فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

من و مانگی رێبەندان

کات 13/12/1400 784 بازدید

من و مانگی رێبەندان

بڕیارم داوە ژن نەهێنم. گەر دونیا بیهێنێ و، هەر من بە تەنیا مابێتمەوە، نایهێنم!

باوکم لە ژووری دانیشتنەکەیەوە پڕ بە خۆی هاواردەکا پیاو نیە ئەگینا چۆن ژنی ناوێ! دایکم لێوی خۆی دەگەزێ و بە رانی خۆیدا دەکێشێ و دەڵێ پیاوەکە دراوسێکان گوێیان لێدەبێ، ئارامتر! بەڵام باوکم گوێ ناداتێ. بەردەوامە. من سەر هەڵدەبڕم و لە پەنجەرەکە دەڕوانم. هاوینە و بە هۆی گەرماوە هەر دوو تاکەکەی کراوەیە. لە دوورەوە کەڵەشێرێک دەخوێنێ. جریوە جریوی شێتانەی چۆلەکەکان خۆ بە ژوورەوەدا دەکەن و لە گەڵ دەنگی نێرینە و گڕی باوکم تێکەڵ دەبن. لەبەر خۆمەوە بزەیەکم دێت.

راستی من ژنم بۆچییە؟ مەگەر باوکم نازانێ ئەو سەردەمە کۆتایی هات وا هەر کەسێک باڵغ بوو، یاخود کارێکی پەیدا کرد و سەربەخۆ بوو ئیتر دەبێ ژن بێنێت؟

بەردەوامبوونی نەڕە نەڕەکانی ژوورەکەی تر، پێم دەڵێن کە نا، نازانێ!

دوو ساڵ و سێ مانگ پێش ئەوەی من لەدایک بم، دایک و باوکم پێکەوە زەماوەندیان کرد. باشتر بیڵێم، لەو رۆژەوە ئەوان زەماوەندیان کرد، دوو ساڵ و سێ مانگ دوواتری من پێم نایە دونیاوە. وێنە رەش و سپییەکان وەک بەڵگەی سەلماندی ئەم راستییە ماون، هەر چەند دەزانم کەس بۆی گرینگ نیە داخۆ من راست دەکەم یان نا.

دایکم تارایەکی سپی بە سەریەوە و لە ناو ژن و پیاوە رەش و سپییەکانی تردا شەرمێونانە خەریکە هەڵدەپەڕێ. من بۆ خۆم پێم وایە وایە! ئا، شەرمێونە. ئەگەرچی روخساری دایکم نابینم، بەڵام بەوەی سەری داخستووە و شانەکانی داهێزراون، لام وایە لە ژێر تاراکەیەوەهیچ بزەیەک یاخود نیگایەکی تەژی لە باوەڕ بە خۆبوون، بوونی نیە. باوکم لە وێنەکەدا دیار نیە. نازانم لەو کاتەدا لە کوێ بووە. ئەو لە وێنەکانی تردایە. لەو کاتەدا عەتر بە سەر دایکمدا دەکا و وەک هەموو پیاوە رەش و سپییەکانی تر چرکەی کامێرا لە ناو زەمەندا وشکاندوویەتی. خەڵکەکەی تر هەموویان شاد دەنوێنن. بە تایبەت کاکی دەهۆڵ ژەن، کە ملی بۆ قیت کردووەتەوە و پڕ بە دەمی هاوار دەکا و گۆرانی دەچڕێ. هەڵبەت وشەکان نایەنە گوێ. زەمەنی راوەستاو، ئەوانیشی خنکاندووە. بە خۆم دەڵێم حەتمەن خەریکە بە سەر سینگ و مەمکی ژناندا هەڵدەڵێ. ئاخر پیاوەکانی ئەو سەردەمە جگە لەمە، هیچ چەشنە خەون و خەیاڵ و کایە و سەرگەرمییەکی تریان نەبووە. لە زوڕناژەنەکە ورد دەبمەوە. ئەویش لە دایکم دەچێ، سەری داخستووە و شانی شۆڕ کردووەتەوە و… بەردەوام فووی تێدەکا. دڵنیام هی ئەوەیە هەناسە کەم دێنێ. بەزەییم پیایا دێتەوە. فووتێکردنی بەردەوام لە کونێکی بچووک و دوورودرێژ، کارێکی زۆر ئاسان نیە.

دوو ساڵ و سێ مانگی دوواتر کاتێک من لە دایک بووم، زستان دەبێ. رێک لە رۆژێکی کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباردا کە دەڵێن بەفرێکی یەکجار قورس خەریکی بارین بووە. بە هۆی بەفرەوە، کە دەنگ کەپ دەکا، دراوسێکان گوێیان لە گریانی من نەبووە، بەڵام هەواڵی لە دایکبوونی کوڕێک لە گەڕەکدا وەها خێرا بڵاو دەبێتەوە کە دەڵێی کلوەبەفرەکان خۆیان هەواڵەکەیان بە بێدەنگی و بە دزییەوە بڵاوکردبووەوە. هەزار ئافەرین بۆ دایکم نێردرابوو و هەزار دەسخۆشانەیش بۆ پشتی پیاوانەی باوکم کە توانیبووی جارێکی تر پیاوان لە ناو ژنان و لە ناو گەڕەک و شاردا سەربەرز بکاتەوە.

نا، من ژنم ناوێ. بەم وەزعەوە ژنم بۆچییە. نە پێم بەخێو دەکرێ، نە حەزم بە سەربەرزکردنی پیاوانە و نە تاقەتیشم هەیە لەگەڵیا، واتە لە گەڵ بووکێ لە ناو هۆڵێکی رازاوەی پڕ لە خەڵکدا سەما بکەم، لە کاتێکدا بە بێ تارا رێک لە ناو چاوانم ورد دەبێتەوە و بە دەم وتنەوەی گۆرانییەکەوە هەر چی خەڵکی ناو ساڵۆنەکەیە لێمی کۆکردووەتەوە. نا، ئەبەد شتی وانابێ،… نامەوێ!

سەیری وێنە رەش و سپییەکان دەکەمەوە. من پێم وایە ژنهێنان هی سەردەمی رەش و سپی بوو، هی ئەو کاتانەی ژنەکان شەرمێون بوون و پیاوەکان جگە لە ژن هیچ سەرگەرمییەکی تریان نەبوو. ئا دەزانم دۆمینە هەبوو و شەوانی زستان کایەی گۆرەوەی بازییان دەکرد و پاشا و وەزیرێنەش شەوانە هەتا درەنگان کۆڕی دەڕازاندنەوە، بەڵام ژن بۆیان شتێکی تر بوو. شتێکی دوورەدەست کە دەبوایە پێش ئەوەی دەستیان پێی رابگا، دانیشن و بە ساڵان خەون و خەیاڵی پێوە بکەن. ئا، ئەو کاتانە خوا داینابوو ژن بێنی. ژن بێنی و لە وێنە رەش و سپییەکاندا خەونە رەنگاوڕەنگەکان تۆمار بکەیت.

دایکم شەرمێونانە دەڵێ لێی گەڕێ زۆری لەسەر مەڕۆ، بۆ خۆی رۆژێک باسی دەکا.

شەوێک مام و خاڵم دێن و گوێم لێیە خەریکی راوتەکبیرن. مامم پێدەکەنێ و دەڵێ وەڵلا ئەنتیکەیە! خاڵم مژێک لە جگەرەکەی دەدا و دەڵێ رەنگە هی ئەوەیە لە زستاندا لە دایک بووە. ئەوسا بە نیگای پڕ لە پرسیارەوە لە دایکم دەڕوانێ. دایکم دەڵێ راستە لە کۆتایی رێبەنداندا لە دایک بووە. خاڵم درێژە بە قسەکانی دەدا و دەڵێ مرۆڤی لە دایکبووی زستان خوێن ساردن، حەزیان بە تەنیایی خۆیانە و ئەوەندە ئاسان لە گەڵ خەڵکی تێکەڵ نابن. من کە نازانم خاڵم ئەم قسانە لە کوێوە دێنێ گوێم لێیە باوکم بە هەڵچوونەوە دەڵێ جا بەو حسێبە بێت ئەوەی لە زستان لە دایک بووە بۆ هەمیشە وەجاغ کوێر دەبێ! خاڵم هیچ ناڵێ و مژێکی تر لە جگەرەکەی دەدا. مامم هەڵدەدا و دەڵێ من بۆ خۆم لە زستان لە دایک بووم و زیاتر لە بیست و حەوت ساڵە ژنم هێناوە و پێنج منداڵیشم هەیە. دەزانم خاڵم باوەڕ بەوە ناکا مامم لەدایکبووی زستان بێت، ئاخر ئەو لای وایە مامم پیاوێکی چەنەباز و درۆزنە و تەنیا بۆ ئەوەی قسەی خۆی بباتە سەر ئەوەی خوا پێی ناخۆش بێت دەیکا و دەیڵێ. کاتی خۆیشی هەر لەبەر ئەمە بووە حەزی نەکردووە دایکم شوو بە باوکم بکا. بۆیە خاڵم جوابی مامم ناداتەوە و لەبەر خۆیەوە دەلێ شەرت بێ بەیانی بچم و لە ئیداری سەبت و ئەحواڵ لە رەشەی هاوڕێم کە کارمەندە بپرسم. بۆ سێ رۆژ دوواتر سەردانی دایکم دەکا و دەڵێ دەمزانی درۆ ئەکا، مامی کوڕەکەت رێک لە مانگی یەکەمی وەرزی زستان لە دایک بووە!

کۆبوونەوەکە بێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی دێ.

بیست و حەوت ساڵ! بەڕاستی زۆرە. بیری شیعرەکەی فایەق بێکەس دەکەومەوە:

“بیست و حەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم/ بەنان و ئاو و جل و بەرگی خۆم / خزمەتم کردی لە ئێران ڕۆم /لە پێناوی تۆ شکاوە ئەستۆم!”

بیر لە ملی مامم دەکەمەوە. نا، نەک نەشکاوە، بەڵکو وەزعیشی زۆر باشە.

بڕیار دەدەم بچم لە سەر لە دایکبووانی مانگی رێبەندان بخوێنمەوە. سەرئەنجام کتێبێک لە کتێبخانە دەبینمەوە. نووسراوە ئەوانەی وا لەم مانگەدا لە دایک دەبن ئارام، ورد، دڵسۆز، وەفادار بە بەرپرسیارەتی و بگرە کەمێک بەرزتر لە هاوتەمەنەکانی خۆیانن. ئا، بڕێکیش ساردن. کەواتە خاڵم درۆی نەدەکرد. هەر ئەوەندەی، لە بیری نەمابوو لە کوێ ئەمەی خوێندبووەوە یاخود بیستبووی. جگە لەوە، نووسراوە کە ئێمە ئەقڵمان زۆرترە و بە تێگەیشتن و بیر و کردەی مەزنەوە گەورە دەبین. رێک و رەوان، لەسەر ئەو پێی داگرتووە کە لەدایکبووانی رێبەندان بە ئەقلی گەورەساڵانەوە لە دایک دەبن!

نووسینەکە لە خۆم دوور دەخەمەوە. بەڕاستی من وام!؟ کەواتە من بڕیارێکی گەورە و ئاقڵانەم داوە. لە خۆوە نیە وەها بیردەکەمەوە. من لە دایکبووی مانگی رێبەندانم و بۆیە نە رەنجبەری کەسم و نە ملم لە پێناوی کەسدا قەرارە بشکێ. من خۆمم،… خۆمی خۆم.

خۆشییەک بە جەستەمدا دەگەڕێ. لە چاو هەر کاتێکی تر لە سر بڕیارەکەی خۆم سوورترم. بۆڵەبۆڵ و هات و هاواری باوکم چییە، گەر دونیا سەر لە یەکتریش بدات من هەر ژن ناهێنم.

ساڵەکان تێدەپەڕن. باوکم ئەوەندەی تر بە تەمەندا رۆچووە و چیتر بۆڵەبۆلەیشی نەماوە. وەک هەمیشە ئێواران کە دێتەوە پاڵ بە نوێنەکانەوە دەدا و لە تەلەفزیۆنەکە رادەمێنێ. دایکیشم دڵخۆشە کە هەموو شتێک لە شوێنی خۆیەتی و کەس لە بنەماڵە پەرتەوازە نەبووە، ئەگەرچی پێیشی زیاد نەبووە. منیش وەک هەمیشەم. بەردەوام لەبیرمە لەدایکبووی دووهەم مانگی زستانم. مانگی کڕێوە، سەرما، رێگابەندان، شەوانی لوورەی با و تۆزی بەفر لە دڵی نیوەشەواندا. مرۆڤی سەربەخۆ وەهایە.

شەوێک کە هەروەها خەریکی سەیرکردنەوەی وێنە رەش و سپییەکانم، لەناو چەمەدانەکەدا لە پاڵ ئەلبۆمی وێنەکان سجیلەکەی دایکم دەبینمەوە. یەکەمجارە چاوم پێی دەکەوێ. من قەت لەوە پێش نە بیرم لە سجیلی دایکم کردووەتەوە و نە تەمەن و شوێن و کاتی لە دایکبوونی بۆم گرینگ بووە. بەرگە سەوزەکەی هەڵدەدەمەوە. دیسان وێنەیەکی رەش و سپیی تر،… هی سەردەمی کۆن. ژنێک بە سیمایەکی مەعسوومەوە کە بە شەرمەوە لە وێنەگرەکە دەڕوانێ. نیگایەکی بە ناچاری. نیگایەک، تەمەنی هەتا چرکاندنی کامێراکە. سەیری ناو و ناوبانگ و شوێنی لەدایکبوون و… دەکەم. چی!؟ زیاتر لێی ورددەبمەوە. دایکم لەدایکبوونی هەمان مانگە، مانگی رێبەندان،… رێک وەک من، تەنیا ئەوەیکە بیست و چوار ساڵ پێش من پێی ناوەتە ناو دونیاوە.

سەرم لە گێژەوە دێت. باوەڕناکەم. ئەی ئەقڵ و کارە مەزنەکان لە کوێن؟ ئەی،… ئەی دایکم بۆ شووی… . سجیلەکە دەخەمەوە ناو چەمەدانەکە، رێک لە تەنیشت وێنە رەش و سپییەکاندا.

من و مانگی رێبەندان

ماوەیەکە لە ئاوێنەکەدا زۆر لە خۆم دەڕوانم. ورد ورد خۆم بەسەر دەکەمەوە. هەست بە خۆحەشاردانی زەمەن لە سیما و جەستەمدا دەکەم. داخۆ ژن بێنم یان نا! شانەیەک هەڵدەگرم و قژە ماش و برینجییەکەم دادێنم. ماوەیەکە بە دڵ تامەزرۆی هات و هاوارەکەی باوکم دەکەم. زەمەنی زوویش چ حاڵ و هەوایەکی هەبوو!

تا شەوێکیان دیسان مامم و خالم بە رێکەوت، بە بێ پلان، بە بێ ئەوەی حەزبکەن پێکەوە بن، سەردانی ماڵی ئێمە دەکەنەوە. باس باسی قەدیمە. باسی ساڵە رەش و سپییەکان. هەموویان لە سەر ئەو باوەڕەن کە ئەو ساڵانە یەکجار خۆشتر بوون. پێیان وایە خەڵک راستگۆتر و بە وەفاتر بوون. ئەوسا باسی سجیل و ئەوەیکە چۆن بۆ خەڵکی دەرکرا، دەکەن. گوێم لێیە باس لەوە دەکەن کە تاریخی لە دایکبوونەکانی سجیلە قەدیمییەکان زۆربەیان لە گۆترە بوون و هیچیان راست نین. باسی ئەوەیکە ئەوەی خەڵکی ئەو سەردەمە بیری لێ نەکردووتەوە ساڵ و مانگ و رۆژەکان بووە.

بەڵام،… بەڵام من دڵنیام دایکم لە دایکبووی مانگی رێبەندان نیە. حازرم لەگەڵ هەر هەمووتان شەرت ببەستم، لە سەر هەر شتێک ئێوە پێتان خۆشە. مرۆڤی لە دایکبووی مانگی رێبەندان نە ژن دێنێ و نە شوودەکات! ئەوەی لە کتێبەکەی کتێبخانەکەدا نووسراوە راستە. مرۆڤی بە جورئەت و راستگۆ دەنووسێ و مرۆڤی ترسنۆک و درۆزن تەنیا قسەدەکا، ئا،… تەنیا قسە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خوێنەری هێژا، ئەم چیرۆکە بە شێوەی دەنگ گوێ بگرە > من و مانگی رێبەندان

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *