فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دوو برا بوون

کات 13/11/1402 319 بازدید

دوو برا بوون

لە هەموو شتێک تەنیا دوو وێنەی رەش و سپی بەجێمابوو. دوو برا. یەکیان لە هۆمل بەفر بردی و، ئەوی تریان لە سەیدسارم ئاگر. جاری وایە بە دەم کڕێوەوە گوێم لە دەنگی ئەمیانە و، جاری وایە بە دەم نێڵە نێڵی ئاگرەوە گوێم لە دەنگی ئەوی تریان. نازانم باسی چی دەکەن. دووا وشە و، دووا رستەکان روون نین. وژەی کڕێوە و، قرچەی ئاور ناهێڵن. یان رەنگە ژان ناهێڵێ. بە خۆم دەڵێم رەنگە رۆژێک ئەم زمانەیش فێرببم.

ئێسک ئێسک تەرمێک کۆدەکەمەوە. ریشاڵ ریشاڵ پاشماوەی گۆشتی برژاو بە دەوری ئێسقانەوە دەژمێرم. بە خۆم دەڵێم ئەوەندەی نەماوە. بە خۆم دەڵێم هەر ئەوەندەی بەشی تەرمی ناو کفنێک بکات. هەر ئەوەندەی دایکی پێی وابێ کوڕەکەی پێش ئەوەی بینێژن، جەستەیەکی تەواوە. ئەوەیکە لای وابێ نەکیر و مونکەر بەپیر مرۆڤێکی کامڵەوە دەچن،… ئەگەرچی ژیان زۆر خێرا بۆی بوو بە رابردوویەکی کۆن.

سەیدسارم لە بەرهەتاوی رۆژێکی هاوینیدا راکشاوە. گوند، بەدەم نیوەڕۆی هاوینێکی ساڵی شەست و حەوتەوە باویشک دەدا. جووتیارێک کە لە داربەڕوو کەوتووەتەوە خوارەوە، بە لاقی شکاوەوە لە ژوورەکەیدا لە پەنجەرەکەوە لە دەرەوە دەڕوانێ. سوپایەک خۆی بەناو گونددا دەکا. لە مزگەوتەوە دەنگی بڵێندگۆ بەرزدەبێتەوە. سوپا لێی پاڵدەکەوێ و، فەرماندە بە خەڵکی ئاوایی دەڵێ دژەشۆڕش خەیاڵی خاوە. مریشک و کەڵەشێرەکان دەکەونە باڵەفرتێ و، رادەکەن. وەک بڵێی هەر لە ئیستاوە بۆنی گۆشتی برژاو دەکەن.

بەفر گێژو لوول دەخوا و باڵای شاخ دادەپۆشێ. چەمەکە لە بنیدا قرچەی پشتی دێ. کۆڵنجی کردووە. یەکیان دەڵێ پێم وابێ رێگامان ونکردووە. ئەوانی تر تەزوویەک بە جەستەیاندا دەگەڕێ. کەس نازانێ هی ئەوەیە داخۆ سەرمایانە و هی جەستەی تەڕیانە، یاخود هی ترسی رەقبوونەوەیە. تاریکیی شەو، نیشانەکان لەگەڵ خۆی دەبا. یەکی تریان دەڵێ نا وانیە گوێم لە دەنگی ئاواییە… داخۆ ئێوە گوێتان لێ نیە؟ گوێ رادێرن… جوان جوان! ئا، دەنگی ئاوایی دێ. بەڵام رێگا لە کوێوەیە. بەفر، نیگا لەخۆیدا نوقم دەکا. ئەوەیان وا کلێتەیەکی بە سەرەوەیە دەڵێ دادەگەڕێین، بە قەراخ چەمەکەدا دەڕۆین. ئەوی تریان دەڵێ راست دەکا، ئەم چەمە دەمانگەیەنێتە شوێنێکی گەرم، جا با بۆخۆیشی بەستبێتی. تەنانەت یەکیان دەڵێ بۆنی نانی گەرمیش دەکەم… گوێتان لێیە؟ پیرێژنێک لەگەڵ بووکەکەی خەریکی نانکردنن… کولێرەیش!

شەو چەند بێکۆتاییە!

دوو براکە ئاگایان لە یەکتری نیە. یەکیان لە ساڵی شەست و یەک خەریکە لە هۆملەوە دادەگڕێ و، ئەوی تریان لە ساڵی شەست و حەوت لە سەیدسارم لە خانوویەکی شاراوەدا گوێی لە دەنگی سوپایەکی پڕ لە سووسەیە. بیردەکەمەوە رەنگە تاوانی دوو وەرزی جیاواز بێت. ئا، تاوانی زستان و هاوین. وەرزەکان دەنگی یەکتر ناناسنەوە.

ئیسفاڵتەکەی رێگای بانە ـ سەردەشت لەبەر هەتاودا نەرم بووە. شوێنی تەگەری تۆیۆتا سەربازییەکان بەسەرییەوە ماون. شوێن پێیەکی تۆزاویی دوێشەویش کە لێی پەڕیوەتەوە. نا، زیاترن. چەندین شوێن پێن. ئادیداسن. سەیرە ئەمڕۆ بایەک هەڵینەکرد.

لە هۆمل دەنگی قیژەی پشیلەیەکی کێوی لە دۆڵەکەدا دەنگدەداتەوە. ئەوەی وا هەموو سەروچاوی بە جامانەکەی پێچاوە، میل دێنێتەوە و بە کڵاشینکۆفەکەی ریزێک فیشەک بە ئاسماندا دەکا. یەکی تریان دەڵێ گەر نزیکی گوند بین، خەڵکی ئاوایی بەدەممانەوە دێن… دەزانن لێمان قەوماوە. بەخۆم دەڵێم گەر با بێڵێ.

 کیژۆڵەیەک بە گۆزەکەیەوە لەسەر کانی، لە مزگەوتەکە دەڕوانێ. پۆلێک کۆتر بە دەوری بانەکەیدا سووڕدەخۆن. لە دوورەوە دەنگی گاڕان دێ. وادیارە شوانەکە زۆر دوور نەکەوتووەتەوە. یەکیان لەخانووە شاراوەکەدا دەڵێ رەنگە لەم شیوەی بەر ماڵەکەوە بۆی دەرکەوین باشترە. دەڵێ لەوە ناچێ مانەوەمان باش بێت، سوپایەکی زۆر هاتووەتە ناو گوند. یەکی دیکەیان دەڵێ هیچ نیە، نەیانزانیوە، هاتوون لەم گوندی قەراخ جادەیە بحسێنەوە و ئەوسا بڕۆن. وەک هەمیشە. پاشان بزەیەکی دێتێ و، درێژەی دەدا کە ئەمەیش جۆرێکە لە ئەرک لە کۆڵی خۆکردنەوە! قاچ شکاوەکەی پشتی پەنجەرەکە ئاگای لە ماشینێکی تری سەربازییە کە بەپەلە خۆی بەناو گونددا دەکا. ریش سوورەکە، ئەوەی وا لە پێشەوە سواربووە، سیمای یەکجار پەشێو و هەناسەی یەکجار سوار دیارە. بە خۆی دڵێ خوایە رەحم بکەی!؟

خێری زستان لە بەفر و لە کڕێوەکانیدایە. نەبارێ، کوێستان ناشیرینترین خوڵقاوی دەستی خودایە. یەک لە گوندییەکان دار بە کوورەکەوە دەنێ و، دەڵێ گوێتان لەو تەقەیە بوو؟ براکەی کە پێچی رادوێکە دەگێڕێ، دەڵێ نا، تەقەی چی؟ تازەبووکەکە هەڵدەدا و، بە شەرمەوە دەڵێ ئا منیش گوێم لێبوو.

هەتا زیاتر شەو شان دادەدا، بەفر و کڕێوە و هەورەکان زیاتر کێو و لاپاڵ و دۆڵەکان لەناو خۆیاندا نوقم دەکەن. وەک بڵێی پێشبڕکێیانە کامیان ئازاترن. یەکیان بەدەنگی بەرز بۆ ئەوەی گڤەی با ببەزێنێ دەڵێ پێموابێ ئاوایی لەوبەر چەمەکەیە، واچاکە بپەڕینەوە. دەڵێ لێرەدا بووارە. گرینگ نیە تەڕ دەبین، گرینگ ئەوەیە پێش ئەوەی رەق بینەوە دەگەینە ئاوایی و دەربازمان دەبێ.

لە چەمەکە دەپەڕنەوە. هەتا ناوقەدیان تەڕدەبێ. نووکی کڵاشینکۆفەکان خەتێک لەسەر ئاوەکە جێدێڵن. بەخۆم دەڵێم نەکا تا سبەی ئەم هێڵە بەسەر ئاوەکەوە بمێنێتەوە!… نەکا!

دوو براکە ماوەیەکە بەیەکتریان زانیوە. ئەوەی ساڵی شەست و یەک دەستی بەرزدەکاتەوە و، دەڵێ تا شەست و حەوت زۆری ماوە، ئاگات لەخۆت بێ! ئەمی تریان دڵی خەمگین دەبێ و، دەڵێ ببوورە ئەو شەوە لە هۆمل دووربووم… ببورە!

بەناو بستێک خۆڵەمێشی گەرم و ئاگریندا خەریکی پیاسەم. بنی پێم دەبرژێتەوە. بە دارێکی گۆچان ئاسا خۆڵەمێشەکە وەردەدەم. بە ژنان و کچانی ئاوایی کە لە سەر بانەکان ریزیان بەستووە و، سەیری دیمەنی بەردەمیان دەکەن دەپرسم داخۆ کەسێکیان لێرە نەبینیوە؟ دەڵێم داخۆ هیچ باڵندەیەکی کۆچەری لێرەوە لەم رۆژانەی دوواییدا نەفڕیوە؟ کەس وەڵام ناداتەوە. کوننەپەپوویەک لە تاقە ماڵی رووخاوی پشت ئاواییەوە دەخوێنێ کە وازبێنە گەمژە… ئێرە کۆتایی جیهانی پرسیارە!

دەمم وشکە. تاسەی بەفری ئەو شەوەی هۆمل دەکەم. رەنگە کانییەک بتەقێتەوە و، کەمێک ئاوی ئەو شەوە لەگەڵ خۆی بێنێ. رەنگە تینوویەتیی پشکۆی بنی خۆڵەمێشەکە بشکێنێ و، منیش زووتر بگەمە ئەو. چیتر پێویستم بە گۆچانەکە نەبێ. گوێ رادەدێرم. دەنگی چەمی کەڵوێ لەو دیوی شاخەکانەوە دێ. بە گرمە و لرفە بەڕێوەیە. چ دەبوو هەر ئەوەندەی بۆ ساتێک لێرەوە تێپەڕیبا. چ دەبوو!

سوپا لە مزگەوت دەترازێ. وەدەردەکەون. ریشنەکەی ناو تۆیۆتاکە بە ئاواتی خۆی گەیشتووە. بە بڵیندگۆیەک بە دەستەوە دەنەڕێنێ چیتر دەرفەتی دەربازبوونتان نەماوە. دەقیژێنێ ئێرە کۆتایی دونیا و بوونە. دەڵێ جەهەننەم لێرەوە دەست پێدەکا. بە خۆم دەڵێم بۆ یەکەم جاریش بێ فەرماندە قسەیەکی راستی لەدەم هاتەدەر. بە خۆم دەڵێم هەر ئەوەندەی دەنگم بگەشتایەتە ئەوان، پێم دەگوتن رەنگە جاری وایە وا باشترە کەمێک زیاتر بژین. تاقەتی مەرگم نەماوە. گەر دەنگم بگەیشتایە ئەوا دەمگوت چش لە خەونەکان، هەر ئەوەندەی من جارێکی تر چاوم پێت بکەوێتەوە.

هۆمل قاچەکانی زیاتر لە کەلەسەری تەزیوە. دەستەکانی ئیتر هەر هیچ. هەزار کوورەیش گەرمی ناکاتەوە. پشیلە کێویەکە زیاتر دەخزێتە قووڵایی کولانەکەیەوە. بە مەلای مزگەوتەکە دەڵێم خۆت بۆ ناشتنیان ئامادەبکە! دەڵێم ساڵەکان گرینگ نین… ئەوەندەی نەماوە. مەلا بە لاچاو لێمدەڕوانێ. ئەویش لە کاری خودا سەردەرناهێنێ. دوو بێڵاسن دەداتە دەست پیاوەکانی گوند و، دەڵێ کاری ئێمە تەنیا شاردنەوەی ئەوانە لە دڵی خاکدا.

کانییەکەی پێچی دارساوێن قوڵپی گریانێک دەیگرێ.

لەناو ماشینەکەدا شەشین. ئێسکەکان لەناو تەلیسەکەدا دەلەرێنەوە و هەڵدەخەنەوە. رێگا پڕ کەند و لەندە. یەکمان دەڵێ باشیی سەرما ئەوەیە جەستە بە مردوویش دێڵێتەوە، دەڵێ وەک ئاگر نیە. ئاگر زۆر زاڵمە!

ئەو شەوە خەڵکی گوندی فریایان کەوتن. بە چرامووشی و بە چراقوە و لەنتەرەوە. لە پشت پەنجەرەکانەوە ژنان چاوەڕوانی پیاوەکانیان مانەوە. چەمەکە درۆی نەدەکرد. ئاو هەر دەگاتەوە ئاوەدانی. ئاگر، نا.

دوو برا بوون. دەست دەخەمە سەر کێلی ئەوەی سڵمان بەگ و، دەڵێم گەر بە من با نە ئاگرم دەخوڵقاند و نە خۆڵەمێش. بە کێلەکەی ئەوی تریشیان لە شەڵماش دەڵێم گەر بە من با تەنیا ئیزنم بە باران دەدا دابکا.

لەو دیو هەورەکانەوە، بە حەوت تەبەقی ئاسمانەوە، دەنگی سامناکی پێکەنیێکی ترسناک دەنگدەداتەوە. پێچ و لوول دەخوا و خۆی لە ناو خۆیدا دیسان و دیسان بێ ئەژمار دەتەقێتەوە. راستی کەسێک هەیە لە چۆنیەتی پلانی خڵقەت ئاگادارم بکاتەوە؟

کەس بەقەدەر من دڵی لە هەتاو نەئێشاوە… کەس کەس!

دوو برا بوون
فەڕۆخ نێعمەتپوور
دوو برا بوون

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *