فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

رێخواز

کات 09/01/1405 66 بازدید

فەڕۆخ نێعمەتپوور

رێخواز

کاک رێخواز کاتێ بینی بەڕاستی ئامریکا و ئیسڕاییل هێرشی سەربازییان کردە سەر ئێران، لەگەڵ ئەوەی تەمەنی شەست و چوار ساڵ دەبوو بڕیاری دا سەری خۆی هەڵگرێ، جانتا بدا بە کۆڵیدا و وڵات بۆ هەمیشە جێ‌بێڵێ. ئەو بە درێژایی عەمری، خۆی گوتەنی نگریسی، شەڕی کوردستان و شەڕی ئێران و ئێراق و، شەڕی کەنداو و شەڕی ۱۲ رۆژەی هاوینی ۲۰۲۴ی نێوان ئێران و ئیسڕاییلی بینیبوو، بۆیە چی تر تاقەتی نەمابوو. هەرچی خزم و کەس و کاریش پێیان گوت کە کاکە بۆ کوێ دەچی و بەڵکو ئەمجارە دواجار بێ و خوای گەورە دەروویەکمان بەڕوودا بکاتەوە، بێسود بوو. هەرچی گوتیان کاکە بەپیری پیاو چۆن سەری خۆی هەڵدەگرێ و روو لە وڵاتان دەکا ‌کەڵکی نەبوو. کاک رێخواز  کاڵە ئاسنینەکەی ناو شیعرەکەی هێمنی شاعیری لێ‌هەڵکێشا، جانتا کۆنەکەی دا بە پشتیدا و خێرا و بڕیاردەرانە ئاودیو دەرگاکە بوو. هێشتا چەند هەنگاوێک دوور نەکەوتبووەوە، گەڕایەوە و جرتێکی دوور و درێژ و بەرزی بۆ ئەو خەڵکە لێدا وا هێشتا نیگایان لەسەر دەرگاکە بەبێ ئەوەی یەک تاقە وشە چییە بدرکێنن، مابوو.

بەم شێوەیە کاک رێخواز رێگای هەندەرانی گرتە بەر.

لە ئاسمانەوە دەنگی فڕۆکەی جەنگی و، وژەی هاژەک دەهات. تەواوی شەقام تەژی لەدەنگی هەواڵەکان بوو. خەڵک بێ‌ئاگا لە یەکتر، سەریان بەسەر موبیلەکانیانەوە بوو. رێخواز بەخۆی گوت “هەی لە میللەتی وا بەم لەجیاتی ئەوەی کارێک بکەن ئەم نەهامەتییە دەیان ساڵەیە کۆتایی پێ‌بێنن، کەچی چاوەڕوانی ئەوەن بزانن دونیا بۆخۆی بەرەو کۆێ دەڕوا!” رێخواز سەرێکی بادا و، بەخۆی گوت “کەر بووم زووتر نەڕۆیشتم، دەبووایە هەر زۆر زووتر ساڵانی ساڵ لەمەوبەر ملی خۆم بشکاندایە و بڕۆشتمایە،… ئاخ ئاخ‌خ‌خ!”

کاک رێخواز ئەوەندە تووڕە بوو نەسواری ماشین بوو و، نە لەگەڵ هیچ بنادەمێکی تریش ئامادە بوو رێ‌بکا. ئەو چیتر بنیادەمی لەسەر گۆی زەوی نەدەبینی. رێگاکەیشی روون بوو: بەرەو رۆژئاوا. خۆریش کە لەوێ بوو، بۆخۆی باشترین رێ‌نیشاندەر بوو. هەر ئەوەندەی بەرەو ئەوێ بڕۆشتایە وا لەوێوە هەتاو خۆی ئاوا دەکرد، یان ئاوایان دەکرد.

لەگەڵ ئەوەی قەت نەچووبوو بۆ رۆژئاوا، دەیزانی رێگا دوور و درێژە. بڕیاریشی دابوو راست بڕوا، هیچ پێچ و پڵوچێک بە رێگاکەی نەدا. بەسەر هەر چیەکیشدا بکەوتایە، بۆی گرینگ نەبوو. ئەو دەیان ساڵ لەوە پێش کاتێک لەقوتابخانە بوو لە دەرسی ماتماتیکدا خوێندبووی “کورتترین مەودای نێوان دوو خاڵ، هێڵێکی راستە.” ئەویش هیڵە راستەکەی هەڵبژاردبوو. لە وانەی مێژوویشدا دیسان خوێندبووی راستە رۆژئاوا ئێستا هەڵگیرسێنەری هەندێ لە شەڕەکانە، بەڵام لەمێژە لای خۆیان شەڕیکی وەها رووی نەداوە. لە جەنگی دووهەمی جیهانەوە فیشکە لەوێ لای ئەوانەوە نەهاتووە.

لە دواکۆڵان کە ترازا بەتووش پشیلەیەکەوە بوو. پشیلەکە گوتی:

ـ کاک رێخواز ئەوە بۆ کوێ ئەچی؟

ـ بۆ غاریج!

ـ ئەتوانی منیش لەگەڵ خۆت ببەی؟

ـ بۆ؟ تۆ بۆ ئەتەوێ سەری خۆت هەڵبگری و، بڕۆی؟

ـ لەبەر ئەوەی چەند رۆژێکە لەبەر دەنگ و شریخەی ترسناکی فڕۆکەکان نە چۆلەکە بۆ خواردن دەست ئەکەوێ و نە مشک!

ـ بەو مەرجەی جانتاکەم بۆ هەڵبگری.

ـ زۆر باشە، لاریم لێی نیە.

ـ لەگەڵم کەوە!

بەم شێوەیە کاک رێخواز و پشیلەکە ملی رێگایان گرتە بەر.

رێخواز و مام پشیلە گەیشتنە دەشتێکی کاکی بە کاکی. لەوێ بەتووش سەگێکی بەڕەڵاوە بوون. سەگەکە هەر چاوی پێیان کەوت، پرسی:

ـ ئۆغربێ، ئەوە بۆ کوێ؟

پشیلەکە لەترسانا خۆی لە قاچ و قولی رێخواز ئاڵاند. رێخواز گوتی:

ـ بۆ غاریج.

ـ ئەتوانن منیش لەگەڵ خۆتان بەرن؟

ـ بۆ ئەتەوێ لێرە بڕۆی؟

ـ دەنگی ئەو فڕۆکانە دێڵی بەبای لەم وڵاتەدا نەهێشتووەتەوە.

ـ ئەتوانی بێی بەو مەرجەی جاروبار کاتێ ماندوو بووم بتوام دەست بەکلکتەوە بگرم و، رامکێشی.

بەم شێوەیە رێخواز و پشیلەکە و سەگەکە بەڕێکەوتن.

گەیشتنەشاخێکی هەڵەمووت. لەوێ بەتووش ورچێکی گەورەی رەشەوە بوون. ورچەکە پرسی:

ـ ئەوە بۆکوێ؟

ـ ئەچین بۆ غاریج.

ـ منیش لەگەڵ خۆتان ئەبەن؟

ـ تۆ بۆ؟

ـ وەڵڵا لەو وەختەوە دەنگی ئەم تەیارانە دێ، چیتر زەوقی خواردنم نەماوە. دەمەوێ زەوقی خواردنەکەم بگەڕێتەوە.

ـ بەو مەرجەی گەر ماندوو بووین بتوانین سواری پشتت بین.

ـ حەک بەچاوان، هەر زۆر باشە.

بەم شێوەیە رێخواز، پشیلە، سەگ و مام ورچ هاوڕێیانە بەڕێکەوتن.

رۆیشتن و رۆیشتن تا گەیشتنە دەریا. لەوێ بەتووش نەهەنگەوە بوون. نەهەنگەکە پرسی:
ـ بەخێر ئەوە بۆ کوێ؟

کاک رێخواز گوتی:

ـ بۆ غاریج.

ـ منیش لەگەڵتان بێم؟

ـ بۆ؟

ـ لەو کاتەوە دەنگی ئەو فڕۆکانە دێ، ماسی چییە دەست ناکەوێ بۆ خواردن.

ـ زۆر باشە، بەس بەو شەرتە هەموومان سوار پشتت بین.

نەهەنگ لەژێریانەوە، کاک رێخواز لەپێشەوە، مام ورچ لەدوای ئەو، لەدوای مام ورچ سەگەکە و، لەدووای سەگەکە پشیلەکە، ملی رێگایان گرتە بەر.

بەم شێوەیە کاک رێخواز و هاوڕێکانی دەڕۆیشتن و دەڕۆیشتن! بەناو پێدەشتەکاندا، گیاجاڕەکاندا، بەناو دارستاندا، بەسەر شاخەکاندا و، بەناو دەریاکاندا. تەڕ هەڵگەڕان، ئارەقیان رشت، چقڵ پێستی دڕین، قرژاڵ گازی لە نەرمە گوێیانی گرت، قاچیان توێخی هەڵدا، سەرمایان بوو، گەرما تەنگی پێ‌هەڵچنین، تینوویەتی و برسیەتی ویستیان چۆکیان پێ‌دادەن، بەسەدان و هەزاران مێروولەی لە ژێر هەنگاوەکانیدا پلیشانەوە، نە لە شەو ترسان و نە لە تەنیایی سڵەمینەوە، لەهاژەی بادا نەکشانەوە و لە هەڕەشەی ئاسمان نەترسان و،… هەر رۆیشتن و رۆیشتن.

بەڵام رۆژئاوا زۆر دوور بوو. لەهەمووی خراپتر برسیەتی بوو کە تەواو تەنگی پێ‌هەڵچنیبوون. چی بکەن چی نەکەن، دانیشتن تا مشورێکی لێ‌بخۆن. بەهیچ ئاکامێک نەگەیشتن. دیسان بەڕێ کەوتنەوە. لەدەرفەتێکدا سەگەکە گەڕایەوە و بەبێ ئەوەی ئەوانی تر ئاگایان لێ بێ، پشیلەکەی خوارد. دیسان لە مەجالێکی تردا مام ورچ گەڕایەوە و سەگەکەی پشتی سەری لە چرکەیەکدا دڕی و نۆشی گیان کرد. ئەم جارە نۆرەی کاک رێخواز بوو. ئەویش خۆی سوڕاند، بەڵام هەر مام ورچی بینی بزەیەکی شەرمێونانەی هاتێ و دیسان رووی کردەوە بەردەمی خۆی.

سەرئەنجام گەیشتنە رۆژئاوا. لە شاری ڤێنیزیا لایان دا. هەر لەوێ داوای پەنابەریان کرد. لەبەر ئەوەی کەیسی رێگاکەیان زۆر لە چیرۆکێکی ئەفسانەیی دەکرد، دەستبەجێ، مافی پەنابەریان پێ‌درا. لە خانوویەکیشدا هەرسێکیان نیشتەجێ کران. نەهەنگەکە هەموو رۆژێ ماسی دەخوارد، مام ورچ ئیشتیاکەی گەڕابووەوە و کاک رێخوازیش لە باڵکۆنی خانووەکەیان دادەنیشت و بەگشتی بیری لە ژیان دەکردەوە.

شەوێکیان بەڕێکەوت بیری سەگ و پشیلەکە کەوتنەوە. رێخواز پرسی ئەرێ مام ورچ تۆ کە لەدوای منەوە بووی ئەوە نەتزانی چییان لێ‌بەسەر هات؟ مام ورچ گوتی نەوەڵڵا. نەهەنگەکە گوتی وەڵڵا ئەوەندە سووک بوون من هەر هەستیشم پێیان نەدەکرد، جا نازانم کەی و چۆن ون بوون. کاک رێخواز گوتی پشیلەکە زۆر بێدەنگ و مەڕموز بوو و، سەگەکەیش زۆر چەنەباز. مام ورچ گوتی حەیکە چەند باشت وت! رێخواز گوتی باش بوو نەهاتن، ئەورووپا حەزی بەم دوو جۆرە نیە. لای ئەمان خەتی ناوەڕاست دەخوا! کاکی نەهەنگ هەڵیدایە کە “چاکی لێ‌نازانی!… ئەی ئەوە نیە کۆڵان و جادە پڕی سەگ و پشیلەن!”

کاک رێخواز، جگەرەیەک لە پاکەتەکەی دەردێنێ و، دایدەگیرسێنێ. ئەو کە چەند مانگێکە گوێی لە هیچ چەشنە هەواڵێک نیە و بۆیە نازانێ سەرئەنجام چی بەسەر نیشتماندا هات، پاڵی لێ‌دەداتەوە و خۆشحاڵە باجی کۆچەکەی تەنیا مەرگی پشیلە و سەگێک بووە. ئەو مەرگەی کە بە کڕینی دووانی تر قەرەبوو دەکرایەوە. بۆیە لای ئەو باشترین کاتی کۆچ، سەردەمی جەنگە.

بزەیەکی دێتێ و، پەشیمان لەوەی بە گەنجیەتی رێگای رۆژئاوای نەگرتە بەر، ساڵەکانی داهاتوو دەژمێرێ. با کورتیش بن،… گەر خوا یار بێ، لەبیرکردنی یەکجارەکیی نیشتمان ئەوەندەی ناوێ.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *