فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

هەر ئەوەندەی بێتەوە بیرم

کات 30/02/1402 71 بازدید

هەر ئەوەندەی بێتەوە بیرم

ساڵی ٩۴ی زایین، لە ئەوپەڕی باوەڕ بە سەرکەوتنی رێباز و ئایدیاکانم، کتوپڕ خۆم لە ناوەڕاستی شاری ئانکارادا بینییەوە. گێژ و وڕی ئەوەی بەسەرمدا هاتبوو، لە بینا بەرزەکانی دەورووبەری خۆم و شەقامە قەرەباڵغەکانم رووانی. بە خۆم گوت رەنگە هەموو شتێک خەونێکی بێتام بێت. خەونێک لە چەشنی ئەو خەونانەی کە بێهۆ هەر لە خۆوە دەتوانێ ژیانی هەموو کەسێک داگیربکەن. دیسان بە خۆم گوت ئەم شەو بخەوە، سبەی بێگومان جیهان بە شێوازێکی تر دەبێ.

راستی من کەی لە سنوور پەڕیبوومەوە؟ هەرچیم کرد بێتەوە بیرم، بێسوود بوو. بە خۆم گوت کەواتە راستە! ئەمە جگە لە خەونێکی بێتام هیچ شتێکی تر نیە. ئەوسا بۆ ئەوەی سوودی تەواو لە سەفەرێکی نەخوازراو ببینم، ئەم هەلەم بە دەرفەتێک زانی بۆ بینینی یەکێک لە پایتەختە بەناوبانگەکانی جیهان. بۆیە بەردەوام بووم لە گەڕان و سووڕخواردنێکی بێ پلان و بێ بەرنامە لەناو شاردا.

جانتا لە کۆڵ دەستم کرد بە پێوانی خیابانەکان. ئانکارا شارێکی قەرەباڵغ بوو بە هەموو جیاوازییەکانی لەچاو شارە گەورەکانی تر وا دیتبوومن. بەتایبەت ژن و کچە مۆدەکانیان. ئەوانەی هیچ ترسێک لە چاویاندا نەدەخوێندرایەوە. ئەوسا بیری هەموو ئەو فیلمە تورکیانەی کەوتمەوە وا کاتی خۆی بینیبوومن: فیلمەکانی فەخرەدین و برایم تاتڵیس. بە خۆم گوت هەڵە نیم، من ئیستا بە راستی لە تورکیام.

بەڵام بەختم نەبوو، ئێوارە بوو و زوو دنیا تاریک هەڵگەڕا. ناچار بە شوێن هوتێلێکدا گەڕام. رووم لە یەک دوو شوێن کرد. بە زمانێکی ئینگلیزیی شەق و شڕ داوای ژوورم کرد. داوای پاسپۆرتیان کرد. لە کاتێکدا بە نیگایەکی پڕ لە دڕدۆنگییەوە لە کابرام دەڕوانی، گیرفانەکای خۆم پشکنی. هیچم نەدۆزیەوە. بیرم کەوتەوە جانتایەکیشم بە کۆڵەوەیە. پشکنیم و بە سەرسووڕمانەوە بینیم پاسپۆرتێکی تێدایە. پێش ئەوە بیدەمە دەستی هۆتێلچییەکە، بە وردی لە سەفحەکانیم رووانی. چەند بە لامەوە سەیربوو. وێنەیەکی خۆم لەگەڵ ناو و شۆرەت و کاتی لە دایکبوون و… شتێک لە دەروونەوە پێی گوتم ئاگات لە خۆت بێت پاسپۆرتەکەت دەستکرد و نایاساییە. دڕدۆنگ دامە دەستی. کابرای هۆتێلچی بێ گوێدانە راست و ناڕاستبوونی پێناسەکەم، دەستی کرد بە پڕکردنەوەی ئەو کاغەزەی وا لەبەر دەستیدا بوو. پاشان کلیلێکی دایە دەستم و گوتی “قاتی سێ، ژووری ٣٠٧”. بە پلیکانە کۆنەکاندا سەرکەوتم. ژوورێکی کۆنی شێدارم دۆزییەوە کە بەسەر خانووە گەجەگوندییەکاندا دەیڕوانی. هەتا چاو کاری دەکرد بانە سوور و لێژەکان دیمەنەکەیان داگیرکردبوو.

جانتاکەم فڕێدایە سەر کورسییەکی کۆن و، لەسەر تەختی خەوەکە پاڵکەوتم. بە خۆم گوت ئەمە ئەو تەختەیە سبەی من دەگەیەنێتەوە ژیانی راستەقینەم، هەر ئەوەندەی چاوەکانم بنووقێنم و خەوم لێبکەوێت.

کات تێدەپەڕی و من بە بێ ئەوەی بجووڵێم، هەستم، جل و بەرگەکەم بگۆڕم، یان دیانم بشۆم و گڵۆپە کزە تیشک زەردەکە بکۆژێنمەوە پاڵکەوتبووم. نیگام لە سەقفەکە چەقیبوو. سەقفێکی چڵکنی پەڵەپەڵە کە شوێن شوێن توێخەکەی هەڵیدابوو. دیسان دڵنیا بوومەوە کە ئەمە جگە لە خەونێکی بێتام هیچ شتێکی تر نیە.

قاچەکانم لەبەر ماندوویی دێشان. پشتم مچۆرکی پیادەهات. سەرم زرینگەی دەهات. دڵنیا لەوەی وەها جەستەیەک زۆر ئاسان دەبێ بە نێچیری خەو، خۆم مت کرد. دەمزانی لە ساتێکی نادیاردا کە خۆیشم نازانم کامەیە و چۆن دێت، وەک هەمیشە خەو دەمڕفێنێ. بۆیە هەروا لە رووانینی سەقفەکە بەردەوام بووم. لە دەرەوە دەنگی بانگی خەوتنان دەهات. بە پێچەوانەی هەمیشە بزەیەکم هاتێ. دەنگەکە دڵنیای کردمەوە کە من لەگەڵ رابردووم زۆر مەودام نیە. هەر ئەوەندەی خەوم لێبکەوتایە!

بۆ سبەی کە هەستام، بینیم کە راستە، ئەوە خەون بوو خەون. من دیسان لەو راستەشەقامەکەی جاران رێم دەکرد کە ساڵانی ساڵ پیایا هاتووچۆم کردبوو. هەمان دووکان و بینا و خانووەکان… هەمان خەڵک. بە خۆم گوت کوڕی چاک لە ئانکارا چیت دەکرد، مەگەر بەڵێنمان ئەمە بوو؟! ئەوسا دیسان دڵنیابوومەوە کە رۆژێک لە رۆژان سەردەکەومەوە. رێباز و ئایدیاکانم دەڵێم. بە خۆم گوت هەر ئەوەندەی وەک هەمیشە بەردەوام بیت… وەک هەمیشە.

هەتا گەیشتمە هاوڕێیەک و، وەک هەمیشە بە روویدا پێکەنیم. هەتا وەک هەمیشە بەرەوڕووی چووم و، سڵاوم لێکرد و ویستم باسی خەونە ترسناکەکەی بۆ بکەم. ئەو… ئەو نەیبینیم و تێپەڕی! هاوارم لێکرد، بانگم لێکرد… چەند بێسوود بوو. بگرە شوێنی کەوتم و دەستم بۆ شانەکانی برد و ویستم رایتەکێنم. ئەو دەستانەی لە جەستەیەوە تێپەڕین و بەر هیچ نەکەوتن. شێتانە دیسان هەوڵمدایەوە. چەند شێتانەیش دیسان هەموو شتێک هەر وەک چەند ساتێک لەوە پێشی خۆی دووپات بووەوە. رووم وەرگێڕاو لە دەورووبەری خۆم رووانی. گوتم بێگومان کێشەی هەیە و سەرقاڵە. لێیگەڕێم باشترە. ئەوسا لەگەڵ هاوڕێیەکی تر بە هەمان شێوە هەمان چیرۆک دووپات بووەوە. بە خۆم گوت نەکا ئانکارا راست بێت!

گڵۆپە زەردەکە هەروا دەئایسێ. دەرەوە تاریک و تاریکتر دەبێ. سەقفی گەجەگوندییەکان وندەبن. لە جانتاکەم دەڕووانم کە لەسەر کورسییەکە کەوتووە. بە پاسپۆرتەکەی ناویەوە. بە خۆم دەڵێم هەر ئەوەندەی خەوم لێبکەوێت سبەی هەموو شتێک وەک جاری جارانی لێدێتەوە. بە خۆم دەڵێم نیشتمان دەبێ بەوەی وا من خەونی پێوە دەبینم. یەعنی دەبێ ببێ!

هاورێیەکی تر دێت و، ئەمجارە لە ناو جەستەی منەوە دەگوزەرێ… بە بێ ئەوەی نە بمبینێ و نە هەستم پێبکا. نیگای لە شوێنێکە و دەستی بۆ هەڵدەبڕێ. ئاگام لێیە سڵاوی لێدەکا. دادێمەوە و دەزانم من لەوێ لە هوتێلەکەی ئانکارا بەجێماوم. بەڵام چۆن؟ راستی من کەی لە سنوور پەڕیمەوە؟

رەنگە تاوانی گڵۆپە زەردەکە بێت. بە خۆم دەڵێم کە کەمێک حەسامەوە هەڵدەستم و، دەیکوژێنمەوە. دێتەوە بیرم من هەتا لامپەکەم نەکوژانایەوە، خەوم لێنەدەکەوت. بزەیەکم دێتێ. ئا، دڵنیام تاوانی گڵۆپە زەردەکەیە. کە کوژانمەوە دونیا بە لایەکی تردا وەردەگەڕێ. وەک هەمیشە.

لەو سەری شەقام هاورێیەکی تر دەردەکەوێ. مشتێک گوڵەبەڕۆژەی پێیە و خەریکی ترووکاندنیەتی. جاری وایە تۆخڵەکە بە لێویەوە دەمێنێتەوە و، تفیان دەکاتەوە. بە خۆم دەڵێم کە گەیشتم تۆزیک بەشی منیش دەدا و، پێکەوە دەیانتروکێنین. وەک جاران. ئەوسا باسی نیشتمان دەکەین. تۆخڵەکان بە مندا دەپڕژێن و، لێمەوە گوزەردەکەن. سوێردەبم. هاوڕێکەم لە خەیاڵی شتێکدایە کە من نازانم چییە. حەزدەکەم بقیژێنم. دەستێک دەنیشێتە سەر لێوەکانم و، دەڵێ لەبیرت بێ تۆ هێشتا لە ژووری هۆتێلە پەرپووتەکەی ئانکارادای.

گرمۆڵە دەبم. نەکا بەڕاستی من لە سنوور پەڕیومەتەوە! لە شاخەکان و لەو چۆمەی وا بە لێزمە قوڕاوی دەگواستەوە. چۆمەکەی ناوەڕاستی بەهار لە دووای بارانێکی بەلێزمە. گوندەکەی دوواتریشی کە شەو تیایا خەوتم و، پیاوێکی بەتەمەن بە بزەوە گوتی بۆ کوێ برالە!

بە خۆم دەڵێم ئەمشەو زۆر گرینگ نیە کە من لەوێم، یان لەم ژوورەدا. شەوێک هیچ نیە. با شەوێک نەک بۆ خەیاڵ، با بۆ مانەوە لەناو دوو بووندا بێت. قەیچێکە! با هەم لەوێ بم و هەم لێرە. ئەوسا دێتەوە بیرم کە زۆر جار خەونی سەفەر لەگەڵ خۆی هەڵیگرتبووم. مەگەر دەکرێ ئەوەی بیر لە دونیایەکی تر دەکاتەوە، خەیاڵی سەفەر سەری پێ هەڵنەگرتبێ! بزەیەکم دێتێ.

هەتا پریزی گڵۆپەکە زۆر دوور نیە. لێی ورددەبمەوە. ئەویش زەردە و چڵکن. هەر ئەوەندەی بیکۆژێنمەوە. دەزانم تیشکیش دەتوانێ درۆزن بێت. شوینێکت بۆ رووندەکاتەوە کە نابێ روونی بکاتەوە. بە ئەنقەست. تەنیا بۆ ئەوەی ئەویش گەمەیەکی کردبێ.

بە خۆم دەڵێم ئەگەر سبەی هەر لەم ژوورەدا خەبەرم بووەوە، ئەوا من لە ئانکارام؛ ئەگەریش لێرە لەخەو بەئاگا نەهاتم ئەوا لانیکەم لە شوێنێکی دیکە هەر هەم. تەنیا ئەوەندەی بێتەوە بیرم کە من کەی لە سنوور پەڕیبوومەوە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان :

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *