فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ئەلبومی کوکوختییەکان

کات 16/10/1395 73 بازدید

ئەلبومی کوکوختییەکان

لە دەرەوە کوکوختییەک دەخوێنێ. کوکوختییەکە هی دراوسێکەیانە، واتە لە حەوشەکەی ئەواندا دەژی. تەنانەت بە شوێنی هێلانەکەیشی دەزانێ. دووانن. نێر و مێیەک. جیهانی ئاژەڵ وەهایە. هەمیشە نێر و مێ پێکەوەن. بەیەکەوە دەژین. نە نێرەکە کاتێک کوکوختییەکانی تر بەدەرەوەن شەرم لە مێینەکە دەکا و، نە مێینەکە شەرم لە نێرەکە. هێلانەکەیان لە بن میچی سەر باڵکۆنەکەیە. ئەم لێرەوە، لە پەنجەرەکەوە ئاگای لێیانە. هێلکەکان ترووکاون و جووتێک بەچکە لە هێلانەکەدا دەبینرێن. کوکوختییەکان یەکجار سەریان قاڵە. لەبەر خۆیەوە بیردەکاتەوە کە واباشە، ئاگایان لە ‘کات’ نیە! لای ئەوان ژیان تەنیا وەرزەکانە. ئەو وەرزانەی وا تەنیا بە سەرما و بە گەرما دەناسرێنەوە،… لای ئەوان. ئەی لای ئەم؟… لای بنیادەمەکان؟

ئەلبومەکان پڕی ئەو وێنانەن ئاماژە بە مەرگ و بە رابردوو دەدەن. مرۆڤەکان لە وێنەکاندا زیندوون و لە ‘ئیستا’ دا مردوو. ئەو، ‘کات’ ی ناو وێنەکانی ناوناوە ‘کاتی وەستاو’. لە کاتی وەستاودا مرۆڤ دەتوانێ بۆ هەمیشە زیندوو بێت، ئەگەرچی لەرابردوودا. بەڵام لە کاتی ‘بزۆز’ دا مرۆڤ هەم مردووە و هەم زیندوو، ئەگەرچی زۆرتر زیندوو. لەم پارادۆکساڵە سەری سوڕدەمێنێ کە بۆچی مرۆڤ دەتوانێ لە کاتی وەستاودا بۆ هەمیشە زیندوو بمێنێتەوە، کەچی لە کاتی بزۆزدا نا. بۆ دەبێ کاتی بزۆز، گەمەیەک بێت لە نێوان مردن و ژیاندا. لاپەڕە بە لاپەڕەی ئەلبومەکە هەڵدەداتەوە. زیندەوەرێکی ‘کاتی وەستاو’، لە قەراغ بەفراوێکی روونی یەکێک لە شاخەکانی زنجیرە چیای زاگرۆس راوەستاوە. بە کۆڵەپشتییەک بە پشتییەوە و بەو نیگایانەوە کە هێشتا پێی وایە مەرگ یەکجار دوورەدەستە، بەڵام لە راستیدا کاتی مردنی تەنیا دوو مانگێک لە دووای کێشانی وێنەکەیە! سروشت کە لە ناوەڕاستی بەهاردایە، ئەوەندە زیندووە کە ئەوەندەی تر کەسی ناو وێنەکە سەبارەت بە مەرگ دەخەڵەتێنێ. خەڵەتانێکی خۆش! خۆش بە قەدەر چرکەیەک کە ناوی ژیانە لە نێوان دوو جەمسەری بێکۆتایی ‘نەبوون’ دا.

کوکوختییەکە نە ئاگای لە مرۆڤی پشت پەنجەرەکەیە و نە لە ئەلبومی وێنەکان. ئەو تەنیا چاوی لە حەوشەکەیە، لە پوش و پڵاشەکانی ناوی، رەنگە لە پاشماوەی ئەو چێشتەی ژنی خاوەن ماڵ ئێوارەیان دەیڕێژێتە بەر باڵکۆنەکە. کوکوختییەکە بە دەنوک دنکە برینجە نەرمەکان هەڵدەگرێتەوە و قووتیان دەدا. بۆ ناو چیکەڵدانە. بەچکەکان ئەگەرچی نازانن کات چییە، بەڵام حەزدەکەن ئەوەی مرۆڤی پشت پەنجەرەکە ناوی ناوە ‘کات’، خێرا تێپەڕێ و دایکیان بگەڕێتەوە. سکیان قۆڕەی دێ. ئەوانیش ئاگایان لە مرۆڤی پشت پەنجەرەکە نیە. پشیلەیەک لە سوچی حەوشەکە بە زمانە لوس و درێژەکەی دەمی خۆی دەلێسێتەوە و سەیری کوکوختییەکان دەکا. ئەو دەزانێ رۆژێک بەچکەکان خولیای فڕین دەیانگرێ و هێلانەکەیان لێ دەبێ بە جەهەننەم. ئەو چاوەڕوانی ئەو فڕینەیە کە رەنگە وەک وێنەکانی ناو ئەلبومەکەیان لێ بێت. فڕینێک کە تەنیا لە رابردوودا دەژی. فڕینێک لە ‘کاتی وەستاو’ دا.

ئەم ئەوەندە سەرگەرمی ئەلبومی وێنەکانە کە ئاگای لە پشیلەکە نیە. تەنانەت گەر بیشی بینێ رەنگە دیسان زەین و فکری نەچێتە سەری. ئەوەندە لاپەڕەکان هەڵداوەتەوە هەست دەکا چیتر تاقەتی نەماوە. هەموویانی لەبەرە و لەبیرە. هەتا زەمەنیش زیاتر تێدەپەڕێ، زیاتر هەست بە بوونیان دەکا. ئەوەی رقی لێ بوو بەربینگی پێگرت. باوەڕی نەدەکرد ببێ بە بنیادەمێکی ناو بیرەوەری و ناو ئەلبومەکان. ئیستا دەزانێ کە کاتێک مەرگ دێت، بەجۆرێک ئەوانەیش وا نامرن و قەرارە ماوەیەکی تر بژین، لەگەڵ خۆی دەبا. جاری وایشە ئەوەندەی دەبا کە ئیتر چیتر لێرە نەماویت. ئەم ئیستا وای لێهاتبوو. زیندەوەری شەبەح ئاسای ناو راستییەکانی مردن و مەرگ.

کات چەندە لای بەچکە کوکوختییەکان درەنگ تێدەپەڕێ، لای پشیلەکەیش هەر بەو رادەیە. رەنگە بە کاوەخۆتریش. بەڵام پشیلەکە دەرفەتی تری هەیە. خۆی دەکێشێتەوە و رادەبێ و بە سەر حەسارە گڵینەکەدا ئاودیوی کۆڵانەکە دەبێ. لەبەر هەتیو و مەتیویش دەبێ بە جوانی ئاگای لەخۆی بێت. ماوەیەکە رقیشی لە شارەداری شارەکە هەڵگرتووە. ئاخر بۆ کۆڵانەکەی ئێرەی وەک بەشەکانی تری شار هێشتا قیرەتاو نەکردووە؟ گەر قیرەتاوی بکا بێگومان هەتیو و مەتیویش ئەوەندە بە ئاسانی بەردیان دەست ناکەوێ، تێیگرن. بیردەکاتەوە گەر بە ماڵی شارەدار بزانێ و ئەویش خاوەنی دوو کوکوختی بێ، ئەوا بێگومان مشورێکیان دەخوا. گرینگ پەڕینەوە لە کۆڵانە، بەتایبەت لەم کاتەدا کە پڕی منداڵە. هەر کە تێپەڕی و گەیشتە خانووەکەی ئەوبەر، ئیتر دونیا دەبێتەوە بە ماستی مەییو. لای ئەو، مەترسیی دونیا لە کۆڵاندا کۆبووەتەوە.

ئەلبومەکە دەبەستێ و دەچێتە بەرپەنجەرەکە. لە کوکوختییەکان دەڕوانێ. لەوەی کە هێلانەکەیان نەک ئەلبوم، بەڵکو بە زەحمەت جێگای بەچکەکانیشی تیادەبێتەوە. بەوەیکە لای ئەوان ژیان تەنیا بریتییە لە بەردەوامیی و بەس. ئەوان هیچ شتێک لەگەڵ خۆیان هەڵناگرن. هیچ شتێک. تەنیا ژیان. کە مردنیش هات، ئیتر دەمرن. هەموو شتێ لایان چەند سادە و ساکارە! کتوپڕ هەست دەکا رقی لە خۆی دەبێتەوە، لەو ماڵەی تیادەژی، لە رەنگەکان کە هەموو شتێ وەها لێک جیادەکەنەوە کە ئەم دەتوانێ هەتا ساڵانی ساڵ هەروا بەجیاکراوەیی بێنەوە یادی، تەنانەت رقیشی لە ئەلبومەکەیەتی. “بۆ ناکرێ بە بێ بیرەوەری بژین؟”

کوکوختییەکە دەگمێنێ. دەندووک لە پەڕە خورمایی رەنگەکانی دەخشێنێ و درێژە بە خوێندن دەدا. دەنگی، تەنیایی دەبەخشێ. دەنگی قوڵە. بە ناو گەڵاکاندا رادەخوشێ و چرۆیەکی تر دەپشکوێنێ. کە باران دەبارێ، کوکوختییەکان تەڕنابن. ئەوەندە پتەو و تۆکمە چ لە جەستە و چ لە پەڕەکانیاندان کە هیچ دەنکە بارانێک زەفەریان پێ نابا. ئەوان لە بن میچەکەوە لە باران دەڕوانن بە بێ ئەوەی دنکەکانی بژمێرن، یاخود بیری لێبکەنەوە. باران لای ئەوان بارانە، وەک ژیان. دەکرێ رۆژێک هەبێ و رۆژێکی تر نەبێ. بەڵام کە هەیشە دەبێ سەیری بکەی. ئەوان بە بێ رابردوو سەیری باران دەکەن. نەک تەنیا هیچ وێنەیەکیان لێی نیە، بەڵکو خۆشیان دەوێ چونکە دەندووکیان دەشواتەوە. حەزیان بە گەمەی ئاوە لە سەری، کاتێک تک تک دەتکێ.

دەگەڕێتەوە سەر ئەلبومەکە. وێنەیەکی رەش و سپی، تێیدا هەتاو لە ئاوێک دەدا کە وێنەی هاوڕێیەک تێیدا شۆقدەداتەوە. هاوڕێکە لە تەنیشت ئاوەکە لە سەر بەردێک دانیشتووە و هەموو روخساری پێدەکەنێ. چ رووداوێکی بەرێکەوت! هەمیشە ئەمە دەست نادا. ئەو ئاوەی وێنەکەی تیایە، ئیستا لەمێژە لە چەمەکە رۆیشتووە و وێنەکەیشی لەگەڵ خۆی بردووە. رەنگە ئەو ئاوە ئیستا پەڵە هەورێک بێت، یاخود لە ناو ئاوی دەریاکاندا بێت،… یان لە رەگی درەختێکدا. پێکەنینی هاوڕێکەی لە ناو وێنەکە وەک هەمیشە ئەوەندە نزیکە کە دەڵێی ‘کات’ یەک چرکەیش چییە لە زەمەن نەجوڵاوە، بەڵام لەراستیدا ساڵانی ساڵ تێپەڕیوە. پەنجە بە سەر وێنەکە دا دەخشێنێ. پەنجەی، هەست بە هەناسەی پێکەنین و گەرمای روخساری هاوڕێکەی دەکا. تەزوویەک تا قوڵایی جەستەی دەیبزوێنێ. “تێپەڕی ئەو رۆژانە، هەمووی وەکوو خەیاڵ وابوون!”۱ وە چەندە رقی لە خەیاڵە کە دەتوانێ خودی خەیاڵیش رابگرێ. ئەگەر ئەو رۆژانە خەیاڵ نەدەبوون و تەنیا رۆژەکان دەبوون، بێگومان ئیستا ئەو پێویست نەبوو لێرە لە پشت ئەو پەنجەرە دابنیشێ و هەموو بوونیشی ببێ بە خەیاڵ.

پشیلەکە چەندە خێرا لە ماڵەکەی ئەوبەر خەیاڵی حەوشەی کوکوختییەکان دەیباتەوە و ئەگەرچی هێشتا منداڵان لە کۆڵانن و بەرەو ماڵ نەبوونەتەوە، دیسان مەترسیی پەڕینەوە لە کۆڵان بە گیان دەکڕێتەوە. ئەو تەنیا حەزی بە خواردنیان نەبوو، بەڵکو ئاشقیشیان ببوو! کوکوختییەکان ئەگەرچی لە رەگەزی کۆتر بوون، بەڵام شتێک لەوانی جیادەکردەوە. رەنگە جەستەی باریکتریان بوو، یاخود ئەوەیکە لە شوێنی خۆیان زیاتر دەمانەوە و زۆر دوور نەدەکەوتنەوە. هەموو کەسیش دەزانێ کە ئەشقی پشیلە چەند بەدەوامە. ئەوەندە لای دەمێنێتەوە تا مەعشوق دەبێ بە بەشێک لە جەستەی! بۆ سەلماندنی، سوێندیش ناخوا، تەنیا ئەوەیکە لە سوچێکی حەوشەکەدا ئەوەندە دەمێنێتەوە، هەتا بە مراد دەگا. وەک فەرهادی کۆکەنیش ئەوەندە دەبەنگ نیە کە بەقسەی پیرەژنێکیش هەڵخەڵەتێ. کەس بە قەدەر پشیلە لە رازی شێوازی گەیشتن نەگەیشتووە. کوکوختییەکان ئیستا هەموو شەوێک پێش خەوتنی بەچکەکانیان، چیرۆکی هەڵفڕینی کوکوختییەک دەگێڕنەوە کە زووتر لە وادەی خۆی هەڵفڕی و بۆیە نە ئاسمانی دۆزییەوە و نە دیسان هێلانەکەی خۆی. ئەوان دڵیان نایێ باسی ئەو پشیلەیەی بکەن کە ئەوەندە خۆی کێشاوەتەوە منداڵەکانی ناو کۆڵانیش ئیستاکە زووتر لە جاران ماندوو دەبن و روو لەماڵەوە دەکەن. هیچ شتێکیش بەقەدەر باوێشک و خۆکێشانەوە لەم مرۆڤەوە بۆ ئەو مرۆڤ ناڕوا.

کتوپڕ شتێکی ناو یەکێک لە وێنەکان سەرنجی خەواڵووی لەخەوهەڵدەستێنێ. بە پەلە دەچێتەوە سەر ئەلبومەکە. خێراخێرا لاپەڕەکان هەڵدەداتەوە. دۆزینەوەی زەحمەت نیە. وێنەکە لە دووالاپەڕەکاندایە. دەچێتەوە سەری. وێنەکە هی ساڵێکە ئەو ئەگەرچی بە جوانی لەبیریەتی، بەڵام نایەوێ جارێکە بیری لێبکاتەوە. وێنەی خۆیەتی بە هەڕەتی لاویەتی لە ژێر تاقە درەختی حەوشەکەیاندا. دەست لە گیرفاندا و بە بزەیەکەوە کە تیشکی هەتاو روونتری دەکاتەوە. بەو چاوانەوە سێبەر چییە تیا نابینرێ. ئەوسا لە گۆشەی راستی سەرەوەی وێنەکە ورددەبێتەوە. هێلانە کوکوختییەک دەبینێ! دەچێتەوە بەر پەنجەرەکە، سەیری خانووی دراوسێکەیان دەکاتەوە،… سەیری وێنەکە. هیچ شتێک نەگۆڕاوە،… هەر هەمان باڵکۆن و هەر هەمان هێلانە و… کوکوختی،… کوکوختییەکان! تەنیا تاقە درەختەکە ونە، ئەو درەختەی کە نازانێ لە حەوشەی دراوسێکەیاندا بووە یان هی خۆیان. رەنگە شوێنی درەختەکە رێک هەمان ژوور بێت کە ئەو ئیستاکە لەناویدا راوەستاوە و تێیدا سەیری ئەلبومەکە دەکا و خەیاڵی رابردوو و مەرگ دەیباتەوە! دیسان جوانتر لە وێنەکە ورد دەبێتەوە. ئەوسا پشیلەیەکی خرپنی سوور دەبینێ کە لە ژێر بالکۆنەکەدا خۆی مڵاس داوە! پشیلەکەی ئەو ساڵانە!

ـ “ئیستا چ زەمەنێکە؟… لە چ کاتێکدا دەژیم؟… من کێم؟”

دێتەوە بیری ئەو کاتەی وا هەستی کرد ئەوەندە باڵ و پەڕی دەرکردبوو کە دەیتوانی بفڕێ،… ئەو بەهارەی وا دەیتوانی بە ناو حەوشەکەدا سوڕێ بخوا و ئەوسا بەرەو بانی دراوسێکەیان و لەوێوە بۆ ئەو ئاسمانەی دایکی زۆر جار باسی لێ کردبوو. ئاسمانی شین و بەرفراوان و قووڵ. وە رۆژێک فڕیبوو، یەکەم رۆژی فڕین،… ئەو پشیلە خرپنەیش کە ئەو کات پێی وا بوو خۆکێشانەوەی لەڕادەبەدەر ئەوەندە لەشی پێ تەمبەڵ کردبوو کە ئەم پێویست نەبوو هەر بیریشی لێ بکاتەوە،… ئەو پشیلەیەی کە ئەو رۆژە لە هەموو رۆژێکی تر چالاکتر و زیندووتر بوو!

ئیستا دەزانێ کوکوختییەکانیش خاوەنی ئەلبومن.

ژێرنووس:

۱ـ شیعری گۆرانییەکی کوردی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *