فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

چیرۆکێکی راستەقینە

کات 19/10/1402 229 بازدید

چیرۆکێکی راستەقینە

چەند رۆژێک بوو حاڵم باش نەبوو. نەخۆش بووم. سەرمای زیاتر لە بیست دەرەجە ژێر سفری نۆروێژ، سەری لێ سەندبووم. لەگەڵ ئەوەی ساڵانی ساڵە لێرەم، بەڵام بە سەرمای ژێرتر لە مینهای دە دەرەجە رانەهاتووم. لەگەڵ ئەوەی جلوبەرگی گەرم لەبەر دەکەم، بەڵام دەڵێی لە هەوادا شتێکی تر هەیە جگە لە سەرما. شتێک کە هیچ رێزێکی بۆ جلوبەرگ نیە و، بەردەوام بیرت دێنێتەوە کە ئەوە ئەوە بڕیاردەدا. بۆیە من پێم وایە هەوای سارد تەنیا بریتی نیە لە سەرما. دەکرێ لەژێر کاریگەریی سەرمادا بی، بە بێ ئەوەی سەرمات بێ.

بەیانی کە خەبەرم بووەوە، هەستمکرد زۆر باشترم. بە خۆم گوت دەچم بۆ کار (دوێنێ وەهام بیرنەدەکردەوە)، ئەگەرچی هێشتا سەرم قورس قورس بوو. هەڵبەت ئەمجارە قورسی شتێکی تر،… قورسی خەوێک کە بینیبووم. من کە باوەڕم بە خەو و شتی لەم بابەتە نیە و، لام وایە ئەنجامی کاریگەرییەکانی ژیانی رۆژانە و خەون و خەیاڵات و بیرەکانی خۆمانە، بە خۆم گوت وازی لێ بێنە! مێشک کە لە سەداسەد ناخەوێ.

دیارە لەخەوبینین ناخۆشتر نیە. ناهێڵێ بەتەواوی بحەسێیتەوە. وەک ئەوە وایە تەواوی شەو بە خەبەربووبی! مێشکیش وەک جەستە دەبێ تا رادەیەکی باش بکوژێتەوە، نەک ئەوەی دیسان بە هەمان مەراقەکانی رۆژانەوە سەرقاڵ بێ.

لەسەر کار قاوە ئامادەبوو. پەرداخێکی لە مقەبا یان کاغەز سازکراوم، کە ناوەوەی سپی و دەوری قاوەییەکی روون بوو، هەڵگرت. تا نیوە پڕمکرد و، دەستمکرد بە خواردنەوەی. گەرماکەی دەڕژایە ناو دەروونمەوە و، چێژی پێدەبەخشیم. یەکێک لە هاوکارەکان گوتی تا چەند رۆژی تر ئەم سەرما قۆڕە بەردەوام دەبێ! هیچم نەگوت. دوواتر زانیم دوو هاوکارمان نەخۆشن و نەهاتوون بۆ سەر ئیش.

لەبیری خەوەکەدا بووم کە چوومە ناو راڕەوەکە و، لەسەر قەنەفەیەک دانیشتم. هاوکارەکانم مەشغوڵ بوون. دەهاتن و دەچوون. دەنگی نەخۆشەکان دەهات.

وەک هەمیشە بینیم. تەنیا چەند رۆژێک پێکەوە لە مانگدا کاردەکەین. ئەمڕۆیش یەکێک لەو رۆژانە بوو. بەگەرمی چاکوچۆنی یەکترمان کرد. بن باخەڵی پیشاندام و گوتی خەمت نەبێ ئەمڕۆ رۆژی خۆمانە. چاوم بە پاکەتێکی مارلبرۆی سوور کەوت. بزەیەکم هاتێ. هەستی بە شتێک لەمندا کرد. دەستبەجێ پرسی خۆ هیچ نەبووە؟ گوتم نا، کوڕە ئەم سەرمایە سەری لێ ستاندووین، واز ناهێنێ! گوتی بەخوای دەڕۆمەوە، ئەوە دەیبینی، ئەم کاولە جێدێڵم، ئەدی کوو! چمداوە لێرە! لۆخۆمان مەزرەعەمان هەیە و دەچمەوە و ژیاندەکەم، بەخوای مردم لێرە!

گوتم راستی تۆ لە خەو دەزانی؟ دەتوانی تەعبیری بکەی؟… یەعنی… یەعنی لێکی بدەیتەوە؟ دوێشەو خەوێکی ناخۆشم بینی. هێشتا قسەکە لەدەممدا تەواونەببوو، هاواریکرد نەیگێڕیتەوە… نەیگێڕیتەوە! دەستیشی لەگەڵ رادەوەشاند. روخساری تەواو جیددی و گرژ ببوو. گوتم بۆ؟ گوتی هەر بیگێڕیتەوە خەونەکەت بەدی دێ! ئەیچۆن، خەون نابێ بگێڕدرێتەوە! گوتی دەبێ بە لای چەپی خۆتدا سێ جار تف بکەیت و داوای لەخوا بکەیت کە لەبەڵا بمانپارێزێ، خەون شەیتانە! ئەوسا لەبەر دەمی خۆیەوە ئایەتێکی خوێندەوە.

من بێدەنگیم لێکرد. هەستام و خەریکی کاری رۆژانە بووم. ئەگەرچی خەیاڵم هەر لای خەوەکە بوو.

لە ‘گووگل میت’ەوە دوو سێ جار زەنگیان لێدا. لە ‘بانە’وە بوو. نەمتوانی وەڵام بدەمەوە. سەرئەنجام دەرفەتێکم بەگیرهێنا و، زەنگم دایەوە. هەواڵیان پێدام پوورم مردووە. گوتیان لە ژێر عەمەلدا گیانیداوە. گوتیان بەرێوەن بۆ سەقز بۆ ناشتنی و بۆ سەرەخۆشی.

نەعەبەسام. هەواڵی مردن چیتر نامجووڵێنێ. یەعنی وەک جاران نامجووڵێنێ. تەنیا بێدەنگم دەکا. بیری پوورم کەوتمەوە. زیاتر لە سی ساڵە نەمبینیوە. لەم ماوەی سی ساڵەیشدا تەنیا پێموابێ یەک جار لە تەلەفوندا قسەم لەگەڵ کردووە. دەنگە نەرم و میهرەبانەکەی هەروا لە گوێمدا دەزرینگێتەوە. رێک لە گەرمەی بۆمبارانەکانی شار لەکاتی شەڕی ئێران و ئێراقدا گواستیانەوە بۆ سەقز. ئەو ساڵانەی وا لە بانە کەم کەس خۆی دەگرت. ئیتر بۆ هەمیشە لەوێ مانەوە.

تەلەفۆنەکەم خستەوە گیرفانم. نازانم چەندە، بەڵام لە جێگاکەی خۆمدا مامەوە. خەیاڵ وازی لێنەدەهێنام.

گوتم ئەوەی لێی دەترسای روویدا… لێمگەڕە خەوەکەت بۆ بگێڕمەوە! هەر بەهەمان پێداگرییەوە گوتی نا، بەخوای نایگێڕیتەوە. گوتی بچۆ دەرێ و شوێنێک ببینیەوە و سێ جار تفی پێداکە! گوتم دایکم کە بەیانیان هەڵدەستا هەمیشە خەوەکانی دەگێڕایەوە. گوتم هەموو شەوێکیش خەوی دەبینی! کەمێک لێم مۆڕبووەوە. پرسی دایکت موسوڵمانە؟ گوتم ئەیچۆن، ئەویش موسوڵمانی چاک. ناوچاوی کرایەوە و گوتی مافی خۆیەتی، ئەوە خودای تەباڕەک و تەعالا ئاگای لێیە، ئەوانە دەتوانن باسی خەوەکانیان بکەن… بەڵام تۆ… تۆ نا. بەخودای دونیا کاول دەبیتن!

بزەیەکم هاتێ. هەرچی بیری لێدەکەمەوە هەتا ئیستا زیاتر دونیای من کاول ببوو.

گوتم لێمگەڕێ بۆت بگێڕمەوە. تازە ئەوەی کە تۆ پێت وایە نەدەبا رووبدات، روویداوە،… تازە چ فایدە… رەنگە بەکەڵکیش بێت! بە قامکی ئاماژەیدا کە نا… ئەبەد!

گوتم دوێشەو خەوم بینی کە لە سەر دیوارێک بووم بە سەر چەمێکەوە. بینیم نەڕۆیشت و، گوێی لێگرتم بە بێ ئەوەی شتێک بڵێ. هەرچەند بەلاچاو لێی دەڕوانیم. درێژەم دایە. گوتم کەسێک کە نازانم کێیە لە تەنیشتمدا بوو. لێوانێکی کاغەزیی پێ بوو و کتوپڕ لێی کەوتە ناو چەمەکەوە. مەلەی نەدەزانی. سەیری چەمەکم کرد. خۆڵ و خاشاکێکی زۆر بە دەم ئاوەکەوە بوو، بەڵام وەها نەبوو بنەکەی نەبینی. ئەوسا پەرداخەکەم لە بنی ئاوەکەدا بینی. سپی سپی دەدرەوشایەوە. پێم گوت ئیستا بۆت دەردێنمەوە. خۆم فڕێدایە ناو ئاوەکەوە. تەواو لێی نزیککەوتمەوە، بەڵام دەستم نەیگەیشتێ و نەمتوانی دەریبێنمەوە. بەمەلە بەرەو قەراخ رۆیشتم. پڕ بوو لە چیلکە و چەوێڵ. کە لامکردەوە بینیم لەوسەری چەمەکەوە لافاوێک بەڕێوەیە. لافاوێکی چڵکن و تووڕە و تەوسن.

راوەستام. ماوەیەک بێدەنگ بووین. هیچی نەگوت. دەنگی نەخۆشەکان و هاوکارەکان دیسان بەرزبووەوە.

شەو کە رۆیشتمەوە، بەدەم رێگاوە بەردەوام بیرم لای لێوانە سپییەکە بوو، کە وەک مرواری لەو بنی ئاوەدا دەدرەوشایەوە.

چیرۆکێکی راستەقینە
فەڕۆخ نێعمەتپوور
چیرۆکێکی راستەقینە

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *