فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

لە تفەنگم بیستبوو

کات 01/06/1403 107 بازدید

لە تفەنگم بیستبوو

باوکم هەمیشە خەونی عەجایب و غەرایبی لە مێشک‌دا بوو. ئەمەم چۆن دەزانی، بۆ خۆیشم نازانم! رەنگە لەبەر ئەوەی کەمتر لەناو ماڵ‌دا دەدوا. هەڵبەت تا میوانمان دەهات. کە میوانمان دەبوو، ئەوەندە قسەی دەکرد من سەرم لێ سوڕدەما. یان رەنگە لەبەر ئەوەی جگەرەی زۆر دەکێشا. کە دەیشیکێشا، یان لە فەرشەکە رادەما، یان هەمیشە بە دەم لەگەڵ دووکەڵەکەی کایەی دەکرد. حەڵقەی لێ دروست دەکردن و، هەتا لەهەوادا ون دەبوون لێیان رادەما. یان شایەت لەبەر ئەوەی زوو تووڕە دەبوو. مەگەر کەس دەیوێرا دەنگە دەنگ بکا، یان داوای شتێکی لێ‌بکا! وەک بلێی دەزووی خەیاڵی دەپچڕا، ئیتر وەک شێت و هاری لێ‌دەهات.

هەڵبەت با دیانی پیا بنێم کە بۆچی باوکم هەمیشە خەونی عەجایەب و غەرایبی هەبوو. دیارە ئەگەر پێش شۆڕش بووایە ئەوا قەت باسم نەدەکرد، بەڵام ئیستا دونیا گۆڕاوە و ئەم غیرەتەم تیا بزواوە.

باوکم خاوەنی تفەنگ بوو!

ئەو کاتانە پێش شۆڕش، بە قاچاخ لەو دیوەوە بۆی هاتبوو. وەک دوواتر زانیم شەوێک درەنگان قاچاقچییەک بە تفەنگەکەوە، کە کڵاشینکۆفێکی موززەلی بووە، خۆی بە ناو ماڵ‌دا کردبوو. باوکم تفەنگەکەی لێ وەردەگرێ و، دەستبەجێ لە ژێرخان لەناو چیلکە و چەوێڵ‌دا دەیشارێتەوە. بۆ رۆژی دوواتر ناچێ بۆ بازاڕ. لەماڵەوە جوان جوان کڵاشینکۆفەکە خاوێن دەکاتەوە، رۆنی لێ‌دەدا و پاشان لە پەڕۆیەکی دەپێچێ و لە ناو سندووقێکدا لە چاڵی دەهاوێ و… دەیشارێتەوە. باوکم لە تەواوی ساڵەکانی پێش شۆرش ناوە ناوە تفەنگەکەی دەردێنایەوە، جارێکی تر خزمەتی دەکردەوە و دیسان دەیخستەوە ناو سندووقەکە.

ساڵەکان تێپەڕین و، بوو بە شۆڕش. باوکم ئەگەر یەکەمین کەس نەبووبێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەکەمینی کەسەکان بوو بە تفەنگەوە دەرکەوت. بە دوو خەشابەوە کە لەژێر پاڵتۆکەیەوە لەخۆی دەبەست، دەیشاردەوە، لەگەڵ خۆپیشاندەرەکان بە بێ ئەوەی تێکەڵیان بێت لەسەر پیادەڕۆکە دەڕۆیشت.

وەک ماڵەوە، باوکم لەم کاتانەدا دیسان بێدەنگ دەبوو. سڵاو و چاک و چۆنی لێ بەدەرکەی، لەگەڵ کەس نەدەدوا. جگەرەیشی دەکێشا بە بێ ئەوە بە دووکەڵەکەی یاری بکا.

راستی باوکم ئەو تفەنگەی بۆچی بوو… بۆ نەدەهاتە ناو ریزی خۆپیشاندەرانەوە؟

من جاری وابوو لەماڵەوە کاتێک کەس ئاگای لێ نەدەبوو، دەچووم و لە تفەنگەکەم دەڕوانی. بە دیوارەکەوە هەڵیدەواسی، یان لەسەر تاقەکە دایدەنا. لەسەر پارچەیەکی گوڵدۆزی‌کراو، لە تەنیشت سەعاتێکی خڕ، چرا مووشییەک و هەندێ خرت و پرتی دیکەوە. دایکمی دەنگ دابوو کەس دەستی لێ‌نەدا.

لە تفەنگم بیستبوو

جاری وابوو دامدەگرت، بە وردی سەیرم دەکرد و وەک شتێکی ئەفسانەیی بە ئارامی دەستم پیا دەهێنا.

پێم وابێ تفەنگەکە بەڵێن بوو کەسێک بکوژێ. هەرچەند بێدەنگ بوو و هیچی نەدەگوت. هەرچەند نە جگەرەی دەکێشا و، نە لەکەس تووڕە دەبوو.

کڵاشینکۆفەکە رێگایەکی دوورو درێژی بڕیبوو. لە سنوور پەڕیبووەوە. بە بێ ئەوەی بۆ خۆی بیەوێ ئەم لاولایان پێکردبوو. داخۆ بڵێی ئێرە دووا مەنزڵگەی بێ؟

ئەوەندەی پێ نەچوو بازاڕێکی کڕین و فرۆشتنی چەک لەناو شار کرایەوە. باوکم لە کاتێکدا چەکەکەی لە شان دەکرد، دەچوو و بەناویاندا دەگەڕا. وەک بڵێی هەندێ چەکی دیکە سەرنجی رابکێشن، لەبەر دەمیاندا رادەوستا، جوان جوان لێیان ورد دەبووەوە، تاقی دەکردنەوە، بەڵام هەمیشە چەکەکەی خۆی لە شان بوو. قەت نەیگۆڕییەوە.

من دەمزانی باوکم سەرئەنجام کەس یان کەسانێک دەکوژێ. هەرچەند خۆی قەت ئەمەی نە بە ئێمە گوت و، نە بۆی گێڕاینەوە. تەنانەت ساڵانی دوواتریش کە ئەو کەسە، یان کەسەکانی کوشتبوو.

من ئەمەم پێشتر لە تفەنگەکە بیستبوو.

لە تفەنگم بیستبوو
فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *