فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

تەم و مژەکەی ئەوسەری شار

کات 11/10/1391 206 بازدید

تەم و مژەکەی ئەوسەری شار

هەر رۆژەی جەستەی نەفەرێک لێرە لەم ژوورە بە رۆحێکی پەرتەوازەوە دەبەنە دەرەوە. ئێرە ژووری ئەوانەیە وا قەرارە بمرن، ئەوانەی وا دەبێ بمرن! بەرغەزەبی خواکەوتووەکان. کیسەڵەکانی ناو دارستانێکی گڕگرتوو. ژوورێکی گەورە کە بە ئاسانی جێگەی پەنجاکەسی تێدا دەبێتەوە. ئەوەندە گەورەیە کە ئەم، جاری وایە ئەوەی کە لەوێ لە سوچی ئەوبەر دەمرێ، سیمای ناناسێتەوە. ئەوەندەش زووزوو دەمرن کە هەمیشە روخساری تازەی لێیە بۆ نەناسینەوە. بەڵام گرنگ نیە، بۆ بیاناسێتەوە. سەرەتا سەرنجی دەدانێ. حەزی دەکرد بزانێ کێیە مردووە، سیمای چۆنە و چۆن مردووە. بەڵام ئیستا گوێیان ناداتێ. نیگای بە تەرمەکان راهاتووە. بە قیژە و هاوار و گریانە بێدەنگەکان عادەتی گرتووە، …بەو جەستانەی کە بێ جوڵە راکشاون و لە ژێر مەلافە سپییەکان یان پەتووەکاندا بۆ هەمیشە چاویان قونجاندووە. دوواتر ئەو کەس و کارانەی کە جاری وایە نازانن چۆن بگرین، یان چۆن سەیری دەوروبەریان بکەن. ئەو کەس و کارانەی کە نیگایان وێڵە. ئەوانەی وا بە بێ پەلە، وەک رۆنی رژاوی سەیارە لەسەر عەرز، بە ئارامی لە گەڵ تەرمەکان بۆ هەمیشە ژوورەکە جێدێڵن.

سەرەتا نەیدەزانی کە هێناویەتیانە ژووری مردن. ژوورێک کە دووا شوێنی ژیان لەم دونیایەدا دەبێ. کە زانی، وەها راچڵەکا کە هەستی کرد دڵی راوەستاوە. باوەڕی نەدەکرد. شتی وانابێ. ئەو تەنیا تەمەنی بیست و سێ ساڵە. لانیکەم دەبا پەنجا ساڵی دیکە بژیایە. پەنجا ساڵی تر، ئەو کاتەی وا ئیدی رواڵەتی جۆرێکی ترە. جۆرێک کە کەس نازانێ چۆن ئەمە هەر ئەو مرۆڤەی پەنجا یاخود شەست ساڵ لەوەپێشە.

تا عادەتی گرت، زۆری خایاند. شەوانە تا درەنگان بە دزییەوە لە ژێر بەتانییەکەیدا دەگریا. دەگریا و وێنەی ئەو رۆژەی دەهێنایە بەرچاوی خۆی کە قەرار بوو ئەویش لێرە لەم ژوورەدا لە سەر ئەم تەختە بمرێ و دواتر تەرمەکەی بەرنە دەرەوە. چ رۆژێکی ترسناک! بەڵام ئیستا چیدی بۆی ترسناک نەبوو. عادەتی پێگرتبوو. عادەتێک کە تەواویش ئارام و بێدەنگی کردبوو، مرۆڤێکی کەمدوو کە دەکرا هەموو کاتەکانی ژیانی لە بەر پەنجەرە گەورەکەدا دانیشێ و سەیری شارە گەورەکەی پشت پەنجەرەکە بە بیناکانییەوە بکا. شارێکی گەورەی راکشاو، کە لە دوورەدەستەکاندا لە تەم و دووکەڵ و تۆزدا ون دەبوو. زۆر جار ئەوێ، ئەو دوورەدەستانەی وەک مردن دەهاتەبەرچاو. ئەم ژوورە و ئەم بینایە و ئەم تەختە بۆ ئەو شوێنێک بوو وەک ئەو دوورەدەستە تەماوی و تۆزاوییە.

لە شەوە بێدەنگەکاندا کاتێ گڵۆپە کزەکان دەئایسان، دادەنیشت و بیری دەکردەوە. زۆربەی ئەوانەی وا لەم ژوورەدا دەژیان، پیر و بە تەمەن بوون. سەردانیش ئازاد بوو. بۆیە هەمیشە چەندین بنەماڵەی لێبوو کە سەردانی نەخۆشەکانی خۆیانیان دەکرد. ئەو بنەماڵانەی کە بە دڵسۆزییەکی فراوانەوە بە دەم ئازیزانیانەوە دەهاتن و هەوڵیان دەدا چی باشە بۆیانیانی بکەن.

دکتۆر گوتبووی کە رەنگە چاک بێتەوە. گوتبووی رەنگە ئەم نەخۆشییە بەرۆکی بەردا و رزگاری بێت.

 لە مێژبوو کە هەستی بە لاوازیی لەشی دەکرد. رۆژبەرۆژ زیاتر دادەهێزرا. ئیدی زیاتر لەجاران دەخەوت. کە دەشخەوت، وەک جاران خەوی نەدەبینی. تا بەیانی هەموو وێنەکان و بیرەکان لە مێشکیدا لەجوڵە دەکەوتن. زۆر درەنگ بەمەی زانی. چۆنیشی پێزانی، نازانێ. تەنیا ئەوەندەی بوو کە رۆژێک تێگەیشت کە تەنیا دوێشەوی لەبیرە و بەس. لەنێوان دوێشەو و بەیانیدا هیچ شتێکی دی رووی نەدابوو. شەوی دوواتریشی تاقی کردەوە، هەروابوو. کاتەکانی نێوان دوێشەو و رۆژ تەنیا تاریکی بوو و بەس. لە بیری دەهات کە جاران هەمیشە خەوی دەبینی. تا بەیانی لە بەر خەودیتن بۆخۆیشی نەیدەزانی چۆن دەخەوێ. کەچی ئیستا خەونەکان رۆیشتبوون، بەجێیان هیشتبوو.

بڕیاری دا بچێتە لای دکتۆر. دکتۆر، پیاوێکی تەمەن مامناوەندی بوو کە بۆنی جگەرە ئەڵێی لەگەڵی لەدایک بووبوو.

ـ دکتور گیان، ماوەیەکە خەون نابینم! کە دەخەوم هیچم لە خەوەکەم لەبیرنایەت!

دکتۆر مەعایەنەی کرد. فەحسی دڵ و سی و ئەوەی کە داخۆ تای هەیە یان نا. دواتر ناردی بۆ فەحسی خوێن. کە لە سەیری وەرەقەکان بوویەوە، داوای لێکرد کە بچێ بۆ تاران. ئەمیش جانتایەکی بچوکی دا بە شانیدا و چوو بۆ تاران.

ـ آقای دکتر مدتیە کە خواب نمی بینم. موقعی کە از خواب بیدار میشم هیچی از خوابم بە یادم نمیاد!

وەرەقە فەحسەکانیشی پیشاندا. دکتۆر ناردیەوە بۆ تاقیکردنەوەی خوێن. دواتر زانی کە مۆخی ئێسقانەکانی خوێن دروست ناکەن و هەربۆیە کەم خوێنە. دکتۆر گوتی بە تووش سەرەتانەوە بووە. کتوپڕ زانی کە چیرۆکی ژیان دەکرێ لە هەر شوێنێکیدا خاڵی کۆتایی لەسەردابنێی. بیری گفتوگۆیەکی خۆی لە گەڵ برادەرێک کەوتەوە. باسی چیرۆکیان کردبوو. ئەم گوتبووی ناکرێ ئەو چیرۆکە لەو شوێنەدا تەواو بێت. بەڵگەیەکی زۆریشی بۆ ئەم قسەیەی خۆی هێنابوویەوە. حەح! چ لە خۆرازیانە دوواوبوو. بەڵام نابێ بمرێ. چیرۆکەکە ناکرێ لێرەدا کۆتایی بێت. نە تەمەنی ئەوەیە و نە خەونەکان و شێوەی ژیانی ئەوە دەخوازن. ئەو دەبێ بژی، لانیکەم تا پەنجا ساڵی تر!

دوواتر چەند خێرا نەخۆشییەکەی گەشەی سەندبوو. لاوازتر و بێ هێزتر لەوەی کە بیری لێدەکردەوە. روخسارێکی سپی و جەستەیەکی نەرمۆڵە کە لە جەستەی کچی دەکرد. بەڵام دکتۆر گوتبووی کە رەنگە هەرلەخۆوە مۆخی رۆژێک بکەوێتەوە خوێن چێکردن. گوتبووی کە هیوایەتێک بۆ چاکبوونەوەی هەیە،… بەڵام هیوایەکی کەم، یەکجار کەم.

ئەم وازی لەو هیوایەتە کەمە هێنابوو، بەڵام چاوێکیشی هەر لێی بوو. کێ چووزانێ چ دەبێ. ژیان هەموو شتێکی بە بەرەوەیە. لە پەنجەرەکەوە زۆرجاران هەڵاتنی خۆری بینیبوو. دیتبووی کە چلۆن تاریکی بەرەبەرە دەبێ بە رووناکیی و دواتر هەتاو خۆی دەخەمڵێنێ. رقی لەخۆی دەبوویەوە کە بۆچی لە هەموو ساڵەکانی ژیانیدا بۆ جارێکیش بێت هەڵاتنی خۆری نەدیتبوو!

هەندێ جار پاڵتاوەکەی بە شاندادەدا و دەچێتە دەرەوە، یاخود بە راڕەوەکاندا دەگەڕێ. لە حەوشەکەدا رادەوەستێ و سەیری ئاسمان و گەڵا و چیمەن و درەختەکان دەکا. لە هۆڵەکانیشدا سەیری نەخۆشەکان.

ـ آقای دکتر میشە کاری کنید کە بتوانم دوبارە خواب ببینم؟

دکتۆرەکە تەنیا سەیری کردبوو. بە دکتۆرەکەی گوتبوو حەزدەکا خەون ببینێ، چونکە حەزناکا بەدەم خەوەوە بمرێ. گوتبووی کە خەون ناهێڵێ لە خەودا بمری. حەزی دەکرد لەکاتی مردندا ئاگای لەخۆی بێت. دەیویست بزانێ کە مردن چۆنە. ئەمە چییە کە ئاوا هەموو کەس لێی دەترسێ. سەرئەنجام دکتۆر گوتبووی کە خەون بینین پەیوەندی بە رادەی خوێنەوە لە جەستەدا هەیە. گوتبووی هەوڵبدە وەک جاران جەستەت خوێن دروست بکاتەوە، ئەوجار بێگومان خەون دەبینیتەوە.

هیچ کاتێک بە قەد ئەم ماوەیە بیری نەکردبووەوە. جاری وابوو بەو قەناعەتە دەگەیشت کە بیرکردنەوەی زۆری رۆژانە و شەوانە بوو کە بەشی خەونی نەدەهێشتەوە. دەبا کەمتر بیری کردبایەوە. بەڵام چۆن؟ هەوڵدەدا کتێب بخوێنێتەوە، یاخود رۆژنامە و شتی لەم بابەتە. بەڵام وشەکان زیاتر دەیخەنە بیرەوە. هەر وشەیەک ئیستا بۆخۆی جیهانێک بوو. شتە بچووکەکان چەند گەورە بووبوونەوە. جاری وابوو بە ساعەت بیری لە وشە یاخود رستەیەک دەکردەوە. هیچ کتێبێکی بۆ تەواو نەدەکرا. وشەکان یاخود رستەکان هەرکامەی کتێبێک بوون. جیهان چۆن دەیتوانی جێی ئەم هەموو وشە و رستەیە بێتەوە؟

جاری وابوو نیوەشەوان بە ژوورەکەدا دەگەڕا. بە بەردەم هەموو تەختەکاندا گوزەری دەکرد. ئەم سەر تا ئەوسەر. نەخۆشەکان یان خەوتبوون یان بێدار. ئەو چاوانەی کە لە سەقفەکانیان دەڕوانی و لایەکیان لەم نەدەکردەوە. شار لە پشت پەنجەرەکەدا لەم کاتانەدا دەنگەکانی خۆی دەخواردەوە. گڵۆپە زەردەکان لە بێتاقەتیدا ئاهیان هەڵدەکێشا.

هەرچۆنێک با دەبا خەون ببینێتەوە. خەون بینین لە بەرامبەر مەرگدا وشیاری دەکا. تا دەتوانی درەنگ دەخەوێ و زوو هەڵدەستێ. شەوانە سەعات دوو دەخەوێ و سبەی سەعات دوویش لە خەو هەڵدەستێ! کە هەڵدەستێ سەری قورس قورسە. نا، نابێ سەری وا قورس بێت. سەیری دەوروبەری دەکا. تا چاوی بە شتەکان عادەت دەگرێتەوە، پێی دەچێ. رەنگی ژوورەکە لە سپییەوە بەرەبەرە دەبێ بە رەنگە ئاساییەکان. نەخۆشەکان دەبینێ کە هەروا چاوەڕوانی مەرگن.

ئەمڕۆ کەس و کاری هاتوون. لە رێی دوورەوە هاتوون. دایکی دەگری و برا و خوشکەکانیشی بە دزییەوە. تەنیا باوکیەتی کە بیردەکاتەوە. باوکی وەک ئەم لە پەنجەرەکە دەڕوانێ و تا دەتوانێ چاوی بۆ ئەو سەری شار کە لە تەم و مژدا ون دەبێ، بەڕێ دەکا. تەنیا نیگاکانی باوکیەتی کە ئارامی دەکاتەوە. باوکی لەوێ نیە. لەوێ لەو سەری شار لەناو ئەو تەم و مژەدا خەریکە بە شوێن شتێکدا دەگەڕێ. بە ئارامی دەڵێ:

ـ بابە، بابە گیان!

باوکی لادەکاتەوە. ئەم سەیری ریشە سپییەکەی دەکا.

ـ ئەڵێم کە چاکبوومەوە، بەیەکەوە سەرێکی ئەو تەم و مژەی ئەو سەری شاردەدەین، …رۆژێک.

باوکی شتێک لە بینیایەتی. خەریکە دەیخنکێنێ. خۆی زیاتر بە سەر گۆچانەکەیدا دەدا. دەستی دەلەرزێ. ئەم دەیبینێ. دایکی بە گۆشەی لەچکەکەی لوتی دەسڕێ. چاوی ئەمیش لە تەم و مژەکەی ئەوسەری شار دەچێ. بەڵام ناوێرێ بیڵێ. تەنیا سەیری دەکا. تەم و مژێکی سوور. لەو تەم و مژانەی دەڵێی هەزاران هەتاو خۆیان تیا حەشارداوە.

ئەوەندەیان خواردن پێیە کە حیساب ناکرێ. دایکی بە بەستەیەک شیرینییەوە هەموو نەخۆشەکانی تر بەسەردەکاتەوەو و لە ژێر لێوەوە بەردەوام دوعادەکا. نەخۆشەکان و کەس وکارەکانیان دوعای بەخێری بۆ دەکەنەوە. دایکی کە دێتەوە، زیاتر دڵتەنگە. ئەوەندە دڵتەنگ کە تا ماوەیەک سەیری کوڕەکەی ناکا. کە دەڕۆن دایکی دەیەوێ بمێنێتەوە. ئەم ناهێڵێ. دەڵێ حەزدەکا تەنیا بێت. دایکی پێدادەگرێ. ئەم خراپتر. سەرئەنجام دایکیشی دەڕوا. کە رۆیشتن، ئەم وەک جاران هەڵدەستێ، قەمسەڵەکەی بە شاندا دەدا و وەڕێدەکەوێتەوە. خۆی وەک پشیلەکان دێتە بەرچاو. بزەیەک دایدەگرێ. ئەوەتەی لە بیری دێ پشیلە بۆی سەرنج راکێش بووە. بۆ خۆیشی نازانێ بۆ. رەنگە لەبەر ئەم ساتانە بووبێت!

ئیستا هەوا ساردتری کردووە. کە دەچێتە دەرەوە، کۆتەکەی لەبەردەکا. حەزی لەسەرمای دەرەوەیە. تازەی دەکاتەوە. هەستی نەخۆشی دەکوژێ. تا دەتوانێ هەوا هەڵدەمژێ. دواتر جگەرەیەک دادەگیرسێنێ. نازانێ زۆر بکێشێ یان کەم. دەڵێن ئەوانەی وا دەمرن ئیتر گوێ نادەنێ و زۆر دەکێشن. بەڵام ئەم وا نیە. جگەرە بۆیە خۆشە، چونکە دەزانی جارێکە نامری. کە دەزانی دەمری، جگەرەش تامی نامێنێت. جگەرەکە و دووکەڵەکەیشی دەڵێی مردوون! بێ رۆح، بی تام. جگەرەکەی فڕێدەدا. با، پزیسکەکان لە گەڵ خۆی دەبا.

دەگەڕێتەوە سەرەوە. لە سەر رێگا، ئەو پەرەستارە جوانە دەبینێ کە لە قاتی خوارەوە ئیش دەکا، لە بەشی ئەو کەسانەیدا وا نەخۆشیی دڵییان هەیە. چ دەبا یان ئەم نەخۆشی دڵی بایە، یان ئەو لە قاتی سەرەوە کاری کردبا. پەرەستارەکە بە دەمییەوە پێدەکەنێ. ئەم زۆر خێرا رووی لێوەردەگێڕێ. بێ تاقەت دەبێ. پەرەستارەکەی وەک جگەرەکە دێتە بەرچاو. ئەویش با دەیبا.

بە پلیکانەکاندا سەردەکەوێ. هەست بە بێ هێزییەکی سەیردەکا. لاقەکانی لە گەڵی نایەن. چەند جار دادەنیشێ. قادرمەکان لە حەوشێ بۆی ئاشناترن. دەزانێ چەند دانەن. بێ ئەوەی بیانبژێرێ، دەزانێ لە چەندەمین دانەیاندایە. لە سەر نۆهەمینیان دانیشتووەو بیر لەو مێڵانەی دەکاتەوە وا بەدەست گرتوونی. هەڵدەستێتەوە. هەرچۆنێک بێت خۆی دەگەیەنێتە سەر جێگاکەی. دڵنیا لەوەی ئەمشەو دووا شەوی ژیانییەتی، دەچێتە ناو جێگاکەیەوە. لێفەکە بەخۆیدادەدا، هەتا ژێر ملی. ئارامیی و لەززەتێکی سەیر روو لەجەستەی دەکا. لادەکاتەوەو لە پەنجەرەکەوە هەوڵ دەدا دوورەدەستەکان ببینێ. بەڵام بێ سوودە. چاوی یەکجار ماندووە. نا، نابێ بخەوێ. ئەو دەبێ ئاگای لێ بێت چۆن دەمرێ. بیری دایکی دەکاتەوە. بیری ریشە سپییەکەی باوکی. بیری حەوشە، جگەرە، پشیلە، پەرەستارەکە و پلیکانەکان.

***

دایکی لە پەنجەرەکەوە هاواری لێدەکرد.

ـ کوڕە وەرە ژوورەوە سەرمات دەبێ، …نەخۆش دەکەوی.

ئەم گوێی لە هیچ نەبوو. بارانێکی ئەوەندە خۆش دەباری کە نەدەکرا پیاو نەچێتە بەری. جەستەیەکی تەڕ تەڕ وەک پشیلەیەکی خووساو. سارد وەک مێڵەکانی قادرمەکانی خەستەخانە، بارانێکی جوان وەک پەرەستارەکە، لەناو ئاسمانیشدا لەو دوورەدەستانە وەک تەم و مژەکەی ئەوبەری شار لە پەنجەرەکەی خەستەخانەکەوە، …ئاە چەند خۆشە! دایکی نازانێ باران چ مانایەکی هەیە. ئەم لە کتێبەکانەوە فێربووە، لە پەرەستارەکەی خەستەخانەکەوە، لە خوڕەی بنجۆکانەوە.

دایکی هەر هاواری لێدەکا. خۆشک و براکانی بەرەبەرە دێنە بەر پەنجەرەکە. بە بزەوە سەیری دەکەن. دەنگی رادیۆی باوکی کە باسی لافاو لە شوێنێک دەکا بە ئاستەم دەڵێی دەگاتە گوێی. هاوار دەکا:

ـ بەباوکم بڵێ دەنگی بداتێ، …دەی دایەگیان با دەنگی بداتێ!

ئاگای لێیە باوکی هەڵدەستێ، بەڵام گۆچانی پێ نیە و ریشیشی سپی نیە. باوکی لەباران ناترسێ.

ئەوەندە تەڕە کە پێی وایە کەس لە دنیادا بەقەد ئەو تەڕ نەبووە. رەنگە هیچ بارانێکیش بە قەد ئەم بارانە تەڕ نەبێت! هەناسە ساردەکان هەڵدەمژێت و دەمی دەکاتەوە. چ بارانێکی بەلەزەت!

خەبەری دەبێتەوە. لەشی تەڕتەڕ، خوساوی ئارەقێکی سەیربوو. لەگەرمانا خەریک بوو دەپڕووکا. راچەنی. تەحەمول نەدەکرا. دەبا بچێ خۆی وشک کاتەوە و جل و بەرگ بگۆڕێ. جل و بەرگەکانی لەودیون، لە کومێدی ژوورەکەی تەنیشتی ژووری دایک و باوکی. هەستا. دەبێ وابڕوات کە کەس لەخەونەکات. بەتایبەت دایکی کە خەوی یەکجار سووکە.

کتوپڕ خۆی لە ژوورێکی یەکجار گەورەدا دەبینێتەوە. ئێرە کوێیە؟ جوان سەیری دەورووبەری دەکا، سەیری ئەو هەموو تەختە کە لە ژوورەکەدابوون و ئەو هەموو خەڵکەی کە لە سەریان خەوتبوون. وەرگەڕاو سەیری پەنجەرەکەی کرد. شار خۆی لەبەر یەکەم گزنگی بەیاندا دەکێشایەوە، …لەخەو هەڵدەستا.

پێکەنینێکی سەیر دایگرت. لەو پێکەنینانەی کە بە منداڵی دایدەگرت. لەو پێکەنینانەی کە لە هەورە تریشقەی بەهاری دەکرد. کتوپڕی و بەسام و جوڵێنەر.

ئەو نەخۆشانەی وا بەخەبەربوون، بە سەرسوڕمانەوە لێیان رووانی. ئەوانەیشی وا خەوتبوون لە خەوراچڵەکان. تەنیا مردووەکان نەجوڵان.

بیری کردەوە کە بێگومان هەر ئەمڕۆ لە گەڵ باوکی سەردانی تەم و مژەکەی ئەوسەری شار دەکەن. ئا، لە گەڵ باوکی.

فەڕۆخ نێعمەتپور

ئەم چیرۆکە لە کتێبی “لەگەڵ چپەی گەڵاکان” چاپ کراوە.

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *