فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

هەموومان چیرۆک ناگێڕینەوە

کات 28/06/1399 1,422 بازدید

وەک دەگوترێ ئێمە هەموومان چیرۆک دەگێڕینەوە. هەموو مرۆڤەکان لە ژیانی رۆژانەدا لەکاتی گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر پەنا دەبەن بۆ چیرۆک و بۆ گێڕانەوە. لە راستیدا بەشێکی گرینگی بیروباوەڕەکانمان، هەست و نەستمان و ئەو شێوازە رووانینەی بۆ دونیا و بۆ ژیان هەمانە لە رێگای چیرۆکەوە بەیانی دەکەین.

بەڵام گێڕانەوەی چیرۆک لە رێگای زمانەوە لەچاو گێڕانەوە لە رێگای نووسینەوە جیاوازیی زۆرە. چیرۆکی زارەکی کورتە، دەرفەتی گەمەی زمانی تیا کەمە، دەنگ تیایا ئامادەیە، گوێگر تیایا ئامادەیە، کارتێکەری کاردانەوەی گوێکری تیایا زۆرە، دەرفەتی رامان و بیرکردنەوە لەناویدا لاوازە، کەمتر گوێ دەدرێتە تکنیک، ئیمکانی تازەگەری کەمە و بەگشتی دەتوانین بڵێین ئەم جۆرە گیڕانەوەیە کەمتر هونەریانەیە. بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە هەتا دێت تکنیک و زمان رۆڵی زۆرتر لە گێڕانەوەدا دەگێڕن.

یەکێک لەو دەرفەتانەی لە ناو چیرۆک بەشێوەی نووسراوە هەیە، گەڕانەوەی نووسەرە بۆ بەشەکانی پێشوو لە کاتی نووسیندا. ئەمە تەنانەت لە دووای تەواوکردنی دەقیش هەیە و بۆیە دەقی نووسراوە دەکرێ سەرلەنوێ و دیسان سەرلەنوێ پیایا بچینەوە. زۆر جار ئەم پیاچوونەوەیە دەتوانێ هەندێ شوێن لە باری چلۆنایەتییشەوە بگۆڕێ و بەم شێوەیە بەسەرهاتەکە بەردەوام رەنگ و روو بگۆڕێ.

راستە لە چیرۆکی زارەکیشدا مرۆڤەکان دەست دەبەنە ناو رووداوەکان و بە کەیفی خۆیان و بە گوێرەی جۆری یادەوەری و کارتێکەریی رووداوەکە لەسەریان دەیگێڕنەوە، بەڵام چونکە ئەم رووداوانە لە راستیدا راستەقینەن ئەوا دەرفەتی پیاچوونەوەو دەستکارییان کەمە، بەڵام لە دەقدا چونکە چیرۆک راستەقینە نیە و زۆرتر رەگەزی خەیاڵی هەیە، بە هۆی دەرفەت و رەگەزی خەیاڵەوە دەتوانین زیاتر دەستی تێهاوین و بەم شێوەیە رەگەزی فەنتازیا تیایا بەرجەستەتر بێتەوە.

راستە هەموومان چیرۆک دەگێڕینەوە، بەڵام ئەوەی چیرۆک لە فۆڕمی هونەریانەدا دەگێڕێتەوە، تەنیا خەریکی گێڕانەوە نیە، بەڵکو خەریکی چلۆن گێڕانەوەیشە. بەم شێوەیە چیرۆک لە فۆڕمی هونەریانەدا هەتا دێت زیاتر و زیاتر خۆی لەو گێڕانەوەیە وا هەمووان دەیگێڕنەوە دووردەخاتەوە و بەم شێوەیە زیاتر خەسڵەتی نوخبەیی پەیدادەکا.

هەڵبەت خەسڵەتێک کە لە گێڕانەوەی زارەکیی خەڵکی ئاساییدا خۆی نیشاندەدا، سەمیمیەت و چڕبوونەوەی رووداوە کە سەرنجڕاکێشە، ئەو خەسڵەتانەی زۆر جار دەکرێ لە دەقی نووسراوەدا خۆیان نەنوێنن. دەنگی گێڕانەوە کە هەڵگری هەڵچوون و داچوونەکانی گێڕەرەوەیە و هەروەها هەڵگری خەسڵەتی تاکەکەسیی بەسەرهاتەکانن زۆر خێرا سەرنج دەقۆزنەوە. ئەمانە دەکرێ لەدەقی نوخبەویدا ون بن و بەو شێوازە خۆیان نیشاننەدەن. بۆیە گەڕانەوەی خەسڵەتی سەمیمیەت بۆ دەق یەکجار گرینگە، ئەمەیش ناکرێ ئەگەر دەق پێش نووسین یاخود لە کاتی نووسین لە دەروونی نووسەرەوە تێنەپەڕێ. گوزەری دەق لە دەروونی گێڕەڕەوەوە تەنیا رێگای بەسەمیمی کردنی دەقە. ناکرێ لە کەنارەوە حەقایەتخوانی رووداوەکان بین و ئەوسا پێمان وابێ دەتوانین کاریگەریی لەسەر خوێنەر دابنێین.

کەواتە راستە هەموومان چیرۆک دەگێڕینەوە، بەڵام مەرج نیە بەڕاستی چیرۆک بگێڕینەوە. بەتایبەت لای ئەوانەی وا پابەندن بە گێڕانەوەی چیرۆکی هونەری.

ئەو حەقایەتانەی وا مرۆڤەکان لە ژیانی رۆژانە بۆ یەکتری دەگێڕنەوە، زۆرجار ئەو چیرۆکانەن وا بەجۆرێک حەقایەتخوانی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە بۆیە حەزدەکا بیگێڕێتەوە. واتە خەڵکی ئاسایی بەشێوەی خۆبەخۆ پابەندن بە سادەترین و لە هەمان کاتدا گرینگترین یاسا و مەرجی گێڕانەوە.

جا با زەمانێک چیرۆکی هونەریانەیش بگێڕینەوە کە وەک خەڵکی ئاسایی لە ژێر کاریگەریی رووداوەکانیدا بین. دەبێ تان و پۆیەکی بەهێز ئێمە بەوانەوە ببەستێتەوە. گەر وانەبێ دەق سەمیمیەتی خۆی لە دەستدەدا و دەبێ بە گێڕانەوەیەکی سارد و سڕ و میکانیکیانە. لە بیریشمان بێت کە دەق چونکا دەچێتە خانەی ستاتیکاوەو، ستاتیکایش وەک باومگارتن دەڵێ ناسینە لە رێگای هەستەوە، ئەوا جوڵاندنی ئەم هەستە لای خوێنەر یەکجار گرینگە. وشیارکردنەوەی هەستەکان لە کاتی خوێندنەوەی دەق لە لای خوێنەر یەکێک لە باشترین نیشانەکانی سەرکەوتوویی دەقە. هەرچەند لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر بە گوێرەی ئاستی وشیاری، داواکاری و جیهانبینی دەکرێ ئەمەیش جۆراوجۆر بێت.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *