فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دەرفەت

کات 11/09/1402 148 بازدید

دەرفەت

نا نابێ،… شتی وا نابێ! پیاو لەو سەری دونیاوە هەستێ، بە هەزار ئاوات و ئارەزووەوە لەدووای دونیایەک کێشە، گیرو گرفت و تەنگ و چەڵەمە، لەدووای هەڕەشە و راوەدوونان و مەترسیی گرتن و کووشتن سەرئەنجام خۆی لە وڵاتێکی ئەورووپی ببینێتەوە و، وەک جاری جاران خەریکی وەرگێڕانی کتێب بێ و کەچی کتوپڕ ئەم بەڵایەی بەسەردابێت! نا، چۆن شتی وادەبێ! جیهان و بەگشتی ژیان دەبێ مەنتقێکی تیابێ، خۆ هەڕەمەکی نیە، خۆ ئاوەها نیە شتەکان هەر کاتێ پێیان خۆش بوو دەتوانن رووبدەن و،… ئیتر تەواو! بەبێ گوێدان بەوەی چی بەسەر کەسەکەدا دێنن و، چە کارەساتێک دەتوانن بخوڵقێنن.

نا، چۆن دەبێ! ئەوەی خەون و ئارەزووی گەورەتری هەیە، پێویستی بە کاتی زۆرتر و ژیانی دوورو درێژترە. دەبێ وا بێ! ئەوەی وا تەنانەت لە کاتی پاوسە و حەسانەوەکانیدا چرکە چییە بە فیڕۆی نادا و، لەجیاتی ئەوەی وەک هاوکارەکانی خەریکی فشە و گاڵتە و گەپ بێت، سەری بە کتێب و بە خوێندنەوەوە گەرمە و بەردەوام خەریکی وەرگێڕانی دوواڕەستەکانە، دەبێ دەرفەتی زۆرتری هەبێ.

راستە مەودای نێوان گۆڕستانەکەی تەنیشت کلیساکە و ماڵەوە زۆر نیە و، تەنیا جادەیەکی لەبەیندایە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە مەوداکە بۆ کەسی وەک ئەو دەبێ ئەوەندە نزیک بێ. نزیکیی جەستەیی مەودا نابێ هاوسەنگی نزیکیی رۆحی بێ. تازە دەبێ رێک بەپیچەوانەوە بێ. یەعنی هەتا مەودای فیزیکی کەمتر بێ، دەبێ مەودای رۆحی زیاتر بێ. وانەبێ، قوڕ بۆ دونیا دەگیردرێتەوە.

مەگەر ئەو چی لەدونیا دەویست؟ مەگەر خەونەکانی چی بوون؟ هەموو خۆشیی ژیانی ئەم کتێب و وەرەقانە بوون. موبایلەکەی و ئایپادەکەی بوون کە بەردەوام بۆ خوێندنەوە و دۆزینەوەی مانای وشەکان کەڵکی لێوەردەگرتن. دەزانی چەند جاریش موبایلەکە و ئایپادەکەی لێ بەربوونەوە و شکان؟ ها، دەزانی؟ نا، نازانی. هەڵبەت گرینگیش نیە. بە دوو دەست هاوکات نە فەرمان رادەگیردرێ و، نە ئەم شتانەی تر. لە موسافیریش گەڕێ کە هەر کامەی ئەرکی خۆی هەیە.

گەر لە من دەپرسی نا نابێ کەسێکی وەک ئەو بەسەر فەرمانی پاسەکەدا بکەوێ و ملی خواربێتەوە و، قیژ و قاو لە موسافیرەکان بەرزبێتەوە. تازە خوا رەحمی کرد و کاتێک لە وێستگەکەیدا راوەستابوو، دڵی لە لێدان کەوت. ئەگینا دەکرا بە رێگاوە رووبدا و، پاسەکە خۆی بە شوێنێکدا بکێشێ و سەر و گوێلاکیشی بەریندار بێت. دەکرا مەترسییەکی گەورە لەسەر رێگای زۆر کەسی دیکەی ناو پاسەکە راوەستابێ.

من نازانم کێ کاتی دابەش کردووە. خوا یان کەسی تر؟ گرینکیش نیە، بەڵام دەبێ ئەقڵێک هەبێ کە جوان جوان بەسەر دونیادا بڕوانێ و، بتوانێ لێکی بداتەوە. ناڵێم ئەوانەی نانووسن و کتێب وەرناگێڕن، دەتوانن و دەبێ زووتر بمرن؛… نا، مەبەستم ئەوەیە ئەوانەی وا خەریکی ئەم کارەن پێویستیان بە کەمێک مەودای زۆرترە. لانیکەم تا ئەو کاتەی کتێبەکەی بەردەستیان تەواودەکەن، دەبێ دەرفەتیان هەبێ. لەبەر خاتری رێزی وشە و ئەندێشە،… لەبەر خاتری هەموو لێکدانەوەکان و خەونە جوانەکان. لەبەر خاتری ئەوانەی کە بستێک ئەولاترەوەیان بینی و، تەنیا لەبەردەمی خۆیانیان نەڕوانی. لەبەر خاتری ئەم کاکی شۆفیرە، کە شۆفیر نەبوو و ناچار بوو بە شۆفیر و، کەچی بەدەم رێگاوە ئاگای لە دیمەنە دووردەستەکانیش بوو.

خەڵکەکە چەند دانەیەکیان بەپەلە دەچنە سەری. ئەوانی تر دەستیان بە دەمیانەوە گرتووە و، داماوانە و بە سەرسووڕمانەوە لە دیمەنەکەی بەردەمیان دەڕوانن. باوەڕناکەن. هەندێ کەس کە پەلەپەلیانە بە بێگوێدان دادەبەزن و، هەوڵدەدەن خۆیان بگەیەننە پاسێکی تر، یان رەنگە تاکسی بگرن. گرینگترین شتەکان چەند ئاسان دەتوانن لە یەک چرکەدا رووبدەن. هەر لە مردنی کەسێکەوە بگرە، هەتا تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆم لە هیرۆشیما و ناکازاکی. تەنیا یەک چرکە. هەموو شتێک ئیتر وەها ژێروژوور دەبێ کەس نایناسێتەوە. ئەو منداڵە رووت و جەستە سووتاو و تۆقاوانەی وا سەراسیمە رادەکەن و، شوێنێکیش نەماوە بۆ راکردن بۆی. وێرانی، خۆی تەنیا رێگا و تەنیا ئامانج.

نەفەرێک کە لێی دەزانێ، گوێ بە سینگییەوە دەگرێ و دەڵێ مردووە. تەرمەکەی بەیارمەتی چەند کەسی ئازای تر لە پاسەکە دەبەنە خوارەوە و، لەسەر شۆستەکە رایدەکێشن. ژنێک شاڵی گەردنی دەکا بە سەرینی. خەڵکەکە کۆدەبنەوە. یەک داوایان لێدەکا کەمێک بڵاوەی لێبکەن. کەمکەم فەزای ترس، خۆی بە ئارامی و بە مقۆمقۆ دەدا. یەک دەڵێ رەنگە نەخۆشی هەبووبێ، یەک دەڵێ بەستەزمان ژن و منداڵەکەی! یەکی تر دەڵێ بەڵکو فریای کەون و بیگێڕنەوە بۆ ژیان، دەڵێ جاری وایە ئەوانەی وا جەڵدەی دڵ لێیان دەدا دوو رۆژ مەودای گەڕانەوەیان هەیە!

دوو رۆژ!؟ تەنیا دوو رۆژ بۆ کەسی وەک ئەو؟ خەریکە مێشکم دەتەقێ. کۆترێک لەسەر بانی پاسەکە دەنیشێ و، بەلاچاو لە خەڵکەکە ورددەبێتەوە. ئەوە خەریکی چین؟ دەزانم ئەویش هەست بە مردن دەکا. مردن، مرۆڤ و ئاژەڵی ناوێ. وەک یەک هەستی پێدەکەن. کۆترەکە وەک بڵێی لە هەموو چیرۆکەکە تێگەیشتووە، ئارام هەڵدەفڕێتەوە. لای ئەو مردن سروشتی ترە. ئەوبەری جادەکە دارستانێکە دەگاتەوە دەریاچەیەک. بەلەمەکان لەوێ لەمێژە بۆنی قەوزەیان گرتووە.

دەنگی ئامبوڵانس دێ. دەگەنە سەری. لەپاش پێڕاگەیشتنە سەرەتاییەکان، سواری دەکەن و دەیبەن. هەموو شتێک چەند ئاسانیش دەتوانێ درەنگ بکەوێ. خەڵکەکە هەروا ماونەتەوە و، لە ئامبوڵانسەکە دەڕوانن کە دوور و دوورتر دەکەوێتەوە. وادیارە قەرارنیە بەم زووانە شۆفیری تازە بێت. بەدەم قسەکردنەوە، یەک یەک و دوو دوو، یان چاوەڕوانی پاسی تر دەبن، یان زەنگ بۆ تاکسی لێدەدەن. هەندێکیش دەڕۆن. ئەوەندەی پێناچێ پۆلیسیش دەگا.

راستی دەزانن ئەو شۆفیرە کێ بوو؟ نا کەس نازانێ. ئەو تەنیا شۆفیرێک بوو. شۆفیرێکی ناو جادەکانی شارێکی ئەورووپایی. شەو لە چاتێکی فەیسبووکیدا بۆ هاوڕێیەکم دەنووسم، ئەمڕۆ وەرگێڕێکی پەنابەر مرد. دەڵێم مردنەکەی زۆر سادە بوو. دەنووسم هەمیشە لام وابوو مەرگی کەسانی وا جۆرێکی ترە، لام وابوو بە مردنی ئەوان بۆ ماوەیەکیش بووە دونیا بۆ چەند چرکەیەک جۆرێکی تری لێدێ،… کە نەهات. هاوڕێکەم دەڵێ دەی وایشی لێهات، ئەوە نیە تۆ چ حاڵێکت بەسەردا هاتووە! بۆ ماوەیەک دەمێنمەوە. ئەوسا دەزانم هاوڕێکەم راستدەکا. بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوم. بیری کۆترەکە دەکەومەوە. ئەویش جۆرێکی لێهاتبوو. هەڵدەستمە سەرپێ و، بیر لە جیهان دەکەمەوە. خۆشحاڵم شەقامەکانی ئەورووپا لەگەڵ خۆیان بۆ هەمیشە ئەویان نەبردووە.

لە گۆڕستانەکەی ئەو بەری جادەکە دەینێژن. لە رۆژێکی کۆتایی هاویندا. ژنەکەی بەسەر گۆڕەکەیدا دەکری و، منداڵەکانی کە کوڕ و کچێکی جحێڵن ناباوەڕانە لە دیمەنەکەی بەردەمیان دەڕوانن. ئەوان ناگرین. تازیەبارێکی مودێل ئەورووپایین. ناڵێم هەموو ئەورووپاییەکان وان. نا. تازە، نەگریانی ئەوان بە مانای کەمتەرخەمی نیە. ئەوەندەیکە ئەوان بەم شێوەیە تازیەبارن. بیری مۆسیقایەک دەکەومەوە کە خۆشم نازانم چییە. لەو مۆسیقایانەی کە کاتێک گوێیان لێدەگری، دەڵێی کاتێک مردم حەزدەکەم ئەمەم بۆ لێبدەن. لەو مۆسیقایانەی بیری ئەوەت دەخەنەوە کە بەڕاستی ژیان بە بێ مەرگ چ بێ مانایە و مەرگیش بێ ژیان هەروەها. ئەو مەرگەی کە سەرچاوەی سەرەکیی مانای ژیانە، ئەگەرچی دژیەتی. لەو مۆسیقایانەی ئەوەندە ‘کات’ لەبەر چاوتدا بەقووڵی بەرجەستە دەکەنەوە کە دەستبەجێ تێدەگەی هەموو شتێک لە راستیدا تەنیا لەگەڵ کات مانا پەیدادەکا. کات، سەرەتا و کۆتایی هەموو شتێک. راستی ژنەکەی ئاگای لەدووا وەرگێڕانی هاوسەرەکەیەتی؟ دەزانێ چی لەو کارە ناتەواوە بکا، هەڵبەت ئەگەر بزانێ چۆن فایلەکەی لەسەر ئایپادەکە بدۆزێتەوە؟

بایەکی تووندی ناوادە هەڵدەکا و، کتوپڕ ئیزرائیل لەبەرگی کچێکی جوانی میکیاج کراو لە پشت درەختێکەوە دەردەکەوێ. من دەیناسمەوە، ئەگەرچی ئەو لای وایە من نا. دێت و، لە تەنیشتمدا رادەوەستێ. دەڵێم گەر من ئەوەندە جوان بم قەت بیر لە شتی خراپ ناکەمەوە. دەڵێم هەڵبەت دەزانم هەموو کەس بە کاری خۆی رازی نیە، بەتایبەت ئەگەر ناچاری بێ و ئەرکەکە لەلایەن خواوە سپێردرابێ. بە تەعەجوبەوە لێمدەڕوانێ. هیچ ناڵێ. دەزانم لە دەروونەوە پێکەنینی بە سادەییم دا دێتەوە. راستە، ئێمەومانان هەمیشە سادە بووین. ساکار و خەڵەتێندراوی کتێبەکان و… خەونەکان. وەک بڵێی لەبەر خۆیەوە بیردەکاتەوە کە “ئەم برادەرە کە لە مەرگی شۆفیرەکە حاڵی نیە، داخۆ دەبێ لە چی حاڵی بێ؟!” منیش وەک بڵێی بیرەکەیم خوێندبێتەوە، لەبەر خۆمەوە دەلێم “ئێمە تازە بەڵێنە بۆ هەمیشە وەها بژین… ئا بۆ هەمیشە سادە و ساکار!”

راستی نەکا هەر لە سەرەتاوە حیکمەتێک لە نزیکی نێوان خانووەکە و گۆڕستانەکەدا هەبووبی؟ کێ دەزانێ. بەتایبەت ئەو کتێبەی وا ئەو تەرجومەی دەکردەوە رۆمانێک بوو لەسەر هۆکارە نادیارەکانی ژیانی مرۆڤ کاتێک هەموو شتێک کتوپڕ دەکەوێ بە لایەکی تردا. رەنگە خوا و ئیزرائیلیش تاوانیان نەبێ. رەنگە تاوان لەو رۆژەوە بێ کە مرۆڤ خەون دەبینێ و، بەڵام نازانێ ئەو خەونە لە راستیدا قەدەغەیە. یان نازانێ هێشتا زووە. قەدەغە نەک بەو مانایەی کەسانێک ناهێڵن بەدی بێ، نا، بەو مانایە کات لە دژیەتی. ئەو خەونانەی لە کتێبەوە دێن و هەر بە کتێب درێژەیان دەبێ و… سەرئەنجام هەر لە کتێبیش دا ئۆقرە دەگرن.

ئیزرائیل پێش ئەوەی بڕوا، دەبێتەوە بە هەیکەلی راستەقینەی خۆی و ئەوجا دەڕوا. دەزانێ لێی ناترسم. مەگەر چی ترسناکتر لە مەرگی شۆفیرێکی وەرگێڕی ئاوارە کە بۆخۆیشی هیشتا بە جوانی نەیدەزانی بۆ کتوپڕ خۆی لە خیابانەکانی ئەورووپادا بینییەوە.

گڵۆپەکە دەکوژێنمەوە و، لەناو جێگاوە لە پەنجەرەکەوە سەیری مانگەشەو دەکەم. پێڵوەکانم قورس قورسن. مانگ و شۆفیر و جادە و گۆڕستانەکە تێکەڵ دەبن. دەنگی کەسێک دێتەگوێم. دەزانم خەیاڵە. دەزانم رۆژە قورسەکانی مردنی ئەوانەی وا زۆر خەونیان دەبینی، ئەوەندە ئاسان نابن بە شەو و ئەوەندە ئاسانیش شەو جێت ناهێڵن. بزەیەکی تاڵ دەنیشێتە سەر لێوەکانم.

بێگومان هەر ئەمڕۆ شۆفیرێکی تریان ناردووە و، دەستی کردووەتەوە بە لێخوڕینی پاسەکە. پاسەکە شۆفیر دەناسێ نەک ناوی شۆفیر. ژیان دەبێ بەردەوام بێ. بەردەوامیش دەبێ.

چەند رۆژ دوواتر لەهەمان وێستگە سواری هەمان پاس دەبمەوە. ئەمجارە قژزەردێکی چاوشینە. لێی ورد دەبمەوە. بڕواناکەم بۆ جارێکیش لە ژیانیدا بیری لە وەرگێڕانی کتێبێک کردبێتەوە. دڵنیا لەوەی قژزەردە چاوشینەکان، بەتایبەت شۆفیرەکانیان، خەون نابینن و مەترسیی جەڵدەیان لەسەر نیە، سوار دەبم. ئەگەرچی زۆریش گرینگ نیە. کلیساکەی ئەوبەری جادەکە، ئەوەندە ترسناکیش نیە کە سەرەتا دەینواند.


فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *