فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

کۆڵەکە

کات 01/06/1402 363 بازدید

کۆڵەکە

لەم رۆژانەدا بەسەر دەفتەرێکی کۆنی خۆمدا کەوتم. هی ئەو سەردەمەی وا هێشتا قەڵەم و کاغەز باویان مابوو و، مەرکەب بیرەکانی دەهۆنییەوە. لە کتێبخانەکەمدا لە پشت ریزی کتێبەکانەوە دۆزیمەوە. قاتی سێهەم بەدەستی راستا. لە پشت کتێبە مێژووییەکانەوە.

دیارە مەبەستم لە دۆزینەوە ئەوە نیە ونم کردبێ. نا، مەبەستم ئەوەیە کە لەدووای ساڵانی ساڵ دیسان بەسەریدا کەوتمەوە. سەیرە، لە ناو دەفتەرە یاداشتەکاندا هەر ئەمەیانە زووزوو لەبەرچاوم وندەبێ و، دیسان لەدووای ساڵانی ساڵ بەسەریدا دەکەومەوە! چاوشارکەیەکی شیرین لە نێوان ئەو و مندا.

چاوی پیادەخشێنم. یاداشتەکان زیاتر هی نەوەدەکانی زایینن. سەدەی پێشوو. وشە و رستە سوواو و رەنگ هەڵبزرکاوەکان کە شوێن شوێن خوێندنەوەیان زەحمەتە، لەبەرچاومدا دەکاڵێنەوە. پاراگرافەکان چەندە منیان لە خۆیاندا نوقم دەکرد و، چەندەیش ئەو سالانە لەبەر چاومدا زیندوو دەبوونەوە! ناباوەڕانە بە تێپەڕینی کات، بە خۆم دەڵێم ئەمەیش بەڵگەیەکی تر بۆ سەلماندنی ئەوەی من لەو ساڵانەدا ژیاوم و، وەک هەموو ساڵەکانی تریش ئەو سالانە تەواوبوون. بۆ هەمیشە. هیچ ئامادەکارییەکیش بۆ ساڵانی داهاتوو لەخۆمدا شک نابەم.

ناوچاوانم گرژدەبێ.             

وەک هەمیشە بە بێ هیچ چەشنە نەزم و پلانێک، لاپەڕە لەدووای لاپەڕە هەڵدەدەمەوە. ئارام ئارام بە بێ هیچ چەشنە پەلەیەک. راستە ساڵەکان بە شوێن یەکدا دێن، ژمارە لەدووای ژمارە؛ بەڵام بۆ ئاوڕلێدانەوەیان پێویست بە وەها شتێک ناکا. زەمەن کە دەبێ بە رابردوو، پێش لەهەموو شتێک لۆژیکی زنجیرەبوونی خۆی لەدەستدەدا. دەبێ بە گڵۆڵە بەنێکی ئاڵۆز کە لە هەر شوێنێکەوە دەستی بدەیتێ، دەتوانێ بۆ خۆی سەرەتایەک بێت و هەروەها کۆتایی. چکێک لێرەو و چکێک لەوێ،… بەردەوام دەبم.

لەناو یاداشتەکاندا نووسینێک سەرنجم رادەکێشێ. نووسینێکی جیاواز لە هەموو ئەوانی تر. نووسینیک کە وشە و رستەکانی کاڵ نەبوونەتەوە و، دەتوانم بە جوانی بیانخوێنمەوە. یاداشتەکە هی ساڵی نەوەد و چوارە. دێتەوە بیرم شەوێکی درەنگانی هاوینی ئەو ساڵە نووسیم. کاتێک کارەبا نەبوو و، من تەنیا لە ژوورێکی چیمەنتۆیی کۆندا خەیاڵ بردبوومییەوە.

لەگەڵ ئەوەی زۆر شت هەبوون منیان لە بیری شۆڕشگێڕانە، کە ئەوەتەی فامم کردووەتەوە باوەڕم پێی هەبوو، دوورخستۆتەوە، لەگەڵ ئەوەی ئیستاکە بە جۆرێکی تر لەم چەمکە و لە خولیای گۆڕان دەڕوانم، بەڵام بەردەوام ئەم یاداشتەم لەدووای ساڵانی ساڵ قووڵتر لەوانی تر دێتەبەرچاو. هەندێ وێنە یاخود رووداو هەن کە بەڕاستی کاریگەریان لەسەر ژیانی مرۆڤ لەهەر شتێکی تر زیاترە.

چەندین و چەندین جار خوێندمەوە. هەموو جارێکیش هەوڵمدا ئەو ساڵانە تا ئەوپەڕی خۆی لەبەرچاوی خۆمدا زیندووبکەمەوە. دەمزانی بە بێ چوونەوە ناو ئەو ساڵانە، یاداشتەکە وەک خۆی، خۆی نانوێنێتەوە. لاوازدەبێ. بەڵام بەڕاستی پێویستم بەم هەوڵدانە بوو؟ نا، پێویستم نەبوو. یاداشتەکە، منی وەک منداڵێکی تامەزرۆ و بێ ئەزموون ئاسان ئاسان لەگەڵ خۆی برد بۆ تەماشای بەشێک لە ژیانی رابردوو.

گڵۆپی سەر کتێبخانەکە نزیکتر دەکەمەوە.

یاداشتەکە:

نەوەدەکانە. سلێمانی لەناو تاریکایی، بێ کارەبایی و ساڵەکانی دووای راپەڕینێکی مەزن راکشاوە. لەگەڵ مێژوویەکی پڕ لە شانازی، بەڵام دەڵێی شتەکان زۆر ئاماژە بە داهاتوویەکی گەش ناکەن. بەتایبەت بێ کارەبایی کە نە دەهێلێ بەیەکجاری بچینەوە ناو ژیانی رابردوو و، نە دەیشهێڵێ لەناو ئیستایشدا بژین! نە لە گوندم و نە لە شار! جاری وایە خەیاڵی هەشتاکان دەمباتەوە.

بەهەرحاڵ!

لەم شارە، لە جادەی مەحکمەوە کۆڵانێکە دەچێتەوە سەر دارەسووتاوەکە. ئەو کۆڵانەی من لام وایە هەتاهەتایە دەمێنێتەوە و، دەستی هیچ نەقشە و پلانی بیناسازییەکی نوێ نایگاتێ. تەنیا بەو هۆیە کە ناوەندی شارە. کۆڵانێکی یەکجار قەرەباڵغ و تێکچڕژاو کە تیایا بۆنی هەرچی شمەکی دونیایە دێ،… هەر لە دۆشاو و لەفە و بەهاراتەوە بگرە تا بۆنی ئۆدکۆلۆنی هەرزان بایی، نانی گەرم، سەموون، هێلکەی کوڵاو، چێشتخانە و کۆنەفرۆشی. بۆنی چڵکاویش دێ. تەنیا ئەوەندەی سەرت دابخەی و لە بەر پێی خۆت بڕوانی. بگرە بۆنی ناوگەڵی ئەو سۆزانییانەیش وا لە پەناوپەسێوی شاراوەی دووکانەکاندا، بەتایبەت کۆنەفرۆشییەکاندا، خەریکی پەیداکردنی رزقی خۆیانن. ئەو رزقەی خوا بە جۆرێکی تر بەوانی دەگەیەنێ.

کۆڵانەکە لە ناوەڕاستیدا قەفی تێدەکەوێ و، دووکانێکی وردەواڵەفرۆشی بە کۆڵەکەیەکەوە تیایا قوت دەبێتەوە. بۆیە هەموو ئێوارەیەک گۆچانی ئەو پیاوە پیرە کوێرەی وا لە سواڵ دەگەڕێتەوە بەر کۆڵەکەکە دەکەوێ و، بەناچار دەبێ کەمێک رێچکەی بۆ بگۆڕێ. بیستبووم کە کوێرەکان زیرەکن و گەر ماوەیەکی زۆر بە رێگایەکدا بڕۆن ئەوا بست بە بستی دەناسنەوە و، بۆیە دەتوانن خۆیان لەهەر چەشنە لەمپەرێکی دایمی، سەرەڕای کوێربوونیان، بپارێزن. ئەوەی کە بۆچی ئەم سواڵکەرە ئەمەی پێنەدەکرا، بۆ قەرەباڵغیی کۆڵانەکە یاخود بۆ قەرەباڵغیی ناو مێشکی خودی سواڵکەرەکە دەگێڕمەوە. ئەو زۆر جار ناچارە راوەستێ، یان کە خۆی پیادەکێشن ئەندازە و ئاراستەی هەنگاوەکانی دەگۆڕدرێ و ئیتر حیسابی لێدەردەچێ. دەتوانم سوێندبخۆم بە تەمەنم سواڵکەری ئەوەندە داماو و، ئەوەندە بێ دەرەتانم نەبینیوە. ئەو سواڵکەرەی ئەوەندەی تر لە هەڤاڵانی شۆڕشگێڕ بێزاری کردووم.

هەڤاڵانی پارتی و یەکیەتی کە بە هۆی فڕۆکەکانی ئامریکا و هێڵی سی و شەش دەرەجەوە خەمی هاتنەوەی بەعسیان نیە، بەگەرمی خەریکی ساخکردنەوەی دەسەڵات لەنێوان خۆیاندان. لای ئەم، ئەم پیاوچاک بوو و ئەو پیاوخراپ؛ لای ئەویش، ئەو پیاوچاک و ئەم پیاوخراپ! من کە لەمەدا مابوومەوە، بینینی هەموو رۆژەی ئەو سواڵکەرە بێ دەرەتان و داماوەیش ئەوەندەی تر سەری لێ شێواندبووم. راستی من لە چ سەردەمێکدا دەژیام؟

دەبێ دیان بەوەدا بنێم کە ئەوان خراپن و، ئەم پیاوە بێدەسەڵاتەیش بەدەر لەهەموو خراپە و چاکەی دونیا، تەنیا ئەوەندەی کە رێک وەک دۆخی نالەباری ژیانی خۆی، نازانێ چی لەو کۆڵەکەیە بکا.

ئیستا کە ئەم رستانە دەنووسم، شەڕ لە شارەکان تەواو بووە و بە خەست و خۆڵی لە شاخەکان بەردەوامە. یەکیەتی پێی وایە نێچیرڤان بارزانی نێرەمووکە و، پارتیش دەڵێ هێرۆخان ئەم زانیارییەی داوە بە یەکیەتی! دیارە بەڕای من نە نێچیر نێرەمووکە و نە هێروخانیش فڕی بەسەر ئەم هەواڵەوەیە. تەنیا ئەوەندەی کە سیاسەت کە بوو بە رق، تەنیا شوێنێک پیاوە تووڕەکان بەدەستیانەوە دەمێنێ، گونیانە! سلێمانی کە لەبەر دەستی یەکیەتیدایە، لە دووای چەند رۆژ گرژی و پێکدادان گەڕاوەتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی و، بازاڕ و دووکانیش هەر هەموویان کراونەتەوە. دیارە بەو تێبینییەوە کە مەبەست لە ژیانی ئاسایی چی بێت. لە کتێبێکی فەلسەفیدا، کە ناوەکەیم لەبیرنەماوە و لەم رۆژانەدا خوێندمەوە، گوتراوە تەنانەت راستییەکانی دەرەوەی جەستەی ئێمەیش هەموویان بەجۆرێک پێوەندیی بە جۆری نیگای ئێمەوە هەیە. ئەمەم گوت بۆ ئەوەی کەمێک مەبەستی خۆم روونکردبێتەوە.

ئەوەندەی پرس و جۆم کردبێ و بۆخۆیشم دڵنیابم، شەڕ بووبێ و نەبووبێ، سواڵکەرە کوێرە گۆچان بەدەستەکە بەردەوام بوو لە هاتووچۆی خۆی بۆ جادەی مەحکەمە و، لەوێیشەوە بۆ ماڵەوە. لەوێ لە شوێنی هەمیشەیی خۆی لە قەراخ شۆستەکە، لەبن درەختێکدا دادەنیشت و بەتەمای یارمەتیی رێبواران چاوەڕوان دەمایەوە. بەڵام کێشە ئەوە بوو کە ماوەیەک بە هۆی شەڕەوە چیتر چێشتخانە یاخود دەسفرۆشێکی وەهای لێنەمابوو وەک جاران خواردن و خواردنەوەی بدەنێ. بەناچار بابۆڵەیەکی نانی رەق و تەقی دەئاخنیە گیرفانییەوە و بۆ ئاوخواردنەوەیش رووی دەکردە مزگەوتی گەورە. کەس نازانێ ئەو رۆژانە چی دەستدەکەوت و، چی دەستنەدەکەوت. هەر بەو شێوازەیش ئێواران لەهەمان کۆڵانەوە رووی لە ماڵەوە دەکردەوە. وەک هەمیشەیش، لەگەڵ ئەوەی کۆڵانەکە قەرەباڵغ نەبوو، رێک لە هەمان شوێن بەر هەمان کۆڵەکە دەکەوتەوە و، دیسان لەدووای ئەوەی خۆی لێ لادەدا لە رێگاکردنی بەردەوام دەبوو.

دڵنیام ئاواتی هەرە گەورەی ئەو کۆتایی هاتنی شەڕ بوو!

چەند جار ویستم شوێنی بکەوم و، خانووی نیشتەجێبوونەکەی بدۆزمەوە. حەزمدەکرد بزانم لە کوێ و لەگەل کێ دەژی. هەڵبەت قەت ئەم ئیزنەم بەخۆم نەدا. هەستێکی دەروونی بەری پێدەگرتم. پێویست بە بینین نەبوو. لە دەروونی خۆمدا دەمتوانی وێنای هەموو شتێک بکەم. بگرە زۆر بێڕەحمانە! هەندێ جار لە نێوان خەیاڵ و ئەوەی وا دەیبینی، هیچ جیاوازییەک نیە. هیچ… هیچ!

شەڕ بەردەوامە و، هەڤاڵان بۆ سەرخستنی دایکی نیشتمان و دابینکردنی ژیانی خۆشگوزەران بۆ گەل بە بێ هەدادان لە تێکۆشاندان! هەر بەو پێیەیش پیاوە پیر و گۆچان بەدەستەکەی ئێمەیش هەموو ئێوارەیەک لە کۆڵانەکەی نێوان شەقامی مەحکەمە و دارەسووتاوەکەوە تێدەپەڕێ و، کە دەگاتە ناوەڕاستی رێ خۆی بە کۆڵەکەکەدا دەدا و پاشان کەمێک رێی بۆ خواردەکاتەوە و بەردەوام دەبێ تا دەگاتەوە ماڵەوە.

وەک دەبینین ژیان زۆر نەگۆڕاوە. نازانم تا کەی بەڵێنە ئەمە بەردەوام بێت.

راستی نیشتمان لەکوێیە، لەو شاخانەیە یاخود لەو کۆڵانەی وا کەمێک قەفی تێدەکەوێ و کوێرێک هەموو ئێوارەیەک ناچارە خۆی بە کۆڵەکەیەکدا بکوتێ؟

لە تەلەفزیۆنەکەوە دەنگی سروودی نیشتمانی دێ. هەڤاڵان باس لە شەهیدان دەکەن. باس لە شەهیدە نوێیەکان. هەستدەکەم ئەمجارە ژمارەیان یەکجار زۆرترە. شەهیدەکانی پشتی هێڵی سی و شەش دەڵێم. گرمەی فڕۆکە دوورەدەستەکان دێت.

بەخۆم دەڵێم تەنیا یەک شەهید بەس بوو بۆ ئەوەی هەموو ئێوارەیەک سواڵکەرەکەی ئێمە خۆی لە کۆڵەکەکە لادا. تەنیا ئەوەندەی ئەو هەڤاڵە لەجیاتی ئەوەی لەو شاخانە بکوژرێ، رێک لەناو ئەو کۆڵانەی وا لە جادەی مەحکەمەوە دەچێتەوە سەر دارەسووتاوەکە، هەموو ئێوارەیەک کەمێک راوەستێ… ئا، تەنیا چەند خولەکێک!

***

دەفتەرەکە دەبەستم. لە پاش ئەو هەموو ساڵە دیسان رقم لە گەمژەیی خۆم دەبێتەوە. دێتەوە بیرم کاری شۆڕشگێڕەکان تەنیا رووخاندنی دۆخی باو‌‌ە و بەس. ئەوان بۆ وێرانکردن خوڵقاون، نەک بۆ سازکردنەوە. ئاه، من دەبا ئەو ساڵانە شەوێک بە کاتی نیوەشەو، رێک ئەو ساتەوەختانەی وا هەمووان خەوتبوون، لە کردەیەکی شۆڕشگێڕانەدا ئەو کۆڵەکەیە بڕوخێنم. ئا، لە رەگەوە دەریبێنم.

مرۆڤ کە زۆر مێشکی بە شتە گەورەکانەوە خەریک بێ، بەئاسانی شتە بچووکەکان لەبیردەباتەوە.

هەڤاڵان ناحەقیان نەبوو!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ،

2 پاسخ به “کۆڵەکە”

  1. و باز هم شاهکاری دیگر

  2. قوربانت ناسر گیان

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *