فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

گواستنەوە

کات 10/07/1400 99 بازدید

گواستنەوە

لە دووای ئەوەی ماڵە کۆن و قەدیمییەکەیان لە لای بونگایەک دانا و فرۆشتیان، گواستیانەوە بۆ ئاپارتمانێکی خنجیلانە و خۆشی تا رادەیەک نوێ. تەنیا خۆی و دایکی بوون. دایکی، حەوت شەو و حەوت رۆژی رەبەق بە بێ راوەستان لە ژوورەکەی خۆی کە پەنجەرەیەکی گچکەی تیابوو، بەیادی خانووەکەیان، هەموو بیرەوەرییەکان و یادگارییەکانی گریا. ئەویش لێی گەڕا بە دڵی خۆی بگری. هەموو کەس دەزانێ گریان، دەروون سووک دەکا. فرمێسکەکان ئەگەرچی روونن، بەڵام هەندێ شت لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن کە قورسترین شتەکانی جیهانن.

ئاپارتمانەکەیان رووەوە و دیمەنێکی دڵڕفێن بوو. هەم شاخیان لەو دوور دوورانەوە لێ دیار بوو و هەم بەشی رۆژهەڵاتی شار. هەر چەند هەوڵیدا بە پیشاندانی ئەم دیمەنە و باسکردنی، گریان لە بیری دایکی بباتەوە، بێسوود بوو. ئەو هەر لە بیری خانووە کۆنەکەدا بوو.

دایکی بێ سەوادە. دیارە نەک تەواو. کەمێکی فێر کردووە، بەڵام ئەوەندە بە خاوەخاوە دەخوێنێتەوە قەت ناگاتە کۆتایی هیچ چیرۆک و کتێبێک. بۆیە بە ناچار بۆ خۆی باسی دونیا و داهاتووی بۆ دەکا. باسی ئەم دۆخە تازەی وا تێیکەوتوون. دەڵێ دایە گیان! دونیا بەرەو پێش دەڕوا و هەتا دێت حەشیمەت زیاددەکا و بۆیە زۆربەی هەرە زۆری بنیادەمەکان لە ئاپارتماندا دەژین، دەڵێ چیتر باوی خانووی کۆن و تەنیا نەماوە. ئەوسا ئەوی شەیدای کلتوری رۆژئاوا، باسی شۆڕشەکانی بۆ دەکا وا بە دڵنیاییەوە بەڕێوەن، ئەو شۆڕشانەی دونیا دەگۆڕن و یەک تاقە خانووی تەنیا چییە تیایا ناهێڵنەوە و، هەر هەموو بەشەر دەهاونە ناو بینا بەرز و گەورە و چەند قاتەکانەوە. دەڵێ تەنیا بەم شێوەیەیە مرۆڤ دەتوانێ دەست بە زەوییەوە بگرێ و دەرفەتی کشت و کاڵ و بەرهەم هێنانی خواردن بۆ خۆی، کە بەردەوام روو لە زیادبوونە، فەراهەم بکا.

دایکی بێدەنگە و لە پشت چاوە فرمێسکاوییەکانییەوە کە بێگومان دونیا و کوڕەکەی لێڵ دەبینن، گوێ دەگرێ و بە بێ ئەوەی شتێک بڵێ، هەروا لە رووانین بەردەوامە.

ئەو جاری وایە رقی لە دایکیەتی. لەوەی لە دونیای داهاتوو ناگا و هەر بیر لە رابردوو دەکاتەوە. ئەوەیکە هەمیشە مردووەکان لە بەر چاویدا زیندوون و دیوارە کۆنەکان و درەختە پیرەکان لە بیر ناکات. هەر چەند پێی دەڵێ کات رووەوە داهاتووە و مرۆڤ دەبێ زیاتر خەیاڵی لای داهاتوو بێت نەک رابردوو، گوێی لێ ناگرێ و، بۆیە دیسان تووڕە و تووڕەتر دەبێ.

بەڵام تووڕەیی بێسوودە. دووایی بیرکردنەوەیەکی زۆر بەو ئاکامە دەگا کە شتێکی تر بکا. ئا، تێی گەیەنێ. هەوڵ دەدا حاڵی بکا. چۆن؟ ئەها، لە رێی کتێبەکانەوە. دەستدەکا بە خوێندنەوەی کتێبەکان بۆی. دایکی کە رۆژ تا ئێوارە لە ناو ئاپارتمانەکە تەنیایە و تەنیا دلخۆشیی ژیانی ئەوە، زۆر بە وردی گوێی لێدەگرێ. ئەو کە دڵنیایە تێی دەگا، زۆر بە وردی باسەکانیشی بۆ شیدەکاتەوە. کتێبە مێژووییە رۆژئاواییەکانی بۆ دەخوێنێتەوە. بە تایبەت باسی ناپلئۆن و لەشکرە شەڕکەرەکەی کە چۆن چۆنی ئامادە بوون بە بێ ئەوەی لە دوواوەی خۆیان بڕوانن، بەرەو داهاتوو و بەرەو وڵاتانی تر بکشێن و تەنیا لە پێناوی داهاتوودا بژین. دایکی دەگرێ. ئەو کە دڵنیایە بۆ مەرگی سەربازە ئازاکان دەگرێ، بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوی و لە دەروونەوە بە خۆی دەڵێ “سەرئەنجام لە جیهانی خانووە کۆنەکە دوورت دەخەمەوە،… ئەوەندە دوور هەر بە خەیاڵیشتدا نەیەت!”

دوو سێ ساڵێک دەگوزەرێن و ئەو مێژووی زۆربەی پیاوە گەورە و ئازاکانی رۆژئاوای بۆ خوێندووەتەوە. ئەو پیاوانەی تەنیا لە پێناوی داهاتوودا ژیان. دایکی ئیستا بە جوانی ناپلئۆنی لەبەرە: قەد و قەوارەی، ئەوەی لە کوێ لە دایک بووە، شەڕەکانی و هەروەها چۆنیەتی دوورخستنەوە و مردنی،… تەنانەت ناوی ئەو دوڕگانەی وا ناپلئۆنیان تیا دوورخرانەوە. لە ناو هەموو پیاوە مەزنەکاندا، دایکی سەرنجی زیاتر چووبووە سەر ئەم پیاوە خڕ و وردیلانەیە. بگرە وێنەیەکی ناپلئۆنیشی لە ژوورەکەیدا بۆ هەڵواسیبوو.

دڵنیایە دایکی گۆڕیوە. ئاخر ئەو ئیستاکە نە دەگری و نە ئەوەندە چاو لە کوڕەکەی و لە دەرو و دیوار دەبڕێ. مێژوو کە بەسەرهاتی مرۆڤە گەورەکان و رووداوە مەزنەکانە، دەتوانێ خەیاڵ و بیرەوەرییە بچووکەکان لە زەینی هەموو مرۆڤەکان، تەنانەت نەخوێندەوارەکانیش بسرێتەوە و لە خەمە چکۆلەکان رزگاریان بکا. هیچ شتێک وەک مێژوو نیە،… هیچ شتێک، تەنانەت داهاتوویش.

دیسان رۆژەکان دەگوزەرێن و ئێوارەیەک کە دێتەوە دەبینێ دایکی لە ماڵەوە نیە. هاواری لێدەکا و ژوورەکان دەپشکنێ، بەڵام وەڵام نیە. “دایە،… دایە لە کوێی؟” دیسان بێدەنگی. بە پەلە دێتە دەرەوە. لە دەرگای دراوسێکەی تەنیشتی دەدا. دێتەوە بیری کە تەنیا چەند جارێک بە رێکەوت لە سەر پلیکانەکان بە تووشییەوە بووە و هەر ئەوەندە. دراوسێکەی بە نیگایەکی سارد و بەگومانەوە دەڵێ “فەرموو!” پاش یەک دوو چرکە راوەستان، جواب دەداتەوە “ببورە،… ببورە،… نا، ئیستا هاتەوە بیرم لە کوێ دامناوە، لوولەی مەستەراوەکە خراپ بووە و ئاچەرەکەم بۆ نەئەدۆزراوە، ئیستا ئەزانم،…” ئەمەی گوت و بە پەلە رۆیشت. هەڵبەت نەک بەرەو ئاپارتمانەکەی، بەڵکو بەرەو قادرمەکان. دراوسێکەی سەرێکی لێ بادەدا.

سەرەتا دووکانەکانی دەورووبەری پشکنی، ئەوجا باخێکی گشتی بچووک کە بە دەستی چەپ، کەمێک ئەولاتردا بوو. نا، دایکی لەوێیش نەبوو. بێسوودە.

ئەوسا بەرەو گەڕەکی خانووە کۆنەکە بادەداتەوە و دەڕوا. دڵنیایە لەوێیە. بینا بەرزەکان بە گڵۆپەکانیانەوە دەدرەوشێنەوە. لە دوورەوە دایکی دەبینێ لە ناو کۆڵانەکەدا پاڵی بە دیوارێکەوە داوەو راوەستاوە. بێ جووڵە.

ـ دایکە گیان! ئەوە لێرە چی ئەکەی؟”

دایکی لە رووبەڕووی خۆی دەڕوانێ. لەوێ ئیستا لە جیاتی خانووە کۆنەکە، بینایەکی چەند قاتی گەورە و یەکجار نوێ دەبیندرێ.

ـ “دایکە با بڕۆینەوە،… درەنگە!”

دایکی بە چاوە پیرەکانییەوە وا نیگایەکی ساردیان لێ دەبارێ، دەڵێ:

ـ بۆ ئێلبا، یان سێنت هێلێن!؟١

کوڕەکەی واقی وڕ دەمێنێ. دایکی هەنگاو هەڵدێنێ و پێش دەکەوێ. لە حەوشەیەکەوە دەنگی ماشینێک دێت.

کوڕەکەی دێتەوە بیری مەودای نێوان ئێلبا و سێنت هێلێن تەنیا چەند ساڵێک بوو. راستی ئەوان لە کوێی مێژوودا راوەستابوون؟

ژێرنووس:

ـ ئێلبا و سێنت هێلێن ناوی دوو جەزیرەن وا ناپلئون لە تاراواگە تیایانا ژیا. ناپلئۆن لە دووای کەمتر لە یەک ساڵ توانی خۆی لە ئێلبا دەرباز بکا و بۆ فەڕانسە بگەڕێتەوە و دوواشەڕی خۆی واتە شەڕی واتێرلوو لە دژی نەیارانی فەڕەنسا رێبەری بکا. پاش شکست هێنانی لەم شەڕەدا لە لایەن ئینگلیزییەکانەوە بۆ دوڕگەی سێنت هێلێن دوورخرایەوەو، لەوێ سەرئەنجام لە دووای شەش ساڵ کۆچی دووای کرد.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *