فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

شەوێکی ئاخری هەفتە

کات 01/09/1401 340 بازدید

شەوێکی ئاخری هەفتە

ئاخری هەفتەیە و، ماشینەکە کە تۆیۆتایەکی کۆنی دوو درگای مودێل نەوەدو دووە بە ناو شەقامەکانی ئۆسلۆدا دەخولێتەوە. شۆفیرەکە لە دەورووبەری خۆی دەڕوانێ بە تەمای مشتەرییەکی قاچاخ کە بە دوور لە چاوی پۆلیس سواری بکا و بیگەیەنێتە شوێنی مەبەست. دەبێ وشیار بێت، لەبەر ئەوەی تاکسی رەش یاساخە و گەر بیگرن وەها جەریمەی دەکەن نەک قازانج سەری مایە بخوا، بەڵکو قازانج ژیانی لانیکەم مانگێکی تیابەرێ. شەقامەکانی دەورووبەری کۆشکی پاشا و ناوەندی شار قەرەباڵغن و، گڵۆپەکانی قەراخ جادە و باڕ و بیناکان دەدرەوشێنەوە. شەوانی کۆتایی هەفتە، شەقامەکانی ناوەندی ئۆسلۆ تایبەتن. نۆروێژییەکان کە لە کاتی ئاسایی مڕ و مۆچ و کەمدوون، لەم شەوانەدا دەکرێنەوە و ئەوەندە زۆربڵێ و ئەوەندە شاد و خۆشحاڵیان لێدەردەچێ کە لات سەیرە! بۆنی بیرە و ویسکی و دووکەڵی جگەرە و… لە هەوادا مەوج دەدەنەوە. کچە گەنجە جوانەکان کە جاری وایە بەو سەرمای پاییزییە دامەنی کورتیان لەبەردایە و لاقی جوان و کشاوەیان هەتا بن سمتیان بە دەرەوەیە، وەها سەرنجڕاکێشن کە ناکرێ لێیان نەڕوانی. لەبەر خۆیەوە دەڵێ “بۆ خۆیان باش دەژین… خۆزگەم بە خۆیان!”

سۆزانییەکانیش لەو ناوەدا دانە دانە مڵومۆیانە و، بە تەمای مشتەرییەکی چەور بە دوور لە چاوی پۆلیس بە شێوازی خۆیان ناز و عیشوە دەڕێژن. مشتەرییەکانی ئەوانیش زۆربەی کات ئەو پیاوە تەمەن هەڵکشاوانەن وا چیتر دەستیان ناگاتە لاقی جوان داتاشراوی کچە گەنجەکان.

بە دەم لێخوڕینەوە دەگاتە شەقامێکی چۆڵ. بڕیاردەدا گەر گڵۆپە سوورەکەی تێپەڕاند دیسان بۆ ناوەندی شار باداتەوە. لەم شوێنە چۆڵانە بە دەگمەن مشتەری دەستدەکەون. بایەکی سارد گێژ و لوول دەخوا و، وردەپرووشەی ناو هەوا وەک پۆلێک باڵندەی هەراسان بە گژ شەقام و گڵۆپەسوورەکە و دیمەنی بەردەمیدا دەکا. گڵۆپەکە سەرئەنجام سەوزدەبێ و، ئەم لێدەخوڕێ. لە سەر ئەو جادەیەی بەرەو ناوەندی شاری دەباتەوە، لە شوێنێک کە بە هۆی کوژانەوەی یەکێک لە گڵۆپەکان کەمێک تاریکە کتوپڕ چاوی بەجەستەیەک دەکەوێ کە لە سەر شۆستەی قەراخ جادەکە کەوتووە. سەرەتا دڕدۆنگە لەوەی داخۆ سەیارەکە رابگرێ یان نا، تەنانەت لێیشی تێدەپەڕێ، بەڵام شتێک لە دەروونیدا هاواری لێدەکا کە کارێکی باش ناکا و رایگرێ باشە. ئەگەرچی شوێنەکە شوێنی راگرتنی ماشین نیە، بەڵام دەوەستێ بەپەلە دادەبەزێ و دەچێتە سەر جەستەکە. کە لێی ورد دەبێتەوە ژنێکی تەمەن مامناوەندیی لاواز دەبینێ دەمەونخون کەوتووە و سرتەی لە خۆی بڕیوە.

دەترسێ. لەبەر خۆیەوە دەڵێ نەکا مردبێت و، دوواتر بە سەر ئەمیدا بێنن. جا وەرە زمان بە باشی نەزانی و ئەوجا پۆلیس تێگەیەنی کە بە خوا و بە پیەغەمبەر کاری من نەبوو! تا رێوی سەرجەلەی خۆی دەخوێنێتەوە حەوت جار کەوڵیان کردووە. دیسان سەیری دەورووبەری خۆی دەکاتەوە. کەسی لێ نیە. تەنانەت هیچ سەیارەیەکیش تێناپەڕێ. ئارام دەنەوێتەوە و، لە نزیکترەوە لێی ورددەبێتەوە. ئەوسا هەڵمی هەناسەکێشانی دەبینێ کە بە ئاستەم لە لووتییەوە دێتەدەرەوە. کەواتە دەژی. ئەمە غیرەتی بەردەخا و، بە دەست شانی دەگرێ و رایدەوەشێنێ. ژنەکە نووزەیەکی لێوە دێت. ئەم بە زمانێکی سەقەتی نۆروێژی دەپرسێ داخۆ یارمەتی دەوێ. ژنەکە چاو دەکاتەوە، سەری کەمێک هەڵدێنێ و، بزەیەک دەنیشێتە سەر زاری. بزەیەکی شیرین. دیسان دووپاتی دەکاتەوە کە داخۆ پێویستی بە یارمەتییە. ژنەکە دیسان سەر دەخاتەوە سەر زەوی. ئیتر ئەم لێی راناوەستێ و، دەست دەخاتە بن هەر دووباڵی و بەرزی دەکاتەوە. بە پێچەوانەی جەستەی لاوازی، زۆر قورس دیارە. بیری ئەو قسەیە دەکەوێتەوە کە دەیانگوت جەستەی ژن لەوەی کە دەنوێنێ قورسترە، بەتایبەت کاتێک دەمرن! هەر چۆنێک بێت بەرزی دەکاتەوە. بە دەم حەوادانییەوە، شتێکی بچووک کە کیفی پووڵی ژنەکەیە بەردەبێتەوە. هەر چۆنێک بێت دەیباتە ناو ئۆتۆمبیلەکەیەوە و، دوواتر دەگەڕێتەوە سەر کیفەکە، هەڵیدەگرێ و دەچێتەوە لای ماشینەکەی. بەڵام پێش ئەوەی سواربێتەوە، کیفەکە دەکاتەوە و دەبێنێ پارەیەکی باشی تیایە. جگە لەوە سەعاتێک، جووتێک گووارە، مستیلەیەک و ملوانەکەیەکیش. دیسان سەیری دەورووبەری دەکاتەوە. لەو سەری شەقامەوە دوو نەفەر بەرەو ئێرە دێن. سەیری دوواوەی خۆی دەکا. کەس بە دەرەوە نیە. کیفەکە دەخاتە گیرفانی گەورەی پاڵتۆ هەرزانەکەیەوە و، دەچیتەوە پشت فەرمان.

ژنەکە سەر بە لار لە سەر کورسیی تەنیشت شۆفیرەکە دانیشتەوە و، چاوەکانی قوونجاوە. لێی ورددەبێتەوە. لەبەر رووناکیی ناو سەیارەکە روخساری لاواز و سپیکەڵەی دەبینێ، گنجەکانی قەراخ چاوەکانی تەمەنی کشاوەترە دەردەخەن. لەبەر خۆیەوە دەڵێ تەمەنیشی هەیە، ئەی بەم شەوە بە تەنیا لەم جادە چۆڵە چی ئەکا؟ دڵنیایە لە دووای خواردنەوە، ویستوویەتی بەرەو ماڵەوە بێتەوە کە لە شوێنێک وەها ئەلکۆلەکە کاری تێکردووە ئیتر خۆی بە پێوە نەگرتووە و زرم داویە بە زەویدا. دەزانێ ژنی نۆروێژی باوەڕی بە خۆیە و نە لە مەستی دەترسێ، نە لە تاریکی و نە لە تەنیایی. ئەویش ئەم ژنە، کە تەمەنێکی لێ گوزەراوە و بووە بە گورگی باراندیدە.

سەیارەکە دەخاتە دەندەوە، بەڵام بیری دەکەوێتەوە کە بۆ کوێ! بە زمانێکی سەقەتی نۆروێژی دەپرسێ کە بۆ کوێ دەچێ، خانووەکەی لە کوێیە. ژنە ئارام چاوەکانی دەکاتەوە و سەرهەڵدێنێ. ئەوسا هەمان بزەی شیرین دەنیشێتەوە سەر لێوەکانی… دەڵێ ئۆسکارگاتا. بە خۆشییەوە جادەکە دەناسێ. لێرە زۆر دوور نیە. لەبەر خۆیەوە دەلێ بۆیە بە پێ دەڕۆیشتەوە. دەپرسێتەوە ژمارە چەند؟ ژمارە ٣٢. کە دەگا لە بەر دەم ئاپارتمانێکی بەرزی کۆندا رادەوەستێ کە دەڵێی ساڵانی ساڵە کەس دەستێکی بە سەرو روویدا نەهێناوە. ئاپارتمانێک لە جادەیەکی نە زۆر رووناکدا کە لەو پاییزە ساردەدا ئەوەندەی تر غەمگین دێتە بەرچاوی.

کە رادەوستێ، ژنەکە چاوی هەڵدێنێتەوە و، سەیرێکی پێشی خۆی دەکا. شۆفیرەکە هەست دەکا چاوەکانی کتوپڕ غەمگین دەبن و ئیتر ئەو بزە شیرینەیش لە سەر لێوەکانی نامێنن. بە دەنگێکی نەوی و، مەستانەوە دەڵێ: “ئۆسکارگاتا… ئۆسکارگاتا… جادەی سەردەمی منداڵی و گەنجیەتیم!” ئەم هەر وا لێی دەڕوانێ. ژنەکە درێژەی پێدەدا: “پاییزان خۆشترین کات بوون لە لای من… لەگەڵ دایکم… لەگەڵ هاوڕێکانم… ئا، خۆشترین کاتەکان بوون!” ئەوسا دەست هەڵدێنێ و، ئەو سەر جادەکە پیشان دەدا. دەڵێ “لەوێ،… ئا، لەوێ بوو کە دەژیاین.” شۆفیرەکە لە رووبەڕووی خۆی دەڕوانێ. لە ناو چەند ئاپارتمانی بەرزدا نازانێ مەبەستی ژنەکە کامیانە. مشتەرییەکەی دەیەوێ درگاکە بکاتەوە و، دابەزێ کە رادەوەستێ،… دەڵێ ئەها ببورە! دەستدەبا بۆ گیرفانی. ئەم گیرفان ئەو گیرفان هیچ نادۆزێتەوە. بە سەرسوڕمانەوە سەیری شۆفیرەکە دەکاتەوە. دەزانی کیفی پووڵەکەم لێ کەوتووە. شۆفیرەکە هەر وا لێی دەڕوانێ. ژنەکە بەردەوام دەبێ و، دەڵێ بەڵام کێشە نیە گەر زەحمەت نەبێ یارمەتیم بدە بمبە سەرەوە بۆ قاتی شەش لەوێ حەقی خۆت دەدەمێ. شۆفیرەکە هەروا لێی دەڕوانێ. دەست دەخاتە گیرفانییەوە و کیفەکە لە مشتیدا دەگووشێ. ژنەکە دەیەوێ دابەزێ، شۆفیرەکە یارمەتی دەدا. بە خۆشییەوە پێویست بە زەنگ لێدان ناکا، نەفەرێک لە دەرگاکە دێتە دەرەوە و ئەمان خۆیان بە ژوورەوەدا بە ناو راڕەوەکەدا دەکەن. ناو بیناکە لە دەرەوەی کۆنترە. توێ توێ لێرەو لەوێ رەنگەکان هەڵیانداوە، بۆنی کۆنی و رزیوی دێ. بە ئارامی و بە کێشەکێش خۆیان دەگەیەننە ئاسانسۆڕەکە. ئاسانسۆڕەکە پەرپووتترە. قامک بە دوگمەی تەنیشت ژمارە شەشدا دێنێ و، بەرەو قاتی سەرەوە دەجووڵێن. لەوێیش لە زەنگی درگایەک دەدەن و، پیاوێکی سەرو ریش چەرمگی کزۆڵە دەیکاتەوە. پیاوەکە دەڵێ “ئاە! دیسان ئازیزەکەم!” یارمەتی دەدا و، ژنەکە تا سەر مۆبلەکەی دەبەن و پاڵی دەخەن. ژنەکە هەر سەری دەگاتە سەر مۆبلەکە، دەیەوێ شتێ بە پیاوەکەی بڵێ کە چیتر زمانی گۆ ناکا و چاوەکانی دەقونجێنێ. وەک بڵێی پیاوەکە تێگەیشتبێ. روودەکات پاڵتۆکەی کە لە خوارووی ژوورەکە لەسەر کورسییەک کەوتووە. دەست دەبا و پارە دەردێنێ.




شۆفیرەکە کە بەردەوام دەستی لە گیرفانیدایە و کیفەکە دەگووشێ، کتوپڕ دەریدێنێ و دەڵێ “ئەمەیش جانتای پووڵەکەی… بۆم هەڵگرت با لێی نەکەوێتەوە!” پیاوەکە سەیری جانتاکە و شۆفیرەکە دەکاتەوە. دەڵێ “نەیشیدەیتەوە گرینگ نیە! ئەوانەی جاران نەیاندەدایەوە!” شۆفیرەکە سوور سوور هەڵدەگەڕێ و، دەڵێ “نا نا… بۆم هەڵگرتبوو!” پیاوە ریش چەرمگەکە وەریدەگرێتەوە و پینج سەد کڕۆن دەخاتە مشتییەوە. شۆفیرەکە دەڵێ زۆرە. پیاوەکە دەڵێ نا زۆر نیە، تازە لە بیرم چوو سوپاست بکەم… زۆر سوپاس! شۆفیرەکە لە پیاوەکە و لە ژنی سەر قەنەفەکە دەڕوانێتەوە. پیاوەکە دەڵێ ئەمشەو شەوێکی تایبەتی بوو بۆی. بیست ساڵ لەوە پێش لە وەها شەوێکدا دایکی مرد. ئەو هەموو ساڵێ لەم شەودا بە تەنیا دەچێتەدەرەوە. حەزدەکا خۆی بێت. دیسان زۆر سوپاس.

شۆفیرەکە کە سوار ماشینە تۆیۆتا کۆنە دوو درگاکەی دەبێتەوە، دەست دەبا بۆ گیرفانی و پێنج سەد کڕۆنەکە دەردێنێتەوە و لە بەر تیشکی کزی گڵۆپی نا ئۆتۆمبیلەکەیدا لێی ورد دەبێتەوە. بۆ ماوەیەکی باش هەر وا لێی دەڕوانێ. پاشان بزەیەک دێتە سەر لێوی، پارەکە دەخاتەوە ناو گیرفانی و بە ئۆسکارگاتای نیوە تاریکدا سەرەوخوار دەبێتەوە… رێک بە بەر ئەو خانووەدا وا مشتەرییەکەی ئاماژەی پێدابوو. خانووەکەی سەردەمی منداڵی و گەنجیەتی.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *