فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

قاپوڕی کاک هەڵکەوت

کات 25/09/1404 125 بازدید

قاپوڕی کاک هەڵکەوت


کاک هەڵکەوت بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەوە گیانی لەدەست دابوو و، لە گۆڕستانی شار ناشتبوویان. هەر ئەو رۆژە کاتژمێر دوانزە مردبوو و، چوار سەعات دوواتریش بەگۆڕیان سپاردبوو. سبەی بەڵێن بوو لە مزگەوت پرسەی بۆ دابنێن. بۆ ئێوارە و شەو، ماڵەوە قەرەباڵغ بوو و، لەبەر هاتوچۆی خزم و دۆست و ئاشنا بەر نەدەکەوت. دەنگی گریان و شین و شەپۆڕی خێزان گەڕەکی تەنیبوو. خێزانەکەی خۆی بەزەویدا دابوو و، قیژاندبووی کە: “من ئیستا ئەم هەتیوانە چۆن بەخێو بکەم، کێ پارووە نانێکیان بۆ پەیدا دەکا… ها کێ!؟”

هەڵکەوت پێنج منداڵی هەبوو: کوڕێک و چوار کچ.

دەورووبەری کاتژمێر یەک ماڵ چۆڵ بوو و، تەنیا خێزان و خزمە نزیکەکان مانەوە. جێگا راخرا و، خەوتن. تەنیا هاوسەری کاک هەڵکەوت بوو لە ئاە و ناڵە و خەم و خەفەتی خۆی خەوی لێ نەدەکەوت. زارا کە ژنێکی تەمەن سی ساڵی خڕۆکە بوو، سەری لەتاو ژانێکی لەڕادەبەدەر بە دەستماڵ پێچابوو. لەناو جێگاکەیدا گا تلی دەدا، گا رادەبووە سەر سمت و ئەوسا بەدەنگی بێدەنگی و نووساوەوە خۆی دەلاواندەوە.

کتوپڕ سەعات سێی نیوە شەو لەدەرگایان دا. منداڵی یەکەم کە بەرێکەوت لە ئاودەست دەهاتە دەر، لەبەر ئەوەی ئاودەستەکە لە تەنیشت دەرگاکە بوو، بەبێ ئەوەی ترسی نیوە شەوی هەبێ چوو و دەرگای کردەوە. بەسەرسامی بینی باوکی، واتە کاک هەڵمەت لەپشت دەرگاکەیە و بەڕوویدا بزەی دێ! منداڵەکە واق وڕماو، سەیرێکی دوواوەی خۆی کرد و دیسان لە باوکی رامایەوە. نەیدەزانی چی بکا. لەنەکاو بەرەو ژوورەوە رای کرد و، هاواری کرد “باوکم، باوکم هاتەوە!” قیژە و هاواری وەها بەرز بوو، هەر هەموو خێزان بەئاگا هاتن. ئەوسا بەبەر چاوی هەموویانەوە کاک هەڵکەوت وەک بڵێی هەر هیچ نەبووبێ بەهەمان جل و بەرگی رۆژی پێشووەوە، خۆی بە ژوورەوەدا کرد.

کەس باوەڕی نەدەکرد. یەک بوورایەوە، یەک هاواری کرد، یەک بەرەو ژوورەکان رای کرد، یەک کەوتە سەر ئەژنۆ، یەک کەوتە دۆعا کردن و یەک… لەو ناوەدا تەنیا ژنەکەی کاک هەڵکەوت بوو پاش کەمێک راوەستان و دڕدۆنگی، لەکاتێکدا سەری ئەوەندەی تر گێژ و خولی دەخوارد بە ئارامی بەرەوە مێردەکەی هەنگاوی هەڵگرت و خۆی بەسەر قاچ و قولەکانیدا دا. پاشان سەری بە کاوەخۆ هەڵبڕی و، هەر بەو ئارامییەوە گوتی “دەمزانی، دەمزانی درۆیە و دەگەڕێیتەوە!”

بۆ سبەی پۆلیس هات. پرس و جۆیەکی باشی کاک هەڵکەوتیان کرد. پاشان چوون گۆڕەکەیان هەڵدایەوە. بە بینینی ئەوەی هیچ تەرمێکی تیا نەبوو، بەو ئاکامە گەیشتن ئەوەی دوێنێ روویدابوو لە هەڵە یاخود خەیاڵێک زیاتر نەبووە. گوتیان جاری وایە مرۆڤ وەها وەهمێک دایدەگرێ کە دەتوانێ رووداوێکی ئاسایی لە خەیاڵی خۆیدا بە کارەساتێک تەواو بکا. کاتێک پرسیان دەی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکە چی، پۆلیس گوتی وەها رووداوێک لە هیچ شوێنێک تۆمار نەکراوە و بۆیە پۆلیس ناتوانێ بیسەلمێنێ. بەهەرحاڵ گرینگ ئەوە بوو کاک هەڵمەت گەڕابووەوە و، دیسان ژیان وەک دوو رۆژ لەوە پێشی لێ هاتبووەوە. خەڵکیش بەرەبەرە بەم رووداوە سەیر و سەمەرەیە خوویان گرت، گەیشتنە ئەو ئاکامە کە لە بڵاو کردنەوەی هەواڵی مەرگی کاک هەڵکەوت و هەروەها ناشتنەکەی پەلەیان کردووە. بۆیە ئەم پەلەپەلە بووەتەوە هۆی سەرلێشێوایان و، ئەوەیکە بەجوانی رووداوەکەیان لەبیر نەمێنێ. گوتیان نابێ دوو رووداوی گەورە بەدووای یەکتردا بێن. لەبەر ئەوەی مرۆڤ وەهایە کە تەنیا یەکیانی لەبیر دەمێنێ. ئەگەر بوو بەدووان ئەوا هەردووکیانی لەبیر دەچێتەوە.

کاک هەڵکەوت وەک جاران دەستی کردەوە بە ژیان. بەیانی کاتێ لەخەو هەڵدەستا دەچوو بۆ کاسبی، ئێوارەکەی بە دەستی پڕ دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە، شەو لەگەڵ خێزان نانی دەخوارد، چایی دەخواردەوە، جگەرەی بەبا دەکرد و گوێی لە هەواڵەکان دەگرت. تەنانەت کاتێ میوانیشیان دەهات لەسەر سیاسەت و گرانی و بێ سەرەوبەرەیی وڵات دەستی دەکرد بە قسەوباسێکی گەرم و گوڕ. بۆیە بەڕواڵەت هیچ شتێک نەگۆڕابوو. خەڵکی گەڕەکیش کە سەرەتا لێی دەسڵەمینەوە و وەک مردوویەکی زیندوو لێیان دەڕوانی، ئەوانیش راهاتن. دڵی خۆیان بەوە دەدایەوە کە ئەمە لەسەر رەزا و ئیرادەی خودای گەورەیە و بۆیە خۆیان لەهەر چەشنە لێکدانەوەیەکی خراپ دەپاراست. تازە بەڕاستی کێ وەرگەڕانی ماشینەکەی بینیبوو؟ راستە تەرمەکەیان شۆردبوو و کفنیان کردبوو، راستە بەسەر شانی خەڵکییەوە تا گۆڕستان بەڕێیان کردبوو، بەڵام جگە لە مردووشۆرەکان کێ تەرمەکەی بینیبوو؟ ئەوان تەنیا کفنێکی سپییان بەسەر دەستی خەڵکەوە بینیبوو. نا نا، مادام کاک هەڵکەوت گەڕاوەتەوە، مانای ئەوەیە ئەوان هەڵە بوون، نەک هاتنەوەی کاک هەڵکەوت. دەیانگوت نابێ باوەڕ بە هەڵکەوت بکەین. لای ئەوان لەنێوان هەڵکەوت و رووداوی لەوە پێش پلان بۆ داڕێژراو جیاوازییەکی زۆر هەبوو.

بەڵام لەم نێوەدا تەنیا ژنەکەی کاک هەڵکەوت بوو دەیزانی بەڕاستی مێردەکەی مردووە و، ئەوەی شەوانە لە تەنیشتیدا دەخەوێ لە قاپوڕێک زیاتر نیە. قاپوڕێکی گەڕۆک کە وەک هەموو مرۆڤێکی تر دێ و دەڕوا و هەڵس‌وکەوت دەکا بەبێ ئەوەی مرۆڤی راستەقینە بێت. ئەویش بەچی ئەمەی دەزانی؟ بەوەیکە کاتێک بۆ یەکەم جار لەپاش هاتنەوەی مێردەکەی، کاتێک لەدووای کاتژمێر دوانزە لەناو جێگادا وەک جاری جاران بەنیازی ژن و مێردایەتی دەستی لە ملی کرد، بینی هیچ شتێک نایەتە ناو ئامێزییەوە. بینی ئامێزی بەناو کاک هەڵکەوتدا تێدەپەڕێ، بە بێ ئەوەی بە جەستەی گەرمی پڕ بێتەوە. لەوێ لە تەنیشتیدا کاک هەڵکەوت وەک قاپوڕێکی بۆش کە لە هەوا دروست کرابێ، راکشابوو… نە بوونێک و نە هەبوونێک!

هەڵبەت ژنەکەی بەمە زۆر رازی بوو. ئەگەرچی یەکجار ترسناک بوو، بەڵام زارا هیچ گلەییەکی نەبوو. لەم دونیایەدا گرینگ هەبوونی کاک هەڵکەوت لە ماڵەوە بوو، جا با هەموو شەوێ لە سەعات دوانزەوە تا بەیانی وەک سێبەری لێ بێتەوە. گرینگ ئەوە بوو پیاوێک هەبوو نان بێنێتەوە و، ئاگای لەمنداڵەکان بێ… هەتا گەورە بوون و لەسەر پێ راوەستانیان بەبێ دەست پان کردنەوە بۆ مەرد و نامەرد.

فەڕۆخ نێعـمەتپوور

قاپوڕی کاک هەڵکەوت

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *