فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی گوناهی گەورە

کات 29/11/1398 12 بازدید

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی گوناهی گەورە

سارا ئەحمەدزادە (خوێندکاری زمان و وێژەی کوردی لە زانستگا کوردستانی سنە) خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی گوناهی گەورە

ڕۆمان یەکێکە لەو ژانرە نوێیانەی کە لە سەردەمی ئێستادا بەشێوەیەکی گرنگ دەور ئەبینێ و خاوەن مۆرک و شێوازی تایبەتی خۆیەتی. ڕۆمان وەکوو ژانرێکی ئەدەبی لە کۆمەڵگای ڕۆژئاوا لە سەدەی ١٨ بەم‌لاوە دەست پێ‌ئەکا و بەتەواوی لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا خۆی ئەنوێنێ. بەڵام لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بەداخەوە زۆر درەنگ سەرهەڵ ئەدات، هەم لە نەتەوەی فارس و هەم عەرەب و هەروەها نەتەوەی کوردیش، بەگشتی مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆمان لە کوردا ئەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری سەد ساڵ لەمەوبەر کە عەرەب شەمۆ یەکەم ڕۆمانی کوردی بە ڕێنووسی کریلیک بە ناوی شڤانێ کورد لە ساڵی ١٩٣٠دا نووسی. بەگشتی ڕۆمان ئی سەردەمی مۆدێڕنە و بەو هۆیەش کە مۆدێڕن بوون درەنگتر لە جیهانی ڕۆژهەڵات سەری هەڵداوە، ڕۆمانیش هەر وەکوو زۆریەک لە ژانرە نوێکان وەکوو شانۆنامە و شێعری نوێ بەپێی مۆدێڕن بوون درەنگتر پەیدا بووە و بوژاوەتەوە. شێلینجێر دێتە سەر ئەو باوەڕەی کە ڕۆمان بە گونجاوترین شێواز بۆ نیشاندانی جیهانی مۆدێڕن دائەنێت. (لە کتێبی جیهانی ڕۆمان. هاشم ئەحمەدزادە. ل11)

بە بڕوای من ڕۆمان ئەو ژانرەیە کە زیاتر لە هەموو ژانرە ئەدەبییەکان منی خوێنەر یا منی هۆگر بە ئەدەبیات وا لێدەکات کە بیرکردنەوەکانم ئاڕاستەی نوێ بگرنە بەر و بە ڕێگایەکدا بڕۆم کە پێشتر تاقیم نەکردۆتەوە. ڕۆمانی باش ئەو کانگای بیر و هەستەیە کە لە زۆربەی ژانرەکان ئازادتر و واقیعی‌ترە. واقیعییەتێک کە زۆر جار تێکەڵ بە خەیاڵێک ئەبێ کە ئەو خەیاڵەش دووبارە ئەتباتەوە هەمان دنیای واقیعی. گرنگایەتی ڕۆمان بە تێپەڕینی زەمەن زیاتر و زیاتر خۆی دەرئەخا و هەمیشە ڕۆمان چ بە لایەنە باش و جوانەکانیەوە چ بە لایەنە خراپ و دزێو و ناشیرینییەکانیەوە ئاوێنەی باڵانوێنی ڕەوتی کۆمەڵگا بووە. ڕۆمان وەکوو هێڵێکی سەرەتایی و کۆتایی هەر سەردەمێک ورد و درشتی وێنەکان بە هەزاران وەسف و دنیایەک وشەوە ئەنەخشێنێ.

وەکوو پێداچوونەوەیەکی کورت بۆ ڕۆمانی گوناهی گەورە دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم لە چەشنی ئەو ڕۆمانانەیە کە کورت و کۆ مەبەستێکی دەروونی و ناوەکی ئەگەیەنن، ڕۆمانێکە بە ١٧٨ لاپەڕەوە کە تەنیا یەک کەسایەتی سەرەکی وەکوو کاراکتەری ئەسڵی و بەرچاو تێدایە بە ناوی بێزار لە کارەسات، هەر خۆی ناوی کاراکتەرەکەی نامۆ و جێی سەرنجە! ئاخۆ دەبێ چەندین کارەسات کە ئەگەر بەڕاستی کارەسات بن لە دەوری ژیانی ئەو کاراکتەرە بخولێنەوە و وای لێبکات کە بێزار لە کارەساتەکانی ژیان بێ!

هەمووی ڕۆمانەکە کۆی ڕووداو گەلێکن چ بە ڕووداوی سادە چ بە ڕووداوی دەرەکی و دڵ‌هەژێن یا ڕووداوی ساکار و سەرەتایی بەگشتی هەمووی لە سنووری کۆڵانێک ئەولاتر تێناپەڕێ کەواتە شوێن لە ڕۆمانەکە هێندە بەرتەسک و بچووکە، خوێنەر لە هەموو کتێبەکەدا هەست‌دەکات یەک بە یەکی مروڤەکانی ناو ئەو کۆڵانە دیلی ئەو شوێنەن بە هەموو بیرەوەرییەکانیانەوە چ شتێک ڕووبدات تەنیا ئەو کۆڵانەیە کە ئەبێتە شوێن و جیهانی ڕووداوەکانی ناو ئەو ڕۆمانە. لەڕاستیدا هەمووشتێک چ بە دیدی ڕئالی و چ بە دیدی خەیاڵی و زێهنی هەر لە دەوروبەری ئەو کۆڵانە ئەفڕێ. 

هەروها یەکێ لە لێڵی و نامۆبوونی ناو ڕۆمانەکە ئەوەیە کە لە ناو بردن و باس کردنی ساڵەکانیشدا، نووسەر بە ساڵێکی دیاری کراو ناینووسێ بەڵکوو بە ناوبردن و ئاماژە بە ڕووداو یا کارەساتێک کە لەو ساڵەدا ڕووی داوە، و ئەمەش ئەوە پیشان ئەدات کە نووسەر لە نەریتێکی کوردەواری شارەزایی هەیە و لە ڕۆمانەکەدا بە باشی کەڵکی لێ وەردەگرێ. وەنەبێ ئەم شێوە بیرکردنەوە لە کوردا نەبێ بەڵکووی ئەوەی بابەتەکە زیاتر نامۆ نیشان ئەدات لە ئەدەبەکەدایە و داڕشتنە ئەدەبییەکەیەتی کە بە جوانی خستوویەتیە ناو چوارچێوەیەکی ئەدەبی نوێ کە لە ساڵانی کۆتایی سەدەی بیستدا لە دنیا بڕەوی سەند؛ وەک چۆن ساڵانی زوو لە زمانی کەسە بە تەمەنەکانەوە گوێبیستی ئەو جۆرە ساڵانە بووین بۆ وێنە ساڵی چۆلەکە زۆرەکە یا ساڵی بەفرە زۆرەکە و…. نووسەر بە هەمان شێوە لە ڕۆمانەکەیدا ئاماژە بە چەندین ساڵ دەکات وەکوو: ساڵی لافاو، ساڵی شۆڕش و ساڵی شەڕ، ئەو سێ ساڵە وەکوو زەمەنێکی زەق خۆیان ئەنوێنن کە زۆربەی ڕووداوەکان لەو ساڵانەدا بوون و ئەوەندە کاریگەرییان بووە تەنانەت کاریگەری لەسەر ساڵانی دواتریش دادەنێ و بەجۆرێک لە بارودۆخی مرۆڤەکانیش ڕۆڵی گێڕاوە.

بێزار لە کارەسات کە لەسەرەتای ڕۆمانەکە تەمەنی چواردە ساڵانە و وەکوو مێرمنداڵێ لەناو ڕووداوەکان دێت و ئەچێ کە بەرە بەرە بەپێی دنیابینی و بیری خۆی بەردەوام تێڕوانینی فەلسەفی و فکری هەیە بۆ سەرجەم ڕووداوەکان، لە هەندێک شوێندا پرسیارەکانی ئەوەندە فەلسەفی و بیرهەژێنە، خوێنەر دەزانێ کە کەسایەتی ئەسڵی پرسیارەکان و تێروانینەکانی لەگەڵ تەمەنی یەک ناگرنەوە واتا جۆرێک ناهاوسەنگی تێدا ئەبینرێ.

بەردەوام کارەساتەکان هەڵگری بیر و هزرێکی مەعریفی و فەلسەفی ئەبن کە خوێنەر بەرەو دنیای تێفکرین و تێڕامان ڕائەکێشن. بەڵام بەگشتی دیالۆگ و گفتوگۆی زۆر بە کەمی تێدا ئەبیندرێ، لە هەموو کتێبەکەدا بەس نووسەری هەمووشت‌زان (دانای کل) قسە دەکات و بابەتەکان بە باشترین شێوە پشت سەری یەک ڕیز ئەکات بەڵام بە بێ گفتوگۆی کاراکتەرەکان بێ ئەوەی خوێنەر هەست بە هیچ کاراکتەرێک بکات، تەنانەت ئەو کاتەش کە کاراکتەرەکان قسە ئەکەن هەست ئەکەی کە خودی نووسەرە لە زمانی ئەوانەوە قسە ئەکات.

کەسایەتییەکان ناوێکی دیاریان نییە و کاراکتەرەکان وەکوو ڕێبوارێ لەناو ڕووداوەکاندا دێن و دەچن یانی کەسایەتییەکان زۆر گرنگ نیین بەڵکوو ناواخن و شیکاری ڕووداوەکان بەشێوەیەکی دەروونی گرنگە و باسی کێشەی مرۆیی دەکات.

یەکێ لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ئەو کتێبە کە من تا ئێستا لە هیچ کتێبێک نەمدیوە و ناشزانم مەبەستی لەو جۆرە نووسینە چییە؟! هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی هەر باسێک و ڕووداوێ یا هەر پرسێ کە ئاراستەی ئەکا بە هەر وشەیەک کە کۆتایی بێ هەر بەو وشەوە پرسێکی تر دەست پێ ئەکا‌! ئەوە خۆی لە خۆیدا جۆرێک داهێنانی نوێی نووسەرە و بۆ خوێنەر سەرنجڕاکێشە، بۆ نموونە بڕواننە ئەم وێنەی خوارەوە کە بەشێکی بەم دوو خەتە تەواو دەبێ:

«بێزار لە کارەسات» پێی وایە یەکێک لە کارەساتەکانی ژیان ئەوەیە کە خەڵکی کەسێک بە قارەمان بزانن و، بەڵام خۆی خۆی بە قارەمان نەزانێت.

و بەشی دوای ئەو ڕستە ئاوا دەست پێدەکات:

نازانن، هیچ کام لە خەڵکی گەڕەک نازانن کە یەکێک لەوانەی وا لەم کۆڵانەدا دەژی (پیاوێکی قژبژ)، خەڵکی ئەم سەردەمەی بە سەر سێ بەرەدا دابەش دەکرد: بەرەی لافاو، بەرەی شۆڕش و بەرەی شەڕ. ئەو پێی‌وایە لافاو ڕاهێنانێکی سروشتییانە بوو بۆ شۆڕش و شۆڕشیش ڕاهێنانێکی کۆمەڵایەتییانە بوو بۆ شەڕ.

ئەودوو ڕووداوە سەرەتاییە کە بۆ بێزار لە کارەسات ئەبێتە دوو ڕووداوی گرنگی ژیانی و بەجۆرێک لە هەموو ڕووداوەکان یادێک لەو دوو کارەساتە دەکاتەوە واتا کەوتنەخوارەوەی زەڕنەقووتەکە و لە سێدارەدانی پشیلەکە. ئەو دووانە کە لە ناو دەقەکە بە کارەسات لە قەڵەم ئەدرێن، نووسەر هەوڵ ئەدات بە پرسیارێ پێوەندییەک دروست کات لە نێوان ئەو دوو کارەساتەی کە کەسایەتییە سەرەکییەکە هەر لە سەرەتاوە بێزار ئەکات لە هەموو کارەساتێک. بەردەوام سۆزێک تێکەڵ بە عەقڵانییەت و بیرکردنەوە ئەبینرێ، هەندێ جار سۆزێکی ئاشکرا و ڕووت و هەندێ جاریش سۆز و عاتیفەیەکی شاراوە لە پشت وێنە و ڕستەکانەوە.

شێوازی نووسینی ڕۆمانەکە بەوجۆرەی کە دیار و بەرچاوە، واپێدەچێ لە بزوتنەوەی «ڕۆمانی نوێ» وەرگیرابێ هەرچەندە بەپێی ئاماژەی نووسەر، خۆی بە هیچ قوتابخانەیەک نابەستێتەوە. بەڵام کاتێک بەرهەمەکە ئەکەوێتە بەرچاوی خوێنەر بە ئاشکرا دیارە کە ئەمە ڕۆمانێکی ڕیالیستی نییە و زیاتر بەرەو ڕۆمانی نوێ پەل دەهاوێ. ڕۆمانی نوێ لە ڕاستیدا بزوتنەوەیەکی ئەدەبی لە ڕۆژئاوایە لە کۆتایی سەدەی ١٩۵٠ کە لە فەڕانسە سەری هەڵدا و هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی فەڕانسە، ئەم شێوە نوێ و مۆدێڕنەی ڕۆمان لە ئورووپا ڕەخنەیەک بوو بەرانبەر ئەو شێوازە کلاسیکی و سونەتییەی پێشوو کە کەسایەتییەکان لەگەڵ ڕووداوەکان پێوەندی لۆژیکیان هەبوو، بەڵام لە ڕۆمانی نوێ ڕووداوەکان لەوانەیە تێکەڵ ببن و هەر دەمێ باسی شتێک بێ وپێوەندییان پێکەوە نەبێ. هەروەها لەم شێوە ڕۆمانەدا کەسایەتییەکان شوناسی خۆیان لە دەست ئەدەن و ناوێکی دیاریان نییە بەڵکوو بەشێوەی جێناوی جیاواز یا پیتی یەکەم یا هەر شتێکی دیکە ناویان لێ ئەبرێ وەکوو بێزار لە کارەسات یا پیاوێکی قژبژ لە ڕۆمانی گوناهی گەورە، یا وەکوو یوزف.ک لە کتێبی محاکمەی کافکادا.

نووسەر بەگشتی نوێگەرانە و مۆدێڕنانە ئاوڕ لە هەموو پرسەکان ئەداتەوە و کێشە ناوەکی و دەرونییەکان شی ئەکاتەوە لە زمانی هەندێک لەو کەسایەتییە نادیارانە کە خوێنەر ئەستەمە بەتەواوی بیانناسێ چونکە لەڕاستیدا مەبەستی نووسەر خولقاندنی کەسایەتی و گەڵاڵەیەکی مەنتقی نییە کە خوێنەر چێژی لێ ببینێ بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە شێواز و قاڵبێک پێشکەش بکات کە زنجیرەی ڕووداوەکان بنوێنێتەوە کە لەوانەشە هیچ کام لە ڕووداوەکان پێوەندییان پێکەوە نەبێ.

ئەو دوو ڕووداوەی لەسەرەتاوە تا کۆتایی دووپات ئەبنەوە واتا کەوتنە خوارەوەی زەڕنەقووتەکە و لەسێدارەدانی پشیلەکە ئەتوانین وەکوو بابەتی ئەسڵی و سەرەکی ڕۆمانەکەدا ببینین و هەموو ڕووداوەکانی تر بە دەوریان‌دا بخولێنەوە و زۆر جار بێزار لە کارەسات زۆربەی ڕووداوەکان پەیوەند ئەداتەوە بەو دوو ڕووداوە. ترس، دڵەڕاوکێ، ئومێد و نائومێدی، شەڕ و ئاشتی، بێدەنگی و دروشمی ژیان، مانایی و بێ‌مانایی ژیان، سەرکەوتن، تەنیایی، مردن، ڕابردوو، داهاتوو و… ئەمانە لە ڕۆمانەکەدا بەرچاون کە زۆربەیان وەک لەوەی دەرەکی بن هەستی ناوەکی و دەروونین.

لێکۆڵینەوەیەکی خوێندکارییە لە گۆڤاری ‘ئاوزین’ کە گۆڤارێکی سەر بە زانکۆی کوردستان لە سنەیە بڵاوکراوەتەوە خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی گوناهی گەورە

تەگەکان : ، ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *