لەگەڵبوونێکی خەیاڵی
لەگەڵبوونێکی خەیاڵی
دایکم ئەندامی هیچ حیزبێکی سیاسی نەبوو، بەڵام هەموو رۆژێک لەگەڵ نانی نیوەڕۆ رادیۆی هەموو حیزبەکانی دەگرت. ئەو حیزبانەی وا لە شاخ بوون و، شەڕی چەکداریان لەگەڵ حکومەت دەکرد. گوێیشی نەدەدایە ئەوەی داخۆ دەنگی رادیۆکە بەرزە و رەنگە دراوسێیەک یاخود رێبوارێکی ناو کۆڵان گوێی لێبێ و، دوواتر کەسێک راپۆرت بدا و کێشەیەکمان بۆ ساز بکا.
ساڵانی ساڵ ئەمە درێژەی هەبوو.
منیش کە ئەندامی حیزبێکی ناوخۆیی بووم و، باوەڕم بە شەڕی چەکداری نەبوو، بەهۆی دایکمەوە ئاگام لە هەموو هەواڵەکانی ئەو حیزبانە بوو. هەر لە شەڕەکانیانەوە بگرە، تا وتاری سیاسی و سروود و بەرنامەکانی دیکەیان. بەهۆی دایکمەوە تەواو شارەزای وەزعیان ببووم.
دایکم سیاسی نەبوو. لەگەڵ ئەوەی گوێی لەهەموو حیزبەکان دەگرت و شت نەبوو بە فیڕۆی بدا، کەچی قەت دوو وشە چییە لەسەر سیاسەت نەدەدوا. منیش کە راستەوخۆ گوێم لەوان نەدەگرت، بەهۆی ئەوەی ئەندامی حیزبێک بووم دەمتوانی بە سەعات لەسەر سیاسەت بدوێم. من بەهۆی دایکمەوە ئاگام لە چەندین حیزبی دیکە بوو.
دایکم دوو برا و دوو ئامۆزای لە دەرەوە بوون. هەر چواریان ئەندامی ئەو حیزبانە بوون. یەکیان دێمۆکرات بوو، دووهەمیان رێبەرایەتی شۆڕشگێر، سێهەمیان موجاهدین و دووا دانەیان رێگای کرێکار. دایکم هەموو رۆژێ گوێی لە هەواڵەکان دەگرت بۆ ئەوەی بزانێ داخۆ هیچیان بەسەر نەهاتبێ.
پێم وابێ.
ساڵانی دوواتر زۆربەیان لەشەڕدا کوژران. دایکم بەدەم گوێ گرتن لە رادیۆکەوە هەواڵی مەرگی هەموویانی بیست و، بەکوڵ بۆیان گریا.
منیش لەگەڵ دایکم گریام.
پێم وابێ من جگە لەوان بۆ دایکیشم دەگریام. بۆیە لەگەڵ ئەوەی وەک ئەو شین و شەپۆڕم نەدەکرد و، هەوڵم دەدا زیاتر لە خەڵوەتی خۆمدا بگریم بەڵام گریانەکانم بەکوڵتر بوون.
ئیستا گەلێک ساڵ لەو ساڵانە گوزەراوە. نە ئەو رادیۆیانە ماون دایکم گوێیان لێ بگرێ و، نە کەسێکی تر بۆ بیستنی هەواڵی مەرگی.
بەشی دایکم تەواو بوو.
هاوینێکی گەرمە و پەنجەرە کراوەیە. دایکم چەندە عادەتی بە رادیۆکە گرتووە، منیش هەر ئەوەندە بەو و رادیۆکەی. دەزانم دایکم تەنیا لە ترسی مەرگی ئەوان نەبوو گوێی لە رادیۆکە دەگرت. رادیۆکە شێوازێک بوو بۆ لەگەڵ ئەوان بوون. ئەوەی وا من پێم نەدەزانی. ئەوەی وا من ئیستا پێی دەزانم و، ناوم ناوە “لەگەڵبوونێکی خەیاڵی”.
شەستەکانی هەتاوی جۆرەیەک بوون. هەم خەیاڵ هەبوو و هەم ئومێد و… هەم مردن. باشتر بڵێم کوشتن. قێزەونترین جۆری مردن کوشتنە، یاخود کوژرانە. ئەوەی وا رادیۆکە پێی دەگوت شەهید بوون، دیارە کاتێک باس لە ئەندامی حیزبەکان بوو. زۆر جار بیر لەوە دەکەمەوە بۆ رۆیشتووەکان لەدووای مەرگیان ئیتر گرنگ نەبوو مردن بوو، کوژران بوو یان شەهید بوون. ئەوە هێشتا زیندووەکانن بەمەوە سەرقاڵن یان سەرقاڵ بوون.
دڵنیام دایکم بیر لەم شتانە ناکاتەوە.
مرۆڤەکان ئەوەتەی هەن یەکتریان کوشتووە و، دەیکوژن. لە رابردووەوە بۆ ئیستا و بۆ داهاتوویش. پێم وانەبێ ئەمە بە ئاسانی کۆتایی بێ. لە هەواڵی رادیۆکەدا هەمیشە جۆرێک لە حەماسەت هەبوو. وەها مەرگی جوان دەکرد. بەڵام ئەمە بەرگری لە گریانی دایکم و من نەدەگرت. حەماسەت دەرەقەتی مەرگ نەدەهات.
دایکم ئیستایش نازانێ لەسەر سیاسەت قسە بکا، بەڵام لەزۆر کەس زیاتر دڵی لای سیاسەتە. پێم وابێ لە نەمانی رادیۆکەدا ئەمە دیسان شێوازێکە بۆ لەگەڵ ئەوان بوون. وەک گوتم لەگەڵبوونێکی خەیاڵی.
دەنگی جریوە جریوی چۆلەکەکان لە حەوشەوە دێنە گوێ. هاوینێکی خۆشی ئەو ساڵانەیە. نیوەڕۆیە. لەکار دەگەڕێمەوە و، خۆ بەژوورەوەدا دەکەم. رادیۆکە باتری تیا نەماوە. دایکم سەر هەڵدەبڕێ و، بە دڵەڕاوکێوە لێم دەڕوانێ. دەڵێم دڵ لە دڵ مەدە، بۆت دەکڕم، هەر ئەم ئێوارەیە.
لە پەنجەرەکەوە ئەو دەنگانە خۆ بەژوورەوەدا دەکەن وا لەوە پێش زۆرم نەدەبیستن. دەنگی تێپەڕینی ماشین، با کە بەناو باخەکەدا تێدەپەڕێ، بانگی مزگەوت و وەبەریەک کەوتنی قاپ و قاچاخ لە دراوسێکانەوە. دڵنیام دایکم نایانبیستێ. لە خەیاڵدایە.
وەک گوتم لە خەیاڵی لەگەڵبوونێکی خەیاڵیدا.
فەڕۆخ نێعمەتپوور






دیدگاهتان را بنویسید