فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

نەوەی نوێ

کات 15/12/1404 57 بازدید

نەوەی نوێ

چەند باڵاخانەی گەورە و زۆر بڵیندی بیست نهۆمی لە گۆڕەپانێکی دەوری شار نزیک کێوێکی سەرکەش سازکرابوو. خەڵک، واتە ئەوانەی وا لەوێ نیشتەجێ ببوون، بەدڵی یەکجار خۆشەوە خۆشحاڵ لەوەی ئیتر خاوەن خانووی خۆیانن ماوەیەک بوو دامەزرابوون. لەم گەڕەکەوە، کە ناوی ‘گەڕەکی بنی شاخە بەرزەکە’ بوو، بەتایبەت لە قاتەکانی سەرەوەی باڵاخانەکان هەموو ناوشار دیار بوو. کاتێک لەپشت پەنجەرە گەورەکان دادەنیشتی، دەڵێی لەبەر دەم شاشەی تەلەفزیۆنێکی پان و بەریندا بووی و خەریکی سەیرکردنی فیلمێکی بەڵگەیی سەبارەت بە ژیانی شارێک لە باوەشی سروشتدا بووی.

بەڵام خەڵکی ئەم گەڕەکە لەگەڵ ئەوەی خەنی بوون بەوەی لە گەڕەک و لە باڵاخانەی یەکجار پیشکەوتوو و ئەمڕۆییدا دەژیان، کەچی جورئەتی بەکارهێنانی ‘بەرزکەرەوە’کە واتە ئەلەواتۆرەکەیان نەبوو. هەڵبەت نەک بۆخۆیان، بەڵکو بۆ ئەو کەل و پەل و ئەو شمەکانەی وا لە فرۆشگە و دووکانەکانی سەنتەری گەڕەکەکەیان دەیانکڕین. بۆیە هەر کامە و لەئاستی خۆی سەتڵێکی بە گوریسەوە گرێدابوو و، بەپەنجەرەکەیاندا شۆڕیان کردبووەوە. ئیتر خەڵکی نان و هێلکە و تەماتە و برینج و… بەگشتی پێداویستییە رۆژانەکانیان دەخستە ناو ئەم سەتڵەوەو و ئەوانەی وا لەسەرەوە بوون، بە گوریسەکە هەڵیاندەکێشان.

گەر کەمێک لەدوورەوە سەیری ئەم باڵاخانانەت بکردایە، دەتبینی بەدەیان و سەدان گوریس شۆڕ بوونەوەتەوە و بۆیە ئەمە دیمەنێکی سەیری بە باڵاخانەکان بەخشیبوو. وەک بڵێی نیگارێکی جوانی نیگارکێشێکی بەناوبانگی جیهان بە قەڵەم خەت خەتی بکەی و تەواو بیشێوێنی.

ماوەیەک بەشی بەڕێوەبەریی گەڕەکەکە زۆر گوێی نەدایە ئەمە. لای خۆیان وایان لێک دایەوە لەبەر ئەوەی گەڕەک تازەیە و خەڵکی هێشتا خاوەن نەریتی ژیانکردن لەوەها خانووی پێشکەوتوودا نین، کەواتە لێیان گەڕێن با ماوەیەک وەها بژین. ئەوان وای بۆ دەچوون سەرئەنجام خەڵکی جورئەتی بەکارهێنانی بەرزکەرەوەکە پەیدا دەکەن.

بەڵام راستییەکەی ئەوە بوو دانیشتووانی گەڕەک لەبەکارهێنانی بەرزکەرەوەکە نەدەترسان، چونکە بۆخۆیان سواری دەبوون. ئەوان لە راگواستنی پێداویستییە رۆژانەکانیان بەو ئامرازە سەیروسەمرە دەترسان کە دەیتوانی بە دەیان میتر لە زەوی بەرزبێتەوە بەبێ ئەوەی کێشەیەکی هەبێ.

مانگ و ساڵ گوزەرا و، بەپێچەوانەی چاوەڕوانی ئەنجومەنی گەڕەک، خەڵکی هەر بە هەمان گوریس و سەتەڵ خواردنەکانیان هەڵدەکێشایە سەرەوە. ئەنجومەن تووڕە لەم وەزعە بڕیاری قەدەغەکردنی دا. بڕیارەکەیان لەپاش ماوەیەک مشتومڕ و دەنگ لێک بەرزکردنەوە سەری گرت و، ئیتر گوریس و سەتڵ کۆتایی پێ‌هات. بەڵام سەیر ئەوە بوو خەڵکی وەک هەمیشە هیچ متمانەیەکیان بە بەرزکەرەوەکە نەبوو و، ئەمجارە بە پێ‌پلیکانەکاندا شتەکانیان دەبردە سەرەوە! ئەنجومەن کە توانیبووی جوانیی باڵاخانەکان بپارێزێ، زۆر گوێی بەمە نەدا و، گوتی کەیفی خۆیانە.

بەڵام کێشەیەکی تر سەری هەڵدابوو. خەڵکی نهۆمەکانی خوارەوە، بەپێچەوانەی ئەوانەی سەرەوە، شێوازی خۆیان بۆ راگواستن داهێنابوو؛ داهێنانێکی سەیروسەمەرە کە هەر بە عەقڵدا نەدەهات! ئەمجارە کەسێک لە باڵکۆنەکە رادەوەستا و، یەکی تر لە خوارەوە شتەکانی یەک بە یەک بۆ هەڵدەدا! هەمیشەیش وەها نەبوو زۆر وەستایانە ئەم ئەرکە جێ‌بەجێ بکەن. بۆیە ئەو ناوە پڕی تەماتەی فلیقاو، برینجی رژاو، باینجانی پلیشاوە، قوتوی تەقیو، ماستی پڕژ و بڵاو و… بتڵی شووشەی شکاو و ورد و خاش کراوی ویسکی و زەحلە و بیرە بوو. بەم هۆیەوە مێش و مەگەزێکی زۆر گەڕەکی بنی شاخە بەرزەکەی تەنیبوو. بۆگەنی گەڕەک هەتا مەودایەکی زۆر وەک بۆنی زێراب یاخود سەلوێنک دەڕۆی!

ئەنجومەنی گەڕەک ماندوو و تووڕە و وەڕەز لەم وەزعە بۆ جارێکی دیکە ئیزنیان دایەوە خەڵکی بە گوریس و سەتڵ خواردنەکانیان هەڵکێشنەوە سەرەوە. لای خۆیان وایان لێک‌دایەوە سەرئەنجام زەمەن ئەم کێشەیەش چارەسەر دەکا.

راوێژکارێک پێی گوتبوون چاوەڕوانی نەوەی نوێ بن!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *