لە بابەت رۆمانی ساڵەکانی خەون
لە بابەت رۆمانی ساڵەکانی خەون
سازدانی: شەریف فەللاح
١ ـ خه‌ون و خولیا، خه‌یاڵ و دیالۆگه‌كان له‌م رۆمانه‌دا زیاتر تاكه‌كه‌سین و زیاتر كاراكتیرهكان له‌ته‌ك خه‌ون و رابردوو و ئێستای خۆیان ده‌په‌یڤن بۆ ئه‌م شێوازه‌ت هه‌ڵبژاردووه؟
ـ بە رای من ئەمە تایبەتمەندیی هەر دەورانێکە کە هەڵگری گۆڕانێکی گەورەیە. ئەگەرچی خەونی رابردوو و نۆستالۆژیا تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ئینسانەکانە و تەنیا وەک دیاردەیەکی دەرەکی پێناسە ناکرێ، بەڵام لە کاتی گۆڕانە بنەڕەتی و سەرەکی و دژوارەکاندا ئەم تایبەتمەندییە چڕتر و خەستتر دەبێتەوە. لەم رۆمانەدا من هەوڵ دەدەم کە بە جۆرێک کۆمەڵگای ئێران لە دەیەی هەفتای زایین‌دا وێنا بکەم کە تێێدا هێشتا کۆمەڵگا خەریکی گواستنەوەی خۆی لە ترادیسیون واتە سوننەت بەرەو مۆدێڕنیسم بوو.
لە وەها قۆناغ و پرۆسەیەکدا هەموو تان و پۆکانی کۆمەڵگا دێتە لەرزین و جوڵە و، تەواوی ئەو شتانەی کە رۆژێک پێمان وابوون ئەبەدی و ئەزەلین، دەکەونە بەر باهۆزی گۆڕان. هەڵبەت سریمەکانی ئەم گۆڕانەم لە شارێکی بچووکی مەرزیدا هێناوەتە بەر باس، واتە لە کۆمەڵگایەکی پەراوێزدا، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ بڵێم کە کۆمەڵگای پەراوێزیش، خۆی بەشێکە لە راستییەکان و لە رەوتەکە، هەربۆیە دەکرێ دەرخەری بەشێکی گرنگ لە رووداوەکان و چۆنیەتی کارتێکەرییان لە سەر ژیان و هەست و نەستی مرۆڤەکانی کۆمەڵگای پەراوێزەوە بێت.
وەک لە پرسیارەکەتدا دەردەکەوێ، لە وەها دۆخێک‌دا زۆربەی ئینسانەکان لە گەڵ ئەوەی کە دەرفەتی گۆڕان و خەون لە ژیانیاندا دروست دەبێ، لە هەمان کاتدا دەکەونە خەون بینین بە رابردووەوەو دۆخی نۆستالۆژیا دەیانبا. واتە قۆناغە گەورە و مەزنەکان لە خۆیاندا هەڵگری پارادۆکسن. مرۆڤەکان تێیدا لە هەوڵی گەیشتن بە رۆژە نادیارەکانن، بەڵام لە هەمان کاتدا بەردەوام ئەفسووسی رابردوو دەخۆن!
٢ـ ره‌گی گوتاری مێژوویی و نوستالۆژیا سه‌راپای ئه‌م رۆمانه‌ی داگرتووه و توخمی زاڵه، به‌ڕای جه‌نابت پێوه‌ندیی نێوان مێژوو و رۆمان چۆنه، هه‌ردوو بابه‌ته‌كه هه‌ڵگری ره‌هه‌ندی گێڕانه‌وه‌ن، به‌ڵام هه‌ركام به له‌ونێك؟
ـ وەک دەزانین لە پۆلین کردنی رۆمان‌دا، دەستەواژەیەک هەیە بەناوی رۆمانی مێژوویی و نووسەری ناوداری جیهانیش لەم بوارەدا کاریان کردووە. بۆ وێنە وەک تۆلستۆی و شۆلۆخۆف.
مێژوو دەتوانێ بابەتێک بێت بۆ رۆمان، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە رۆمان مێژووە، یان مێژوو رۆمانە. بە رای من خاڵێکی گرنگ رۆمان و مێژوو لە یەک جیادەکەنەوە. ئەویش ئەوەیە کە مێژوو لە سەر واقعی روودراو و لە مەڕ هێڵە گشتییەکان دەدوێ، لە حاڵێکدا رۆمان لە سەر خەیاڵ و لە سەر تاک پێدادەگرێ. لە رۆمان‌دا هێڵە گشتییەکان لە تاکەوە گوزەر دەکەن، ئەویش لە بەرگی فەنتازیادا. لە هەمان کاتدا رۆماننووس دەتوانێ هەندێک رووداوی مێژوویی تێهەڵکێشی بەرهەمەکەی بکا، بەڵام رووداوە مێژوویەکە لەم حاڵەتەدا وەها لە گەڵ فەزای فەنتازیانەی بەرهەم تێهەڵکێش دەبێ کە ئیدی رواڵەتی مێژوویانەی خۆی تا ئاستێکی زۆر لە دەست دەدا. رۆمانی “شەڕ و ئاشتی” ی تۆلستۆی چیدی تەنیا مێژوو نیە.
دەزانی، دەتوانین بڵێین کە دەقی مێژوویی وەکوو سەیرکردنی وێنەیەک وایە و دەقی رۆمان سەیرکردنی هەمان وێنەیە، بەڵام بەو جیاوازییەوە کە وێنەکە زیندووە. بۆ وێنە ئەگەر وێنەکە وێنەی کۆمەڵێک سەرباز بێت لە کاتی هەنگاو هەڵێنان بەرەو مەیدانی شەڕ، ئەوا لە فۆڕمە زیندووەکەیدا تۆ هەم گوێت لە هەناسەی سەربازەکانە وهەم گوێت لە دەنگی پێ و دەنگی تۆپەکان و لە هەمان کاتدا ئاگات لەو خەونانەیە کە لە مێشک و زەینیاندا دێن و دەچن.
٣ـ كه‌سایه‌تیی ره‌سووڵ باڵابه‌رز، سیما‌و قه‌ڵافه‌تی به هه‌یبه‌ته، به‌ڵام هێوری، ترس و شه‌رمێونی و ترسێك له ناخیدا هه‌یه، بۆ ئه‌م جیاوازییه، پارادۆكس له كه‌سایه‌تی، خولیا و خه‌ونه‌كانی و هه‌ڵسووكه‌وتیدا ده‌بینرێ له‌به‌رچی؟
ـ کەسایەتی رەسوڵیش بۆ خۆی وەک خودی رەوتەکە پارادۆکسێکە. “ئولریک بێک” لە تیۆری خۆیدا سەبارەت بە جیهانی بوون و ئەندیویدوالیسم لە دەستەواژە دژ بەیەکەکان بۆ تەوسیفی ئەو جیهانە نوێیە کەڵک وەردەگرێ. رەسوڵ باڵابەرز خۆی لە خۆیدا هەڵگری ئەم پارادۆکسەیە. کەسایەتییەک کە بەرەوام خەون بە داهاتووەوە دەبینێ، بەڵام لە هەمان کاتدا رابردوو بەردەوام لە گەڵیدایە. مەرگی باوەگەورەی وەها کارتێکەرییەکی لەودا بەجێ هێشتووە کە بۆ دەربازبوون بەس بیر لە داهاتوو دەکاتەوە. داهاتوویەک کە چیدی تێیدا دەرفەت بۆ وەها مەرگ گەلێک نەبێت. بەڵام خودی کارەساتی مەرگەکە ئەوەندە تۆخە کە هیچ داهاتوویەک ناتوانی بێشارێتەوە.
جگە لەوە لە بیرمان نەچێ کە رەسوڵ بە هۆی هەموو ئەو رووداوانەی کە پێی وایە دژی داهاتوون و لە لایەن خودی حوکومەتەوە رەچاو دەکرێن، لەناخی خۆیدا دوچاری دڕدۆنگییەکی لاوازە. ئەو وەک هەر کەسایەتییەکی مۆدێڕنیستی لای ئێمە چاوی لە ئاست سریمە نەگەتیڤەکانی مۆدێڕنیسم قونجاوە.، بەلام بە هۆی رووداوە تاڵەکانی ژیانەوە بەرەبەرە هەستیان پێدەکا. هەروەها رەنگە هەستی تەنیایی بێت. من پێم وایە هەر مۆدیڕنیستێک کە لە کۆمەڵگایەکی بچووک و سوننەتی و ترادیسیۆنیدا بژی، دوچاری ئەم هێوری و ترس و ئیحتیاتە دەبێ. هەڵبەت بە بێ ئەوەی کە ئەمە بە ناچار بە مانای دەست بەردان لە خەونەکانی بێت.
٤ ـ پێوه‌ندی و جیاوازیی نێوان كولتوور و نه‌وه‌كان، سێ نه‌وه له سێ سه‌رده‌می جیاوازدا ده‌رده‌كه‌ون و هه‌ركام به خه‌ون و خولیایهكهوه له بنه‌ماڵه‌یه‌كدا و ئه‌ویش له‌ناو شارێك و كولتووریكی جیاوازدا، كه‌سایه‌تی و كاراكتێری ره‌سووڵ باڵا به‌رز له‌م نێوه‌دا بۆ به‌و چه‌شنه‌یه و هه‌وڵ بۆ به‌جی گه‌یاندنی هیچكام له خه‌ونه‌كانی نادات و ته‌نیا بۆ رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
ـ رەسوڵ هەوڵ دەدا، بەڵام هەوڵەکانی لە جۆرێکی ترن. بۆ وێنە قات لەبەردەکا، رۆژنامە دەخوێنێتەوە، دەچێ بۆ سینەما و یەکەم کەسە تەلەفزیۆن دەکڕێ. واتە جۆری هەوڵدانی ئەو زۆرتر کەرەسەییانەیە. گەڕانەوەی رەسوڵ بۆ رابردوو تەنیا گەڕانەوەیەک نیە بۆ باوەگەورەی، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ رەزاشا وەک سیمبولێک. هەروەها ئەو نموونەیەکە لە جۆری ئینسانی شەرقی کە مۆدیرنیزمەکەیشی بە نۆستالۆژیاوە گرێ دراوە. لای مۆدێرنیستی رۆژهەڵاتی چونکە زەینییەتی سوننەتی هێشتا بەهێزە، کەواتە جۆری پەیوەندی گرتنیشی لە گەڵ مۆدێڕنیزم تا رادەیەکی فراوان لە ژێر کاریگەریی ترادیسیۆندایە. “ئولریک بێک” دەڵێ قۆناغی یەکەمی مودێڕنیسم زۆرتر لە ژێر کاریگەریی سوننەتدایە، واتە ئەمە بۆ کۆمەڵگا رۆژئاواییەکانیش دەخوا، بەڵام رەنگە لای ئێمە زۆر بەهێزتر بێت. بێ هۆ نیە کە لە مێژووی ئێمەدا جاری وایە شۆڕشی ترادیسیۆنی بەسەر مۆدێڕنیزمدا سەردەکەوێ.
٥ ـ بۆچی ره‌سووڵ باڵا به‌رز بۆ چاره‌سه‌ریی هه‌ر گرفتێك به پیری مێژووه ده‌چێت و سه‌ره داوه‌كه ده‌به‌ستێته‌وه به رابردووه، باكگراوه‌ندی سه‌ره‌كیی فیكر و بیری ره‌سووڵ بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ره‌زا شا و سیاسه‌تی مۆدێڕنیزاسیۆن و یه‌كده‌ست كردنی كولتووره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆچی؟
ـ پێم وابێت بە جۆرێک لە سەرەوە وەڵامی ئەم پرسیارەم دابێتەوە. بەلام دەکرێ هۆکارێکی تریش لە ئارادا بێت، ئەویش هۆکاری سیاسیە. رەسوڵ باڵابەرز لە دۆخی هەنووکەیی رازی نیە. دەزانی، جۆری مۆدێرنیزمی پەهلەوی لە ناوخۆیشیاندا ناڕەزایەتی زۆری لێ کەوتەوە.
رەسوڵ باڵابەرز ئەوەندەی سەرقاڵی دابین کردنی هێمنی و ئاسایش لە وڵاتدایە، سەرقاڵی لایەنەکانی دیکەی ژیان نیە. لە راستیدا ئەو نموونەی تیپیکی مودێڕنیستێکی پەهلەویانەیە کە لایەنە سیاسییەکانی مۆدێرنیتەی لا گرنگ نیە. هەر ئەمەش بوو کە مۆدێرنیسمی پەهلەوی بەرەو هەڵدێر برد.
٦ جیاوازییه‌كانی ژیان، ده‌وڵه‌مه‌ندی و هه‌ژاری، سه‌رقاڵیی بنه‌ماڵه‌و كه‌سه‌كان له‌م رۆمانه‌دا سه‌یره و خێرا ده‌رده‌كه‌ون و ئاڵوگۆڕ و سه‌رهه‌ڵدانی دیارده نوێیه‌كانی كۆمه‌ڵگا زه‌ق و به‌رچاون، بۆچی ئه‌م ره‌مز و سیمبۆلانه خێرا ده‌ركه‌وتوون و هێندێ رووداو له‌م رۆمانه‌دا زۆوو ده‌گۆڕدرێن و هه‌ست ده‌كه‌ی به‌سه‌ریاندا باز دراوه؟
ـ رێک وەک خێرایی جۆری ئەو مودێڕنیزمەی کە ئەو ساڵانە دەرکەوت. پێت وانیە ئەو ساڵانەش وەها بوون. من زۆر جار لە گەل هەندێ کەس سەبارەت بەو ساڵانە قسەم کردووە. هەموو شتێک زۆر خێرا دێتەوە بەرچاویان. یان با نموونەیەکی دیکە بێنینەوە. حەتمەن چێشتی مجێوری هەژارت خوێندووەتەوە. ئەو باسی کەشفی حیجاب واتە لابردنی بە زۆرەملیانەی رووبەند و چارشێو لە سەردەمی رەزاشادا دەکا. هەژار دەگێڕێتەوە لە گەڵ مەلایەک و چەند فەقێیەک دەچێ بۆ شار، کت‌وپڕ لەوێ بە تووش ئەو پۆلیسانەوە دەبێ کە دەیانەوێ بە زۆر شەبقەیان بۆ لەسەر بکەن (رەنگە لێرەدا نەمتوانیبێ وردەکاریی رووداوەکە وەک خۆی بگێڕمەوە). تۆیش ئەم خێراییەت پێ سەیر نیە؟
٧ـ كه‌سایه‌تییه‌كانی دیكه‌ی ناو ئه‌م رۆمانه وه‌ك عه‌لی سه‌یزاده و خه‌ون و خولیاكانی، باوكی و دراوسێیه‌كانی دیكه ده‌بڕی كامه توێژی كۆمه‌ڵگای كوردهوارین، بۆچی له كۆتاییه‌كانی رۆمانه‌كه‌دا ده‌وریان كه‌م ده‌بێته‌وه؟
ـ ئەمانە خەڵکی ئاسایین. ئەوانەی وا وەک ژیان لە رابردوودان، بەڵام بەرەبەرە دەکەونە بەر هێرشی گۆڕانکارییەکان. ئەو گۆڕانکارییانەی کە تەنیا بە تەلەفزیۆنەوە پێناسە ناکرێن، بەڵکوو کوشتن و مردنی کارەساتاویی سەگەکانیش لایەنێکی دیکەی مەسەلەکەن.
لەم رۆمانەدا ئەوەندەی تەرکیز لەسەر رەوتەکەیە، رەنگە ئەوەندە تەرکیز لە سەر هەموو کەسایەتییەکان نەبێ. ئەوە رووداوێکی گەورەیە کە دوواتر و لە کۆتایی رۆمانەکەدا هەموویان کۆدەکاتەوە و ئاراستەی ژیانیان دیاری دەکا. ون کردنی ئەوان لە رووداوێکی گەورەدا، دەوری ئەوان لە دووای رۆمانەکەش نیشان دەدا!
٨ـ قه‌ده‌ر، رێكه‌وت، چاره‌نووس له خه‌یاڵی هێندێك له كاراكتێرهكاندا رۆڵ ده‌بینن، تكایه زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م مۆتڤانه باس بكه؟
ـ پێم وایە رێکەوت دەتوانی بەشێکی گرنگی ژیان بێت. رەنگە رێکەوت بە گشتی رێکەوت نەبێ و لە راستیدا لە یاسا بەهرەمەند بێت، بەڵام بەهەرحاڵ هەندێ کەس باوەڕیان بە رێکەوت هەیە.
نموونەیەکی رێکەوت لەم رۆمانەدا چارەنووسی باوەگەورەی رەسوڵ باڵابەرزە. کت‌وپڕ رۆژێک، یان شەوێک چەند کەس دێن و یەخەت دەگرن و ئیدی ئەمە هەموو ژیانی تۆ دەگۆڕێ. بۆ ئەم کەسە ئەمە دەتوانێ قەدەر و رێکەوت بێت. بەڵام رەنگە لە پانتاییەکی فراوانتردا لە یاسایەک بەهرەمەند بێت. یاسایەکەش لەوێدایە کە ئەوە چەند کەسی فەقیر و هەژارن کە یەخەی دەوڵەمەندێک دەگرن. کە ئەم یاسایەش هەمان یاسای کۆمەڵناسیانەی ململانێی هەژاری و دەوڵەمەندییە، کە لێرەدا لەم فۆڕمەیدا خۆی دەنوێنێتەوە.
زەینی مۆدێڕنیستیانەی خاو و نە چەندان بزۆزی رەسوڵ باڵابەرز ئەم دیاردەیە ناتوانێ بخوێنێتەوە و تەنیا لە روانگەی نەفرەتەوە پەیوەندیی لە گەڵ بەرقەراردەکا. ئەمە تراژیدیای مودێڕنیستەکانی ئەو سەردەمەی ئێمەن.
٩ ـ پێوه‌ندیی نێوان حه‌وزی حه‌وشه‌ی ماڵی ره‌سووڵ و قورئانه‌كه‌ی ده‌ستی باوكی و ئاڵۆگۆڕه‌كانی ده‌ره‌وه و شوبهاندنیان به دیارده‌ی گه‌وره‌تر چین و بۆ هێنده دووپات بوونه‌ته‌وه؟
ـ ئەم حەوزە بچووکە رەنگە هێمایەک بێت یاخود سیمبولێک بۆ جۆری مودێڕنیسمی رەسوڵ باڵابەرز، …بچووک و نزم. بەڵام لە هەمان کاتدا گرنگ بۆ کەسەکە. باوکی رەسوڵ باڵابەرزیش حەزی بەم حەوزەیە، چونکە بچووکە و دەستەمۆ! باوکی رەسوڵ باڵابەرز حەزی بە هێمنی و ئارامشە. حەوزەکەش دەتوانێ بیداتێ. حەوزەکە ئاوێکە قەت شەپۆلی گەورەی لێ بەرهەم نایەت.
١١ ـ شوێنی ئه‌م رۆمانه شاری سه‌ر سنووری بانه‌یه، به‌لام كه‌متر كولتوور و تایبه‌ته‌مه‌ندییه‌كانی كوردهواری تێدا به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه و زۆر به‌ستراونه‌ته‌وه به شوێنه گه‌وره‌كانه‌وه، باس كردنی دیارده‌ی شارنشینی و ژیانی برۆكراسی و ئاڵۆگۆڕه خێراكان كه ده‌ور ده‌بینن، ئاخۆ له سه‌رده‌مه‌دا كه رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه رووی داوه توخمه‌كانی هه‌بوون یان نا؟ ـ دەتوانین بڵێین کە توخمەکانی هەبوون. دەیەی هەفتای زایینی سەردەمی منداڵیی و مێرمنداڵیی منە. ئیدارەکان، رۆژنامە، سینەما و هاتنی بیر‌و باوەڕە سیاسییەکان بە هۆی جم و جۆڵەکانی ناو شارە گەورەکانەوە هەبوون. من نازانم مەبەستی تۆ لە کلتوور و تایبەتمەندییەکانی کوردەواری چین، چونکە هەر ئیستاکە ئەم دیاردانەی کە ناوم لێ هێنان بوونەتە بەشێک لە کلتوور و تایبەتمەندییەکانی کوردەواری. رەنگە مەبەستی تۆ تایبەتمەندییەکانی ئەو سەردەمە واتە پێش هاتنی ئەم دیاردانە بووە. دەبێ بڵێم کە ئەمانەش لە رۆمانەکەی مندا حوزوریان هەیە.
تێبینی:
ـ ئەم وتووێژە لە هەناری ژمارە 66 دا بڵاو کراوەتەوە.





وەڵامێک بنووسە