فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ژووری پەنجا و چوار

کات 09/11/1404 11 بازدید

ژووری پەنجا و چوار

مرۆڤێک دەناسم لەسەر شۆستەیەک لە بەردەم باڕێکدا دادەنیشێ. یەعنی نایناسم، تەنیا ئەوەندەی زۆرجار دەیبینم. سەرەتا زۆر سەرنجم نەدەدا. من کە هەموو رۆژێک لەوێوە تێدەپەڕیم، کاتێک ئێوارەیان لەکار دەگەرامەوە، دەمبینی لەوێ بوو. گەر بڵێم هەموو رۆژێک، راست ناکەم؛ بەڵام زۆربەی رۆژەکان لەوێ بوو. بە نیوەبیرەیەک و تەپڵەکێکی جگەرە و کەمێک دووکەڵ بەسەریەوە. هەمیشەیش قاچی چەپی لەسەر قاچی راستی بوو. زۆر جار، لەگەڵ ئەوەی ماندوو بووم و زۆر تاقەتی بیرکردنەوەم نەبوو بەخۆم دەگوت نیگارکێش بام هەر بەو شێوەیەی خۆی وێنەیم دەکێشایەوە.

هەمیشە وەها بوو روخساری روو لە من نەبوو. بۆیە من تەنیا نیوەروخساریم دەبینی. قەتیش لام نەکردەوە تا بەتەواوی دەموچاوی ببینم. زۆرتر هەموو پەیکەری بۆ من جێگای سەرنج بوو. زۆربەی کاتیش بەهەمان جل و بەرگەوە لەوێ دادەنیشت.

رۆژەکان تێپەڕین. بەخۆم گوت هەرکەس شوێنێکی هەیە زیاتر لەهەر کوێیەکی تر خۆشی دەوێ.

رۆژێک کاتێک وەک هەمیشە ماندوو لەوێوە تێدەپەڕیم، بینیم باری دانیشتنەکەی گۆڕیوە. ئەمجارە روخساری لەمن بوو و، قاچی راستی لەسەر چەپی. هەنگاوم هەڵگرت. بەخۆم گوت ئەمڕۆ ئیتر دەزانم روخساری چۆنە.

کە نزیک کەوتمەوە، مرۆڤێکی روخسار خڕی تەمەم مامناوەندیم بینی. بە سمێڵیکی سپی و بنەڕدێنێکەوە. بینیم لەجیاتی چاوەکانی نیشانەیەکی پرسیار لەچاوی چەپیدا و، نیشانەیەکی سەرسوڕمانیش لەچاوەکەی دیکەیدا واتە چاوی راستی!

نازانم سەیری دەکردم یان نا، ئەسڵەن بەگشتی نەمدەزانی بەو نیشانانەوە لەکوێی دەڕوانی. لەبەردەمی، لە شەقام یان لە باڵاخانەکانی ئەوبەر؟ راستییەکەی دەبێ بڵێم ترسام. بەبێ ئەوەی لێی ورد ببمەوە، وەک هەمیشە بە تەنیشتیدا تێپەڕیم.

بۆ سبەی کاتێک بەوێدا تێپەڕیمەوە، وەک دوێنێ دانیشتبوو. من بەگوێرەی رێز، ئەوەی کە نابێ لەکەس ورد بیتەوە، گوزەرم کرد. چەند هەنگاو دوور نەکەوتبوومەوە، کەسێک بەزمانی کوردی بانگی کرد: “کاکە… کاکە لەگەڵ تۆمە، زەحمەت نەبێ!” من کە نەمدەزانی لەگەڵ منیانە یان نا، لام کردەوە. ئا، ئەو بوو… بانگی منی دەکرد! گەڕامەوە. گوتم: “فەرموو!” گوتی: “دەتوانی ماوەیەک لەگەڵم دانیشی؟ دەعەوتی لێوانێک بیرەیشی!”

لەگەڵ ئەوەی ماندوو بووم و، پەلەی ماڵەوەم بوو، قبوڵم کرد.

دانیشتم. داوای بیرەی کرد. جگەرەیەکیشی تەعاروف کردم. گوتم جگەرە ناکێشم. هەوڵم دەدا لێی نەڕوانم. نەمدەویست وابزانێ لەبەرچاومدا نائاسایی دەنوێنێ. بەگوێرەی نەریتێکی لیبراڵی کە لەماوەی ئەم چەند دەیەدا وا لەم وڵاتە ژیابووم، فێرببووم مرۆڤەکان وەک خۆیان ببینم. ئەوەی وا چۆنیان پێخۆشە با خۆیان وەها خۆیان بڕازێننەوە. خۆم بە مشتەرییەکانی دیکەوە کە بەدەوردا لەسەر کورسییەکانیان دانیشتبوون، سەرقاڵ دەکرد. بزەیەکی هاتێ. گوتی: “پێویست ناکا نیگام لێ وەرگێڕی!” من کە شەرمێک دایگرتبووم، لێم روانی. گوتم: “بە ئەنقەست نەبوو.” گوتی “با بوو، منیش بوومایە هەروام دەکرد!”

بیرەکەم هات. بگرە دەستم برد و، لەگەڵ ئەوەی لەمێژ بوو جگەرەم نەدەکێشا بەئیزنی خۆی یەکم هەڵگرت. جگەرەی ‘کامێل’ بوو، بو وێنەی وشترێک بەسەر پاکەتەکەیەوە. گوتی:

ـ جگەرەکێش با جگەرەیشی تەرک کردبێ، بەڵام قەت فەرامۆشی ناکا، حەزەکە بۆ هەمیشە لەدەروونیدا دەمێنێتەوە.

گوتم:

ـ زەرەری نەبووایە خۆشترین شتی دونیایە، سوورپێستەکان شتێکی سەیریان پەیدا کردووە!

بزەیەکی هاتێ، گوتێ:

ـ بەجگەرە تۆڵەی خۆیان لەئەورووپییەکان کردەوە.

ئەوسا بزەیەکی هاتێ. هەردوو نیشانەکانی ناو چاوەکانی بەلای پانیدا کشان.

گوتی:

ـ ماوەیەکی باشە سیگاری کامێل دەکێشم، سیگارێکی خۆشە، لانیکەم بەلای منەوە،… بەڵام ئیستایش نەمزانی بۆ ناوی کامێلەوە و بۆ وێنەی وشترێکی بەسەرەوەیە، دیارە دەزانم بە ئینگلیزی بە وشتر دەڵێن کامێل.

گوتم:

ـ دۆزینەوەی ئاسانە، تەنیا ئەوەندەی لە گووگلدا سیرچی بکەی یان لە ‘چات جی‌پی‌تی’ بپرسی، دەستبەجێ وەڵامت دەداتەوە.

دەستی برد موبایلەکەی هەڵگرت. پاش ماوەیەک گوتی:

ـ سیگاری کامێل برندێکی ئامریکاییە و لە ساڵی ۱۹۱۳ەوە لە ئامریکا بەرهەم هێنراوە،…

گوتم:

ـ ناویان ناوە کامێل بۆ ئەوەی بازاڕی وڵاتانی عەرەبی کە بیست و سێ وڵاتن لەم رێگایەوە داگیر بکەن. خۆت دەزانی وشتر تایبەت بە وڵاتانی عەرەبییە.

گوتی:

ـ یان ناولێنانێک بۆ ئەو وڵاتانەی وا وشتریان نیە و زۆر سەروکاریان لەگەڵیا نیە، دەتوانێ سەرنجڕاکێش بێ،… نوێگەری و راچڵەکاندن و جۆرێکی تر لە دونیا چێکردن، ئەمە تایبەتمەندیی رۆژئاوایە.

من بێدەنگ بووم. راستییەکەی کەمێک پەلەم بوو. هەستم دەکرد لەمە زیاتر پێویستیم بەدانیشتن لێڕە لەگەڵ ئەم پیاوە سەیروسەمەرەیە نیە. کتوپڕ بەو ئاکامە گەیشتم کە بە من چی چاوێکی پرسیارە و چاوەکەی تری سەرسوڕمان.

وەک بڵێی مێشکی منی خوێندبێتەوە. گوتی:

ـ ئاگام لێت بوو هەموو جارێک بە سەرنجەوە بەلامدا تێدەپەڕی. بەوە نەبوو زۆر سەرنجت نەدەدام. لەڕاستیدا جۆری بەڕێگا رۆیشتنەکەت ئاشکرای دەکردی. هەموو جارێک کەمێک ملت بۆ وەردەگێڕا. هە هە هە… مرۆڤ لەوەی ئاشکراترە وا خۆی پێی وایە. لەڕاستیدا ئێمە قەت ناتوانین خۆمان لەیەکتر بشارینەوە.

دیسان بێدەنگ مامەوە. شێوازی قسەکردنەکەیشی وەک چاوەکانی سەرنجڕاکێش بوون. درێژەی دایە:

ـ بێگومان پرسیارت لەسەر چاوەکانی من لەلا دروست بووە، بەتایبەت کۆچبەرەکانن زیاتر بەچاوەکانی منەوە خەریکن. ئەورووپییەکان یەکجار وەها نین.

گوتم:

ـ دەبێ ببووری، لەگەڵ ئەوەی بۆم جێگای سەرنج بوون، بەڵام ئەوەندەیش پێیانەوە سەرقاڵ نەبووم.

گوتی:

ـ زمانی جەستەت وای نەدەگوت. تۆ بە چاوەکانی منەوە سەرقاڵ بووی، تەنیا رەنگە ئەوەندەی لەماڵەوە زوو فەرامۆشت کردبێ. دەزانم دوو پرسیاری سەرەکی لە مێشکتدایە: ئەوەیکە من چۆن چۆنی وام لێهاتووە و، دووهەم ئەوەیکە چۆن دەتوانم بە دوو نیشانەەوە دونیا ببینم. وا نیە؟

بەسەر بەئارامی سەلماندم.

گوتی:

ـ دەبێ بۆ وەڵامی پرسیاری دووهەمت بڵێم من بەو دوو نیشانەوە وەک هەموو خەڵکی دیکە دونیا و هەموو شتێک دەبینم، هیچ جیاوازییەکی نیە؛ بەڵام ئەوەی بۆچی لەجیاتی دوو چاو، دوو نیشانەی لەوێدان ئەوە چیرۆکی خۆی هەیە.

لێرەدا نیشانەی پرسیارەکە لەچاوی چەپیدا جووڵا و گەورەتر بووەوە. وەک بڵێی دەیەوێ بپرسێ داخۆ حەزدەکەی چیرۆکەکەت بۆت بگێڕمەوە؟

گوتم:

ـ دەبێ سەرنجڕاکێش بێ!

گوتی:

ـ نازانم سەرنجڕاکێشە یان نا، بەڵام چیرۆکێکی لەپشتە. لەم سەردەمەیشدا وەک دەزانی چیدی چیرۆکەکان سەرنجڕاکێش نەماون. بینینی ئەو هەموو ڤیدیۆ کورتانە لە فەیسبووک و ئینستاگرام و شوێنی دیکە کە شتی سەیروسەمەرە لەژیانی رۆژانەی مرۆڤەکان پێشان دەدەن، چێژی بەسەرهاتەکانی مراندووە.

گوتم:

ـ بەڵێ، بەڵام چیرۆک چیرۆکە و ئەمەیش بەو مانایەیە دەبێ بەجۆرێک بیگێڕینەوە.

بزەیەکی هاتێ. گوتی:

ـ بەدبەختییەکە لێرەدایە، دەبێ بیگێڕینەوە بێ ئەوەی چیدی سەرنجڕاکێش بن.

لێرەدا پرسیارەکەی چاوی گەڕایەوە شوێنی خۆی. من کەمێک سەرم بەهۆی کێشانی کامیلەکەوە گێژ و خولی بوو. هەنیشکم خستە سەر مێزەکە و چەناگەم نایە ناو لەپی دەستمەوە.

گوتی:

ـ زۆر کاتت ناگرم. دەزانم لەکار دەگەڕێیتەوە. ماندووی. تەنیا دەمەوێ چیتر بە پرسیارەوە بەتەنیشت مندا گوزەر نەکەی. خۆسەرقاڵ کردن بەو پرسیارانەوە، تەنانەت دۆزینەوەی وەڵامەکانیشیان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ژیان نیە، بێهوودەیە. دەمەوێ بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەت لەم بێهوودەییە دەرتبێنم! چیرۆکەکەیشم زۆر دوور و درێژ نیە.

زیاتر سەرنجم دایە. کاتێک دەدوا دەمبینی هەردوو نیشانەکە لە رەنگ و لە شکڵدا چڕتر دەبوونەوە. رەش و سپییەکی تۆختر و،  قەوارەیەکی تۆکمەتر.

ـ دەزانم هەردووکمان لە رەگەزێکین. دەزانم هەردووکمان بەهۆی سیاسەتەوە پەڕیوەی ئەم وڵاتەین. رەنگە بپرسی چۆن چۆنی ئەمە دەزانم. زۆر سادە بەهۆی شێوازی رێکردنتەوە. پێڕی ئێمە هەموو وەک یەک دەڕۆین. وەسفکردنی زەحمەتە، بەڵام هەیە. رێکردنی ئێمە… رێکردنی ئێمە جۆرەیەکە، وەک بڵێی شتێکمان لێ ونە. سەردەمی منداڵیت خۆ لەبیرە؟ کاتێک بە کەنار جەدوەلی خیابانەکاندا سەرەوخوار دەبووینەوە و هەمیشە بەتەمای دۆزینەوەی شتێک یاخود سەیرکردنی ئەو ئاوەی وا پیادا دەڕۆیشت هەمیشە چاوێکمان لەسەری بوو، ها؟ رێکردنی ئێمە ئیستایش وەهایە، تێپەڕینی ساڵەکان و گەورەبوونمان نەیگۆڕی، کە هاتینە ئێرە سەرلەنوێ لێی ژیاندینەوە… هە هەهە… پێویست ناکا ئەم بەشەی واتە ئەوەی لە رەگەزێکین بۆ یەکتر شی‌بکەینەوە. دەزانم چیرۆکەکانمان زۆر لەیەک دوور نین. سەیر نیە؟ بێگومان سەیرە… بیست و پێنج ساڵە لەم وڵاتە دەژیم. هەتا گەیشتم زۆری پێ‌چوو. لە هەرێمی کوردستان و تورکیە مامەوە.

لێرەدا بەچاوە پرسیارەکەی لەدەورووبەری رووانی، سەری لێ نزیک کردمەوە. بە ئەسپایی درێژەی دایە:

ـ هەر لەیەکەم رۆژەوە هەتا ئیستا قەت عادەتم بە ژیانی نوێم نەگرت. لەگەڵ ئەوەی دەستەوەستان نەبووم و هەمیشە بەجۆرێک لەجۆرەکان بەڕەی خۆم لەئاو دەردەکێشا، بەڵام عادەت چییە لەدەرگای ماڵی نەدام. ئیتر ئالوودەی وشتر بووم… تێدەگەی وشتر.

دەستی داتە پێکەنینێکی شێتانە و خۆش! من کە نەمدەزانی مەبەستی لەم رستەیەی ئاخر چییە، بە تەعەجوبەوە لێی ورد بوومەوە. پاکەتە جگەرەکەی هەڵگرت، لەبەر چاومدا رایوەشاند. گوتی:

ـ ئەمە، تێدەگەی ئەمە! هەڵبەت وشتر لێرە، نەک لە هەرێمی کوردستان و تورکیە. لەوێ پووڵ نەبوو تا وشتر هەبێ، تێدەگەی؟ عانە نەبوو… عانە نەبوو.

روخساری سوور هەڵگەڕا.

ـ منیش وەک تۆ خاوەنی دوو چاو بووم، وەک هەموو خەڵکی دیکە، ئەو چاوانەی وا لەوێوە لەگەڵ خۆم هێنابوومن. بەسەلامەتی دەربازم کردبوون، سەرەڕای هەموو تەپ‌وتۆز و سەرما و گەرما و لێدان و ویزە ویزی فیشەکەکان، هێنامن تا ئێرە. بەڵام،… بەڵام لێرە شتێکی سەیر رووی دا، شتێک کە کەس باوەڕ ناکا،… هەتا ئیستایش خۆم باوەڕی پێ‌ناکەم.

بێدەنگ بووەوە. بینیم نیشانەکان جووڵان و، لەیەکتر نزیک کەوتنەوە. هەستم دەکرد حەز دەکەن بچنە ناو یەکترەوە: پرسیار لە سەرسوڕماندا و، سەرسوڕمان لە پرسیاردا.

گوتی:

ـ رەنگە بەگوێرەی ئەوەی وا من زۆربەی کات بەتەنیا لێرە دادەنیشم، پێت وابێ من کەسم نیە، من هیچ بنەماڵەیەکم نیە،… بەڵام وانیە! من کەسێکم لە ماڵەوە هەیە، کەسێک… کەسێک هەتا ئیستایش…

بێدەنگ بووەوە. من پێویست نەبوو بچمە ناو قسەکانییەوە. ناچار بوو هەتا کۆتاییەکەی بڕوا.

ـ من… من هەرئیستاکە کە لەگەڵ تۆ دانیشتووم، دایکم لەماڵەوەیە،… ئەرێ لەوێیە، بەتەنیا دانیشتووە و چاوەروانی منە، تێدەگەی چاوەڕوانی منە، لەگەڵ ئەوەی حەزناکەم چاوەروانم بێ… من… من چیتر حەزناکەم کەس لەم ژیانەدا چاوەڕوانم بێ،… کەس کەس!

گوتم:

ـ لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوانی ناخۆشە، بەڵام گرینگە کەسێک لەژیانماندا چاوەڕوانمان بێ، یان ئێمە چاوەڕوانی کەسێک یان شتێک بین، پێم وایە ئەمە هەم سۆز دەگەیەنێ و هەم هیوا،… مانای ئەوەی تەنیا نین. بەومانایە ژیان دەبێ بگۆڕدرێ.

دەنگی هەڵبڕی:

ـ رێک لەبەر ئەمەیە حەز ناکەم کەس چاوەڕوانم بێ،… لەبەر ئەوەی… لەبەر ئەوەی ئێمە لەڕاستیدا تەنیاین… لەڕاستیدا هیوایەتێک لەژیاندا نیە، ئەوەی هەیە تەنیا خەونێکی بەتاڵە و بەس!

من لەبەر ئەوەی بچێتەوە سەر حەقایەتەکەی خۆی، بێدەنگیم لێ‌کرد. بە من چی کەسێک پێی وایە هیوایەک لەژیاندا نەماوە و، ئەوەی هەیە خەونێکی بەتاڵە کە ئێمە لامان وایە ناوی هیوایە.

بەئەسپایی لەکاتێکدا دیسان سەری هێنابووەوە پێشەوە، گوتی:

ـ تێدەگەی دایکم لەماڵەوەیە،… لەماڵەوە چاوەروانی منە، پێی وایە من دەچمەوە، حە!… پەککوو! پێی وایە دەچمەوە، بەڵام من بڕیارم داوە چیتر نەچمەوە، ئەو دەبێ بگەڕێتەوە!

لەنەکاو گوتم: “بۆ کوێ؟”

نیشانەی سەرسووڕمانەکە جووڵا و، گەورەتر بووەوە. گوتی:

ـ مەعلومە بۆ کوێ… بۆ ماڵەوە… بۆ ماڵەکەی خۆی… بۆ ئەو شوێنەی لێی لەدایک بووە.

من کە دایکێکی پیری نەخوێندەواری بەستەزمانم دەهاتە بەرچاو، گوتم:

ـ دەی ئەو چتوانێ، بۆخۆت کاروبارەکەی بۆ رێک بخە و بینێرەوە، ئەوەندەی من دایکانی خۆمان بناسم لاریی لێی نابێ!

دیسان ئەوەندەی تر لێم کشایە پێشەوە، لەکاتێکدا لووتی لە لووتم دەخشا، گوتی:

ـ تۆ دەتوانی مرۆڤی مردوو بنێریتەوە!؟

من کشامەوە. ترسام. نەکا لەگەڵ مرۆڤێکی شێت خەریکی قسەکردن بم. بزەیەکی شەیتانیی هاتێ. گوتی:

ـ مەترسە، ئەو لەمردووی تر ناچێ، ئەو جۆرێکی تر مردووە، ئەو مردووە لەجۆرێکی دیکە!

هیچم نەگوت. درێژەی دایە:

ـ چوار ساڵ لە کوردستان مامەوە، سێ ساڵیش لە تورکیا. هەر بۆخۆم بووم… بۆخۆم. دەبێ بڵێم لە حەوت ساڵ لەوە پێشەوە کە من وڵاتم بەجێ‌هێشتبوو (باس لە حەوت ساڵی پێش ئەم بیست و پێنج ساڵە دەکەم وا لێرە دەژیم)، دایکیشم جێ‌هیشتبوو، تێدەگەی ئەویشم جێ‌هێشتبوو، کەچی هەر گەیشتمە ئەورووپا بینیم لێرە لەپێش من لەناو ماڵەکەمدایە،… تێدەگەی لێرە بوو… لێرە! ئەو ئەو حەوت ساڵە بەشوێنمەوە بەبێ ئەوەی من بزانم!

پاڵم دایەوە. هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا. دیسان چاوەڕوان مامەوە.

ـ تێدەگەی ئەو لەپێش من گەیشتبووە ئێرە… لەپێش من! هەر نەیشمزانی چۆن چۆنی. کاتێک دەرگای خانووەکەم کردەوە و، چوومە ژوورەوە بینیم لەوێ بەسەر پێوە لەبەر پەنجەرەکەدا راوەستاوە و لەدەرەوە دەڕوانێ! حە، بەخوا سەیرە! دایکی نەخوێندەوار و کڵۆڵ و بێ‌دەرەتانی من گەیشتبووە ئەورووپا، چۆن؟… نازانم. کاتێک لێم پرسی، لای کردەوە، لەکاتێکدا خۆشەویستی و بەرائەتێکی سەیر لەچاوەکانیدا شەوقی دەدایەوە، گوتی رۆڵە بەرێگای خۆشەویستی و بێتاقەتیدا،… تێدەگەی چی گوت؟ رێگای خۆشەویستی و بێتاقەتی! هە هە هە…

ماشینێکی زبڵ بەناڵەناڵ بە تەنیشتماندا تێپەڕی. راوەستا تا بڕوا.

ـ رەنگە لات وابێ چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی دێ، نا؟ نا نا، هێشتا زۆری ماوە. هەر لەو کاتەدا من لەگەڵ دایکم قسەم دەکرد و ئەو لەوێ لەبەر پەنجەرەکەدا راوەستابوو و سەیری دیمەنە زستانییەکەی ئەو دیوی شووشەکانی دەکرد، دایکم لەهەمان کاتدا لەوێ لە ماڵەکەی خۆی بە هەزاران هەزار کیلۆمەتر لەوسەری گۆی زەوی بوو،… تێدەگەی لەوسەری گۆی زەوی. دایکم لەهەمان ئان و ساتیشدا لێرە بوو، لای من! دەزانی دایکم مایەوە، ساڵانی ساڵ مایەوە، تەنانەت دووای ئەوەی مرد و ناشتیشیان، لەهەمان گۆڕستان وا دایک و باوکیان ناشتبوو، وا براکەیان ناشتبوو، کەچی ئەو لێرە مایەوە،… ئیستایش لەوێ لە باڵاخانەکەی من لە شەقامی گەورە لە نهۆمی چوار لە ژمارەی پەنجا و چواردایە! بۆ ئەوەی نەڵێی درۆزنم و درۆت لەگەڵ دەکەم هەر ئیستا بڕۆ و لەزەنگی دەرگاکە بدە، بزانە بۆت ناکاتەوە، هەڵبەت کە دەیکاتەوە، ئەو لەوێیە، لەوێ، لەپاش مردنیشی، لەپاش ناشتنیشی!

من رادەبم. ئەو سەری لەناو هەر دوو لەپی دەستیدایە. بە هەر دوو نیشانەکانەوە. تەواو داهێزراوە. ماندوو و شەکەتی گێڕانەوەیەکی ترسناک. ئیستا دەزانم ئەو دوو نیشانە لەکوێوە هاتوون و، بۆ جێگای چاوەکانیان گرتووەتەوە. بە راوەستانەوە لێی ورد دەبمەوە. ئەو واز ناهێنێ، هەر بەو شێوازە دانیشتووە. نە چرپەیەک نە کەلامێک. خەریکی هەڵگڵۆفینی چاوەکانییەتی. بەبێ خواحافیزی دەڕۆم و، دوور دەکەومەوە.

کە دەگەمەوە ماڵەوە، دەبینم دایکم لەبەر پەنجەرەکەدا راوەستاوە و لە دیمەنەکەی دەرەوە دەڕوانێ. وەک هەمیشە. وەک ئەوەی قەرارە سەرئەنجام شتێکی خۆش رووبدات. بە نیگایەکی پڕ لە میهرەبانی لێی دەڕوانم. دایکم دەیان ساڵە لەوێ راوەستاوە و، بەردەوام لە دەرەوە دەڕوانێ. ئەو قەت ماندوو نابێ، تەنانەت لەدووای مردنیشی.

خۆشحاڵم لە جیاتی چاوەکانم، دوو نیشانەی سارد و سڕ جێگایانی پڕ نەکردوونەتەوە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *