فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

بڵیندگۆی مزگەفت

کات 12/11/1404 68 بازدید

بڵیندگۆی مزگەفت

لەو کاتەوەی سەدام لە ناوچەکە کشابووەوە و، کوردەکان توانیبوویان حکومەتێکی خۆجێی سازبکەن. سێ ساڵێک دەگوزەرا. بەڵام ماوەیەک بوو مقۆمقۆی شەڕی ناخۆیی دەهات. نێوان پارتی و یەکیەتی کە فیفتی فیفتی حکومەتیان پێک هێنابوو، دەمەقاڵە هەبوو. ئەمیان خۆی لەوی تر بە شیاوتر دەزانی و، ئەویان لەم! لەم دوواییانەیشدا دوو نوێنەریان لە ناو پەرلەمان تێک گیرابوون و، حسێبی یەکتریان بە زمان شێلابوو! کاک سەربەرز لە تەلەفزیۆنەوە دەمەقاڵەکەی بینیبوو.

سەربەرز (کە نازناوی سەردەمی پێشمەگایەتییەتی)، بەیانی زوو لە خەو هەستا. هاوین بوو و گەرم. بەڵام بەهۆی گەرماوە نەبوو کە بەجوانی خەوی لێنەکەوتبوو، بەڵکو بەهۆکاری تر بوو. کاک سەربەرز لەسەر بانی خەوتبوو. کێشەکە لە بڵیندگۆی مزگەتەکەدا بوو کە دەورووبەری پێنج دەستی دەکرد بەبانگدان و، ئیتر خەوی لێ‌دەزڕا. بەڕاستی ئەم بڵیندگۆیە موشکیلێکی گەورە بوو! چەند جارێک لەگەڵ خاوەن ماڵەکەی لەسەر ئەمە قسەی کردبوو، ئەوەی کە بۆوێنە کەمێک دەنگی کەم کەن، یاخود رووی ئەو بڵیندگۆیەی وا رووی لەخانووەکەی ئەمان بوو، کەمێک وەرگێڕن. بەڵام بێسوود بوو. کابرای خاوەن ماڵ وەڵامی دابووەوە کە: “ئەوە چ دەرێی کاک سەربەرز، شار بەدەرمان دەکەی؟ لۆ ئەمە دەبیتن!؟ کورە لۆ هەمیشەی سەری ئەمەی قەپات کە، بەخودای حەیامان دەچیتن…”

بەدبەختی ئەوە بوو سەربانەکەی ئەو پشتی بە ژوورەکانییەوە بوو، بۆیە بانگی مەلا بەجوانی لەناو ژوورەکان و سەر بانەکە پێچولوولی دەدا. سەربەرز کە حەزی لەخەوی بەیانیان بوو، بەناچار رادەبووە سەر قون هەتا کابرای مەلا تەواو دەبوو. پاشان وڕ و گێژ رادەکشایەوە. بەڵام هەتا خەوی لێدەکەوتەوە، دەیخایاند. بۆیە هاوینان سەربەرز هەمیشە ماندوو دەینواند. مانگی ئاخری زستان لەبەر ئەوەی لە ژوورەوە خەوتبوو، باشتر بوو.

ئەو بەیانییەیش پاشی ئەوەی هەستا، بەلۆژەلۆژ چوو چەند سەموونێکی لەگەڵ چارەکێک ماست لەبەر جادەکە لە تەنیشت مزگەوتەکە کڕی. چایەکەی سازکرد و، دەستی کرد بە خواردنی ناشتا. تاقەتی نەبوو رادیۆکە بخاتە سەر هەواڵەکان. بەخۆی گوت لەوێ لەسەر کارەکەی هەموو شتێ دەبیستێ. بۆیە گوێی لە گۆرانی گرت. گۆرانییە نوێیەکان. لەم دوواییانەدا لەدووای راپەڕین کۆمەڵێک گەنج دەستیان دابووە گۆرانی‌بێژی کە هەستی دەکرد زیاتر لاسایی تورکەکان دەکەنەوە. کاک سەربەرز هیچ چێژێکی لەم گۆرانیانە وەرنەدەگرت، بەڵام بەناچاری گوێی لێ‌دەگرتن! بەخۆی گوت: “ئەمەیش بەشێکە لەدونیای نوێ!”

پاش ناشتا، خۆی پێچایەوە و بەرەو ئیشەکەی بەڕێ کەوت. ژوورەکەی رێک‌و‌پێک بوو، ژن و منداڵی نەبوو تا زۆر پیس بێ. هەفتەی جارێک بۆخۆی دەستێکی پیا دێنا.

نەگەییە پاس، بۆیە تەکسییەکی گرت. لە پێشەوە سوار بوو. جگە لە کاکی شۆفیر کەسێکی دیکە لەدوواوە دانیشتبوو. ئەم لای نەکردەوە، لێی بڕوانێ. پاش کەمێک ئاژوتن، کتوپڕ ژنێکی مۆدە لەسەر جادەکە دەرکەوت. سەربەرز بیری شیعری “جادە چۆڵ ە سێبەر بوو”ی گۆران کەوتەوە. ئەوەی دوواوە جگەرەیەکی داگیرساند و، شووشەکەی تەنیشتی خۆی دادایەوە. شۆفیرەکە لەگەڵ ئەوەی نیگای لەسەر ژنە مۆدەکە هەڵندەگرت و، بگرە لەپاش تێپەڕینی لەئاوێنەکەیشەوە هەر ملە قوتەی بوو و هەوڵی دەدا ونی نەکا و بەردەوام لێی بڕوانێ، گوتی: “سەیری سەیری ئەو بێ‌ئەخراقەی! ئەدی بابم، خەرکی هەر دەرێن لۆ وامان لێ‌هاتیە، چما قون رووت و بێ‌ئەخلاق ئیزن دەدەن دنیا باش بی، سەیری سەیر! هەر حەیا و ئەخراق چییە تێیدا نیە، ئاخر ژن دەبیتن بەو شێوەیەی خۆی پیشانی عالمێ بدا؟…”

کاک سەربەرز ژنەکەی بینیبوو، بەڵام زۆر گوێی نەدابوویە. بۆیە بە تەعەجوبەوە رووی وەرگێڕا و، لە کاکی شۆفیری رووانی. دووکەڵ ناو سەیارەکەی گرتبووە خۆ. ویستی دەنگ هەڵبڕی، بەس نەیکرد. بەخۆی گوت کوڕە ئەوەندەی نەماوە بگەمێ. بەڵام نەیتوانی لەئاست قسەکانی کاکی شۆفیردا بێدەنگ بێ. بۆیە دەنگی هەڵبڕێ: “کاکە بۆ بەخەڵکی دەڵێی بێ‌ئەخلاق، دەزانی ئەمە تۆمەتێکی قورسە، بۆ دەکرێ بە هۆی جل‌و‌بەرگەوە بەخەڵکی بڵێی بێ‌ئەخلاق؟ بەو حسێبە براژنەکەی منیش کە بەو شێوەیە جل‌و‌بەرگ دەپۆشێ، بێ‌ئەخلاقە!؟”

کاکی شۆفیر شەمزا. لایەکی کردەوە و، لە کاک سەربەرزی رووانی. گوتی: “ئەستەغفراللە، ئەستەغفراللە… ئەرێ مامۆستای من غەرەت دەکەم ئەوەی دەرێم. مەبەستم جەنابت نیە، هەر بەگشتی دەرێم…” بەهەرحاڵ کاکی شۆفیر بۆی کۆ نەدەکرایەوە. سەربەرز گوتی: “بەجل‌و‌بەرگ کەس بێ‌ئەخلاق نابێ، ئەخلاق شتێکی دەروونییە، پاک رەوشتی فڕی بە پۆشاکەوە نیە، لەژێر چارشێودا دەکرێ هەموو بێ‌ئەخلاقییەک بکرێ و کەچی ژنەکە بەئەخلاقیش بنوێنێ.” کاکی شۆفیر گوتی: “ئەدی مامۆستا گیان! ئەخراق دەبیتن مرۆ باوەڕی پێ هەبیتن، ئەگین بە رووپۆش و باڵاپۆش و شتی وەهای نی، بەڵام بەخودای مامۆستا گیان دەورەو زەمانە خەرابی پێ‌هاتیە، دەبی خۆ سنوورێکی هەبیتن مامۆستا گیان!”

سەربەرز دەنگی هەڵبڕی: “لەجیاتی ئەوەی بەجل‌و‌بەرگی ئافرەتی داماو گیربدەین وا باشە بیر لەم مقۆمقۆیەی شەڕی ناوخۆ بکەینەوە!” شۆفیرەکە وەک بڵێی گۆڕینی باسەکەی بەدڵ بێ و، لە گرفتێکی قورس نەجاتی بووبێ، گوتی: “هەی لەدەورت گەرێم مامۆستا گیان، ئەدی، بەڵام بە خودای ئەمانە هەر لە مێژەوە وەها بووینە، ئەی لەبیرت نایە لە شاخی چۆن ئەمبازی یەکتر دەبوون.” لێرەدا کتوپڕ بێدەنگ بوو، وەک بڵێی هەڵەیەکی گەورەی کردبێ. بەلاچاو لە سەربەرزی رووانی. دەیزانی سەربەرز چەند مانگێکە لەم گەڕەکە دەژی، بەڵام نەیدەزانی سەر بە چ حیزبێکە: یەکیەتی یان پارتی؟ گوتی: “هەڵبەت زەمانە ئێستایکە گەلێک باشترە، ئەدی هەروا دەبیتن، بەکاوەخۆی مامۆستا گیان، کوردیش خۆ قەت دەوڵەت نەبووە، تەوەکولی بە خودای مەزن!”

سەربەرز کە دابەزی، بیری لە کابرای دوواوە کردەوە. ئەو پیاوەی وا تەواوی رێگا بەبێدەنگی دانیشتبوو، میشەی دەهات و، تەنیا جگەرەی دەکێشا. ئەها! ئیستا هاتەوە بیری! لەو کاتەدا لەسەر ژنە مۆدەکە لەگەڵ سایەق تەکسییەکە قسەی کردبوو، مشتێک دووکەڵی باش لە پاشییەوە سەر و ملی بەپڕتاو لەخۆ گرتبوو. سەربەرز بۆخۆیشی نازانێ بۆ گوێی نەدابوویە، بگرە شۆفیرەکە بە تەعەجوب لەمی رووانیبوو و لە ئاوێنەکەیشەوە لە موسافیرەکەی. ئەو بێ‌ئەخلاقە بەئەنقەست وەهای کردبوو. رقی لەقسەکانی ئەو ببووەوە و، بۆیە دووکەڵی جغارەکەی بەسەروملیدا کردبوو. سەربەرز لەخۆی تووڕەیە. ئەمەی بۆ ماندووی و باش نەخەوتنی خۆی دەگێڕێتەوە، یان رەنگە بۆ ئەوەی وا زۆر سەرقاڵی گفتوگۆ لەگەڵ کاکی شۆفیر بوو. بەهەرحاڵ، هەوڵدەدا روخساری کابرا بێنێتەوە بەرچاوی خۆی، بەڵام بێسوودە. ئەو هەر لەسەرەتاوە لێی نەڕوانیبوو تا ئیستا بێتەوە بیری. بە تووڕەیی بە پێ‌پلیکانەکاندا سەرکەوت.

لە رۆژنامە هەرا بوو. شتێک قەوما بوو. لەژووری سەرنووسەر چەند لە دۆستان کۆببوونەوە و، قسەوباسێکی گەرمیان بوو. ئەم ویستی تێپەڕێ، بەڵام بانگیان کرد. بەنابەدڵی چووە ژوورەوە. چاک و چۆنی کرد و، باوێشکێکیشی دا. سەرنووسەرەکە دەنگی هەڵبڕی کە: “وادیارە ئاگات لێ‌نیە، شەڕی ناوخۆ دەستی پێکردووە، جەیشی تورکی هاتووەتە ژوورەوە!” سەربەرز بەبیستنی ناوی جەیشی تورکی هیچ نەبزوا، وەک بڵێی چاوەڕوانی وەها شتێک بووبێ. لەبەر خۆیەوە گوتی: “سەرئەنجام دەستی پێکرد!” بایدایەوە بڕوا. گوێی لێ‌بوو یەک لە هاوڕێیان گوتی: “ئەمە شەڕێکی ئیقلیمیشە، دەبێتە شەڕێکی ئیقلیمی، تورکیا هاتبێ، ئێرانیش بێدەنگ نابێ!”

سەربەرز چووە ژوورەکەی خۆی. بەرپرسی بەشی ئەدەبیی رۆژنامەکە بوو. سەرمێزەکەی پڕ بوو لە شیعر و پەخشان، چیرۆکێکی کەمیش. بەڕاستی لەم هەموو شیعرە وەڕەز بوو. باشە، ئەم خەڵکە بەتەمای چین؟ ئەم هەموو شاعیرە بۆ؟ یەعنی ئێمە ئەوەندە خەڵکی دڵتەنگ و تووڕە و بێتاقەتمان هەیە؟ لەکاتێکدا ئەم بیرانە بە مێشکیدا دەهات، هەندێ لە کاغەزەکانی هێنایە بەردەستی خۆی. لەهەموو شار و شارۆچکە و ناوچەکانەوە بابەت هاتبوون. بابەتی لێکۆڵینەوە یەکجار کەم بوون. یاخود چیرۆک. لەم دووایانەدا خوێندبوویەوە کە ئەو میللەتەی هێشتا بەزۆری لەناو شیعردا دەژی هێشتا پایان نەناوەتە ناو قۆناغی عەقڵ و مێژووەوە. بەم بیرەوەرییە کەمێک بێتاقەت بووەوە. ئەمەی بۆ هەواڵی دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ گێڕایەوە. بەخۆی گوت لەمەبەدوا شیعری زۆرتریشمان بۆ دێ!

ئیشی زۆر بوو، نەدەکرا ماتڵی کا. چاییەکیان بۆ هێنا. پاشی وی یەکێک لە هاوڕێیان خۆی بەژوورەوەدا کرد. کاک رێناس بوو. ئەویش لە تێکۆشەرانی دێرین بوو. بەڵام لە تەنزیماتی ناو شار. کاری گەورەی کردبوو. بەس لەوانە نەبوو خۆی بنوێنێ. سەربەرز هەستی دەکرد لەم دوایانەدا جۆرێک لە روانگەی تر لە رێناس‌دا سەری هەڵدابوو.

رێناس بەرپرسی بەشی گوتارەکان بوو. خاوەن ستوونێکیش لە لاپەڕەی سێدا. بەکورتی لەسەر رووداوە گرینگەکانی رۆژ دەینووسی. چڕ و پڕ و نەقد! بەجوانی بەوشە و رستەی کەم زۆرترین مانای دەگەیاند. سەربەرز هەمیشە دەیخوێندنەوە. رێناس ئەمەی دەزانی و، بۆیە ئەوەندەی دیکە هۆگری سەربەرز ببوو.

سەربەرز گوتی دانیشە! رێناس دانیشت. سەیرێکی مێزەکەی بەردەمی سەربەرزی کرد و، گوتی کارت زۆرە! گوتی ناخۆشترین کاری رۆژنامە هی تۆیە، بەڕاستی لەناو ئەم هەموو شێعرۆکە و چیرۆکەڵە و شتە بێ‌تام و بێ‌لەزەدا نوقم نابی؟ میللەتی ئێمە زۆر سەیرن! ئەرێ کاکە کەی کاتی ئەم وڕێنانە ماوە، ئەم هەموو شتە گرینگە دەقەومێ و کەچی هێشتا دەیانەوێ بە شێعر تەعبیری لێ‌بکەن، سەیر نیە!؟ سەربەرز گوتی نا سەیر نیە، سەیر ئەوەیە بەم شێوەیە تەعبیری لێ‌نەکەن، گەر شێعر نەبایە بێگومان شەڕی ناوخۆیش نەدەبوو!

ئەم قسەیە رێناسی هەژاند. برۆی بەرز کردەوە و هاواری کرد واو! چ بۆچوونێک! بەڕاستی ئافەرین! رێک وایە میللەتێک گوتاری لە شێعر زۆرتر بێ، ئەوا ئەگەری شەڕی ناوخۆیشی کەمترە، وانیە؟… باش تێگەیشتم؟

سەربەرز چاوێکی هەڵبڕی. گوتی خۆیەتی! رێناس گوتی چییە ماوەیەکە زۆر ماندوو دیاری، شتێ ئازارت دەدا، شتێ قەوماوە؟ سەربەرز چاوە ماندوو و، خەمینەکانی بەرز کردەوە، ئەو چاوانەی جۆرێک لە تووڕەییشیان لەخۆیاندا حەشار دابوو. پاش کەمێک راوەستان وەڵامی دایەوە، کوڕە هیچ نیە، یەعنی شتێکە، ئەویش چیرۆکی مزگەوتەکەی تەنیشتمانە. هەراسانی کردووم، بەیانیان هێشتا قەل گووی نەکردووە دەست دەکا بە بانگدان، دەنگەکەی لەوەدا نیە! رێناس گوتی های های لەمە خراپتر نابێ، هاوینە و نایشکرێ لەم بێ‌کارەباییەدا بچیتە ژوورەوە، وای وای! دەی بیگوێزەوە، ئا چارت نیە بیگوێزەوە! سەربەرز گوتی بۆ کوێ، تازە لەوێ نیشتەجێ بووم، نازانم بە ملی شکاوم بۆ بەمەم نەزانی، ئاخر مەعقوولە سبحی زوو موکەبیرەیەک کە تەنیا پەنجا میتر لە ماڵەکەت دوورە تێی تووڕێنێ و ژیانت لێ تێک بدا! من نازانم ئەو خەڵکە چۆن لەوێ ژیاون! رێناس گوتی های های ئەو خەڵکە هەم پێیان خۆشە و هەم عادەتیان پێ گرتووە، بەڵام تۆ هەم پێت ناخۆشە و هەمیش قەت عادەتی پێ ناگری! هەهەهە… قەت قەت!

لە شەقامی بەر پەنجەرەکەوە کاروانێکی سەربازی تێپەڕی. دەنگی نەشید دەهاتە گوێ. سەربەرز گوتی بەڕاستی شەڕ دەستی پێکردووە؟ رێناس گوتی ئەیچۆن کاکی برا، لەولا تورکیە و لەملا ئێران، دڵنیا بە ئەوەندەی نەماوە زوونی زەرد و سەوز بۆ هەمیشە یەکلایی بکرێتەوە، ئەیچۆن کاکی برا! سەربەرز بێتاقەت‌تر هاتە بەرچاو. رێناس گوتی تۆ سەرت بە دونیای ئەدەبەوە مەشغوڵە، رەنگە لەزمانی کەسی وەک فایەق بێکەسەوە بزانی چ باسە، جا با دەیان ساڵ لەوە پێش ژیابێ و ئەم دەورانەی ئێمەی نەبینیبێ، منیش لەرێگای نووسینەوە، وەک برادەرانی کرمانج دەڵێن “دیرۆک خوێ دووبارە دکا!”

سەربەرز گوتی کەمێک توند دەئاژوی، ئەمجارە جیاوازە، ئەمجارە سەرەڕای ئەم جۆرە رووداوانە بەڵام دۆخەکە جیاوازە، وەزعەکە تێکناچێ. رێناس گوتی با تێکیش نەچێ، با بەعس یان عەرەب نەگەڕێتەوە، بەڵام ئەمەیش جۆرێک تێکچوونە، دوو زوون و دەیان ساڵ لێخوڕین بەو جادەیەدا! سەربەرز گوتی خێرا دەئاژوی خێرا!

لەم کاتەدا سەرنووسەری رۆژنامەکە خۆی بەژوورێدا کرد. گوتی نیوکاتژمێری تر کۆبوونەوە دەکەن لەسەر ئەم دۆخە تازە، گوتی گرینگە هەمووان تێیدا بەشدار بن. ئەوسا بەپەلە چووە دەر.

رێناس گوتی کۆبوونەوەیەکی وا بەهیچ شوێنێک ناگا، دوو حیزبی سەرەکی کە زۆرینەی هەر زۆری خەڵکیان لەگەڵدایە و ئیستا بڕیاری شەڕیان داوە، تۆ پێت وایە ئەو جەماوەرەیان لێ هەڵدەگێڕیتەوە… ئەبەد… تازە شەڕ دەبێتە هۆی جۆش و خرۆشێکی تر لەناویاندا، لەمێژە نیە وازمان لەخەباتی پارتیزانی و پێشمەرگایەتی هێناوە، بیرازکردنەوەیەکی دیکەی دەوێ!

ئەم رەش‌بینییەی رێناس، سەربەرزی تووڕە دەکرد، بەڵام هیچی نەگوت. مێشکی لای مزگەوتەکە و بڵیندگۆکە بوو. ئاوا نەدەگوزەرا، دەبا بیرێکی لێ‌بکاتەوە. چی دەبوو گەر ژوورێکی لە هۆتێل بگرتایە، ها چی دەبوو؟ ئەم بیرە کەمێک ئەهەوەنی کردەوە. ئارامییەک مێشکی تەنی. بەڵام هۆتێلەکانیش هەمیشە بۆنێکی تایبەتیان لێ‌دەهات، نە حەوشیان هەبوو و نە باڵکۆن، زۆرتر لە زیندانیان دەکرد، ئاە، نا نابێ! دیسان خەم دایگرتەوە.

رێناس گوتی نازانم تا چەندە لەسەر کۆماری کوردستان شتت خوێندووەتەوە، بەڵام من بەحوکمی کارەکەم و تامەزرۆییم بۆ مێژوو سەرقاڵیم، دەزانی ئەو کاتیش هەر ئاوەها بوو، زلهێزەکان دۆخی ئێرانیان شێواند و کوردەکان کەڵکیان لێ‌وەرگرت و دیارە بە یارمەتی سۆڤیەت، ئەوسا حکومەتیان پێک هێنا، پاشان دوای یازدە مانگ تێکچوو! سەیر نیە؟ تازە سۆڤیەت خۆی بانگی کردن و خۆی پێی گوتن دەبێ حیزبێکی سیاسی سازبکەن، کەچی پشتی تێکردن! هەروەها ئەو کات یەک تاقە حیزب هەبوو و کاروبارەکانی وڵاتی جێبەجێ دەکرد، ئیستا دووانن! جا بۆیە خراپتر… حە… سەیرە نا!؟

رێباز کە تاقەتی ئەم هەموو ناهومێدییەی نەبوو، خەریک بوو بتەقێتەوە، بەڵام خۆی راگرت. جارێکە گرینگ چارەسەرکردنی دۆخی ژیانی خۆی بوو. بیری کردەوە گەر بەو دیوی خانووەکەدا باڵکۆنێکی دیکە هەبایە، ئەوا دەیتوانی لەوێ بخەوێ و لەبەزمی بەیانیانی زووی مەلای مزگەوت رزگاری ببێ. بەڵام خەونێکی بەتاڵ بوو. لەپشتەوە هیچ سەربانێکی تری لێ نەبوو.

رێناس گوتی بەحیزبێک نەپارێزرا ئیستا پێت وایە بە دووی دژبەیەک دەپارێزرێ؟ خۆ گوێیشت لەو ژاوەژاوەی دەرەوەیە! تازە سەرەتای چیرۆکەکەیە، هیچ برایەکی ‘ژیر و ئاقڵ ‘براییم خەلیل’ لەگەڵ براکەی تری بەش ناکا، جا با لەدایکێکی خوێن شیرینیش بەربووبێتنەوە! خۆ قسە لەسەر هەزار میتەر زەوی نیە! مەگەر لەوێ لە شاخیش هەروەها نەبوو؟ مەگەر کێشەی سەرەکی لەسەر گومرک نەبوو؟

سەربەرز لە یەکێک لە شیعرەکانی بەردەمی دەڕوانێ. لە ‘قەڵادزێ’وە هاتووە. شاعیرەکە دەناسێ. تا ئیستا هەندێ لە هۆنراوەکانی بڵاو کردووەتەوە و هەندێکیشیانی نا. واز ناهێنێ، بەردەوام شیعر دەنێرێ. سەربەرز یەکەم دێر دەخوێنێتەوە : “مێژوو خەونێک لەکرداری خۆیدا یاخود کردارێک لە خەونی خۆیدا”. پێی سەیرە گەنجێکی وەها لەو تەمەنەدا مێشکی بەشتی وەهاوە سەرقاڵ بێ. گەنجێک کە هێشتا ئەوەندە نەژیاوە بزانێ دیرۆک چییە. بیردەکاتەوە رەنگە لەخانووی خۆیاندا دەژی، بەدوور لە بڵیندگۆی مزگەوت.

سەرئەنجام رێناس بەبێ ئەوەی باسەکەی سەبارەت بە دووپات بوونەوەی مێژوو بەئەنجام بگەیەنێ، دەڕوا. بەپێچەوانەی رۆژانی دیکە کە سەربەرز بەئاسانی دەکەوتە گفتوگۆ، ئیمڕۆ باسێکی تر بوو. سەربەرز لەبەرچاوی ئەودا لەخۆی ون بوو.

ئێوارە کاتێک کاک سەربەرز دەستی لەکارەکەی هەڵگرت و ویستی بڕواتەوە، رێناس هات و داوای لێکرد پێکەوە بچن بۆ خواردنەوە. گوتی لە باڕەکەی تەنیشتیاندا هەرزانە. کابرای خاوەن باڕ چاوی لێیانە. چارەکێک زەعلە بە کەمێک مەزەوە دەبێ بە پێنج دینار. سەربەرز لەگەڵ ئەوەی کەمێک رقی لە رێناس هەستابوو، بەڵام لەگەڵی چوو. وەک بڵێی هەتا درەنگتر بچێتەوە بۆ ماڵەوە، باشترە. خۆی دەدزییەوە.

شەو درەنگان تەکسییەکی گرت و، بەرەو ماڵەوە بووەوە. ئارام چووە سەرەوە. جل و بەرگی داکەند و، چووە سەر بانی. لەتاریکایی شەودا لە مزگەوت و لە بڵیندگۆکانی رووانی. سیان بوون. هەر کامەیان بە لایەکدا. بەحەسرەتی نەمانیان لێیانی رووانی. بەخۆی گوت باشە ناکرێ موسوڵمانان بەزەنگی سەعات لەخەو هەستن؟ بزەیەکی هاتێ. چ خەونێکی بەتاڵ!

جێگا و بانی راخست و، چووە ناوی. جگەرەیەکی داگیرساند. پاڵ کەوت و لە ئاسمانی پڕ ئەستێرەی رووانی. بیری شیعرەکەی گۆرانی شاعیر کەوتەوە “ئاسمانی شین و ئەستێرەکانی، پێدەکەنن بۆ بەری بەیانی” بزەیەکی هاتێ. بەخۆی گوت “ئاسمانی شین و ئەستێرەکانی، پێدەکەنن بۆ بانگی بەیانی!”

نیوەشەو بەدەنگی تەپەی شتێک خەبەری بووەوە. سەری هەڵبڕی، بەڵام هیچ شتێک سەرنجی رانەکێشا. دیسان خەوی لێکەوتەوە. بەیانی زوو وەک هەمیشە بە دەنگی لەنەکاو و یەکجار بەرزی بانگی مزگەوت راچڵەکا. چاوەڕوان مایەوە تا کۆتایی هات. هەر لەو کاتەدا ویستی بخەوێتەوە، شتێکی خڕ لە تەنیشتیدا سەرنجی راکێشا. دەستی بۆ برد. بەردێکی خڕ بوو شتێکی تێوە پێچرابوو. کاغەزێک بوو. کردیەوە. دەستی کرد بە خوێندنەوەی. نامەیەکی پڕ لە هەڕەشە و گوڕەشە بوو، کە بە رستەیەکی عەرەبی دەستی پێدەکرد. وەک کافر لەقەڵەمیان دابوو و، پێی گوترابوو هەرچی زووتر دەبێ گەڕەک بەجێ بێڵێ. نازانێ بۆ، بەڵام بیری پیاوەکەی ناو تەکسییەکە کەوتەوە، ئەوەی وا لەدوواوە دانیشتبوو و، مشتە دووکەڵەکەی بە پشتەملی ئەودا کردبوو.

راچەنی. ئەوەندە تووڕە بوو، نەبێتەوە. قیژەیەکی لێ بووەوە.

دوو رۆژ دواتر خاوەن‌ماڵ هات بۆلای. گوتی لەبەر ئەوەی زگوردییە دەبێ خانووەکە جێ‌بێڵێ، گوتی خەڵکی گەڕەک پێیان گوتوە، گوتی جگە لەمە تا پاییز نەهاتووە دەیەوێ خانووەکە چاک بکا، گوتی…

سەربەرز لەکاتێکدا لە کاکی خاوەن ماڵی دەڕوانی بیری لە شێعریکی تری گۆران کردەوە:
“ئێستاکە ئێمەین و شاخێکی وەک کەچەڵ / با هەر بەین بە سەرا قوڕی خەست بە تۆپەڵ!”

پاشی سێ رۆژ کاک سەربەرز گواستییەوە بۆ هۆتێل. لەوێ پەنجەرەکان ئەوەندە کپ بوون بەزەحمەت گوێی لەدەنگی بانگدان بوو. هەموو شەوێ خەنی تابەیانی بەباشی دەنووست و، سبەیش شیعری هەموو شاعیرەکانی نیشتمانی لەسەر مێزەکەی بەسەر دەکردەوە. ئەو شیعرانەی وا زۆرینەیان بەلای شەڕی نێوخۆییدا تێدەپەڕین و، وەک هەمیشە بە دیرۆکێکی نادیاردا کە رۆحێکی سەرگەردان تیایا دەهات و دەچوو، شۆڕ دەبوونەوە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *