فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

حەزم بە هەڵپەڕینە

کات 17/10/1404 70 بازدید

حەزم بە هەڵپەڕینە

من پێم وایە هەر کەس دێتە ناو ئەم ژیانەوە، لەپاش ئەوەی باڵا دەکا، گەورە دەبێ و دەخەمڵێ، بەرەبەرە رێگای خۆی دەدۆزێتەوە. بەبۆچوونی من هەر کەس دەبێ بەوەی وا بۆخۆی پێی خۆشە. ئەمەیش بەبێ دەرفەتی هەڵبژاردن ناکرێ. بەم شێوەیە مرۆڤ بۆ هەمیشە بەرچاوی رووناک دەبێتەوە و، ئیتر دەزانی بۆ دەژی.

دیارە وەک هەمیشە، هەندێک کەس هەن بەپێچەوانەی من بیر دەکەنەوە. ئەوان دەڵێن لە راستیدا هەڵبژاردنێک لەئارادا نیە و، ئەوەی هەیە بریتییە لە داسەپاندنێک لە لایەن ژیانەوە کە ئێمەی مرۆڤ پێمان خۆشە ناوی بنێین ‘ دەرفەتی هەڵبژاردن’. دەبێ بڵێم من لەگەڵ ئەوەی باوەڕم بە راوبۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام دەرفەتی هەڵبژاردن بەپێچەوانەی بیرکردنەوەی ئەو دۆستانە دەرفەتێکی راستەقینەیە. تەنیا ئەوەندەی کەسەکە پێی بزانێ، لێی بزانێ و لەکاتی خۆیدا لەم مافە بە شێوەیەکی دروست کەڵک وەربگرێ.

بەبۆچوونی من کار کاکڵی هەڵبژاردنە. لەڕاستیدا کاتێک قسە لەسەر هەڵبژاردنە، قسە لەسەر کارە. بە بێ بوونی کار، ژیان هیچ مانایەکی نامێنێ. کار بە ئێمە دەڵێ بۆ دەژین و، چۆن دەژین.

وەک دەزانین ئیش و کاریش لە دونیادا زۆرن. بۆ وێنە یەک حەزی بە کارمەندییە، یەک بە مامۆستایەتی، یەک بە کرێکاری، یەک بە سەرمایەداری، یەک بە گەوادی، یەک بە لەشفرۆشی، یەک بە دەستفرۆشی، یەک بە مەواد فرۆشی، یەک بە وەرزێڕی، یەک بە هەڵپەڕین و… سەرئەنجام یەک بە سیاسەت. گەر لێم دەپرسن من حەزم بەچییە، دەبێ بڵێم من وەک خەڵکی دیکە نیم، بەخۆشییەوە یان بە داخەوە تەنیا بە یەک شتەوە سەرقاڵ نیم. من هاوکات حەزم بە دوو شتە. دوو شت کە بەڕواڵەت زۆر لەیەک دوورن و، هیچ فڕیان بەسەر یەکترەوە نیە، بەڵام زۆریش لەیەک نزیکن. وەها کە من پێم وایە بە بێ یەک ناژین.

ئەو دوو شتەیش یەکیان هەڵپەڕینە و، ئەوی تریان سیاسەتە!

ئا من حەزم هەم بە سیاسەتە و، هەم بە هەڵپەڕین. مەپرسن کامیان پێش دەکەوێ، لەبەر ئەوەی خۆیشم بە جوانی نایزانم. دەکرێ سەرەتا هەڵپەڕین بووبێ و، دوواتر سیاسەت. یان سەرەتا سیاسەت بووبێ و، دوواتر هەڵپەڕین. ئەگەرچی زۆر کەس لایان وایە دەبێ سەرەتا هەڵپەڕین بووبێ، لەبەر ئەوەی منداڵ سەرەتا ئەقڵی بە هەڵپەڕین دەشکێ و ئەوجا ساڵانی دوواترە بە سیاسەت. دەبێ بڵێم ئەمە راوبۆچوونی خەڵکییە. گەر لەمن دەپرسن دەبێ بڵێم من وەک خۆم سەرەتا عەقڵم بە سیاسەت شکاوە و، پاشان بە هەڵپەڕین. لەبەر ئەوەی هەڵپەڕینیش ئەوەندە ئاسان نیە. وەک دەزانین شێوە هەڵپەڕینی وەها هەیە بۆ فێربوونی دەبێ کاتێکی باش تەرخان بکەیت، پاشان مەرجیش نیە لەکۆتاییدا بەجوانی فێری بووبی!

سەیرە، نا!؟ بەپێچەوانەوە دەبێبڵێم بە هیچ جۆرێک سەیر نیە. خەڵکی بەهەڵە لایان وایە هەڵپەڕین کارێکی سادەیە. نا، نەک تەنیا سادە نیە، بەڵکو یەکجار دژواریشە. بۆ ئەوەی بتوانم ئەم بۆچوونەی خۆم بسەلمێنم با نموونەیەکتان بۆ بێنمەوە. قەت چاوتان لە کەسێکی فارس، تورک یان عەرەبێک کردووە کاتێک سەمای کوردی فێر دەبێ و هەڵدەپەڕێ؟ بێگومان بینیوتانە. پەککوو کە ناخۆش هەڵدەپەڕن! تەنانەت گەر تەواوی جووڵە و سەکەناتیان هەر ئەوەی بێ وا ئەوانی تر لە ریزی هەڵپەڕکێکەدا دەیکەن، بەڵام دەستبەجێ تێدەگەی ئەو برادەرە کێشەیەکی گەورەی هەیە. لەبەر ئەوەی لەکۆی جووڵەکانیدا حاڵەتێک هەیە لەقاوی دەدا ئەوە کورد نیە و، کەچی خەریکە کوردی هەڵدەپەڕێ. جا لەبەر ئەمە من لام وایە هەڵپەڕین دژوارترین کاری دونیایە. لەمنداڵییەوە فێری نەبی و، پێی گۆش نەکرابی ئەوا قەت بەجوانی فێری نابی. هەڵپەڕین تەنیا جووڵە نیە، رۆحیشە. من زۆر جار لە رواڵەتی کوردەکانم روانیوە کاتێک سەیری هەڵپەڕینی کابرایەکی فارس، تورک یان عەرەبیان کردووە. بزەیەکی سەیر لەسەر لێویانە! بزەیەک کە نازانی رووی گاڵتەوەیە، یان ئەوەی پێیان خۆشە.

بۆیە دیسان لەسەر ئەم قسەیەی خۆم پێ دادەگرمەوە کە هەڵپەڕین هیچی لە سیاسەت کەم نیە. ئەمە یەکەم لێکچوونی ئەم دوو شتە بەڕوالەت لێک دوورەیە.

شتێکی دیکە وا ئەم دووانە لێک نزیک دەکاتەوە، کۆبوونەوەی حیزبەکانە. بینیوتە دەستبەجێ لەدووای خوێندنەوەی گوتار و پەیام و شتی لەم بابەتە، خێرا تیپێکی مۆسیقا بە هەموو کەرەسەی ژەندن و هەروەها خودی گۆرانی بێژەکەوە دەچنە هەمان شوێن وا تاوێک لەوە پێش گوتار و پەیامەکان خوێندراونەتەوە؟… بێگومان دیتووتانە! گەر راستەوخۆیش نەبێ، ئەوا لانیکەم لە تەلەفزیۆنەوە بینیوتانە. ئیتر دەبێ بە بەزم و هەرایەک نەبێتەوە! جەماوەرەکە کە خواخوایانە هەرچی زووتر گوتار و پەیام و قسە زلەکان کۆتاییان پێ بێ، بە بینینی دەستەی مۆسیقاژەن هەر هەموو بزەیەک دەیانگرێ. وەک بڵێی لە دێوەزمە رزگاریان بووبێ! ئەوسا دەستبەجێ لە چەند ریزدا دەست دەگرن و، دەبێتە هەڵپەڕینێک نەبێتەوە! زۆر کەس دەڵێن گەر هەڵپەڕین نەبێ ئەوا لەیەکا چواری ئەو خەڵکەیش کۆنابنەوە، بگرە زۆر کەمتریش. دەڵێن ئەو بڕە پارەی داویانە بۆ هەڵخستنەوە بووە، نەک بۆ گوێ گرتن. جا دەبێ عەرزتان بکەم رێک لێرەدایە گرینگیی زیاتری هەڵپەڕین لەچاو سیاسەت دەردەکەوێ. لەخۆوە نیە من سەرەتا فێری سیاسەت بووم و ئەوجا هەڵپەڕین. ئیتر هەڵپەڕین دەبێ بە رێگای سەرکەوتن، واتە سەرکەوتنی ئەو خەونەی وا سیاسەت بیری لێدەکاتەوە. ئەمەیش ئەوە دەسەلمێنێ سیاسەت و هەڵپەڕین بەپێچەوانەی رای زۆربەی خەڵک بەڕاستی زۆر لەیەک نزیکن. وەها لێک جیاکردنەوەیان یەکجار زەحمەتە.

دیارە هۆکاری دیکەیش زۆرن. بۆ وێنە هەڵپەڕین وەک سیاسەت دەبێتە هۆی سووڕی زیاتری خوێن لە دەمارەکاندا، یان ئەوەیکە جۆرێک لە حەماسەت لە مرۆڤدا دروست دەکا. هەرچەند جۆری حەماسەتەکان کەمێک جیاوازن. یاخود سیاسەت وەک هەڵپەڕین پێویستیی بە کۆمەڵێک خەڵکە. لانیکەم حەوت هەشت کەسێک. ئەگینا زۆر ناشیرین دەردەچێ. وەک چۆن ناکرێ بە تەنیا هەڵپەڕین، هەر بەو شێوەیەیش ناکرێ بە تەنیا سیاسەت بکەین.

ئیتر لەمە زیاتر بەڵگە بۆ سەلماندنی قسەکانم ناهێنمەوە. پێم وابێ لێم تێگەیشتن. لەبەر ئەمە لە راستیدا هەبوونی دوو کاری وەک هەڵپەڕین و سیاسەت بۆ من لە یەک کاتدا زەحمەت نیە. کاتێک دوو شت ئەوەندە لێک نزیک بن، راپەڕاندنیشیان گەلێک ئاسان دەبێتەوە. واتە سیاسییەکی باش دەتوانێ زۆر باش هەڵپەڕێ و، سەماکەرێکی باشیش دەتوانێ باش سیاسی بێ. ئەم دووانە نەک تەنیا رێگا لەیەکتر ناگرن، بەڵکو زۆریش یارمەتیدەری یەکترن.

یەکێک لەو یارمەتیانە من دەتوانم لێرەدا باسی بکەم ئەوەیە هەڵپەڕین دەتوانێ جێگای بیرکردنەوە بگرێتەوە و، ئیتر کەسی سیاسی زۆر پێویست نەکا مێشکی خۆی بەکار بێنێ. ئیتر نایەوێ دانیشێ و، بە وردی بیر لە رووداوەکانی جیهان بکاتەوە و پێوەندی نێوانیان، یاخود کارتێکەریان لەسەر یەکتر بدۆزێتەوە. یان ئەوەیکە کابرای سیاسی دانیشێ و، خەریکی فەلسەفە و قوتابخانە سیاسی و ئابوورییەکان و ئەدەبییات و شتی دیکەی لەم بابەتە بێ. هەڵپەڕین بەجۆرێک لە جۆرەکان دەتوانێ ئەم کەمایەسییەی بۆ قەرەبوو بکاتەوە. رەنگە بڵێن چۆن؟ دەبێ بڵێم ئاسانە! بۆ وێنە دەستێک جلوبەرگی کوردیی جوان لەبەر بکەی، فەقێیانەی سپی بۆ ببەستی، جامانەیەکی قیت بە سەرتەوە بنێی، موبایلەکەت وەها بخەیتە بن پشتوێنە پانەکەتەوە وەک بڵێی چواردەخۆرت پێیە، جووتێک کڵاشی هەورامی لەپێ بکەی و لە کاتی هەڵپەڕینیشدا تا دەتوانێ عیو عیو بکەی، ئیتر هەستێکی وەها سیاسیانە لەخۆیت دەگرێ، نەبێتەوە! دڵنیات دەکەم هەست بە وەها هێز و وزەیەکی لەبن نەهاتوو دەکەی، بۆخۆیشت بەلاتەوە سەیر دەبێ!

من ئیستا ساڵانی ساڵە، بگرە بە جورئەتەوە دەتوانم بلێم هەموو تەمەنم خەریکی ئەم دوو ئیشە بوومە و، نەک تەنیا قەت هەستم بە ماندوویی و وەڕەزی نەکردووە بەڵکو بەردەوام ورەم لە هەڵکشاندا بووە. بەردەوام سەرەڕای تێپەڕینی ساڵەکان و ئەوەیکە هێشتا بە ئامانجەکانم نەگەیشتووم، هەبوونی ئەم دووانە لەپاڵ یەکتردا کارێکیان کردووە قەت هیوا لەبەر چاومدا ون نەبێ. من هەمیشە مرۆڤێکی هیوامەند بوومە. دەبێ بڵێم هەڵپەڕین عەقڵە لە مێشکی سیاسەتدا و، سیاسەتیش خوێنە لە جەستەی هەڵپەڕیندا.

ببورن، تەلەفۆنەکە زەنگ دەدا!

“ـ ئەلۆ… ئەلۆ… بەڵێ فەرموو!

ـ …”      

دۆستان ببورن دواتر دێمەوە لاتان. هاوڕێیەک لە پشت خەتە. دیسان زستانە و رۆژێکی گرینگی مێژووییمان لەپێشە. هەر قسەکردنەکانمان تەواو بوون، دیسان لەسەر پیوەندیی گرینگی نێوان هەڵپەڕین و سیاسەت بۆتان دەدوێمەوە.

“ـ ئەلۆ، ئەلۆ… ببوورە ئەوە کەمێک سەرم قاڵ بوو، بەڵێ منیش پێم وایە ئەو تیپە مۆسیقایەی پار دەعوەتمان کردبوون هەر زۆر باش بوون، ئاگات لێ‌بوو چ حەشاماتێک رووی تێکردبووین! دەرزیت هەڵبدایە عەرز نەدەکەوت. ئا، هەر بەوان دەڵێینەوە… کەمێک پارەی زیاتریشیان بدەینێ هیچ عەیبی نیە… لیستەکەی پارم هەر لا ماوە، هەر هەمان رێکخراو و لایەنەکان دەعوەت دەکەینەوە، بەڵام ئەمساڵ گەر رات لەسەری بێ پێیان دەڵێین کەمێک با پەیامەکانیان کورتتر بن، خەڵک وەڕەز دەبن… بەڵێ بەڵێ، خۆیشمان پێویست ناکا ئەوەندە پەیامی دوور و درێژ بدەین… خەڵکی ئیتر بەزیاد بێ هەموویان لەبەرە!… بەڵێ… بەڵێ… بەڵێ… ئا دڵنیابە سەرکەوتن دوور نیە… دوێشەو نازانم ئاگات لە تەلەفزیۆن بوو یان نا، ترامپ خەریکە…

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *