فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

گووڵەکان و مرۆڤەکان

کات 25/05/1397 2,058 بازدید

مێزێکی هەیە لە گۆشەی ژوورەکەیدا. لەو گۆشەیەی لە تەنیشتێکیدا ئاوێنەیەک هەڵواسراوە و لە تەنیشتەکەی تریدا گیرەیەک بۆ هەڵواسینی پاڵتۆکەی. ئەو پاڵتۆیەی هەر چوار وەرزی ساڵ لەوێیە. لەسەر مێزەکەیش هەمیشە دەستە گووڵێک لەناو شووشەیەکی قەدباریکدا بە رەنگە جۆراوجۆرەکانییەوە دەدرەوشێتەوە. گووڵی ‘زەردو سووری سلێمان بەگ’ی بانەن. لەو گووڵانەی لەو قەبرستانە دەڕوێن. قەبرستانی سڵیمان بەگی بانە. گۆڕستانەکەی رۆژئاوا. هەڵبەت کەس لە مێژووی گوولەکان نازانێ. هەندێ دەڵێن ئەوەتەی ئەم دارستانە سیحراوییە هەیە ئەو گووڵانەیش هەن و، هەندێکی تریش دەڵێن ئەو گووڵانە پەیدا بوون کاتێک دارستانەکە کرا بە شوێنی ناشتنی مردووەکانی شار. ئەو مردووانەی تەنیا هی شار نین و لەم و لاولایشەوە روویان تێکردووە. بە رێکەوت یان بە زۆر. هەندێکیشیان بە جەستەی خوێناوییەوە. گەر لە من بپرسن دەڵێم هەر دوو هۆکارەکە دەور دەبینن، واتە ئەو گووڵانە هەمیشە هەبوون و، بەڵام کاتێک کە مردووەکان روویان لێرە کرد بوون بەو گووڵانەی کە ئێستاکە هەن. لای من، مرۆڤە دەتوانێ مانا بە شتەکان ببەخشێ. تەنانەت بە مردووییش.

هەمیشە لەبیری رابردوودایە. دەچێتە تەنیشت مێزەکە، بە شێنەیی دەستێک بە گوڵەکاندا دەخشێنێ و دەڵێ ئەو کاتانە بۆن و تامێکی تریان هەبوو، بۆن و بەرامە و تامێک کە قەت دووپات نابێتەوە. کۆڵان و شەقام و گەڕەک جۆرێکی تر بوون، هەروەها خەڵکیش. هەوا جۆرێکی تر لە شتەکان دەئاڵا. هەتاویش شێوازێکی تری هەبوو. ئەسلەن دونیا دونیایەکی تر بوو.

کە لێی دەپرسم چۆن، دەڵێ دەبا ئەو کاتانە ژیابای، ئەو کات دەزانی چی دەڵێم! ئەمە وەک ئاشقی و وەک خاوەن منداڵ بوون وایە، تا بۆ خۆت تێ نەکەوی و تا بۆ خۆت نەبی بە خاوەن منداڵ، نازانی چۆن چۆنیە! منیش لە وەڵامدا دەڵێم کە لە کتێبەکاندا خوێندوومەتەوە نەسڵەکانی پێشتریش هەر ئەم هەستەیان هەبووە، ئەوانیش پێیان وابووە زەمانی زوو خۆشتر بووە، یانی ئەو زەمانەی ئیستا تۆ دەڵەی خۆش بووە، بۆ نەسڵی پێش تۆ خۆش نەبووە!… ئەمەت پێ سەیر نیە؟

لە مێزەکە دووردەکەوێتەوە. کەمێک رادەمێنێ و ئەوسا دەڵێ گرینگ ئەوەیە کە جۆرێکی تر بوو، ئیتر کارم بە سەر خەڵکی ترەوە نیە. من درێژە بە قسەکانم دەدەمەوە و دەڵێم راست دەکەی، بەڵام ئەو جۆرە بوونەی تۆ باسی دەکەی تەنیا لە دەروونی تۆدایە و بەس، فڕی بە ژیانی دەرەوە نیە. دیسان رادەمێنێتەوە، وەک بڵێی زەمەنی دەوێ بۆ ئەوەی لە قسەکانی من بگا. من کە دەزانم کەمێک فشاری بۆ دێ، دەڵێم تەواوی قسەکە لەسەر ئەوەیە کە تەمەن چونکە لە ‘کات’ دا درێژەی هەیە و کاتیش راناوەستێ، بۆیە حەسرەتمان تیا دروست دەکا. کات و تەمەن کە لەیەکتر دەئاڵێن زۆر شتیان لێ دەبێتەوە، سەرچاوەی زۆر هەستی سەیروسەمەرەن.

پاش کەمێک راوەستان دەڵێ یانی پێت وایە گەر تەمەن لە کات جیابوایە وانەدەبوو؟ دەڵێم رەنگە، بەڵام بە هیچ جۆرێک ناتوانین تەمەن لە کات جیابکەینەوە.

هەناسەیەک هەڵدەکێشێ.

سەیر ئەوەیە، من، کە پێم وایە بە روونکردنەوەکانم خەریکم ئەو لەو دونیا نۆستالۆژیە دەردێنم و دەمەوێ بیگێڕمەوە بۆ ژیانی ئاسایی و رۆژانە و ئەو خەمە ترسناکەی لە کۆڵ کەمەوە، کەچی خۆم خەریکم وەک ئەوم لێدێت! ئەوەی لەوەوە بۆ من دێت، بەتەواوی لەمنەوە بۆ لای ئەو ناچێت. وەک بڵێی هاڵاوێکی نادیار لە حاڵەتێکی سەیر لێم دەئاڵێ. هاڵاوێک لە پووچی، لە دڵەڕاوکێ و لە نوقم بوون لە بێکۆتاییەکی بێ رەنگ. سنوورەکان لە لام ئەوەندە بەرین دەبنەوە و لێم دووردەکەونەوە کە خەیاڵم چی تر بڕناکا. کتوپڕ رقم لە خۆم دەبێتەوە. ئەمە چیە کە منێک کە پێم وایە لەو زیرەکترم و زیاتر قسەم پێیە کەچی دەبمە نێچیری دونیای ئەو! تا دێتەوە بیرم کە من هەمیشە لە رووی ئیرادەوە لاوازبووم،… بە درێژایی ژیانم. بەڵام مەگەر نەک ئەوەیکە بۆ ئەوەی جوان بیربکەینەوە دەبێ نەرم و نیان بین؟

هەوڵ دەدەم ئەو لەمە تێنەگا. بۆیە دیسان درێژە بە قسەکانم دەدەمەوە و، دەڵێم جگە لەمە ئەم حاڵەتە هیچ بە کەڵکی ئێمە نایەت. بگرە زەرەریشی هەیە. لێرەدا رادەوەستم. رقم لە درۆزنیی خۆم دەبێتەوە. چونکە دەزانم ئەمە چ حاڵەتێکی رۆحیی قووڵ دەتوانێ لە مرۆڤ دا دروست بکا. دەڵێ جاری وایە ئەو بۆن بەرامە وەها لێم دەئاڵێ کە هەست دەکەم بۆ ئەوەی وێنەکانی رابردوو بە زیندوویی بگرمەوە، تەنیا ئەوەندە بەسە دەست درێژ بکەم و بیانگرم، ئیتر رێک وەک ئەو ساڵانە، کاتێک بە لاپاڵەکاندا بۆ هێنانی کیتەڵەماستێک روومان لە قۆخێکی قەراخ شار دەکرد. من ئیستایش بۆنی مانگا و چاوگە کانییەکە دەکەم، ئاوەکە لەبەر چاومدا روونترە لە نیگاکانی تۆ، بەڵام نازانم بۆ بەردەوام جەستەی من لێرەیە،… بۆ لێرە دەمێنمەوە،…!

کەواتە رابردوو لای ئەو بیرەوەرییەکی سێ بوعدییە نەک دوو بوعدی. جوان سەیری دەکەم، نەکا چاویلکەی تایبەتی فیلمە سێ بوعدییەکانی لەچاودا بێت. نا، لە چاویدا نیە. ئەویش کەسێکە وەک من. دەڵێ جاری وایە لەو کانییە دەخۆمەوە و تینویەتیشم دەشکێ! یان جاری وایە دەبێ خۆم لە گەمەی گوێرەکەکان بپارێزم بۆ ئەوەی خۆم پیانەدەن. بگرە بۆنی تووتن و پەڕەی حاجیش دەکەمەوە. تەنانەت چاوەکانیشم دەکزێننەوە،… پێت سەیر نیە؟ دەڵێ بریا هەر ئەمە بووایە،… بەڵام زیاترە لەمە، جاری وایە هەناسەم تەنگ دەبێ، بڕستم لێدەبڕێ، قاچەکانم لەگەڵم نایەن، قورس قورس دەبم، وەک بڵێی دونیام بەکۆڵەوەیە. رەنگە باوەڕم پێنەکەی، بەڵام جاری وایە ئەو کاتانە ئەوەندە بەرجەستە دەبنەوە کە ئێستام لێ وندەبێ. دونیام لێ بزردەبێ. جەستەم لێ جێدەمێنی و دەبم بە زەینێکی رووت،… رووت رووت لەناو رابردوودا.

لێی ورددەبمەوە. جاری وایە وەک جەستەیەکی درۆیین دێتە بەرچاوم، نەکا یەکێک لە مردووەکانی نێژراوی سلێمان بەگ بێت؟ لە کردەیەکی ئاساییدا (هەوەڵەکەم ئەوەیە) موبیلەکەم دەردێنم و بۆ دڵنیایی سەیری کاتژمێر و ساڵ و رۆژ و مانگەکەی دەکەم: سەعاتی حەوت و پێنج خولەکی ئێوارە، هەینی، شەشی رەزبەری ١٣٩۵. دیسان بۆ دڵنیایی زیاتر کاتێک موبیلەکەم دەخەمەوە گیرفانم، لەناو گیرفانەکەمەوە بە پەنجە رانم دەگوشم. هەست بە ئازاردەکەم، کەواتە هەم!

دەڵێم باشە بۆ دەبێ مرۆڤ وەهای لێ بێ؟… بەڕاستی چ پێویستمان بەوەیە ئەوەندە لە رابردوودا بژین؟ سرهەڵدێنێ و بە سەسووڕمانەوە لێم دەڕوانێ. دەڵێ تۆ پێت وایە من بە حەزی خۆم وادەکەم؟… ها؟ مەگەر نازانی تەمەن کە لە سنوورێک لادەدا ئیتر ئەمە دێت؟ ئەیچۆن، بۆ خۆی دێت. دەیشزانم لای هەندێ کەس ئەم حاڵەتە ئارامترە و لای هەندێ کەسی تر تۆختر،… کە هەڵبەت تۆخەکەی بەر من کەوتووە،… بگرە یەکجار تۆخەکەی. دەڵێ جاری وایە نیوەشەوان گوێم لە دەنگی پێیەتی بەسەر بانەکەمەوە، دێت و دەڕوا، ئەم سەراوسەر دەکا، هەتا رۆژ دەبێتەوە، منیش لە گوێ گرتنی ماندوو نابم، مۆمێک هەڵدەکەم و لە تەنیشت گووڵەکانم دایدەنەم و چاو لەواندەبڕم و گوێم لەسەر بان.

ترسێکی سەیر سەرتاپام دادەگرێ. نەکا ئەم خانووە گەورە کە ئەوی بە تەنیایی تیا دەژی بەڕاستی یەکێک لەو خانووانە بێت وا هەمیشە بە منداڵی دەبوونە شوێنی ئەو چیرۆکانەی وا رووداوی سەیر و سەمەرە و ترسناکیان تیا روودەدا؟ بەڵام هاوکات ترسەکەیش دەمگەیەنێتە خوێندنەوەیەکی نوێ. تێدەگەم کە تەنیایی ئەو، سەرچاوەی هەموو ئەم بیرانەیە. ئەو تەنیاییەی ساڵانی ساڵە لە دووای کارەساتی شەڕەکەوە بە سەریدا سەپا. رقم لە گێلیەتی خۆم دەبێتەوە. باشە بۆ تا ئیستا سەرنجی ئەمەم نەدابوو. لە کاتێکدا هەست بە سووکایی جەستە و رۆحم دەکەم و تەواوی دیمەنە لێڵ و تاریکەکە کتوپڕ لە بەرچاومدا روون دەبێتەوە، دەڵێم واباشە ئەم خانووە بفرۆشێ و لێرە بڕوات، دەڵێم شوێنی تازە هەمیشە لەگەڵ خۆی کاتی تازە و بیرەوەریی تازە دێنێ. دەڵێم مەگەر نەتبینیوە هەندێ کەس تەنانەت وڵاتەکەیشیان جێدێڵن و روو لە وڵاتانی تر دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی بیرەوەرییە ترسناکەکان بسڕنەوە؟

من مرۆڤێک دەناسم کە ئەمەی کرد. ئیستایش باشترین ژیانی هەیە.

لێم دەڕوانێتەوە. بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانی. وەردەگەڕێ و روو لە گووڵەکان دەکاتەوە، بەڵام گوێم لە دەنگیەتی. تۆ پێت وایە جەستە کە جووڵا ئیتر هەموو بیرەوەرییەکانی لێ دادەتەکێ و تەنیا وەک جەستە دەڕوا،… تۆ پێت وایە رووداوەکانی تر سەرەڕای تازەبوونیان وەها کاریگەرییان دەبێ کە رابردوو وندەکەن؟ نە هاوڕێم،… یەکجار هەڵەی. ئەوسا روودەکاتە کێوەکەی باشوور، روو لە ئاربەبا و دەڵێ تەنانەت ئەم کێوەیش کە بە روواڵەت تەنیا لە خۆڵ و بەردە، گەر هەڵیکەنی و وەک خۆی بیگوازیتەوە، بۆ هەمیشە لە شوێنێک لە قووڵاییەکانی دەروونی خۆیدا دەنگی پێی هەموو ئەوانەی راگرتووە وا سەردەمانێک بە سەریدا رۆیشتوون. کاکی خۆم! لە بیرت بێ مانا و مەبەستێک لەم ژیانەدا هەیە، سەرەڕای ئەوەی هەموو شتێک رۆژێک وندەبێ، بەڵام بیرەوەرییەکانیان ون نابن، بۆیە ئێمە دەبێ بیرەوەرییەکان وەک بیلبیلەی چاومان بپارێزین، ئەوان تەنیا شتی راستەقینەن کە مانا بە ژیانمان دەدەن، نەک ژیانی ئێمە، ژیان بە گشتی. بگرە ئەوان گەر ئێمەیش نەبین لە شوێنێک خۆیان حەشاردەدەن و دەمێننەوە. لێرەدا دیسان دەستێ بە شێنەیی بە گووڵەکاندا دێنێتەوە.

من کە حەزناکەم قسە و باسەکەمان ببێ بە قسە و باسێکی پڕ لە ئەرێ و نەرێ و جوابەجەنگێ، دەڵێم بیگومان بە کاتی بەهار و هاوین یەکێک لەو جوانترین شوێنانەی کە دەکرێ مرۆڤ رووی تێبکا بۆ ئەوەی کەمێک دەروونی بحەوێتەوە و هەستی جوانناسیی خۆی تێرئاوبکا، سڵێمان بەگە!… سەیرنیە! گۆڕستانێک کە جوانی دەبەخشێ و ئەمەیش تەنیا لە سایەی سەری گووڵەکانەوەیە، ئەگینا سەیری گردەکەی بانەکۆن بکە،… تەنیا ناوچاوانت پێ تاڵدەکا. بۆیە منیش پێم وایە کە جوانی دەتوانێ تەنانەت دزێوترین رووداوی ژیان کە مردنە لەبیربباتەوە و بیکا بە شتێکی تر. بیکا بە مانا و بیرەوەرییەک پڕ لە جوانی، نەک پڕ لە ترس و دڵڕاوکێ.

بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانی. لەو بزانەی نازانی لە رووی ئەوەوەیە قسەکەی بەدڵە، یان تۆ لە قسەکانتدا بەشێکی گرینگت فەرامۆش کردووە. یان لە رووی گاڵتەپێکردنە. رێک وەک سەردەمی منداڵی کاتێک گەورەکان بەو شێوازە رووبەرووی هەندێ لە قسەکانت دەبوونەوە. ئەوسا دەڵێ تەنانەت بیرەوەرییەکان زیاترن لە جوانی، دەڵێ دەکرێ جوانی بەشێکی ئەوان بێت، بەڵام تەنیا بەشێک، بگرە جوانیش جوانیی خۆی لەوانەوە وەردەگرێ، ئەوان دایکن، وەک درەختێک لە خاوەن لق و پۆپ و گەڵا و ریشەیە و هەمووی ئەمانە هەن چونکە درەختەکە وەک گشتییەتێک هەیە، ئەگینا ئەوانی تر نە دەبوون و نە بوونیان خاوەن مانا دەبوو، هەر زوو دەڕزان، دەڵێ سەیری گەڵای سەر زەوی بکە کە چۆن خێرا وشک دەبێ و دەڕزێ، تەنیا لەبەر ئەوەی لە درەختی دایک هەڵکەندراوە.

ئەگەرچی لام دژوارە، بەڵام هەوڵدەدەم ‘درەختی بیرەوەری’ بێنمە بەرچاوم. بەڵام هەرچی دەکەم وێنەی درەختێکی ئاسایی لە دەروونمدا دەنەخشێ. بۆ ئەوەی سەرکەوم ناوی گەڵاکان دەنێم بیرەوەریی، بگرە هەر کامەیشیان بیرەوەرییەکی تایبەت. بۆ وێنە یەکیان دەتوانێ بیرەوەریی کچێک بێت کە خۆشم دەویست و رێک لە بەردەم دەروازەی گەیشتن بە گرینگترین ئارەزووی ژیانی، واتە خوێندنی باڵا، لە تەسادوفی ماشین گیانی لەدەست دا،… ئەو کچەی سەری قوپا. گەڵاکەی تەنیشتیشی بیرەوەریی ئەو شۆفیرەی گیانی دەربرد و دوواتر دەڵێی هەر مێشێکیشی میوان نەبوو کە چ بەڵایەکی بەسەر مندا هێنا. کتوپڕ ئارەزوویەکی شێتانە دامدەگرێ، چەند حەزدەکەم گەڵاکەی دووهەم بە زووترین کات هەڵوەرێ و لە سەر زەوی بڕزێ و بۆ هەمیشە ون بێ.

دەڵێم ئەو درەختە بیرەوەرییەی باست کرد زۆر خەیاڵێکی جوانە، هەرچەند بۆ من زەحمەتە بیهێنمە بەرچاوی خۆم، بەڵام خاڵێکی گرینگ، ئەویش ئەوەی کە دەکرێ ئەم درەختە وەها گەورە بێت و وەها لق و پۆپ بهاوێ کە لە ناو جەستەی مرۆڤەوە هەموو بەشەکانی داگیربکا بە بێ ئەوەی بۆ وێنە کەسێکی وەک من بیبینێ.

وادیارە بۆ ئەو ئەمە زۆر گرینگ نیە، چونکە ئەمجارە دەست دەبا و گووڵەکان هەڵدەگرێ و بۆنیان پێوەدەکا. بۆنێک کە لە سەرپەنجەی لقەکانی درەختەکەوە دەست پێدەکا و دەگاتە ریشە.

لە دەرەوە هەوا خەریکە تاریک دەبێ. ژوورەکە نسێیەکی خەست دایدەگرێ. پەلەی رۆیشتنمە. لای خۆم بیردەکەمەوە کە من دەبێ تەنیا بە رۆژ و بە کاتی هەبوونی رووناکی سەردانی ئەم دۆستە دێرینەم بکەم. ئەو دەست دەبا شەمچەکە هەڵدەگرێ و مۆمەکە وەک هەمیشە هەڵدەگیرسێنێ. سێبەری گووڵەکان دەکەوێتە سەر دیواری پشتی مێزەکە. گووڵەکان لە رەنگدانەوەی خۆیان دا ئیستا تەنیا رەنگێکی سێبەرئاسا و خۆڵەمێشین. شەو چەند بێڕەحمانە رەنگەکان وندەکا.

پێی دەڵێم کە رۆژێکی تر درێژە بە قسەوباسەکەمان دەدەینەوە. ئەو، ماڵئاواییەکی پر لە بیرەوەرییم لەگەڵ دەکا.

کە لە خانووەکە وەدەردەکەوم و دەگەمە کۆڵان، بیردەکەمەوە کە بۆچی نەدەکرا گووڵەکانیش هەر بەو شێوازە باسی بیرەوەرییەکانیان بکەن و لە ئێوارەیەکی خەمگینی ژیاندا مۆمێک بەیادیان هەڵکەن. تا کەی ئەوان جێگرەوەی ئێمە بن؟ تاکەی ئەوان بۆمان باسناکەن ئەوانەی وا رۆیشتن، لە کوێن؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێیگوڵەکان و مڕۆڤەکانچاپ کراوە.

خوێنەری هێژا، ئەم چیرۆکە بە شێوەی دەنگ گوێ بگرە > گوڵەکان و مرۆڤەکان

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *