فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دارگوێزەکانی هەورامان

کات 13/08/1394 186 بازدید

دارگوێزەکانی هەورامان

کاتێک دارگوێزەکانی هەورامان نەخۆشیی سەرەتان لێی دان، “رۆناڵد ریگان” سەرۆک کۆماری ئامریکا کە لە ژوورە گەورەکەی خۆی لە تەنیشت ژنەکەی دا خەوتبوو، لەخەوڕاچڵەکا و لە کاتێکدا ئارەقێکی سارد هەموو جەستەی لەخۆگرتبوو، سوێندی خوارد جارێکی تر بە شێوەیەکی جیددی بەرژەوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکان کەوتووەتە بەر مەترسیییەوە و هەربۆیە دەبێ هەرچی زووتر هێرش بکاتە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەم کاتەدا نەنکم کە خەریکی تەشی رستن لە ژێر تاقە دارگوێزی حەوشەکەماندا بوو، چاوی بەو پەڵە رەشەیە کەوت کە لە دوێنێکەوە بە ناوقەدی دارگوێزەکەوە دەرکەوتبوو، زریکەیەکی لێوەهات و بە هەڵەداوان تا ئەو جێگایەی جەستەی پیری ئیزنی پێدەدا، خۆی گەیاندە لای حکومەت و داوای دکتۆر و دەرمانی لێکردن.

دکتۆرەکان کە قەت ناوی سەرەتانی دارگوێزیان نەبیستبوو، بە سەرسوڕمانەوە لە یەکتر و پاشان بە تێکڕا لە دایەگەورەم رامان، ئەوسا پێکەوە کاغەزێکیان نووسی و ئیمزایان کرد و، داوایان لە بەشی گشتیی تەندروستی کرد دایەگەورەم بە تاوانی شێتێی بنێرن بۆ شێتخانە، تا لەوێ لەژێر چاوەدێریدا بێت. بەڵام دایەگەورە لەوە چوست و چالاکتر بوو دکتۆرەکان بتوانن بیگرن، هەر بۆیە پاش ئەوەی بە نووکی تەشییەکەی روومەتی هەموو دکتۆرەکانی بریندارکرد و بە بەنە چێنراوەکەی، قاچ و دەستی هەموویانی بەستەوە، هەڵات و رووی لە حەوشەکە کردەوە و، لەژێر دارگوێزەکە دیسان دەستی کردەوە بە تەشی رستن. دیسان ئەو خورییە خاوەی دەوری قۆلی خۆی رستەوە کە بۆنی مەڕەکانی دەشتی لاجانی دەدا.

رێک لەم کاتەدا دایەگەورەم بەمەوە سەرقاڵ بوو، رۆناڵد ریگان لە رێگای تەلەفۆنەوە فرمانی هێرشی دەرکردبوو و، پاشان خەنی لەوەی توانیبووی ئەمریکا لە هەڕەشەیەکی کتوپڕی و گرینگ بپارێزێ، چووبووە ئاودەست، دووشی گرتبوو، دیانەکانی شۆردبوو، ریشی تاشیبوو و بە جلوبەرگە فەرمیەکانییەوە چووبووە سەر مێزی نانی بەیانی. بەڵام بەداخەوە هێشتا لە بەشی هەواڵەکانی ئەمڕۆی رۆژنامەکەی بەردەمی باسی هێرشەکەی تیانەبوو. خەمین لەمە، قومێکی لە قاوەکەی دا و بیری لە بەیانی کردەوە کە چلۆن بە تیترێکی گەورە هەر ئەم رۆژنامەیە سبەی باس لە کردەیەکەی سەربازی مەزن دەکا کە مانایەکی یەکجار گەورەی دەبێ بۆ هەموو مێژوو و هەموو مرۆڤایەتی، چ کۆن و چ داهاتوو.

دایەگەورە هێشتا دوو دەور تەشییەکەی بانەدابوو کە دیسان بیری نەخۆشیی دارگوێزەکە کەوتەوە. تەشییەکەی دانا و هەستا و ئەمجارە ئارام لە قەدی درەختەکە نزیک کەوتەوە. جوان لێی رووانی. رێک نیو مەتر بەرزتر لە عەرزەکە پەڵەیەکی رەش بە ناو قەدی درەختەکەوە بوو. دەستی پیاهێنا. درەختەکە لەوێدا کەمێک بۆش دەینواند. نەرمتر لە تۆڵاش. ئەوسا سەری هەڵبڕی و لە لق و لە گەڵاو لە گوێزەکان راما کە هێشتا هەواڵی نەخۆشییەکەیان پێ نەگەیشتبوو. بیری کردەوە کە تا ئەم هەواڵە دەگا، رەنگە بتوانێ کارێ بکا. بیری کردەوە و بیری کردەوە. دەیزانی سەرەتان چاری نیە، بەڵام دەبێ سەرەتانی دارگوێز چاری هەبێ! هەستاو چوو مێووڕۆنێکی گرتەوە و خستیە سەر برینەکە. ئەوسا دۆعایەکی بەسەردا خوێند و فوویەکی پیاکرد و، هاتەوە شوێنەکەی خۆی. هێشتا گڵۆڵەیەکی تری نەچنی بوو دەنگی بەسامی شتێک، سەرنجی قۆستەوە. سەری هەڵبڕی و، سەیری دەورووبەری خۆی کرد. پێی وانەبوو هیچ بوونەوەرێک لەم جیهانەدا بتوانێ هەبێ و، خاوەنی وەها دەنگێکی سامناک بێت. لە چیرۆکەکاندا ئا، بەڵام لێرە لە ناو راستییەکانی ژیاندا نا. بۆیە بە خەیاڵی ئەوەی تەنیا وەهمی پێرییە و نە چیتر، دەستی کردەوە بە رستنەوەی تەشی. چەندە ئەم تەشیەیشی خۆشدەویست! دایکی گوتبووی لە نەوەکانی پێشترەوە بەر میرات مابووەوە، وەها کەس نازانێ کام نەوە. بە وردی سەیری دەکا. رەنگە لەو نەوەوە مابێتەوە وا یەکەم جار لە ژێر ئەم دارگوێزەدا دانیشت. کتوپڕ زانی تەشییەکە لە دارگوێزە. رەنگە لە لقێکی هەر ئەم دارگوێزە. لەم بیرکردنەوەیەدا بوو دەنگەکە لێی نزیک و نزیکتر کەوتەوە.

بۆ سبەی، ریگان لە کاتی ناشتادا لە سەر لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکان، وێنەکانی بینی. فڕۆکە شەڕکەرەکان بە ئاسمانەوە، ئەوسا لە کاتی نیشانەگرتنەکاندا و دوواتر مەبەستە پێکراوەکانی ناو دووکەڵ و گڕ و تەپ و تۆز. سێ وێنەی تۆکمە و پڕ بە پێستی رووداوەکە. پەرداخە شیرەکەی حەوادا و لە بەرخۆیەوە بە خۆشیی سەرکەوتنەکەی، قومێکی قوڵی لێدا. لە سەیرکردنی وێنەکان تێرنەدەبوو. سەرئەنجام تەلەفۆنێکی بۆ هات و، دەبا رۆژنامەکە دابنێ. سەرۆکی سوپا بوو. بە پێکەنینەوە لەو سەر خەتەکەوە گوتی:

ـ “قوربان! مەبەست سەداسەد پێکراوە، چاوەڕوانی فرمانی تر دەمێنینەوە.”

ریگان ویستی وەڵامی بداتەوە، بەڵام کتوپڕ بزەکەی سەر لێوی خنکا. شتێکی بچوکی ناو وێنەکان کە بینیبووی، بەڵام سەرنجی نەدابوویە، هاتەوە بەرچاوی. بەپەلە ماڵئاوایی کرد و گووشییەکەی دانا و، سەیری رۆژنامەکەی کردەوە. جوانتر لێی راما. ئەوسا دیتییەوە. لە ناو دووکەڵ و گڕ و تەپ و تۆزدا، سەری پیرێژنێک و دەستەکانی و شتێک کە کەمێک لەولاتری دەستەکانییەوە بوو، بینی. ئەمانە لێرە چی دەکەن؟ تەلەفۆنی کرد و داوای بەشی زانیاری کرد. پاش کەمێک ئەفسەرێک هات و گوتی کە بە داخەوە لە تەنیشت هەدەفەکە پیرێژنێک دانیشتبوو و خەریکی شتێک بووە کە ئێمەیش تا ئیستا نازانین چ بووە، هەروەها گوتی کە لە شەڕدا تێداچوونی خەڵکی سیڤیل و مەدەنی بە داخەوە شتێکە ناتوانرێ سەداسەد خۆی لێ بپارێزرێ، بەڵام ریگان سەرنجی نەدایە ئەم رستەیەی دووایی. ئەو لەو شتە نەدەگەیشت کە سەرێکی پان و سەرەکەی تری تیژ بوو، بەو شتەوە کە دەڵێی مار بوو لە ناو قەدی ئاڵابوو. فرمانی دا هەرچی زووتر دەبێ بۆی بدۆزنەوە ئەم شتە سەیر و سەمەرەیە چییە.

دایەگەورەم کە هێشتا پێی وابوو دەنگەکە لە خەیاڵەوە دێ، سەرەڕای ئەوەی هەموو جەستەی هاتبووە لەرزین، بەڵام هەر لە تەشی رستن بەردەوام بوو. کاتێک بۆمبە بەهێزەکان تەقینەوەو دارگوێزە لەمێژینەکەیان لە خۆیاندا نوقم کرد و، جەستەی ناسک و پیری ئەویشیان بە تەشییە مێژووییەکەوە بە ئاسماندا کرد، هێشتا هەر بە حەواوە وازی لە تەشی رستن نەدەهێنا. ئەو هەر لە خەیاڵی ئەوەدا بوو زستان کورەزاو کچەزاکانی قاچ و دەستیان سەرمای نەبێ و گوێ و لووتیان سەرما نەیبا. تەنیا کاتێ تەشییەکە بە حەواوە لە دەستی بووەوە، ئەوجا باوەڕی بەوە هێنا دەنگەکە خەیاڵی نەبووە و شتێک بوو هەر لەم دونیایەیدا وا ئەوی تێیدا دەژیا. بەڵام خەیاڵ و ئەرکی تەشی رستن کە بریتی بوو لە هەموو مانای ژیانی ئەو، وازی لێ نەدەهێنا. بۆیە هەتا توانی بە حەواوە دەستی بۆ راکیشا هەتا بیگرێتەوە، ئەو دەستانەی چیدی نەدەکشان و نەخوازراوانە بە لایەکی تردا دەڕۆیشتن! دایەگەورەم قەت نەیزانی ئەو رۆژە، دوواڕۆژی رستنە میژووییەکانی ئەو بوو.

ئەفسەرەکە رۆژی دوواتر بە مەلەفێک بە بن باڵییەوە هاتەوە لای رۆناڵد ریگان و دووا راپۆرتی پیشاندا. بە پێی دووا لێکۆڵینەوەکان، ئەوە سەری پیرێژن نەبوو و، بەڵکوو تێکەڵێکی نەخوازراوانە لە دووکەڵ و گڕ و تەپ و تۆز ئەو وێنەیەی دروست کردبوو. دەستە غەریبەکەیش هەروەها. ئەو شتە سەیرەیش وا سەرێکی پان و سەرەکەی تری تیژ بوو، بەشێک لە دارگوێزەکە بوو کە بە هۆی تەقینەوەی بە هێزی بۆمبەکەوە تیکەیەکی لەم شێوازەی لێ جیاببووەوە. ئەفسەرەکە پێش ئەوەی بروات، گوتی:

ـ “قوربان! هەموو شتێ لە شوێنی خویەتی و، هیچ شتێک نیە جێگای نیگەرانی بێت.”

ئەوسا قاچەکانی سەربازییانە بە یەکدا کێشابوو، جووتی کردبوون و رۆیشتبوو.

ریگان فرمانی دا ئەو وێنەیەی بۆ گەورە بکەنەوە و بیخەنە قاپێک. ئەوسا بردییەوە ماڵەوە و بە سەر دیواری ژووری خەوەکەی خۆی دا هەڵیواسی. خەنی لەوەی شەڕ دەتوانێ گەورەترین هونەرمەندی نیگارکێش بێت، هەموو شەوێ پێش خەوتن، یاخود رابواردن لە گەڵ ژنەکەی، سەیرێکی وێنەکەی دەکردەوە و حیکمەتی شەڕی لا گەورەتر و گەورەتر دەبووەوە.

دووای ئەوەی بۆ چەند رۆژ دایەگەورەم نەهاتەوە ماڵ، روومان کردە دارگوێزەکە. ئەوەی بینیمان درەختێکی دارگوێزی وشک و رەق هەڵاتوو بوو نە گەڵای پێوە مابوو و نە گوێز،… لکەکانی درێژ و سیس لە پەنجەی جادووگەریان دەکرد. بەو پەڵە رەشەوە ئیستاکە تەواوی ناوقەدی تەنیبوو. لەو شوێنەی وا دایەگەورەم هەمیشە دادەنیشت، چاڵێکی رەش و سووتاو دەبینرا. هەرچی بانگمان کرد دایە گەورە دایەگەورە، وەڵام نەبوو. تەنیا دەنگی ئێمە بوو دەهات و دەچوو.

ئەو زستانە، ئەوەتەی من لەبیرم دێ، ساردترین زستان بوو. قاچ و دەست و گوێیەکانی ئێمە وەک دارگوێزەکەیان لێهاتبوو،… بێ گەڵا، بێ گوێز، درێژ و سیس وەک لقەکان.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *