ئەنجومەنی ئەدەبی بانە
ئەنجومەنی ئەدەبی بانە
ئه‌نجوومه‌نی ئه‌ده‌بیی بانه له ده‌یه‌ی شه‌ستی شه‌مسی پێم وابێ له سالی شه‌ست و حه‌وتدا دامه‌زرا. واته کاتێک که شه‌ڕی ئێران و عێراق کۆتایی پێ هاتبوو و ئیدی هه‌ل و مه‌رجێکی نوێ له باری ژیان و ئاسایشه‌وه هاتبووه ئاراوه.
وه‌ک ده‌زانین شاری بانه یه‌کێک له‌و شاره سنووریانه بوو که یه‌کجار له ژێر هوروژم و کارتێکه‌ریی شه‌ڕه‌وه بوو و به داخه‌وه هه‌م به تووش وێرانیی زۆره‌وه بوو و هه‌م خه‌ڵکێکی یه‌کجار زۆر به هۆی بوردومان و تۆپبارانه‌وه گیانی خۆیان له ده‌ست دا.
ته‌واو بوونی شه‌ڕ وه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرێ خۆبه‌خۆ ده‌بێته هۆی بووژانه‌وه‌ی ژیانی مه‌ده‌نی و ئه‌مه‌ش له گه‌ڵ خۆی به ناچار کۆمه‌ڵێک دیارده ده‌هێنێ که له‌وه پێش ره‌نگه قه‌ت چاوه‌ڕوانی نه‌کرابێت. له راستیدا بۆ ئێمه که ئه‌و کاته له گه‌رمه‌ی هه‌ڕه‌تی گه‌نجیه‌تی خۆماندا بووین، دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌ن کردنه‌وه‌ی دنیایه‌کی نوێ و ئه‌گه‌رێکی نوێ بوو بۆ خۆپێگه‌یاندن و بۆ ئاشنا بوون له گه‌ڵ ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ی که هۆگر و لایه‌نگری ئه‌ده‌ب و بیر و نووسین و بیروراگۆڕینه‌وه بوون. کاتێک من چوومه ناو ئه‌نجوومه‌نه‌وه، ماوه‌یه‌ک بوو که براده‌ران کار و چالاکی خۆیان ده‌ست پێ‌کردبوو. واته من ئه‌ندامی ده‌سته‌ی پێکهێنه‌ری ئه‌نجوومه‌ن نه‌بووم، به‌ڵام ره‌نگه یه‌که‌مینی ئه‌و که‌سانه بووبێتم که رووم له ئه‌نجوومه‌ن کردبێت. هه‌ر له یه‌که‌م چرکه‌کانی ئه‌ندام بوونم هه‌وڵم دا که به ته‌واوی تێیدا چالاک و هه‌ڵسوڕ بم.
گه‌ر هه‌ڵه نه‌که‌م و به جوانی له بیرم بێت ئه‌نجوومه‌ن “هیئت موسس” واته ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری هه‌بووه که گوایا بریتی بوون له سی که‌س، که به‌شێکی ئه‌م که‌سانه بریتی بوون له‌و‌انه‌ی که یان له به‌شی په‌روه‌رده و راهێناندا کاریان ده‌کرد، یان خاوه‌ن رابوردوویه‌کی نوسین و کاری فه‌رهه‌نگی بوونه. به هه‌ر حاڵ گه‌ر حافزه‌م درۆم له گه‌ڵ نه‌کا ئه‌م که‌سانه توانیبوویان کاروباری یاسایی دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌ن به ئه‌نجامی خۆی بگه‌یه‌نن و ئیتر به شوێن ئه‌مه‌دا ئه‌نجوومه‌ن کار و چالاکییه‌کانی خۆی ده‌ست پێ‌کردبوو.
بۆ ئێمه که هه‌شت ساڵ شه‌ڕ فێری کردبووین که ته‌نیا له بیری پاراستن و ده‌رباز کردنی گیانی خۆماندا بین و به‌شێکی زۆرمان عه‌تاڵ و به‌تاڵ له گونده‌کانی ده‌ورووبه‌ی شار رۆژ تا ئێواره خه‌ریکی ژیانێکی بێ پلان و بێ به‌رنامه بووین، بوونی ئه‌نجوومه‌ن له قه‌واره‌ی خۆیدا ده‌ره‌تانێکی گه‌وره بوو بۆ خۆراهێنان و ته‌مرینێکی زه‌ینی به مه‌به‌ستی یاری به وشه و ئاشنا بوون به بیرکردنه‌وه و دیالۆگ. هه‌ر ده‌قێک، هه‌ر وشه‌یه‌ک یان هه‌ر بابه‌تێک که ده‌خوێندرایه‌وه و پێشکه‌ش ده‌کرا ده‌یتوانی هۆکارێکی به هێزی راچڵه‌کاندنی ئێمه بێت.
هه‌موو به جۆرێک بێ ئۆقره بووین، بێ ئۆقره بووین بۆ ده‌ربڕینی بیروڕا و نووسینه زۆربه‌ی جار کاڵ و کرچه‌کانی خۆمان. من بۆ خۆم به راستی له فه‌زای ئه‌و ساڵانه‌ی ئه‌نجوومه‌ن له‌ززه‌تم ده‌برد و که‌یفم پێده‌کرد. کت‌وپڕ زانیم که دنیا یه‌کجار ئه‌وه‌نده‌ش تاریکستان و بێده‌نگ نیه و هه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ی که هه‌میشه دڵیان بۆ وشه و بۆ بیر و ئه‌ندێشه لێ ده‌دا و لێی داوه. ئه‌مه‌ش چه‌ند خۆش و چه‌ند دڵڕفێن بوو!
ئه‌نجوومه‌ن دامه‌زرواه‌یه‌کی یاسایی بوو و هه‌ر بۆیه نه‌فه‌س کێشان تێیدا راحه‌ت بوو و ئه‌وانه‌ی کاریان تێدا ده‌کرد به دڵنیایه‌کی پتره‌وه هه‌وڵی خۆیان ده‌دا. بۆ شاری بانه که ئه‌زموونی ئه‌م جۆره شتانه‌ی یه‌کجار که‌م هه‌بوو یان هه‌ر نه‌یبوو، ئه‌نجوومه‌ن ده‌یتوانی یه‌که‌م ئه‌زموونه‌کانی کارکردن له چوارچێوه یاساییه‌کاندا بێت، هه‌رچه‌ند ئه‌وکاتیش که‌سانێک هه‌بوون که به دڕدۆنگییه‌وه ده‌یانڕوانیه ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه و پێیان وابوو که ده‌ستی دیکه له پشتی مه‌سه‌له‌که‌وه‌یه! له فه‌زای پڕ له دڕدۆنگی و پڕ له متمانه نه‌کردنی ئه‌و ساڵانه‌دا ئه‌نجوومه‌ن توانی به رای من ده‌لاقه‌یه‌ک بێت به رووی جیهانی متمانه و یه‌کتردۆزینه‌وه‌دا. ئه‌و ساڵانه زۆربه‌ی که‌سه‌کان له خه‌ڵوه‌تی تاکه‌که‌سیی خۆیاندا یان له خه‌ڵوه‌تی مه‌حفیلی خۆیاندا خه‌ریکی ئیش و کار بوون. ئه‌نجوومه‌ن ئێمه‌ی له‌م خه‌ڵوه‌ته رزگار کرد و خستینیه ناو باوه‌شی کۆمه‌ڵگاوه. جۆره‌ها شه‌وه شیعر، به‌ستنی کۆنگره‌ی ئه‌ده‌بی و به‌شداری کردن له کۆڕ و کۆمه‌ڵی یارانی دی له شاره‌کانی دیکه نموونه‌ی ئه‌م بازدانه‌ن!
هه‌ڵبه‌ت ناکرێ ته‌نیا باس له لایه‌نه باش و پۆزیتیفه‌کانی ئه‌نجوومه‌ن بکرێ. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ئه‌نجوومه‌ن لایه‌نی خراپ یان نگه‌تیفی نه‌بوو، به‌ڵکو ته‌نیا کۆمه‌ڵێک گرفت یان کێشه‌ی هه‌بوو که ئه‌ویش به له‌به‌رچاو گرتنی دۆخی ئه‌و ساڵانه‌و که‌م ئه‌زموونی ئه‌ندامان یه‌کجار ئاسایی دێته به‌رچاو.
ئیستا که دوای هه‌موو ئه‌و ساڵانه لاده‌که‌مه‌وه‌و ده‌ڕوانمه ئه‌زموونی بوونم له ئه‌نجوومه‌ندا، جگه له پێ‌زانین و پێشکه‌ش کردنی جوانترین گوڵه‌کانی رێز و خۆشه‌ویستیم، هیچی دیکه شک نابه‌م بۆ به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی! هه‌ر بژین!
فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
09.11.2008 ئۆسلۆ
دیدگاهتان را بنویسید