فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

رازی جیهان

کات 18/07/1399 1,627 بازدید

رازی جیهان

من کە دەمزانی ژیانی کورتە و بەڵام نەمدەزانی مردن هەر بەو رادەیەیش نزیکە، لەدووای ئەوەی بەم حەقیقەتەم زانی چووم و کێلە قەبرێکی مەڕمەڕینم بۆ خۆم کڕی. کاتێک کڕیم نەمهێشت هیچی لەسەر بنووسن، نە ناوی خۆم، نە کاتی لەدایکبوونم و نە هیچ وێنە و تەنانەت هیچ شیعرێکیش.

بە گاریی حەماڵێک کێلەکەم برد بۆ تاقە قەبرستانی شار کە بەسەر گردێکەوە بەسەر بەشێکی شاردا دەیڕوانی. لەوێ بەو قەبرهەڵکەنەی وا چاوەڕوانم بوو کێلەکەم لە ش

وێنی خۆی کە بانی سەری من لە داهاتوودا بوو (دیارە وەک گوتم داهاتوویەکی بەشێوەیەکی خەیاڵی نزیک) دانا. پێم گوت تەختە پان و درێژەیەکیش لەسەر گۆڕەکە دانێ و گڵی بەسەردا بدات تا کاتی خۆی دێ. بەم شێوەیە قەبرەکەم پێش مردنی خۆم بە ئامادەیی دانا و من و گۆڕهەڵکەن و حەماڵەکە کە ئیستاکە بەشێوەیەکی سەیر حەزی بەسەرهاتی خەمگینی من دایگرتبوو، بەرەو شار بووینەوە. ئەو حەماڵەی بە هۆی ئەم شێوە بیرکردنەوەوە گەمژەترین بوونەوەری ئەم شارەی ئێمە بوو.

لە رێگادا گۆڕهەڵکەنەکە هیچی نەگوت، تەنیا جگەرەی بە شوێن جگەرەدا دادەگیرساند و لە پێشەوەی خۆی دەڕوانی و دەڕۆیشت، بەڵام حەماڵەکە کە ئاگام لێبوو لە قەراخ چاوەکانییەوە بەردەوام لێی دەڕوانیم و لەهەمان کاتدا ئاگایشی لە گارییەکەی بوو، سەرئەنجام هاتەگۆ و گوتی مامۆستا گیان بەتەمای کەی بمری؟

من کە وەک بڵێی کتوپڕ لە خەوێکی یەکجار قووڵ خەبەرم بووبێتەوە، بە سەر سوڕمانەوە لێم رووانی. ئەوجار هاتمەوە خۆ و ویستم بڵێم “لە داهاتوویەکی یەکجار نزیکدا”، بەڵام لەبەر ئەوەی داهاتوو چیتر لای من خێرا و نزیکی نەبوو گوتم “دەمرم… لە داهاتوودا دەمرم!” حەماڵەکە ئەوەندەی تر کەوتە لێڕامانی من و پاش ماوەیەک گوتی “مامۆستا گیان هەموومان لە داهاتوودا دەمرین، چما قەرارە لە رابردوودا یاخود ئیستادا بمرین!” من لام لێکردەوە و گوتم “پێت وایە من نازانم!” ئیتر هەتا گەیشتینە ناو شار کەسی تر نەدووا. گۆڕهەڵکەنەکە کە هەموو شتێک لای وەک یەک وابوو، تەنانەت ماڵئاوایشی نەکرد.

من لەو رۆژەوە هەموو ئێوارەیەکی هەینی کاتێک خەڵک لە سەردانی گۆڕی خۆشەویستەکانیان دەبوونەوە، دەچووم و سەردانی گۆڕەکەی خۆم دەکرد. لە کێلە رووتەکەم دەڕوانی، لە خۆڵەکەی بەردەمی. ئەوسا خۆم دەهاتە بەرچاو کە تیایا راکشابووم و لە بێدەنگیدا لەتەنیشت گۆڕەکانی تر ساتەکانم بەڕێدەکرد. ساتە بێماناکان. دەبێ بڵێم نە بەزەیم بە خۆمدا دەهاتەوە و نە دەترسام و نە بگرە هەستم بە هیچ ئازارێکیش دەکرد. رووت رووت بەری لەهەر چەشنە هەستێک تەنیا لە خۆمم دەڕوانی.

دراوسێکانم دوو گۆڕ بوون بە دوو کێلی یەکجار جوانەوە. یەکیان ژنێکی یەکجار گەنج بوو کە بەهۆی سەرەتانەوە مردبوو و ئەوی تریان پیاوێکی بەتەمەن کە بەشێوەیەکی ئاسایی گەیشتبووە کۆتایی عومری خۆی. نووسینەکانی سەر کێلەکانیانم خوێندەوە. ئەوەی کچەکەم لا پەسندتر بوو. تۆمەز بە هۆی گەنج بوونییەوە سۆزێکی زیاتری تێکەڵ کرابوو. ئەوسا پڕمەیەکی پێکەنین گرتمی. پڕمەیەک کە زۆر خێرا دایە پێکەنینێکی شێتانە و بەردەوام. بۆ ئەوەی نەکەوم بە عەرزا، دەستم بە کێلەکەی خۆمەوە گرت هەتا کۆتایی هات. سمۆرەیەک بە تەعەجوبەوە لەسەر لقی دارەکەی بەرامبەرەوە لێی دەڕوانیم.

بەڵام شتێک کە لەسەر کێلی هەر دوو قەبرەکە سەرنجی رادەکێشام “هوالباقی” بوو. من کە چکێک عەرەبیم دەزانی بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا دەستم دایە لێکدانەوەی مانای ئەم دوو وشەیە و بەدڵنیاییەوە زانیم بە مانای “ئەو دەمێنێتەوە”یە، یان باشتر بڵێم “هەر ئەو دەمێنێتەوە”. ئەوسا بیرم لەو کردەوە. راستی ئەو کێیە؟ ئەها هاتەوە بیرم ئەو خودایە. سەرم هەڵبڕی و لە ئاسمانم رووانی. ئەمە چ خڵقەتێکە کە هەر ئەو دەمێنێتەوە، ئەوێک کە حەزدەکا هەر خۆی بمێنێتەوە! باشە راستی بڵێی ئەمە بڕیاری خۆیەتی یاخود چونکە خودایە خۆبەخۆ ئەمەی بەسەردا سەپاوە؟ ئەوجا بیر لە رستەیەک دەکەمەوە. لە جیاتی ‘هو’، ‘من’ی دەخەمە ناو “من الباقی”. بۆ ئاگاداری ئێوە یەعنی “هەر من دەمێنمەوە.” باشە بۆ نا؟ گەر دونیا لەسەر قسە راوەستاوە ئەمەیشی با لەسەر بێ. کێ دەتوانێ بڵێ وا نیە؟ کێ دەزانێ سەرەڕای ئەوەی من رۆژێک دەچمە ناو ئەم گۆڕەوە دەتوانێ بڵێ من بۆ هەمیشە نەماوم؟ مەگەر لەناو گۆڕیشدا بوون ناتوانێ بەمانای مانەوە بێت؟ چەند جار لەبەر خۆمەوە دەڵێم “من الباقی… من الباقی… من البا…” نا وانابێ. ناکرێ دوو وشەی کوردی و عەرەبی تێکەڵ بکەی و پێت وابێ ئیتر رازی مانەوەت دۆزیوەتەوە. راستی بە عەرەبی من دەبێ بە چی؟… دەبێ… دەبێ… دەبێ بە ئەنا… ئەها ئەنا… “انا الباقی”. بڕیاردەدەم وەسیەت بکەم لەسەر کێلەکەم بنووسم انا الباقی. بۆ نا؟ گەر گوتیان کفرە لە وەڵامدا دەڵێم خودا لەم رستەیەدا راستەوخۆ دوواوە و لە زمانی خۆیەوە باسی خۆی کردووە، نەک لە زمانی عەبدەوە.

ئەو شەوە لە ناو جێگاکەدا ئەم رستەیەم هەر لەبەردەم خۆمەوە دووپاتکردەوە “انا الباقی!” کتوپڕ دراوسێکەم بە مشت کوتای بە دیوارەکەدا و گوێم لێبوو هاواری کرد کە “کاکە بێدەنگ،… سبەی دەبێ زوو لە خەو هەستم و بچم بۆ کار.” ئەوسا هاتەوە بیرم چیتر زەمانی زوو نەماوە و ئیستا من لە جیاتی خانووە کۆنەکانی جاران کە دیوارەکانی جاری وایە یەک میتر پان بوون لەو ئاپارتمانانەدا دەژیم وا تەنیا ئاجوورێک لە دراوسێکەم جیام دەکاتەوە. ئاپارتمانەکانی مەسکەنی میهر دەڵێم. هاوارم کرد گوتم “انت الباقی!” گوتی “چی؟” گوتم انت الباقی! هاواریکرد دایکی ئەوە بگیەم بەو نیوەشەوە ناخەوێ!

ئەگەرچی درەنگ خەوم لێدەکەوێ، کەچی بەیانی زوو هەڵدەستم و بڕیاردەدەم کاری ئاودەست وەک ساڵی ساڵان ببەمە مزگەوت و دووایەش بچم بۆ سەروپێخواردنێکی بەلەزەت. لەمێژە سەروپێم نەخواردووە. کە دەچم دەبینم تەنیا سێ کەسی لێیە. دەرەوە کڕێوە دەکا و بەفر شێتانە خۆی بە کەل و کوندا دەکا. بە سەرسوڕمانەوە لە خاوەن دووکانەکە دەپرسم “دوێنێ… نا بگرە هەر تاوێک لەوە پێش هەوا یەکجار خۆش بوو… لام وابێ هاوین بوو، یاخود سەرەتاکانی پاییز، کەچی کتوپڕ بووە بە زستان!” کابرای سەروپێ فرۆش لێم ورددەبێتەوە و دەڵێ “چما نازانی ئێمە تەنیا بە زستان سەروپێ دەفرۆشین؟” تەریق دەبمەوە… راستدەکا. دێتەوە بیرم وایە. سەر وەردەگێڕم و دیسان سەیری دەرەوە دەکەمەوە. لەبەر خۆمەوە دەڵێم هاوین بێت و پاییز یاخود زستان چ فەرق دەکا. ئەوسا هەر لە کەلەپاچەخواردن دەبمەوە بەپەلە دەچـم بۆ سەر گۆرەکەی خۆم. حەزدەکەم بە زستان بیبینم. شتێک لەدەروونەوە پێم دەڵێ گۆڕی زستان جوانترین و عەزەمەتترین گۆڕی جیهانە. ئەژنۆیەک بەفر باریوە و رێگادەرکردن ئاسان نیە. دەگەمێ. قەبرستان ئەژنۆیەک باڵای بەرزترە. انا الباقی ئەژنۆیەک لە هوالباقی نزیک کەوتووەتەوە.

ساڵەکان تێدەپەڕن. ئەو ساڵانەی لای من تەنیا چرکەیەکن. رۆژێک لە دەرگادەدەن. دەیکەمەوە. پیاوێک و ژنێکی داماو کە یەکجار هەژار دەنوێنن لە پشت دەرگاکەن. چەندە ئاشنا دەنوێنن. دەیانبەمە ژوورەوە. پیاوەکە بە شەرمەوە دەڵێ کوڕەکەمان کە تەمەنی تەنیا هەفدە ساڵە مردووە و هاتووین داوات لێبکەین پیاوەتیمان لەگەڵ بکەی و قەبرەکەی خۆتمان بدەیتێ، دەڵێ بە قەرز هەتا خۆت یەعنی انا دەمرم، دەڵی پێمان هەڵناسووڕێ. ژنەکەی هەروا بەردەوام بە بێ فرمێسک دەگری. دەڵێم دەبێ فرسەتی بیرکردنەوەم بدەنێ. ئەوجا دەیانێرمەوە بۆ ماڵەکەی خۆیان و پێنج سەعاتی تەواو رۆدەچمە بیرانەوە. سەرئەنجام بەو ئاکامە دەگەم دەتوانم بە قەرز بیاندەمێ. پێیان دەڵێم “بەڵام بە قەرز ها!” ئەوانیش سەر دەلەقێنن و دەڵێن “بە غەوس هەروا دەبێ!” من کە ناوی غەوزم ساڵانی ساڵە بیستووە و بەڵام نازانم کێیە، باوەڕیان پێدەکەم. جا باشە با باوەڕیشیان پێ نەکەم،… چی دەبێ؟ هیچ. پێیان دەڵێم “بەڵام ناتوانن هیچ لەسەر کێلەکە بنووسن،… قەدەغەیە!” دەڵێن “خوێندەواری و پووڵ و پارەمان لەکوێ بوو مامۆستا گیان!”

من ئیستا وەک جاران هەموو هەینییەک ئێوارەیان دەچمە سەر گۆرەکەی خۆم، نا… گۆڕی گەنجە هەفدە ساڵەکە دەڵێم. بە سەعات لە تەنیشتی رادەوەستم و لێی دەڕوانم. لە خۆڵەکەی بەردەمم، لە کێلەکە کە هێشتا هیچی لەسەر نەنووسراوە. لە ئاسمان. لەو لقەی وا کاتی خۆی سمۆرەکە لێیەوە بە سەرسوڕمانەوە لە انای رووانیبوو.

راستی چ فەرق دەکا من لێرە راکشابم یان ئەو گەنجە؟… ها چ جیاوازییەکی هەیە؟ بگرە رەنگە ئەو من بم و منیش ئەو! وەک بڵێی بە رازێکی سەیر و سەمەرە گەیشتبم، بەپەلە لە سەرەوخواریی گۆڕستانەکە دێمە خوارەوە و دەچمەوە بۆ ماڵەوە. دەرگاکە لەسەر خۆم دادەخەم.

دێتەوە بیرم من ساڵانی ساڵ لەوە پێش کاتێک هەفدە ساڵم بوو، مردم. ساڵانی ساڵ لەوە پێش. دێتەوە بیرم رێک ئەو ساڵە بوو دەستم کرد بە خوێندنەوەی فەلسەفە. ئەو ساڵەی وا لەبەر چاومدا جیهان بوو بە چ رازێک!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان :

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *