فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

کایەی ترسناک

کات 20/12/1404 55 بازدید

کایەی ترسناک

ئیمڕۆ جەللادەکەم لەدوای چەندین رۆژ ئەشکەنجەی بێڕەحمانە و بەردەوام، کوشتمی. ئەو دەیویست هرچی خێراتر چی زانیاریم لابوو، پێم بدرکێنێ. من کە دەمزانی چیتر بەرگە ناگرم، ئیمڕۆ کە سێهەمین رۆژی گرتنم بوو دڵم دەتۆقێ و بۆ هەمیشە ژیان جێ‌دێڵم بۆ دواجار لەناو شەپۆلی بێڕەحمی ژان و ئازاری تاقەت پڕوکێندا لەسەر ئەو سەکۆیەی وا راکشابووم لەناو لێڵایی نیگاکانمەوە لە زەوی بەردەمم و بەشێک لە دیوارەکەم روانی؛… ئیتر گیانم سپارد. دڵنیام لەکاتی مردنمدا هەردوو چاوەکانم بەنیوەکراوی مابوونەوە. لەبەر ئەوەی لەپاشی مەرگیشم هەر هەستم بە ژیان و جوڵەی دەورووبەرم دەکرد!

چاوەکانی من هێشتا نەمردبوون.

لەدوای مردنیشم جەللادەکەم هەر خەریکی لێدانم بوو. شێتانە قەمچییەکەی رادوەشاند و، بەهەرچی هێزی خۆی بوو لە پشت و قاچ و سمتی رووتی رادەوەشاندم. تەنیا ئەو کاتەی وازی هێنا، وا هەستی کرد چیتر ئەو جوڵە بەئاستەمە خۆبەخۆیەی جەستەیەکی تەواو تێکشکێندراوی سەرەمەرگم نەماوە. ئیتر دەستی راگرت و، بۆ دڵنیایی زیاتر لێم نزیک کەوتەوە. سەیری روخساری خوێناوی کردم، لە دەموچاوی تێکشکاوی نێو ئازاری لەڕادەبەدەرم راما و ئیتر بە نەمانی جوڵەی بیلبیلەی چاوەکانم زانی مردووم. لەکاتێکدا بەردەوام لە رق و تووڕەیی و نەفرەتێکی سەیر تەژی بوو، گوتی: “بە درک واصل شد!”

بۆ ماوەیەک بێدەنگی دەوری جەستەمی تەنی. جەللادێکی تر کە لەوسەری ژوورە سارد و سڕ و چیمەنتۆیی و پیسەکە راوەستابوو، ژوورێکی پڕ لە پریشکەی خوێنە لێرەو لەوێ پڕژاوەکان، دەنگی هەڵبڕی با بڕۆین! زانیم بەڵێنە چەند کەسی تر جەستەی تێکشکاو و شەڵالی خوێن و ئارەقی من بۆ گۆڕستانێکی ون راگوێزن. من پێش ئەوەی بمرم ئەمەم دەزانی.

لەدوای مردنم من چەند سەعاتێک لەم ژوورەدا لەکاتێکدا هێشتا خوێن و ئارەق لە جەستەم دەچۆڕا، هەروا دەمەونخون بەو پەتانەوەی وا دەست و قاچمیان پێوە بەستبوو، مامەوە. ئاە، چەند ئارامی و بێدەنگییەکی خۆش بوو! جەستە و رۆحی تێکشکاوی ناو ئازارێکی ئەفسانەیی سەرئەنجام دەرفەتی حەسانەوەیەکیان بۆ رەخسابوو. من دەبا بەجوانی هەتا لەسەر ئەم سەکۆیە بووم کەڵکی لێ‌وەربگرم. ئەمە دوادەرفەت بوو بۆ دوائارامیی ناو ژیانێکی کەوا من پێم وابوو رۆژێک دەبێتە بەهەشت. بە خۆمم گوت مەجوڵێ، هەروا پاڵ کەوە و چێژ لەدواساتەکانی ژیانی تەژی لەخەیاڵی بەهەشتی زەوینیت وەربگرە!

ئاگام لێ بوو ‘من’ لە ‘خۆم’ جیا بووەوە. من لەخۆم هاتە دەر و، لەولاترەوە پاڵی بە دیوارە خوێناوییەکەوە دا و خەمینانە لێی روانیم. نیگامان لێک ئاڵا. من، چەند ئاشنا بوو! هەمان منی پێش گرتنەکەم بوو، واتە سێ رۆژ لەمەو بەر. ساخ و سەلامەت بەبێ ئەوەی یەک تاقە برینی بچووک چییە بەسەر جەستەیەوە بێ، لەوێ راوەستابوو. گوتم سەرئەنجام ئەمیش تەواو بوو. گوتی ششش! بێدەنگ بە، چیدی پێویست ناکا قسە بکەی!

نیگاکانم گواستەوە بۆ بەردەمی خۆم. هەموو شوێنێ پڕژەی خوێن. من، چۆکی دادا و، دانیشت. ئەژنۆکانی لەباوەش گرت. چیتر لە ‘خۆم’ی نەدەڕوانی. چاوەڕوان مامەوە. بەدەنگێکی نەوی و ماندوو کە زیاتر لەهەناسەی دەکرد، گوتم خۆشحاڵم لانیکەم تۆ دەرچووی، بڕۆوە بۆ ماڵەوە و هەواڵی منیان پێ‌ڕاگەیەنە، بڵێ ‘خۆم’ کوژرا و ئیستا ‘من’ دەرچووە، بڵێ ئاوایش هەر باشە.

بەڵام من وەڵامی نەدامەوە. ئاگام لێ‌بوو سەرئەنجام سەری بادا و، گوتی تۆ هەمیشە وابووی، پڕهومێد و دڵنیا لە داهاتوو! پێت وایە ئیستا من دەرچووم و دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە!؟

ئێش و ئازار ئەگەرچی لەجێی خۆیاندا بوون، بەڵام وەک بڵێی ئارامتر دەبوونەوە. هۆکار ئەوە بوو جەستەم عادەتی گرتبوو، یان قەمچیی تریان بەسەردا نەدەهات،… نازانم. هەرچی هێزی پاشماوەی دواساتەکانی پێش مردنم، یان پاش مردنم کە بۆم مابوونەوە کۆم کردنەوە و گوتم بێ‌ئەقڵ مەبە! دەبینی تۆ ماوی.

من، دیسان سەری بادایەوە.

لە هیچ کوێیەکەوە دەنگ نەدەهات. هەرچۆنێک حسێبم دەکرد دەبا ئیستا لێرە بان. حەزم دەکرد هەرچی خێراتر بمنێژن، بۆ ئەوەی من لەوبەرەوە وازم لێ‌بێنێ و بڕواتەوە. ئەو لەخۆڕا هەر لەسەرەتایشەوە هێنابوویان بۆ ئێرە. بەرەبەرە هەستم بەو گوریسانەی دەکرد وا دەست و قاچمیان پێوە بەستبووەوە. هەردوو مەچەکی دەستەکانم و گۆزینگی قاچەکانم شێتانە دەبرژان. وەک بڵێی لەناو ئاوی داغدا بن. چارم نەبوو، بۆ ئەوەی ئەم دواساتانەی دوای‌مردن و پێش ناشتنەکەم بگوزەرێنم، دەبا خەیاڵم لەم ژوورە راگوێزم. باشترین کار گەڕانەوە بۆ رابردوو بوو. بۆ ناو رۆژەکانی ژیان، بۆ ئەو کاتانەی بەڵێن بوو شتێکی گەورە روو بدەن.

بەڵام گەڕانەوە بۆ رابردوو ئەوەندە ئاسان نیە. بۆ منێک کە هەمیشە خەیاڵم لەسەر داهاتوو بوو، خۆبینینەوە لە کوچە و کۆڵانەکانی جاران زەحمەتە. هەوڵ ئەدەم شتێک ببینمەوە بۆ ئەوەی لەوێوە دەست پێ‌بکەم، بۆ ئەوەی ببێتە خاڵی دەستپێکم. من، دیسان سەر بادەداتەوە و، دەڵێ ئیتر درەنگە، دەڵێ تۆ دەبێ تازە وەک هەمیشە رووەو داهاتوو بی، دەڵێ ئەمە هەڵبژاردەی خۆت بوو، لەبیرتە خۆت، نەک کەسی تر!

من، راست دەکا. من لە مەرگیشدا هەر بەرەو داهاتووم. بەقسەی دەکەم و، واز دێنم.

لە رارەوەکەوە دەنگ دێ. دووان خۆ بە ژوورەوەدا دەکەن. سترێچەرێکیان پێیە. ئەویش خوێناوییە. بۆنی لاشەی ئەوانی پێشووتر. گوریسەکان لێ‌دەکەنەوە و، بە چوار دەست بەرزم دەکەنەوە،… دەمخەنە سەری. کاریان بە ‘من’ نیە. پێم وابێ هەر نایشی بینن. لادەکەمەوە و، پێی دەڵێم خۆشحاڵم کاریان بە تۆ نیە! دەڵێ تۆ مردووی خۆ من نەمردووم. حەز دەکەم پێی بڵێم لەگەڵم دێی؟ دەمەوێ بڵێم با ئەم دواساتانە وەک هەمیشە پێکەوە بین، بەس تکایە چیتر سەرکۆنەم مەکە! بەڵام نایڵێم. من، هەڵدەستێتەوە سەرپێ. بەبێ ئەوەی شتێک بدرکێنێ، شوێنمان دەکەوێ. من، ئەژنۆی شلە و، لەخەیاڵدایە. باوەڕی پێ‌ناکەم. جارانیش هەروا بوو، هەمیشە لەبیردا بوو بەبێ ئەوەی شتێکی لەدەست بێ. هەمیشە سەرکۆنەی دەکردم و، دەیگوت دەبێ واز بێنم. دەیگوت ژیان ئەوەندە درێژ نیە بەشی ئەو هەموو خەیاڵە بکا. هەنگاوەکانی ‘من’ شل و قورسن، بەڵام دواناکەوێ. من، تەنیا کەسێکە بەڵێنە لە ناشتنی شاراوەمدا بەشداری بکا. بەزەییم بەسەریدا دێتەوە. چەند تەنیا دێتە بەرچاوم.

یەک لەوانەی وا هەڵیانگرتووم، دەڵێ هەموویان لەیەک دەچن، وەک یەک ئازار دەچێژن، وەک یەک پێچ و لوول دەخۆن، وەک یەک دەقیڕێنن و دەپاڕێنەوە و سەرئەنجام وەک یەکیش دەمرن. ئەوی دیکەیشیان بەگاڵتەوە دەڵێ خوێنی هەمووشیان وەک یەکە.

بەناو داڵانە تەنگ و بەرتەسکەکاندا تێدەپەڕین. گڵۆپە کزەکان، برینەکانم روون ناکەنەوە. بەخۆم دەڵێم چێژ لەم دواساتانەی سەر زەوی وەربگرە ئەگەرچی بە مردووییش!

دەرگایەکی ئاسنینی قورس دەکرێتەوە. ساردخانەیە. بۆساردی تەرم بە هەیکەلی مردوومدا هەڵدەگەڕێ. دەمخەنە سندووقی ژمارە پەنجاوە. ژمارەکە دووقاتی تەمەنی منە. یەکیان دەڵێ سبەی دەینێژن. ئەوی تریان دەڵێ ئێمە کارمان بەسەر ئەمەیەوە نیە. سندووقی ژمارە پەنجا دادەخەن و، دەڕۆن.

تاڵە تیشکێکی کز لە درزێکەوە خۆی بە ژوورەوەدا دەکا و، ناو سندووقەکە بەئاستەم رووناک دەکاتەوە. گوێم لە دەنگی گریانێکە. چەند ئاشنایە. دەنگی گریانی ‘من’ە. من بۆ خۆم دەگری. من دڵی ناسک بوو، هەمیشە بە هۆ و بێ هۆ دەستی دەکرد بە گریان. ئەو عادەتەی وا یەکجار رقم لێی بوو. دەنگی گریانی لەگەڵ تاڵەتیشکەکە خۆی بە ژوورەوەدا دەکا. لەدووای ساڵانی ساڵ بۆ یەکەم جار دڵم بۆی دەسووتێ. ئاە چەندە بەرامبەری بێ‌بەزەیی بووم. هەمیشە سەرکۆنەم دەکرد، کەچی هەر ئەویشم بۆ مایەوە. دڵنیام هەتا ناو گۆڕەکەیش لەگەڵم دەبێ. دەنگ هەڵدەبڕم و، دەڵێم گریان چیدی سوودی نیە وازبێنە! کەچی ئەو هەر دەگری. دەڵێم رێگای خۆت بگرە و بڕۆوە بۆ ماڵەوە، تەنیا تۆ دەتوانی رازی مەرگ و شوێنی گۆڕی من ئاشکرا بکەی، مەگەر ئەمەت نەدەویست، ئیستا ئەو هەلەیە وا بە شوێنیدا دەگەڕای.

من هەر دەگری. دەڵێ دەمزانی… دەمزانی ئەم رۆژە دێ؛… مەگەر پێم نەگوتی ها، پێم نەگوتی!؟

ئاە چەندە رقم لەم دڵ ناسکییەی و، حەزبەخۆبوونەکەیەتی!

گوێم لەدەنگی کرانەوە و، داخستنی چەند سندووقی ترە. سەیرە لەم سڕسڕخانەیەدا جوان جوان بۆنەکانیان لێک دەکەمەوە. هەموویان بۆنی خەیاڵ دەدەن. هەر کامەیان لەجۆرێک. یەک زەویی لە رەنگی ئاسماندا دەبینی، یەکی تریان لەهەر دنکە باراندا شۆردنەوەی هەموو پیساییەکان و ئەوی تریان پێی وابوو پشکوتنی گوڵێک بۆ بۆنخۆش کردنی هەموو جیهان بەس بوو. ئیستا هەموویان لە تەنیشت من، لەژوورێکی سارد و سەهۆڵیندا پاڵ کەوتوون.

من، سەرکۆنەکانی دەست پێدەکاتەوە. ئەو پێی خۆشە قسەکانی بەهەزاران جار دووپات بکاتەوە. دەڵێ دەمزانی دەگاتە ئێرە، دەمزانی ئەم رۆژە زۆر دوور نیە،… بۆنیم دەکرد،… هەر خۆت لێ گێل کرد!

ئەم ساتانەی نێوان مردن و ناشتنم چەند درێژن!

حەز دەکەم دەست و قاچم ببزوێنم. رابمە سەر پێ، لە سندووقەکە دەربچم و رووبەڕووی من راوەستم. پێی بڵێم تکایە بۆ یەک جاریش بووە گوێم لێ‌بگرێ! ئەوەی کە لەدوای مەرگ گلەیی مانای نامێنێ، ئەوەی کە ژیان بەڵێنە وەک دڵۆپەبارانێک هەرچەند لە حەوت تەبەقی ئاسمانیش بێ، بتکێتە سەر زەوی. بەڵام بێسوودە. چەند بەشێوەیەکی سەیر بە تەختایی ژێر خۆمەوە گرێ دراوم! ئەم هەستە لەیەکەم ساتەکانی پاڵخستنم لەسەر سەکۆی قەمچییەکە رژایە ناو گیان و لەشمەوە. ئیتر زانیم بەڵێنە بۆ هەمیشە بەم شێوەیە بمینمەوە.

زەمەن دەگوزەرێ و، گوێم لەدەنگی پێی ‘من’ە. هەراسان و بێ‌ئۆقرە، دێ و دەڕوا. سەرمایەتی. بە هەناسەی هەوڵ دەدا دەستەکانی گەرم بکاتەوە. هەنگاوەکانی خێراتر دەبن. دڵنیام خۆی دەگوشێ و، جەستەی خۆی لەباوەش دەگرێ. بەڵام هیچیان دادی نادەن. سەرمای ژووری ساردخانە تەنیا بە مردووەکان تەحەمول دەکرێ. گوێم لەدەنگی کرانەوەی سندووقێکی ترە. گوێم لێیە دەڵێ لانیکەم ئێرە گەرمترە!

سندووقەکەی لەژێر منەوەیە. کتوپڕ هەبوونی من لە کەنارمدا ئارامیم پێ دەبەخشێ. جارانیش وەها بوو. لەگەڵ ئەوەی هەمیشە دەمەقاڵەمان بوو، کەچی بەبێ ئەو نەمدەتوانی خۆم ببینمەوە. هەمیشە پێویستیم پێی هەبووە. پێی دەڵێم ئاگات لێ‌بێ خوێناوی نەبی! دەڵێ ئێرە باشە وادیارە هەرچی ئەو تەرمانەیە لێرە خراون لەناو کیسەی پلاستیکیدا بوون.

چاوە کراوەکانم هەروا لە سەقفە هەرە نزمەکەی سندووقەکەی بانی خۆم وڕماون. حەزم دەکرد ئەوەندە وزەی سەردەمی ژیانم لە لەشدا مابایەوە، بمتوانیایە بەئاستەم لووتێکی لێ‌بخشێنم. یادی هەستی سەردەمی ژیان دەکەمەوە. بزەیەکم دێتێ. نەمدەزانی وای لێدێ. چەند خێرا یادی ژیانم دەکردەوە!

لە من دەپرسم پێت وایە کاتژمێر چەند مردم؟ من کە هەناسەکانی ئاسایی بوونەتەوە، دەڵێ پێم وابێ سەعات حەوتی ئێوارە بوو، بەوەدا دەزانم جەللادەکە سەعاتەکەی کە لەجۆری سیتی‌زێن بوو لە دەستی کردەوە و لەسەر کورسییەکی لەتەنیشتی مندا داینا. دەڵێم سیتی‌زێنی سویسی؟ خەندەیەکی تاڵ بەسەر زاری مندا دێ و، دەڵێ ماڵتە تازە بەتۆ چی!… ئەمانە چییە بیری لێ‌دەکەیتەوە.

کات دیسان تێدەپەڕێ. من کە هەستم دەکرد لەم دواساتانەی مانەوە لەسەر رووبەری زەوی زۆر قسەم لەگەڵ من پێیە، زانیم کە لەڕاستیدا بەپێچەوانەوەیە. من لە خەیاڵات و لە قسەکانم بەتاڵ ببوومەوە. زۆر خێرا خۆم دابووە دەست دونیای نوێی خۆمەوە. لەنەکاو دڵم بۆ من سووتا. ئێمە کە عومرێک پێکەوە ژیابووین و پێکەوە مشتومڕی دونیامان کردبوو، ئیستا هەرکامەمان لە سندووقی خۆیدا بەجیاواز راکشابووین. بەچاوە مۆڵەقەکانمەوە بەئەسپایی دەنگم هەڵبڕێ کە دەبێ ببوری،… دەبێ ببوری! من کە هەمیشە حازرجواب بوو، هیچی نەگوت. ئەوسا گوێم لەدەنگی ئارام و لەسەرەخۆی گریانی بوو. فرمێسکەکانی لەسەر ئاسنی سارد و رەقی ژێریدا دەوەرین و، لەو تاریکییە سەهۆڵینەدا تک تک دەهاتنە گوێ.

بە سەعات پاڵکەوتن لەسەر جەستەیەکی شەقار شەقار و زامار ئاسان نیە. برینەکان کە خەریکن ئارام ئارام قەتماغە دەبەستن، دەخورێن و حەجمینیان لێ‌هەڵدەگیرێ. من کە ناتوان خۆم بجوڵێنم، ئەوەندەی تر چاوەکانم لە سەقفە ئاسنینەکە مۆڕ دەکەمەوە. باشی ‘من’ لەم کاتانەدا بوو. ئەو ئازار و برینەکانی بۆ رادەژەندم. سەرەڕای هەموو چەنەبازییەکانی دڵسۆزم بوو. فریام دەکەوت. کەچی ئیستا لە سندووقێکدا لەژێر منەوە راکشاوە بەبێ هیچ چەشنە دەسەڵاتێک. حەز دەکەم دەنگ هەڵبڕم و، داوای یارمەتیی لێ‌بکەم. ئاە، چەند حەزێکی بێهوودە! جەستەم لەژێر تەوژمی ئەم ئازارە نابەوەختەدا دەناڵێنێ و، وەک هەمانە دەست دەکا بە لەبەریەک کشان و هەڵماسین.

وەک پووشێکی ناو گەردەلوول کە لە خولێکی سەیری ناو با و گێژەڵووکەدا قاچی گەیشتووەتەوە سەرزەوی، دەستێک لەناو سندووقەکە رامدەکێشێتە دەرەوە. ئەمە کەمێک لەتەنیایی ناو ئازارەکانم جیا دەکاتەوە. دیسان دونیا رووناک دەبێتەوە. روخسارم وەها ماسیوە، چاوەکانم چیتر وەک دەمی پێش چوونە ناو سندووقەکە نابینن. ئەمجارە چەند کەسی ترن. لە بوومەڵێڵی نیگاکانمدا دیسان من دەبینمەوە. لەوێ لە تەنیشت دەرگاکە راوەستاوە و چاوەڕوانمە. ئیشارەتم پێ‌دەدا کاژێر پێنجی بەیانییە.

سەعات پێنجی بەیانی لەناو پەتوویەکی رەش و پیس و چڵکندا لە ماشینێکم دەخەن. دووان لە پێشەوە و، چەکدارێک لەدوواوە لەگەڵ من. من دەگری. چاوەکانی پڕی ئەسرینن. نیگاکانی سوور سوورن. چەکدارەکە لە دوورەکان دەڕوانێ. وەک بڵێی تەرمی من هەر لەناو ماشینە پیکابەکە لەبەردەمیدا نەبێ! پەتووەکە بە هەڵبەز و دابەزی ترۆمبیلەکە لەسەر روخساری تێکشکاو و هەڵماسیوم لادەچێ و، دیسان من دەتوانم یەکێک لە بەیانییە زووەکانی ژیان ببینمەوە. ئاسمانی بڵیند و، هەورە دوورەدەستەکان. هەتاو کو وەک هەمیشە تیشکەکانی پێش خۆی گەیشتوون. بزەیەکم دێتێ. دێتەوە بیرم هەتاو و تیشک لەژیانمدا چ مانایەکیان هەبوو. من، بەسەرمدا دادەنەوێتەوە، بەگوێمدا دەچرپێنێ کە خراپترین شت لەژیاندا لێکچواندنی سروشت و ژیانی مرۆڤە.

رێگا سەغڵەتە. چاڵ و چۆڵی رێگا قەتماغەی برینەکانم دەکوڵیننەوە و، خوێنی دەڵەمە ئەوەندەی تر بەتانییەکە سوور دەکا. من کە ئاگای لێیە، دەڵێ تاقەت بگرە هاوڕێ ئەوەندەی نەماوە! بەوشەی هاوڕێی من بزەیەکم دێتێ. چاوەکانم لەتاو ئازار گڕییان گرتووە. حەز دەکەم یەکێک بەقەدەر هەموو دونیا بمخورێنێ. ژان تەواو بووە بە خورین. لەدوورەوە دەشتێکی کاکی بە کاکی دەردەکەوێ. من دەڵێ ئێرەیە، ئێرە گۆڕستانی بێ‌سنووری تۆیە.

دوو کەسەکە بە پاچ و بێڵاسنێک دەکەونە هەڵکەندن. وەک ناو سەیارەکە زوو زوو جگەرە دەکێشن. لەدوورەوە دەنگی قەلەڕەش و باڵندە گۆشتخۆرەکان دێ. ئاگام لێیە سیسارکە کەچەڵەکان بەو سەرسەرەوە سووڕی بڵیند و نەوی دەخۆن. من کە جەستەم وەک مەشکەیەک تەواو ماسیوە، بیر لەرۆژانی خەیاڵی فڕین دەکەمەوە. ئاە خۆزگە بارانێک دایدەکرد!

من خەریکی کایەکردن بە دوو سێ خڕەبەردی وردەوەیە. دەڵێ زۆر قووڵی هەڵناکەنن، جا رەنگە سیسارەکەکان و قەلەڕەشەکان گۆڕەکەت هەڵبدەنەوە و، جارێکی تر تا تەواو جەستەت وندەکەن بتوانی لە دونیا رابمێنیتەوە.

من دیسان لە باڵندەکانی خواردنی پاشماوەکان دەڕوانمەوە. سەربازەکە چەند میترێک لەولاترەوە بە چەکەکەی راوەستاوە و، وەک هەمیشە لەو دووردوورانە دەڕوانێ. ژێرباڵەکانی خوساوی ئارەقن. نیومیترەکە تەواو دەبێ. دوو کەسەکە دەست دەدەنە پەتووەکە و فڕێم دەدەنە ناو گۆڕە نزمەکەوە. ئیتر ئەوەندەی نەماوە. بەخاکەناز دەست دەکەن بە خۆڵ بەسەردا کردنم. من کە ژمارەی بەردەکانی مشتی زیاددیان کردووە و، گەرمی یاریی بازەڵێنە بەپەلە خۆی دەگەیەنێتە لام. روخساری سپی سپیە. چاوەکانی تەڕ تەڕ. لێوی دەلەرزێ. بەردەکان بەدەستیەوە دەوەرێنە خوار رێک بۆ ناو قەبرەکە. من لێی دەڕوانم. خۆشحاڵم جەللادەکان نەیانتوانیوە هەمووی من بکوژن. ‘من’ی ‘خۆم’ ئیستا لەوێیە، لەناو دونیا. ئەو دەتوانێ درێژە بەژیان بدات.

خۆڵ نەرم نەرم بەسەرمدا دەڕژێ. بەردی بازەڵێنەکان هەرهەموویان لەگەمەیەکی سەیر و چاوەڕواننەکراودا کەوتوونەتە ناو مشتمەوە. بزەیەکم دێتێ.

کەواتە تا کاتی هاتنی سیسارکە کەچەڵ و قەلە رەشەکان مەودایەکی تر هەیە بۆ کایەیەکی ترسناکی دیکە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور


کایەی ترسناک

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *