فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

فەڕۆخ نێعمەتپوور نووسەر و رۆژنامەنووس لە ساڵی ١٣٤٤ی ھەتاوی لە شاری بانە، کوردستانی ئێران لە دایکبووە.. خاوەن لیسانسە لە بواری فەلسەفە لە زانکۆی بلیندەرن لە ئۆسلۆ. ئەم نووسەرە لە بواری رۆمان، چیرۆک و وتاری سیاسی و فکری دا چالاکە و گەلێک بەرھەمی لەم بوارانەدا پێشکەش کردووە. ئیستاکە لە وڵاتی نۆروێژ دەژی و بەردەوامە لە کاری نووسین. --- بەرهەمەکان ---- رۆمان: پەڕەسێلکەکانی کۆچ — ١٩٩٨ ساڵەکانی خەون — ٢٠١٠ پێنج سەفەر، وێنەیەک — ٢٠١٣ باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام — ٢٠١٤ گوناھی گەورە — ٢٠١٥چیرۆکی شۆڕش — ٢٠١٦سەرۆک — ٢٠١٦خەیاڵاتی بێھودە — ٢٠١٨کاتێک ھاشم لە زیندان گەڕایەوە — ٢٠١٩ماجراهای بابا — (مجموعه داستانهای به هم…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دنیا بە گونم

کات 02/07/1399 224 بازدید

تەمەنی لەمێژبوو لە بیست و پێنج لایدابوو و باوکی وەک جاران زەوقی پێنەدەهات. وەک جاران نەیدەدواند، کە لە تەنیشتی لە کاتی ژەم یاخود کاتی شەوانە دادەنیشت، باوکی وەک بڵێی ئەم هەر نەبێ خۆی بە شتێکەوە سەرقاڵ دەکرد، جا یان بە هەواڵەکانەوە کە لە بی بی سییەوە تا ئیسرائیل و لەوێوە تا هەواڵەکانی تەلەفزیۆنی ئێرانی دەگرتەوە، یان سەری دادەخست و دەستی بە سمێڵیا دێنا، وەک بڵێی بە قووڵی بیری لە شتێکی زۆر گرینگ دەکردەوە. ئەمانەی دەکرد تەنیا بۆ ئەوەی چاوی لە چاوی کوڕەکەی گیرنەکا. ئەمیش ئیتر بەرەبەرە راهاتبوو. گوێی بە باوکی نەدەدا. هەستی دەکرد ماڵەکە وەک جاران ئاشنا نەدەهاتە بەرچاوی و دەڵێی دیوارەکان رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر لێی نزیک دەکەوتنەوە و تەنگیان پێ هەڵدەچنی. ئەو دیوارانەی وا نیەتی پاڵ پێوەنانیان لە خشت خشتی خۆیاندا حەشاردابوو. شەوانە لە دووای نانخواردن خێرا دەردەکەوت و دەچوو لە سەیرانگای ‘دووکانان’ کە بەرز بوو و بەسەر شاردا دەیڕوانی دادەنیشت و لە گڵۆپە بێ ئەژمارەکانی ناوشار ورد دەبووەوە. تەمەنی منداڵی و گەنجیەتی چەند خێرا تێپەڕیبوو و ئیستاکە ئەگەرچی ژنی نەهێنابوو، بەڵام چەند جوان هەستی بەوە دەکرد کە ئیتر بووە بە پیاوێک. پیاوێکی سەربار کە نانە سکی خۆیشی پێدەرنەدەهات و بە هۆی ئەوەی سەربازی نەکردبوو لەهیچ شوێنێک دایاننەمەزراندبوو. بەدبەختیش بوو، کاسبیشی پێنەدەکرا. ئەوەی بۆی مابووەوە دیپلۆمێکی شەق و شڕ بوو کە بەکەڵکی هیچ نەدەهات. ورتکە نان چییە پێی دەرنەدەهات.

ئەو ئاگای لە بێ مەیلیی باوکی بوو. ئەمەی دەبینی. هەتا شەڕی ئێران و ئێراق بوو، دونیا قچێک باشتر بوو. لە ماڵەوە زۆر گوێیان نەدەدایە. وادیاربوو جارێکە لەبەر ئەوەی نەکا بکوژرێ تەحەمولیان دەکرد. بەڵام کە شەڕ تەواوبوو ئیتر دونیا بەلایەکی تردا وەرگەڕا. کتوپڕ لەناو ماڵ بوو بە میوان. کچیش نەبوو بە شووی بدەن و لەدەستی نەجاتیان بێت. ئۆباڵی بە ئەستۆیان بوو. راستییەکەی ئەوە بوو ژیان وەک چەرمی چۆلەکەی لێهاتبوو. خوا هەڵناگرێ ئەمیش حەقی بە باوکی دەدا. ئاخر پیاو دەبێ پیاو بێ و زوو بچێتە سەر پێی خۆی. کە بیری لە دەستپەڕەکانیشی دەکردەوە ئەوەندەی تر حەقی بەباوکی دەدا. نەکا باوکی رۆژێک لە پشت درگاکەی حەمام یاخود ژوورەکەی خۆی، خۆی لێ حەشاردابێ و ئەم پێی نەزانیبێ؟

دیارە هەر گێلەگێلی لێدەکرد و لەبەر خۆیەوە دەیگوت کوڕە هیچ نیە، ماوەیەکە، من تاقە کوڕی ماڵم و دووریم تەحەمول ناکەن. بەڵام شتەکە لەوە جیددی تر بوو سەرەتا بیری لێدەکردەوە. رۆژێکیان کە بەڕێکەوت لە ئاودەست بوو و لەبەر ئەوەی زۆری پێدەچوو نەیانزانیبوو لەوێیە، گوێی لێبوو باوکی بە دایکی دەگوت “ئەم هەتیوە چی ئەکا،… کەی خۆی ساخ ئەکاتەوە،… بۆ ناچێ بۆ سەربازی!” دایکی گوتی “پیاوەکە سەبرت بێ، پەلەی لێمەکە، ئەچێ، تازە شەڕ تەواوبووە، ئەبێ خوا شوکرکەین ماوە و نەکوژراوە و خوانەخواستە بەڵایەکی بەسەرا نەهاتووە.” باوکی گوتی “رفیقەکانی هەموویان رۆیشتن، شار چۆڵ بووە، هەر ئەم سەر گۆپاڵە لێرە ماوە، پێی بڵێ ئەبێ بڕوات، ئەبێ رێگای خۆی بدۆزێتەوە!” دایکم چیتر وەڵامی نەداوە. دەنگی نەدەهات. لەبەر ئەوەی پێم نەزانن، زیاتر لەوەی دادەنیشتم، دانیشتم. قاچەکانم سڕببوون و ناچار هەر جارەی خۆم دەدایە سەر دانێیەکیان. جاری وابوو ئەمەیش چاری نەدەکرد و راست دەبوومەوە و لەکاتێکا لە کەممەرم بەرەو  ژوور دادەنەواندەوە، بیست سی سانییەک بەمەبەستی حەسانەوەی قاچەکانم بەو شێوەیە دەمامەوە. هەرچۆنێک بوو کات تێپەڕی و سەرئەنجام دەنگ لە داڵانەکە نەما. گوێم لە دەنگی دەرگای داڵان بۆ حەوشە بوو. ئۆخەیەکم هاتێ. بەدەم هاتنە دەرەوەوە لە ئاوێنەکەدا سەیری خۆمم کرد. باوکم راستی دەکرد سەرم زۆر زل بوو! هەر هاتمە داڵان، بینیم دایکم بە بێدەنگی لەوێ دانیشتبوو و بە تەعەجوبەوە لە منی دەرووانی. گوتی “ئەوە ئەیەڕۆ لە کەیەوە لەوێی؟” گوتم “ئەوەندە نیە!” دایکم سووربووەوە. گوتی باوکتە،… لە دڵی مەگرە، با دوو قسەیش بکا!” من کە هێشتا بەنەخوێنەکەم بەدەستەوە بوو و نەمبەستبوو، گورج گرێمدا و گوتم “ئەچم بۆ سەربازی!”

بۆ بەیانییەکەی چووم بۆ خیابانی ژاندارمری، ناوم نووسی و گوتیان هەفتەیەکی تر بەڕێت دەکەین. من کە لە خۆشیان ئۆقرەم نەبوو، هاتمەوە بۆ ماڵەوە و هەواڵەکم پێدان. دایکم دەستی کرد بە گریان. خوشکەکەم چاوەکانی بزبوونەوە و برا بچووکەکەیشم گوتی “تفەنگێکم بۆ ئەهێنیتەوە؟”

تەنیا باوکم بوو وەک هەمیشە مڕومۆچ بوو. من کە نەمدەزانی بەم بڕیارەم خۆشحاڵە یان نا هەوڵمدەدا بە هۆ و بێ هۆ بیدوێنم بۆ ئەوەی لە رازی دڵی بگەم. ئەویش کە زۆر سەگ بوو وەک هەمیشە ملی نەدەدا. وەک بڵێی دڵنیا نەبوو لەوەی کە من بەڕاستی دەڕۆم یان نا. تەنانەت شەوێکیان بەرگەی خۆناساندنەکەیشم دەرهێنا و پیشانم دا، ئەو لە ژێر چاوەوە، یاخود باشتر بڵێم لە ژێر عەینەکەکەیەوە بێ ئەوەی دەستی بۆ ببات چاوێکی لێکرد و دیسان گوێی بۆ هەواڵی رادیۆ ئیسرائیل گرتەوە کە باسی لەوە دەکرد بە سەدان هەزار دیلی شەڕ لە ئێراق ماونەتەوە و زۆربەی دایک و باوکەکان بە گوێرەی رێکخراوە جیهانییەکان ئاگایان لە چارەنووسیان نیە. نازانم بۆ، بەڵام کتوپڕ حەزم دەکرد منیش یەکێک لەو دیلانە بوومایە.

سەرئەنجام دە رۆژەکە تەواو بوو و من لەگەڵ دوو دەرەجەدار کە جل و بەرگی ئاساییان لەبەردا بوو و دەچوونەوە بۆ مەرەخەسی، سواری ئوتوبووسی تاران بووم و بەڕێکەوتم. دایکم دیسان گریا، خوشکەکەم دیسان چاوەکانی بزبوونەوە و براکەیشم لەخۆشی ئەوەی تفەنگی بۆ دەهێنمەوە هەر بزەی دەهاتێ. ئەو رۆژە باوکم ناوچاوی کرایەوە، بەڵام پێنەکەنی. بە بێ ئەوەی دەستم لەگەڵ لێبداتەوە، یاخود باوەشم بگرێ و ئەم لاولام ماچ بکا، دەستی کرد بە گیرفانیا دووسەد تمەنی دامێ و منیش رۆیشتم. من کە لە دووای چەندین مانگ پارەم هاتبووە گیرفان، لە خۆشیی پووڵەکە خێرا سوار ئوتوبووسەکە بووم و رێک لە سەر ئەو کورسیەی دانیشتم وا بەسەر باوکم و ئەوانی تردا دەیڕوانی. دوو دەرەجەدارەکەیش لە دووای منەوە دانیشتن. ئوتوبووسەکە رێکەوت و من دەستم لەوان راوەشاند و ئەوانیش لە من. دیارە باوکم تەنیا یەک جار سەیری کردم و بینیم لەگەڵ کەسێکی تر کە حەتمەن ئاشنای بوو کەوتبووە قسە و گفتوگۆ.

بەسەر کەلیخاندا سەرکەوتین. ئوتوبووسەکە پڕبوو. جمەی دەهات. رانندەکە نەوارێکی بەرهەم حەسەنی سەرخست. من کە حەزم لە دەنگە زیقنەکەی نەدەهات، دەستم کرد بە گیرفانمدا و دووسە تمەنییەکەم لەناو پەنجەکانمدا هێنا و برد. ئوتوبووسەکە لە سەبەتڵۆ تێپەڕی. گەییە قووتەکەی گەردەنەی خان، پیایا سەرکەوت و پێش ئەوەی ئاودیو بێت و بکەوین بە دیوی سەقزدا لام کردەوە و لە ناو شارم رووانی، لە کێوەکانی دەورووبەری کە وەک قەڵا شاریان لەخۆیاندا حەشاردابوو، لە ئاسمان کە تا بێکەران خۆی دەکشان. نازانم بۆ، بەڵام کتوپڕ دڵم ئەوەندە تەنگ بوو نەبێتەوە. من کە لەوە پێش جاروبارە سەفەرم کردبوو و بەشی خۆم شارانم بینیبوو، ئەمجارەیان وەک بڵێی یەکەم جاربوو سەفەر بکەم وەها دڵم بچووک بووەوە و هەستم بە تەنیایی کرد نەبێتەوە. باشە ئەم کارە چی بوو من کردم! وەک دەیانگوت لە دەورانی ئامووزشی هەر مەرەخەسی نادەن و لانیکەم دەبوایە تا چەند مانگی تر نەهاتمایەوە، تازە ئەویش ئەگەر شتێک نەقەومایە! ناو دەمم وشک بوو و قوڕگم دەکزایەوە. بە خۆمم گوت “عەجەب کەرێکم،… عەجەب کارێکم کرد!” گوتم “جا با باوکیشم هەروا مڕ و مۆچ بووایە،… کەچی؟… خۆ نەیەتوانی دەرمکات، کوڕی بووم!” لام کردەوە و لە دوو دەرەجەدارەکەم رووانییەوە. هەر دووکیان بزەیەکیان هاتێ. کتوپڕ یەکیان گوتی “مگە مجبور بودی بری سربازی، دوو سال عمر خودتو میخوای واسە چی تلف کنی مرد حسابی؟” جوان لێیانم رووانی. لە من گەنجتر بوون. من کە ئەوەندەی تر سەرم سووڕمابوو هەروا لێم رووانین. راستی دەکرد من بۆ دەبێ بچم بۆ سەربازی. وەرە دەبێ تا دوو ساڵی تر لەوێ بم،… دوووو ساااااااڵ!! دووای ئەوە تازە نازانم چی تریش دەبێ. ئەوسا کتوپڕ زانیم ساڵێک یانی چی. هێشتا من سەعاتێک نەدەبوو لەناو ئوتوبووسەکەدا بووم و هێشتا نەگەیشتبوومە ناو پادگان کە ئەو سەعاتەم بەقەدەر یەک هەفتە لێدەهاتە بەرچاو. سەرم نایەوە بە پەنجەرەکەوە و لەدەرەوەم رووانییەوە. تەپ و تۆزی جادەکە جاری وابوو دەگەڕایەوە و لە ماشینەکە دەئاڵا و شووشەکانی لێڵ دەکرد. بەتایبەت لەسەر پێچەکان. شاخە رووتەکانی ئەو دیوی کەلیخان بەرزبەرز وەک هەمیشە جادەکەیان بەڕێدەکرد. بیرم کردەوە باشە ژیان چیە کە من دەبێ دوو ساڵی بەم شێوەیە بگوزەرێنم. بیری ئەم ساڵانەی دووایی ژیانم کەوتمەوە. شۆڕشی ساڵی پەنجاوحەوت، شەڕی کوردستان، شەڕی ئێران و ئێراق، ئاوارەیی و هەموو بۆمباران و تۆپباران و مەترسییەکان هاتنەوە بەرچاوم. لەگەڵ ئەوەی بیرەوەرییەکان یەکجار ناخۆش بوون، بەڵام سەیربوو سوکناییشیان دەدامێ! ئاخر من تاوانی خۆم نەبوو. خۆم وەک گەڵایەکی دەم با هاتەبەرچاو. گەڵایەکی هێشتا سەوز کە لە لق دابرابوو. ئاخ کە من چەند تەنیا و چەند بێ پەنا بووم! شۆفیرەکە نەوارەکەی گۆڕی. ئەمجارە دەنگی حەسەن زیرەک  بوو ناو ئوتوبووسەکەی تەنی “دیسان شەو هات بۆ حالی من، بۆ دڵەکەی خەمباری من، عالەم سووتا هەی لە ناڵەی من، هەی نار هەی نار باوانم یار…” بیرم تەمەنی خۆم کردەوە، ٢٨ ساڵم بوو، کە لە سەربازی دەهاتمەوە دەبووم بە سی ساڵ،… ئای باوکەڕۆ سی ساڵ! تا کارێکم دەدۆزییەوە و ژنم دێنا خوا ئەیزانی ئەبوومە چەند ساڵ. تازە ئەویش ئەگەر باوکم بۆم بێنێ، ئەو چڕو چاوەی من دەمبینی شتی وای لێنەدەکەوتەوە.

حەسەن زیرەک هەر وا دەیگوت و دەیگوت و منیش هەتا دەهات زیاتر بچووک و بچووکتر دەبوومەوە. ئاگام لێبوو دوو دەرەجەدارەکە باسی نەگبەتیی فەرماندەکەیان دەکرد.باسی ئەوەی کە داخۆ بڵێی کەی ئەم رۆژانە تێپەڕن.

لەم کەین وبەینەدا بوو، مقۆمقۆ کەوتە ناو موسافیرەکانەوە. ئوتوبووسەکە سورعەتەکەی کەم کردەوە. مقۆمقۆکە بەرز و بەرزتر دەبووەوە. خەڵک سەریان دەکێشا. منیش بەرەبەرە جەو گرتمی و راست بوومەوە. لە پێشەوە ماشینێکی زۆر راوەستابوون. کتوپڕ یەک گوتی پێشمەرگەیە،… پێشمەرگەن! ئیتر دونیا شڵەقا.

هەموومانیان بردە خوارەوە. لە قەراخ جادەکە لە شیوێکدا کۆیان کردینەوە و یەکیان کە کوڕێکی باڵاکورتی کڵاشینکۆف لە شان بوو قسەی بۆ کردین. ئاگام لێ بوو دوو دەرەجەدارەکەیان جیاکردبووەوەو لەولاترەوە چەند پێشمەرگەیەک دەیانپشکنین و قسەیان لەگەڵ دەکردن. ئەوەندەی پێ نەچوو پێشمەرگەکان لایان کردەوە و لە منیان رووانی. یەکیان هات و منی بردە لای دەرەجەدارەکان. گوتم بەڵێ راستە دەچم بۆ سەربازی. یەکیان گوتی عەیب ناکەی دەچی و سەربازی بۆ حکومەتێکی وا دەکەی؟ گوتی واباشتر نیە پێشمەرگەی میللەتی خۆت بیت و بەسەربەرزی ژیان بەسەربەری؟

وڕبووم. سەروبنی رووداوەکانم بۆ یەک نەدەهاتەوە. کتوپڕ بڕیارم دابوو بچم بۆ سەربازی، لە دووای دە رۆژ بەڕێیان کردبووم، لەناو ئوتوبووسەکەدا هەستم بە پووچی کات و ژیان کردبوو و ئیستاکەیش بەتووش پیشمەرگەوە ببووم کە باسی عەیبەیان دەکرد. ئا ‘عەیبە’،… راستی ‘عەیبە’. ئیستا من دەمزانی کێم  و چیم، من ئەو وشەیەم دۆزیبووەوە کە بە باشترین شیوە ژیانی منی وەسفدەکرد و کەچی من لێم ون ببوو. وەسفێک بۆ تەواوی ئەم ساڵانە. ئەها ئیستا دەزانم، باوکم پێی عەیب بوو کوڕێکی هەیە لەم تەمەنەی مندا و کەچی هێشتا ئەسپێ لە گیرفانیا سەوزەڵێ دەڵێ. من بۆم عەیب بوو بەو تەمەنەوە لەسەر سفرەکەی ئەو دادەنیشتم و رۆژ تا ئێوارە بە بێ هیچ بەرنامەیەک دەخولامەوە. بە دیپلۆمێکەوە کە لەم دەورەو زەمانەیدا فلسێکی نەدەهێنا. هاتەوە بیرم جارێکیان باوکم گوتبووی گەر بمزانیایە دونیا ئاوای لێدێ قەت پێم نەدەخوێند. من عەیب بوو خوێندبووم.

ترسێک بەناو حەشیمەتەکەدا بڵاوبووەوە. دەنگ هات ئەرتەش جووڵاوە و بەرەو ئێرە دێ. بەرەبەرە خەڵکەکەیان بەرەو ماشینەکانیان بەرێکردەوە و دوو دەرەجەدارەکەیشیان سوارکردەوە. لەو ناوەدا تەنیا من مابوومەوە کە نەیدەویست سواربێتەوە. من بڕیارمدابوو چیتر بە عەیبە نەژیم.

کاغەزەکەم دڕاند و شوێنیان کەوتم. شەو لە سەر ریزەشاخەکانی پشت ئاوایی ‘ساوان’ەوە چاوم لە گڵۆپەکانی شار کرد. ئەو شارەی ئیستاکە کتوپڕ یەکجار دوور بوو لە من. چاوم لە گەڕەکی خۆمان بوو. ئەو گەڕەکەی نامۆ نامۆ لە بناری ئاربەبادا راکشابوو.

من هێشتا بەجوانی نەمدەزانی خەریکی چیم، بەڵام یەک شتم دەزانی، ئەویش ئەوە بوو ئیتر خۆم بووم، خۆیەک وک خۆم. خۆیەک بە بێ عەیبە. جا ئیتر چی ئەبێ با ببێ،… دنیا بە گونم!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان :

2 پاسخ به “دنیا بە گونم”

  1. گەلاوێژ

    سڵاو کاک نعمەت
    دەست خۆش، ئێستا ئەو چیرۆک یان بیرەوەریەم خوێندەوە.
    بە نیسبەت راوی چیرۆکەکە، یەکەم جار تاکو چەند پاراگراف راوی نەفەری سێهەمە ، دوایە کتوپڕ دەبێتە کەسی یەکەم.
    ناوی چیرۆکەکەش لەگەڵ بڕیاری کوتایی قارەمانەکە هەندێک سەیرە! ئەو کورە هەرچەند لە کارەکەی زۆر حاڵی نێ بەڵام هەنگاوێکی گەورە دەنێتەوە، بۆیە ئەو ناوەی لەسەر چیرۆکەکەیە قورسایی ئەو هەنگاوە یان قەداسەتی ئەو کارە دەکاتە هیچ.

  2. سڵاو گەلاوێژ خان، سوپاس. مەمنون کە زەحمەتت کێشاوە و سەرنجی خۆت لەسەر چیرۆکەکە نووسیوە. بەڵام چەند خاڵ:

    ـ ئەمە چیرۆکە نەک بیرەوەری،
    ـ راستە، لەدوو گۆشە نیگاوە دەگێڕدرێتەوە، ئەمەیش شیاوە،
    ـ لات وانیە هەندێ کەس زۆر بڕیاری گەورە لە ژیانیاندا دەدەن بێ ئەوەی لەوە پێش زۆر بیریان لێکردبێتەوە؟ من کە بۆ خۆم زۆر کەسی وەهام بینیوە.

    لە گەڵ رێز، فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *