بێ. بۆ وێنە ئەو خواردنانەی سازی دەکردن، زۆر خۆش بوون. من بە حەیاتم ئاوەها بۆن و بەرامەی خۆشم لەماڵە نۆروێژیدا نەبینیوە. شتی وای دروست دەکرد، من هەر بە بۆنەکەی کەڕ و کاس دەبووم، لەخۆ بێ خۆی دەکردم، دەفڕیم بۆ ئاسمان، ئیتر ئێوە دەبێ بزانن کە ئێمەی سەگ بەو هەستە هەستیارەوە لە لووتماندا هەمانە، چیمان بەسەر دێ کاتێک قۆزی و کەباب و مریشکی برژاو لەگەڵ برینجی بۆندار و زەڵاتە و بنکڕ و شێخ مەحشی و ئاش و چەندان ناوی تر کە من ئیستا لەبیرم نەماون، تێکەڵ دەبن!

یان کاتێک تەلەفزیۆنەکەی دەخستە سەر قەناتی فیلمی رووت. ئاە کە بەخوا من ئەم عادەتەیم زۆر لا پەسند بوو. من کە یەختە کرابووم و ئەو ئیشەم چیدی پێ‌نەدەکرا، بەڕاستی بە بینینی پۆڕن تەواو شاگەشکە دەبووم. ئەمەی زۆر لە نۆروێژی دەچوو. بگرە لەوانیش باشتر! جاری وابوو لە خۆشیانا دەملووراند و، رادەبوومە سەر هەر دوو دەستی پێشەوەم. سەیر ئەوە بوو شەرمی لێ‌نەدەکردم و، رێک لەبەر چاوی مندا دەستپەڕی لێ‌دەدا. بەخوا پیاوێکی کەر بوو! ئاخر مەگەر نەیدەزانی غەریزەی سێکس لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا هاوبەشە و، بۆیە ئێمە زۆر خێرا بەمە دەزانین،… جا با زمانیشمان نەبێ بیدرکێنین!؟ من زۆر جار بە شێوەی لێڕوانینەکانم هەوڵم دەدا تێی‌گەیەنێم ئەوەندە گێلۆکەیش نیم و تێ‌دەگەم، کەچی ئەو گەوادە وەک بڵێی من هەر لەوێ نەبم کاری خۆی دەکرد. تەنانەت جاری وابوو چاوی بۆ حیز دەکرد و، بەجۆرەیەک لێی دەڕوانیم کەبەڕاستی دەترسام! نەکا ئەو قەحبە بابە تەمەعی لە منی سەگی نێر کردبێ!؟ نەکا حسێبی مێینەی بۆ من کردبێ!؟ دەبێ بڵێم من لەم کاتانەدا بۆی دەردەچووم و، خۆم دەکرد بە ژوورە خەوەکەدا. کە لێ دەبووەوە وەک تەلیسی خووساو بەسەر کورسیەکەیدا شۆڕ دەبووەوە و، بۆ ماوەیەکی باش خەونووچکە دەیبردەوە. من بەمە بوو دەمزانی تەمەنی هەیە و، چیتر پیاوێکی گەنج و بەدەست و برد نەماوە. جا با قژ و برۆی رەش کاتەوە و، هەموو بەیانییەکیش ریشی چوار تیغە بتاشێ.

ئاگام لێیە جاروبارە رێکخراوی نۆروێژی بۆ یارمەتیدان زەنگی بۆدەدەن. بۆ وێنە یارمەتیدانی مندا\لانی هەژار و بێ سەپەرشت، یان ئەوانەی نەخۆشیی دڵیان هەیە. تاقە ئۆرە (واتە قڕانی نۆروێژی) چییە لەدەستی نابێتەوە. بە تووڕەییەوە تەلەفۆنەکە دادەخا و، بە شوێنیا چەند جوێنی مزریشیان ئاراستە دەکا. بەڵام هەر ئەوەندەی کوردێک بەتایبەت لە رێکخراوەکەی خۆیەوە داوای لێ‌بکا، یان هەر رێکخراوێکی تر وا بۆخۆی بەدڵی بووایە، ئیتر سەری پێوە نەبوو. ئەویش نەک لەبەر ئەوەی کە بەڕاستی حەزی لێی بوو، نا، لەبەر ئەوەی باسی بکەن و بڵێن بەڕاستی پیاوێکی تێکۆشەر و نیشتمان پەروەرە. وەهای دەدا هەموو کەس پێی بزانێ. لەهەموو شوێنێکیش بە هۆ و بێ هۆ باسی دەکرد. هەر لەخۆوە بۆ ئەم و ئەو زەنگی لێدەدا و، کارێکی دەکرد قسەکان خۆبەخۆ بچێتەوە سەر یارمەتی. سەرەتا دەیگوت فڵانی و فیسارەکەس لە لایەن فڵان رێکخراوەوە زەنگی دا بۆ یارمەتی، راستی بۆ تۆشیان کرد؟ جا کابرا بیگوتایە ئەرێ یان نا، زۆر جیاوازیی نەبوو. ئەم دەستبەجێ دەستی پێدەکرد کە ئەوەندەی داوە (هەمیشە گەلێک زیاتری دەگوت لەوەی وا دایبوو) و، ئیتر یەک سەعاتی تەواوو نەیدەبڕانەوە. هەموو جارێک ئەوەندە بە حیماسەتەوە باسی کوردستانی دەکرد کە من دەستبەجێ رادەبوومە سەر چوار دەست و پێم، بەخۆم دەگوت ئۆخەی ئەوەندەی نەماوە بۆ هەمیشە بچێتەوە بۆ کوردستان و دیسان من بفرۆشنەوە بە کابرایەکی نۆروێژی و رزگارم بێ! بەڵام رۆژەکان و مانگ و ساڵ تێدەپەڕین و، بە بێ ئەوەی شتێک روو بدا، من هەر لە جێی خۆم دەمامەوە. من ئیستایش نازانم کەسێک ئەوەندە دڵ کەیلی کوردستان بێ بۆ ناگەڕێتەوە؟ بۆ ناچێ لەوە بژی!؟ خۆ پیاو لەبرسا نامرێ. من بۆخۆم ئاوا بیر دەکەمەوە گەر دڵم ئەوەندە لای ساحیبی پێشووم بێ، ئەوەی ئیستا هەزار ئەوەندەی تریش خزمەتم بکا هەر دەچمەوە لای. کوڕە مەگەر دونیا ئەوەندە دێنێ!

سکاڵای سەگ

ئەوە چەند هەفتەیەکە ناڤ بەردەوام بانگی دەکەن. کۆبوونەوەی لەگەڵ دەگرن، هەوڵ دەدەن بینێرن بۆ پراکسیس، واتە شوێنێک بەبەلاش کار بکا تا بەڵکو لێی رازی بن و سەرئەنجام کاری بدەنێ. دەبێ بڵێم ساحەبەکەم تەواو وەزعی تێکچووە. نەک زەوقی جارانی نەماوە، بەڵکو لەبەر خۆیەوە دەڕوا و جوێن دەدا. بۆخۆی دەڵێ دەبێ راپۆرتیان لێ‌دابێ. راپۆرت لەسەر ئەوەی کە خەریکی کاری رەشە. ئا، دڵنیایە راپۆرتیان لێ‌داوە. ناڤ هەڕەشەیان لێکرد گەر نەچێ بۆ پراکسیس ئەوا مووچەکەی دەبڕن. ئەویش بەنابەدڵی بەیانییەک زوو لەخەو هەستا و، رۆیشت. من کە چاوەڕوانی ئەوە بووم بۆ سبەیش هەر هەمان بکاتەوە، بینیم خۆی تەخت لەناو جێگاکەدا خست و، زەنگی بۆ دکتۆرەکەی لێدا. دوواتریش زەنگی بۆ کارەکەی دا. گوتی نەخۆشە و، ناتوانێ بچێ بۆ سەر کار.

ئەوە لەو رۆژەوە بەردەوام ئیتر بەڕێگای دکتۆرەوەیە. بە پشت ئێشەکەیەوە چەند هەفتەیەکی خوارد. پاشان کە زانی ئەمە لەمە زیاتر بڕ ناکا، باسی دۆخی خراپ و ئاڵۆزی دەروونیی خۆی کرد. بەهەرحاڵ کارەکەی هەر دووا خست و دووای خست، تا ناڤ وازی لێ‌هێنا. ئەوەندەی من بزانم دۆزینەوەی شوێنی تازەی پراکسیسیش بۆ ناڤ ئاسان نەبوو. جارێکیان گوێم لێ‌بوو لەگەڵ برادەرێکی دووری خۆی کە زۆر سەری لەناو سیاسەتدا نەبوو، دەیگوت “کاکە ئێوە باشن، راستەوخۆ لە ئێرانەوە هاتوون، پێشمەرگایەتیتان نەبینیوە، رۆح و جەستەتان ئازاری نەبینیوە، بۆیە هەم زمان فێربوون لێرە بۆتان راحەتە و هەم دۆزینەوەی کار و کارکردن.”

من کە بەردەوام گوێم لە شانازی کردن ئەو بە پێشمەرگایەتی و بە رابردووی پڕ لە شەڕ و شۆڕ و فراز و نشێوییەوە بوو، نازانم بۆ کتوپڕ پێشمەرگایەتی بوو بو سەرچاوەی نەهامەتی و نەگبەتی، وەها کە ئەو ناتوانێ بچێ بۆ کار و دەبێ لێی‌گەڕێن بەردەوام لەماڵەوە دابنیشێ!

ئەوا ماوەیەکە ئاگام لێیە لەگەڵ شوێن، یاخود کەسێکی تازە قسە دەکا. کە قسەی لەگەڵ دەکا، لە من مۆڕ دەبێتەوە. نیگام لێ هەڵناگرێ. من رادەبم و، کلک هەڵدەسووڕێنم. گەردن دەکێشم و، چاوەڕوان دەمێنمەوە. بەخۆم دەڵێم رەنگە شتێکی بۆ من تیا بێ، شتێکی وەک خواردنی ‘ئەوکانوبا’ یان ئێسکێکی لاسیقی بۆ کایەکردن (ئەوەی ئێستام شەق و شڕ بووە). دوو سێ جارێ دەوەڕم. دیسان تاسەرپێیەکم تێدەگرێتەوە. دەقروسکێنم و، هەڵدێم.

لەو رۆژەوە کاتێک لەگەڵ هەمان کەس قسە دەکاتەوە، من دەکاتە ژووری خەوەکەوە و دەرگام لێ پێوە دەدا. ئاگام لێیە لەگەڵ ژنێک لە وڵاتی هۆڵەند پێوەندی هەیە، ژنێکی کورد. جارێکیان کاتێک تڕێکی کەند و قامکی بە مایکرۆفۆنی تەلەفۆنەکەیدا نا، گوێم لە دەنگی بوو. من کە لە کونی دەرگاکەوە ئاگام لێبوو، زانیم بەتەمای شتێکە. گەر لێم پرسن دەبێ بڵێم ئێمەی سەگ لەبەر ئەوەی بوونەوەرێکی وەفادارین و، هەزار ئەوەندەیش ساحەبەکەمان لێمان بدا و گوێمان نەداتێ و بە تاکەوش و زیندانی کردن لەخۆیان دوورمان بخەنەوە، دیسان بە خۆشبەختیی خاوەنەکانمان خۆشبەخت و خۆشحاڵ دەبین. بۆیە بەڕاستی پێم خۆش بوو کاک زاهیری خاوەنم دیسان خەریکە ژن دێنێتەوە و، دەبێتەوە بە خاوەن ماڵ و منداڵ. خۆشحاڵ لەوەی ئەو وەک من ئەختە نەکراوە و دەتوانێ بەردەوام نەسڵی خۆی بەرهەم بێنێتەوە، لەپشت دەرگاکەوە شێتانە کلکم بۆ هەڵسوڕاند.

بەڵام،… بەڵام هێشتا بووکێ قاچی نەنابووە ناو خانووی کاک زاهیرەوە رۆژێک پەتێکی خستە ملمەوە و وەک هەمیشە روومان کردەوە دەرەوە. من نەمدەزانی چ باسە و بۆ کوێم دەبا. چەند جارێک خەریک بوو لە خۆشیانا بە زمانی خۆی پێی بڵێم کاک زاهیر گیان بەڕاستی پیرۆزە و هیوادارم لە پای یەک پیر و خڕۆ بن! ئەوەندەی پێ‌نەچوو بینیم خۆی کرد بە فرۆشگەیەکی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵدا. دەبێ بڵێم پشتم لەرزی، نەرمە ئارەقەیەکی وەفاداری بە ناو گەڵمدا تک تک شۆڕ بووەوە و، رژایە سەر زەوی.

هەڵبەت ئەمە گرینگ نەبوو. موهیم بەختەوەریی خاوەنە شێت و شوورەکەم بوو! مامەڵە تەواو بوو. لە کاتێکدا بۆ دوواجار لە دوواوە کاتێک دوور دەکەوتەوە لێم دەڕوانی، لە کاتێکدا نەمدەزانی بۆچی کاک زاهیر منی لە ترۆپکی خۆشبەختی خۆیدا بەڕەڵڵا دەکرد، لەبەر خۆمەوە بە چاوە خەمبار و پڕ لە فرمێسکەکانمەوە گوتم “ماڵئاوا کاک زاهیری خاوەنم، ماڵئاوا!”

ساڵانی دوواتر بوو لە سەگێکی ترم ژنەفت کە “پیاوی وەک کاک زاهیر وەهان، کاتێک ژن دێنن سەگەکانیان دەفرۆشن!”

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *