فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

وێنە

کات 09/05/1401 202 بازدید

وێنە

کاتژمێر دووی نیوەڕۆ بوو. دونیا بە پێچەوانەی هاوینانی جاران گەرم بوو. لێرە لە بەشی هەرە باکووری گۆی زەوی، سروشت دەڵێی لە ئاڵوگۆڕێکی لەسەرەخۆ، بەڵام بەردەوامدایە. من، وەک ‘دیوژن’ی یۆنانی، لە کاتێکدا لە قاتی سەرەوە دەرگا و پەنجەرەم کردبووەوە و لەسەر مۆبلە رەنگ خۆڵەمێشییەکە بەدوور لە هەر چەشنە مرۆڤێک راکشابووم، لە زەنگی دەرگایان دا. دەنگی زەنگەکە ناخۆشە،… زلە و بەد ئاهەنگ. لەگەڵ ئەوەی لە مێژە بڕیارم داوە بیگۆڕم، بەڵام لە جێی خۆیەتی و ساڵانی ساڵە هەر ئەوە لە سەر کەسی ناوەخت وشیارم دەکاتەوە.

بەدەم هەستانەوە، بیر لەوە دەکەمەوە داخۆ کێ بێت. ئەوسا هاوکات بیرم دەکەوێتەوە کە دەبوا زۆر لەوە پێش زەنگەکەم بگۆڕیایە. جگە لەمە ئەمە کێیە بەم نیوەڕۆ گەرمە لە دەرگا دەدات؟ ئەوەندەی لە بیریشم بێت لەمێژە کەس پەنجەی بە دوگمەی زەنگی مندا نەهێناوە.

پلیکانەکان لە ژێر هەنگاوەکانمدا دەقرپن.

تا دەگەم، جارێکی تر زەنگەکە لێدەدەنەوە. کە دەیکەمەوە دەستێک بە نامەیەکەوە درێژ دەبێتەوە و، دەگاتە بەر دەمم. لە پشت دەستەکەوە کەسێک نیە. منیش کە لە مێژە بەم شێوەیە نامەم بە دەست نەگەیشتووە، ئەوەندە سەرنجم لەسەر نامەکەیە کە زۆر گوێ نادەمە ئەوەی داخۆ دەستەکە هەر خۆیەتی یاخود کەسی تری لە گەڵە.

نامەکە وەردەگرم و، لێی رادەمێنم. بە بێ ئادرەس تەنیا ناوی منی لە سەرە. پاش کەمێک ئەم دیواودیوکردنی ئەوجا بیری دەستەکە دەکەومەوە. لەوێ نەماوە! بەپەلە دەچمە دەرەوە. کەس نابینم. کتوپڕ ترسێک دامدەگرێ. سەرئەنجام بەو ئەنجامە دەگەم کە وەهم دایگرتووم و لە راستیدا دەستەکە تەنیا نەبووە. ئەو هەمان پۆستچییەکەی ساڵی ساڵان بووە. پاش کەمێک راوەستان و رامان لە دەورووبەرم و لە خۆم، دەچمەوە ژوورەوە.

بە خۆم دەڵێم باشە بۆ وەک هەمیشە نامەکەی نەخستە ناو سندووقی نامەکانەوە! ئەو سندووقەی وا لەگەڵ سندووقەکانی تر، لە دەرەوە، لە شوێنێکی تایبەت، کە لە بارانیان دەپارێزێ، داکوتراون.

لەگەڵ ئەوەی تامەزرۆی کردنەوەییم، بەڵام سەرەتا نامەکە فڕێ دەدەمە سەر مێزەکە بۆ ئەوەی لێوانێک ئاو بێنم. ئاوەکە زەردە و وازی لێ دێنم. بیرم دێتەوە دوێنێ خەڵکیان وشیارکردبووەوە تا دووسبەی لە ئاوی ماڵەوە نەخۆنەوە. لە جیاتی ئەوە پەرداخێک ئاومیوە دێنم.

نامەکە هەڵدەگرمەوە. پێش ئەوەی بیکەمەوە، بۆ ئەوەی ناو پاکەتەکە ببینم لەبەر تیشکی پەنجەرەکە رایدەگرم. لە جیاتی کاغەز، شتێکی تر سەرنجم رادەکێشێ. وەک بڵێی وێنەیە. لە دراوسێکەی تەنیشتمەوە وەک هەمیشە دەنگی پیانۆ دێ. پیاوێکی یەکجار میهرەبانە. بە ژنێک و دوو منداڵەوە. کچەکەی کە تەمەنی نۆ ساڵانە عادەتێکی خراپی هەیە. بە مەودا جاروبارە مرخەیەکی لێوە دێت. سێ ساڵ لەوە پێش کاتێک بۆ ئێرە رایانگواست، گوتی مۆسیقاژەنم و رەنگە رۆژانە بەردەوام گوێت لە ژەندنی من بێت. گوتم کێشە نیە و بەخێر بێیت! ئەوسا زۆر بەزەییم پیایاندا هاتەوە. بە خۆم گوت کچێکی وەها قژ زەرد و چاوشین کە چەند ساڵی تر دەبێتە گەورەکچێک، داخۆ چۆن خۆی لە ژیاندا دەبینێتەوە؟

قومێک لە شەربەتەکە دەدەم و، نامەکە دەکەمەوە. وێنەیەکی رەش و سپی کە هی ساڵانی ساڵ لەوە پێشە،… هی ئەو سەردەمەی تازە کامێرا هاتبوو. راست دەبمەوە، لێوانە نیوەپڕەکە لەسەر مێزەکە دادەنێم و لە وێنەکە ورددەبمەوە. کۆمەڵێک خەڵک بە دوو ریز، ریزێکیان بە پێوە و ریزەکەی تر بە دانیشتنەوە لە حەوشەیەکدا، ریزە پلیکانەیەک بە تەنیشت چەپەوە و لە پشت سەریشیانەوە پەردەیەکی رەش کە بە دیوارەکەوە هەڵواسراوە. ئەو پەردەیەی وا قەرارە ناشیرینیی دیوارەکە داپۆشێ. رێک وەک چوار ساڵ دوواتر کە شا هات بۆ شارەکەمان و زۆربەی ئەو جادانەی وا ئەو پیایا رۆیشت دیواری خانووە کۆنەکانیان بە پەردەی دروشم لەسەر نووسراو داپۆشی. ئاە چەندە ئاشنایە! زیاتر لێی ورددەبمەوە. وێنەی زەماوەندە. کتوپڕ زۆربەیان دەناسمەوە: دایکم، باوکم، باوەگەورە و دایەگەورە، مامم لە گەڵ بووکێ (لە ناوەڕاستدا) و،… ئەوسا من کە لە لای چەپی وێنەکەدا هەڵتروشکاوم و دەستم لە لووتمدایە! لە پەنایشمدا خاڵۆزاکەم کە هاوتەمەنی خۆمە و، لە جیاتی وێنەگرەکە لە من دەڕوانێ و ئەویش قامکی لە لووتیایەتی!

لەگەڵ ئەوەی کەسەکان، بە خۆشمەوە، دەناسمەوە؛ بەڵام پێم سەیرە ئەم وێنەیەم لەوە پێش نەبینیوە. چاو دەقونجێنم و، هەوڵدەدەم ئەو ساڵانە بێنمەوە بەرچاوم. لە وێنەکەدا ئەوەندە بچوکم کە وەبیرهێناوەوە زۆر ئاسان خۆ بە دەستەوەنادات. هەموو شتێک ئەوەندە پەرتەوازە و دوورەدەست دەنوێنێ کە دەڵێی ناتوانم وێنە ــ چرکە کاتیە پچڕپچڕەکان، کە جاروبارە وەک بروسکە ئاسمانی مێشکم رووندەکەنەوە، بخەمەوە سەر یەک. هەڵدەستم و بە ژوورەکەدا، لەو گەرمای نیوەڕۆیەی هاوینەدا دەگەڕێم. کاتژمێر بێگومان لە دەورووبەری دوو و چارەکە. یان رەنگە زیاتر. دەنگی چرکەژمێری سەعاتەکەی سەر دیوارەکە دێتە گوێم، بەڵام سەیری ناکەم. بە خۆم دەڵێم دەی زیاتر… دەی دەی!

بێسودە!… هەموو شتێک ئەوەندە رەش و سپی و ئەوەندە دوورە کە ناخرێنەوە سەر یەک. دێتەوە بیرم زەماوەندی مامم بوو. نا، بیرم نایەتەوە،… وێنەکە دەڵێ زەماوەندی ئەو بوو. ئەوسا… پلیکانەکەم دێتەوە یاد کە تەنیا دووانیان لە خوارەوە چیمەنتۆ بوون. جاروبارە لەسەریان دادەنیشتم و لە کاتی هاویندا حەزم بە فێنکیان بوو… ئیتر هیچ. ئەها!… لە بیرم دێ چەند تامەزرۆی بینینی ئەو وێنانەی بووم وا ئەو رۆژە کێشران و، من قەت نەمبینینەوە. تەنیا وێنەم کێشا و بەس، یان باشتر بڵێم وێنەیان کێشام و بەس. لە خۆم ورد دەبمەوە. روخسارێکی کاڵەوە بوو لە پانتایی رەش و سپییەکی کۆن و رەنگ هەڵبزرکاودا. منێک لە پشت دیواری بەرزی زەمانەوە.

لە دەرەوە دەریا شینە و ئاسمانیش رەنگ ئاوی. پەڵە هەورە سپییەکان لە گەڕدان. دارستان، سەوز سەوز کەنارەکانی داگیرکردووە. دونیا چەند رەنگاوڕەنگە،… بێگومان هەر وایش بووە. تەنانەت ئەو ساڵانەیش،… ئەو کاتەیش وا ئەم وێنەیە گیراوە.

پاڵدەکەوم، قۆلم دەخەمە سەر تەوێڵم و لە سەقفەکە رادەمێنم. جیهان دەبێ بە دایرەیەک کە بێ سنور لە خۆیدا وندەبێ و، سەرلە نوێ پەیدا دەبێتەوە. دراوسێکەم هەر خەریکی ژەنینە. سەمفۆنیایەکی ئاشنا کە دەڵێی ساڵانی ساڵ لەوە پێش منیش گوێم لێ گرتبوو. رەنگە بە دەم خەیاڵی داهاتوویەکی دوور و پڕشنگدارەوە!

کە شەو دادێ، وێنەکە هەر لەوێ لە سەر مێزەکەیە. ژوورەکە تاریکە. مانگ لەو بەر دەریا لە بن شاخێکەوە سەر دەردێنێ. دەریا دەبێ بە جریوەی لەرزۆکی وردە تیشک. پەڵە هەورەکان لە بەستێنی تاریکایی لەو بەرزاییانە دەبن بە سێبەر. دونیا تەواو بووە بە رەش و سپی.

لەبەر تیشکی مانگەکەدا وێنەکە هەڵدەگرمەوە. ئەوسا هەموو شتێک دێتەوە یادم. سالی پەنجا، ئێوارەی ئەو وێنەیە، زەردەیەکی سەیریش ئاسمانی رۆژئاوای شاری داگرتبوو. ئێوارەیەکی سەرتاپا ئاڵتونی. بە خۆمم گوت رەنگە مامم خۆشبەخت بێت.

پێکەنینەکانی دایکم بە جل و بەرگە سادەکەی بەرییەوە لە تەنیشت بووکێ، کە بەردەوام خۆی لە خەزووری دەشاردەوە، تامی پڵاوی ئەو نیوەڕۆیان دەدا،… لە رەنگی ئاڵتونیی ئە ئێوارێیەیان دەکرد. لە بیرم دێ بە خۆم گوت کە ژنم هێنا جوانترین ئاڵتونی دونیایش بۆ دایکم دەکڕم و دەیکەم بە ملیا.

ساڵی پەنجا دەڵێم.

پەنجەم بە لوتمەوە دەگرم. بۆنی کەمێڵەکان دیسان دێنەوە. نیگای خاڵۆزاکەیشم بەردەوام پێم دەڵێنەوە من کەسێکی جیاوازم. ئەوەندە جیاواز کە دەکرێ ئاواتەکەم بۆ دایکم لە بیر ببمەوەو، لە شوێنێک لە باکووری گۆی زەوی جگە لە فەلسەفە چیتر بۆ لێکدانەوەی ئەوەی وا تێپەڕی شک نەبەم.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *