فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

وتووێژ لە سەر رۆمانی “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام”

کات 15/10/1393 202 بازدید

گفتوگۆ لە گەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور
ئامادەکردنی: ئارام سدیق

١- سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت له‌ بیرۆکه‌ی رۆمانه‌که‌ بپرسم بیرۆکه‌ی رۆمانی (باڵنده‌ی بریندار، ماسی سه‌رسام) چۆن لای تۆ گه‌ڵاڵه‌ بوو؟

ـ ئارام گیان! پێش ئەوەی دەست بکەم بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانت، حەز دەکەم بڵێم کە هەموو پرسیارەکانت، ئەوانەی لەم گفتوگۆیەکدا رەچاوکراون، خۆیان لە قەرەی فەلسەفە و باسە بنەڕەتییەکان دەدەن. ئاماژەم بەمە دا بۆ ئەوەی بڵێم وا دیارە رۆمانەکە تەواو کاریگەرییەکی فەلسەفی و مانایی لە سەر زەینی تۆی ئازیز بە جێ هێشتووە. ئەمە وام لێدەکا بڵێم من لەم کتێبەی خۆمدا کەواتە توانیوومە رۆمانێکی فەلسەفی پێشکەش بە خوێنەران بکەم. هەڵبەت ئەوەی چەندە کتێبەکە توانیوویەتی ئەم کارە لە رێگای ئامرازی ئەدەبەوە بکا، بۆ خۆی باسێکی ترە.

بەڵام با بگەڕێینەوە سەر پرسیارەکەت. ئەوەی کە چلۆن بیرۆکەی ئەم رۆمانە لە زەین و مێشکی من دا سەری هەڵدا. دەزانی، مرۆڤ کە عادەتی بە نووسین گرت، بەردەوام لە گەڵ خوێندنەوەکانی، لە گەڵ دیتنەکان و قسە و باسەکانی لە گەڵ خەڵک، زەینی سەرقاڵی هەندێ رەوت و دیاردەیە کە تەنیا لای خۆی ئاشکرایە. ئەم رەوتانە جاری وایە بەرە بەرە لە زەین دا جگە لە پشکوتن، دەتوانن گەڵاڵە بن و هەڵبدەن بۆ مانایەکی ئەدەبی ـ سیستماتیک. جگە لەمە هەندێ وێنە و بیرەوەریی هەن کە دەتوانن بەردەوام بگەڕێنەوە و لە گەڵ خۆیان بە گوێرەی ئەزموونەکانی قۆناخەکانی دوواتری تەمەن، کۆمەڵێک دەلالەتی مانایی تر بدەن بە دەستەوە. نازانم بۆ، بەڵام یەکێک لەو وێنانەی لە دەروون و زەینی من دا هەن وێنەی گەورەکان و ئاشنا بە تەمەنەکانی منن کە هەمیشە یاخود زۆر کات ئەوانم بە تەنیا لە کاتی بیرکردنەوەکانیاندا لە ناو حەوشە یاخود لە ژێر درەختێکدا بینیوە و ئەمە بووە بە وێنەیەکی داکوتراوی ناو ئەلبۆمی دەروون و زەینی من. من ئەم وێنەیەم هەمیشە لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ئەلبۆمی دەروونمدا بە چەندین و چەندین بارە سەیرکردووەتەوە و دیسان و دیسان پێی موعجیب بوومەتەوە. من نازانم ئەو گەورانە تا چەندە لە دەروونی خۆیاندا خاوەن ئەندێشە و فکر بوونە، چونکە قەت شتێکی ئەوتۆم لێ نەبیستن. بەڵام ئەو بیرە لای من هەر لەو کاتەوە گەڵاڵە بوو کە بە راستی بیر لە چی دەکەنەوە و چلۆن تێدەفکرن. هەر ئەم پرسیارانە دوواتر کاتێک گەورەتر بووم منی بەرەو ئەوە هان دا کە دابنیشم و لە جیاتی ئەوان بیر بکەمەوە لەو شتانەی کە ئەوان بە جۆرێک لە جۆرەکان بیریان لێکردووەتەوە و، بەڵام نەیانتوانیووە بیدرکێنن.

“باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام”، لە راستیدا بە گشتی بەرهەمی وەها رەوتێکە. من لە نیگای گەورە بە ساڵاچووەکانی دەورووبەرمدا زۆر شتی قوڵی نەگوتراوەم دەبینی. وەک بڵێی لەو نیگایانەوە کۆمەڵێک شت بۆ من خوازراوانە یان نەخوازراوانە گوازراوەتەوە کە من دەبا دوواتر لە قۆناغەکانی تری تەمەنمدا سەر لەنوێ پێیاندا بچمەوە و بیانگێڕمەوە.

ئەمە بنەمای سەرەکی رۆمانەکەیە، بەڵام ئەوەی کە چلۆن بەم شێوەیە و لە دوو توێی ئەم رۆمانەدا خۆی نواند، دەبێ بڵێم کە وەڵامدانەوەی ئەستەمە. ئەوەی کە چلۆن ئەم شێوازە لە وێنەکان دێن و دەروون داگیر دەکەن، خۆی لە خۆیدا رازێکە. دەتوانم بڵێم کە لای من ئێوارە و حەوشە ئیستایش لەو وێنە و مانا گەورانەن کە زەینی من پێیانەوە سەرقاڵن. دێتەوە بیرم کە رۆژێک کتوپڕ ئەم وێنەیە هاتە ناو زەینمەوە کە مرۆڤێک ئێوارەیەکی درەنگان لە ژێر درەختێک لە حەوشە دادەنیشێ و لە کاتێکدا سەیری پەنجەرە روونەکانی داگیرساو بە گڵۆپ دەکا، هەر لەو کاتەدا زەینی دەچێتە سەر درەختەکەی تەنیشتی. ئەمە پزیسکەکە بوو. دوواتر وێنەکانی تر هاتن. ژنێک و دوو منداڵ و هتد. زەین و خەیاڵی مرۆڤ سەیر و موعجیزەئاسایە. ئیتر هەستم کرد دەبێ دابنیشم و بنووسم. شتێک بەردەوام لە دەروونمدا گەورە و گەورەتر دەبوو. وەک منداڵ لە منداڵداندا. بەڵام ئەمە بەو مانایە نەبوو هەموو شتەکان بە تەواوی ئامادە کراو بوون. مەجبوور بووم ئیتر زەین و بیری خۆم بگوشم و هێدی هێدی وێنە و بیر و رووداوەکان لای خۆم فراوان و فراوانتر بکەم،… ئەوەندەی کێش بدەم کە بتوانێ ببێ بە بەرهەمێک.

٢- بوون تێمای سه‌ره‌کی رۆمانه‌که‌یه‌، به‌س روون نییه‌ ده‌ته‌وێت بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاکانی بوون و چۆنێتی په‌یدابوونی ده‌ستنیشان بکه‌یت، بوونێکی نوێی فه‌نتازی بخولقێنیت؟

ـ سەرەتا با ئاماژە بەوە بکەم کە یەکێک لە مەبەستەکانی من لە بوون لەم رۆمانەدا هەم ئاماژەیە بە essens واتە زات و هەم ئاماژەیە بە konkret واتە دیاریکراو و تایبەت، من لە باری وشەوە جیام نەکردوونەتەوە. وەک دەزانی وجودییەکان پێیان وایە کە بە بێ کۆنکرێت ناتوانین زات پێناسە و دیاری بکەین و لەم پێناوەدا گرینگیی تایبەتیش دەدەن بە ئازادی بۆ دیاریکردنی ئەو زاتەی کە مرۆڤ دەتوانێ لە ژیانیدا هەیبێ. من لەم کتێبەدا هەوڵ دەدەم بڵێم زاتێکیش هەیە و لە راستیدا سەرەڕای هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ بەرجەستەکردنی خۆی، شتێک هەیە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی وییە. وێنەی کۆتایی رۆمانەکە (ئەوەی کە گەڵایەکی سەوز دەمێنێتەوە و گەڵایەکی قاوەییش زەوی قوتی نادا)، نیشانەی ئەوەن کە یەکجار کەمن ئەوانەی دەتوانن لەم زاتە رزگاریان بێت.

بەڵام سەبارەت بە پرسیارەکەت. دەتوانم بڵێم رەنگە هەموویان پێکەوە. هەم سەرەتا و هەم کۆتایی، هەم هەوڵدان بۆ فەنتازیایەکی تر و هەم نەگەیشتن پێی. رەنگە ئەوەیش کە سەرەڕای هەوڵدانەکان، هەندێ دیاردە هەن کە نەگۆڕن و هەمیشە رێدەکەن.

٣- له‌ رۆمانه‌که‌دا زۆر باسی گرنگی “ژماره” ده‌که‌یت، ئه‌مه‌ش من لاموایه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ “بوون”ه‌وه و بوونی ئێمه‌ له‌ کۆمه‌ڵێک ژماره‌ پێکهاتووه‌، تۆ خۆت چ قسه‌یه‌کی ترت هه‌یه‌؟

ـ حەتمەن دەزانی کە فیساغورسییەکان لە زەمانی یۆنانی باستاندا وەک رێچکەیەکی فەلسەفی باوەڕیان وابوو کە ژمارە دایکی هەموو شتێکە. دەیانگوت ژمارە سەرچاوەیەو هەموو شتێک لەوەوە سەرچاوەی گرتووە. وەک چۆن تالیس دەیگوت ئاو سەرچاوی بوونە و ئاناکسیمێنس یش دەیگوت هەوا. فیساغورسییەکان گرنگییان بە راهێنانی بێدەنگی دەدا (بیر لە بێدەنگی دانیشتەکانی پیاوەکەی ژێر درەختەکە بکەوە). هەڵبەت تەنیا فیساغورسییەکان نین کە گرنگی بە ژمارە دەدەن، ئەمە دوواتر لای هیگل و مارکسیش بە جۆرێکی تر گرنگی پەیدا دەکا. لای ئەوان گۆڕان لە چلۆنایەتیدا بە هۆی گۆڕان لە چەندایەتیدا پەیدا دەبێ (بۆ وێنە ئاو لە سەد دەرجەی گەرمی دا دەبێ بە هەڵم) واتە لە چلۆنایەتییەکەوە دەگۆڕدرێ بۆ چلۆنایەتییەکی دیکە بە هۆی گۆڕان لە ژمارەدا.

۴- دوو فیگۆری سه‌ره‌کی رۆمانه‌که‌ ‌‌ (باڵنده‌ی بریندار، ماسی سه‌رسام) که‌ رۆمانه‌که‌شت به‌ ناوی ئه‌وانه‌وه‌ ناو ناوه‌، هه‌ست به‌وه‌ ده‌که‌م یه‌کیان نوێنه‌ری زه‌وییه‌ و ئه‌وی تر نوێنه‌ری ئاسمان تۆ خۆت ده‌ڵێی چی؟

ـ زیاتر لەوەی بمانەوێ وەک نوێنەر ناویان لێبەرین، دەبێ بڵێم کە ئەو دووانە هێمای کارکردنن لە قوڵاییەکان و لە بەرزاییەکاندا. گەر درەخت ریشە بۆ ژێرەوە دەهاویژێ و گەڵا و لق و پۆپ بۆ سەرەوە، کەواتە لەم رۆمانەدا دوو شوێن وجوودی هەیە. ئەو دوو شوێنەی وا پەل دەهاوێن و بوونەوەرەکانی تری دەورووبەری خۆیان بە تایبەت دوو منداڵی ناو ماڵەکە بەرەو خۆیان هان دەدەن. ئەمە دەڵێم لە بەر ئەوەی پرسیارەکەی تۆ زۆرتر وەبیرهێنەری دابەشکردنێکی قودسیانە و مەزهەبیانەیە.

۵- له‌ لاپه‌ره‌ ٢١دا گومانێکی گه‌وره‌ ده‌خه‌یته‌ڕوو کاتێک له‌ ده‌نوسیت “ئه‌سڵه‌ن تۆ بڵێی خولقاندن و ونبوونێک هه‌بێت” ئه‌م گومانه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ خالق له‌ کوێوه‌ هاتووه‌، یان ئه‌مه‌ ره‌تکردنه‌وه‌ی خالقه‌؟

ـ رستەیەکی وەها دەکرێ لە بەستێنی رۆمانەکەدا جۆرەها تەعبیری لێبکرێ. ئەمە خوێنەرە بڕیاری لە سەر دەدا. بەڵام بە رای من گەر لە

چاوی خالقیشەوە سەیری بکەین (وەک دەزانی خالق دەکرێ مانای جۆربەجۆری هەبێ)، دەکرێ لە گشتیەتی خۆیدا خوڵقاندن و ونبوون یەک شت بن. ئەم دوو وشەیە زەمانێک دێنە ئاراوە کە دیدی ئێمە کۆنکرێتی دەبێتەوە. لە جیهانێکدا کە شتەکان هەموو ئان و ساتێک لە دایک دەبن و لە ناو دەچن، دەکرێ لە دیمەنێکی گشتی تردا ئەم رەوتە وەک خوڵقان و ونبوون نەبیندرێ ئەوەندەی کە وەک خوڵق ـ ون دەتوانرێ ببیندرێ، یان وەک ون ـ خوڵق. گەمە زمانییەکان تەنانەت دەتوانن پرسپێکتیوی زیاترمان لە بەر چاودا بکەنەوە.

۶- له‌ لاپه‌ڵه‌ ٣١دا هه‌ست به‌ ڕه‌تکرنه‌وه‌ی بیردۆزه‌ ئاینییه‌کان ده‌کرێت بۆ بوون کاتێک ده‌نوسیت”چ درۆیه‌کی گه‌وره‌یه‌ مرۆڤ له‌ ئاسمانه‌کانه‌وه‌  دابه‌زیوه‌ته‌ خواره‌وه‌”، ئایا ئه‌مه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی بیردۆزه‌که‌ی داروین نییه‌ بۆ بوون لای تۆ؟

ـ وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشووتردا گوتم ئەمە دەکرێ لە بەستێنی کتێبەکدا تەعبیری جۆراوجۆری لێبکرێ. من رەنگە وەک خۆم تەعبیر یاخود بڕوای تایبەتی خۆم هەبێ بۆ خوڵقان، کە ئەمە زۆر گرینگ نیە و نابێ لە بەستێنی کتێبەکەدا گرینگیی سەرەکی هەبێ. گەر من هەوڵ بدەم لەم رۆمانەمدا روانگەی تایبەت بە خۆم بسەپێنم، پێم وابێ کارێکی ناعادڵانەم کردووە. ئەو رستەیەی تۆ لێرەدا ئاماژەت پێداوە، تەنیا دەتوانێ یەکێک لەو بۆچوونە بێ ئەژمارانەی بێت کە یەکێک لە کەسایەتییەکانی چیرۆکەکە هەر دەم پێیان دەگا و بە تەواویش بەستراوەتەوە بە فەزای کۆنکرێتی سات بە ساتی ناو رۆمانەکەوە.

٧- له‌لاپه‌ره‌ ۵٢دا ده‌نوسیت “له‌ هه‌ر شوێنێک بیت دونیا چاوه‌ڕوانییه” ئه‌مه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ که‌ مرۆڤ ئاژه‌ڵێکی چاوه‌ڕوانه‌؟ یان ده‌توانین بڵێن مرۆڤ چاوه‌ڕوانی له‌گه‌ڵ بوونیدا ده‌هێنیته‌ بوونه‌وه‌؟

ـ من پێم وایە چاوەڕوانی وەک تۆ گوتت لە گەڵ “بوون” لە دایک دەبێت. کاتێک قەرارە هەموو شتێ گۆڕانی بە سەردا بێت، کەواتە هەمیشە چاوەڕوانی قۆناغی دوواترین کە قەرارە گۆڕانێکی تر بێت، جا چ بەم چاوەڕوانییە بزانین یان نەزانین. ژیان و بوون چاوەڕوانییەکی گەورەیە، چ لە ئاستی میکرۆدا (بچوک) و چ لە ئاستی ماکرۆدا (گەورە). گۆڕان و چاوەڕوانی هەم تراژیدیای ژیانن و هەم مانایش بە ژیان و بە بوون دەدەن. هراکلیت فیلسوفی یۆنانی باوەڕی وا بوو کە شتەکان هەمیشە لە حاڵی گۆڕان و رۆیشتن دان. بەم فیلسوفەیان دەگوت خەمگین و تاریک ئەندێش و بەدگۆمان!

٨- له‌ لاپه‌ره‌ ۵۴دا ده‌نوسیت :”ژیان کایه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌”ده‌مه‌وێت له‌ دیدی ئێوه‌وه‌ بزانم مرۆڤ له‌م نێوانه‌دا یاریکه‌ری ئه‌و کایه‌یه‌، یان یاریپێکراوه‌. له‌ رۆمانه‌که‌دا هه‌ست به‌وه‌ ده‌کرێت یاری پێکراوه‌؟

ـ  هەر دووکیان. ئێمە هەم یاریکەرین و هەم یاری پێکراو. دێینە دونیاوە بە بێ ویستی خۆمان (یاری پێکراو)، ئەو ساتەوەختانەیش دەژین دەمانەوێ یاریکەر بین. هەڵبەت ئەوەی کە چەندە لەم داوایەی خۆماندا سەردەکەوین باسێکی ترە. دەمرین بە بێ ویستی خۆمان (یاری پێکراو)، خۆمان دەکوژین بە ویستی خۆمان (یاریکەر). دەزانی، ژیان و بوون کۆی ئەم جۆرە حاڵەتە پارادۆکساڵانەن. تەواوی هەوڵی مرۆڤ ئەوەیە کە لەم حاڵەتە پارادۆکساڵە (دژ بەیەکە) کەم بکاتەوە. جا هەندێ کەس دەیانەوێ بە تەسلیم بوون ئەم کارە بکەن (کە ژمارەیان یەکجار زۆرە) و، هەندێ کەسی تریش بە بەرەنگاربوونەوە (کە ژمارەیان یەکجار کەمە)، بەڵام سەیر ئەوەیە کە چیرۆکەکە هەتا هەنووکەیش درێژەی هەیە!

٩- له‌ لاپه‌ره‌ ۵٨دا ده‌نوسیت: “هه‌بوون پێش گرنگی ده‌که‌وێت” ئه‌مه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی بوونگه‌راکانه‌ لای تۆ و ره‌تکردنه‌وه‌ی کۆجیتۆکه‌ی دیکارته‌. چی ترت له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ خوێنه‌ر؟

ـ وادەردەکەوێت ئەم رستەیە لە بوونگەراکان نزیکە، وەک رستەکە ئاماژەیشی پێداوە لە پەیوەندیی لە گەڵ “گرنگی” دا. واتە بوون لە “گرنگی” لە پێشە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە بوون لە گرنگیی گرنگترە. پێم وابێ گەر ئاوا سەیری باسەکە بکەین تەواو بە شێوازی تر دەگەین. سەیر کە، گەر بوون نەبێ، چلۆن گرنگی دەبێ؟ بوون وەک مانایەکی رووت (واتە بەدەر لە هەر مانایەک) دەبێ هەبێ بۆ ئەوەی بتوانین مانای تری (مانای کۆنکرێت) ی  لێ بار بکەین.

دیکارت دەڵێ “من بیردەکەمەوە، کەواتە هەم”، لێرەدا نازانم مەبەستی تۆ چییە، چونکە ئەو رستەیەی ئاماژەت پێداوە پەیوەندیی بەم رستەیەی دیکارتەوە نیە. دیکارت وەک ئەقڵگەرایەک بیر بە تاقە بوونی رەسەن دەزانی و، ئەوانی تری بە جێی متمانە نەدەزانی. هەڵبەت خودایشی وەک گرەنتیی ئەم حەقیقەتە ناو دەبرد. هەڵبەت دەتوانم بە شێوەیەک ئەم بۆچوونەی تۆی ئازیز بە رستەی ناو رۆمانەکەوە گرێ بدەم، ئەویش ئەوەی کە بوون دەتوانێ لە شێوازی دیکارتیانەدا بە شێوەی سەرەکی تەنیا “بیر” بێت و بەس. لەم حاڵەتەدا دەتوانین بڵێین کە بیر پێش گرنگیی دەکەوێ. کەواتە بە پێچەوانەوە وادیارە رستەکەی ناو رۆمانە خەریکی تەئیدکردنی دیکارتیشە!

١٠ – له‌ لاپه‌ره‌ ۶٧دا ئاماژه‌یه‌ک هه‌یه‌ بۆ تێکچوونی بوونی راسته‌قینه‌ مرۆڤ و به‌ پلاستیکبوونی مرۆڤ، هه‌ست ده‌که‌یت ته‌کنه‌لۆژیا ئه‌م دۆخی به‌ پلاستیکبوونه‌ کردووه‌ یان رۆحی مرۆڤی سه‌رده‌م به‌ره‌و کاڵبوونه‌وه‌ ده‌ڕوات؟

ـ بە رای من هۆکاری گۆڕانەکان فرەچەشنن. هەم ئەم و هەم ئەو. بەڵام ئەوەی کامیان گرنگیی زیاترە و کامیان بنەڕەتی ترە، باسێکی جیاوازە. کاتێک مرۆڤ زیاتر سەرقاڵی “کاڵا” واتە شتە بەرهەم هێنراوەکانی ناو بازاڕ دەبێ و شێوە ژیانی خۆی زیاتر بەوانەوە گرێ دەدا، پرۆسەی بە پلاستیک بوون خێراتر تێیدا سەرهەڵدەدا. چونکە وەک مارکس دەڵێ مرۆڤ بوونەوەرێکی فرەچەشنە و لەم فرەچەشنەیدا مانا پەیدا دەکا. کاتێکیش ژیان و بوون وەهای لێدێ کە تاکڕەهەندی بوون سەرهەڵدەدا و مرۆڤ باڵانسی “بوون”ی خۆی لە دەست دەدا، ئیتر رەوتی بە پلاستیکبوون بە خەستی دەست پێدەکا.  

١١- ره‌نگی سوور وه‌کو ره‌نگی بوون و خودا ته‌نانه‌ت هه‌موو خولقاندنی دونیایه‌ک که‌ هه‌موو سووره‌، سوور لای تۆ ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامی یان ئاماژه‌یه‌ ئه‌و هه‌موو خوێنڕێژییه‌ی که‌ هه‌موو لایه‌کی دونیای گرتۆته‌وه‌، یان چی تر؟

ـ دیسان دەکرێ بڵێم رەنگە هەموویان! خوڵقان وەک ونبوون بریتیە لە گۆڕان. گۆڕانەکانیش لە هەر حاڵەتیاندا (چ لە دایکبوون و چ مردن)، زیاتر لە رەگەزی سوورن. بەردەوامی ژیان لە “بوون” دا بە واتای رەنگڕێژکردنی ژیانە بە سوور. بوون زۆرتر لە رەگەزی سوور دەکا، لانیکەم لە ساتەوەختی دەستپێکیدا. رەنگە هەر لەبەر ئەمەیشە کە تەنانەت خوڵقێنەرەکەیشی هیچی لە دەست نایەت لە ئاست ئەو هەموو نەهامەتییەی بەشەر. خوڵقێنەر لە شوێنێکی سوور دەژی. مرۆڤ تا ئەم ساتە وەختەیش دەیەوێ بیگۆڕێ، هەر بۆیە هەندێ کەس وەک باڵندەی بریندار بۆی دەفڕن و هەندێ کەسی تریش وەک ماسی سەرسام کون و کەلەبەری ئەو ژێرژێرانەی بۆ بەیەکا دەدەن، بەڵام…، بەڵام ئاکام؟…،… هەوڵێک کە هێشتا درێژەی هەیە.

گفتوگۆ لە گەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور
ئامادەکردنی: ئارام سدیق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *