فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ئەو ساڵانەی تەرم غەریب بوو

کات 21/11/1402 172 بازدید

ئەو ساڵانەی تەرم غەریب بوو

ـ دڵنیام، لەوێ بووم، ناوی کاکم نەبیست، دووانی ترن، وەستا محەممەد و عودەی کوێخا، هەر ئەو دووانەن، نا، کاکمیان لەگەڵ نیە.

هاوینی ساڵی ١٣۵۴، هەموو بنەماڵە لە ناو ژوورەکەدا کۆبوونەتەوە. دایەگەورە و باوەگەورە، دایکی و خوشک و براکانی کە بەدەوری دایکییەوە ئاپۆرایان داوە، مامی کە خەریکی وتنی رستەکانی بوو و لەگەڵ پوورێکی. بە ئەمیشەوە. هیوا لە لەبەر پەنجەرەکەدا دانیشتووە و پشت لە تاریکی دەرەوە و روو لە بنەماڵە، غەرقی ئەندێشە بیر لە قسەکان دەکاتەوە. هەموو دۆشداماون. وەک بڵێی باوەڕیان بە قسەکانی ئەو نیە کە دەڵێ نا کاکمیان لەگەڵ نیە. ئاخر هەموو کەس باسی ئەوە دەکا کە ئەویشیان لەگەڵ ئەوانی دیکە لە سەقز بینیبوو، بینیویانە پێکەوە بوون، بگرە بینیویانن پێکەوە لەبەردەم گاراژەکەدا سواری سەوارییەکە ببوون و، بەرەو تەورێز رۆیشتبوون. ئیتر لە رێگادا کارەساتەکە روویدابوو. ماشینەکە لەگەڵ ئوتوبووسێکدا خۆ بە یەکتردا دەدەن و، ئیتر ئەوەی نەدەبووایە رووبدا، روویدابوو. هەر پێنجیان مردبوون. بە شۆفیرەکەیشەوە.

هیوا، لەبەر پەنجەرەکە سەیرێکی دەرەوە دەکا. لە دایکی و لە خوشک و برا بچووکەکانی دەڕوانێ. لەبەر خۆیەوە دەڵێ گەر ئەویشیان تیا بێ، چی بکەین… چی روودەدا؟

ئەوسا هەناسەیەکی قورس هەڵدەکێشێ و، بە نیگەرانییەکی لە رادەبەدەرەوە لەبەردەمی خۆی دەڕوانێ. هەناسەی قورس قورسە، دڵە بچووکەکەی هەزار کیلۆیە. وەک بڵێی بە لاپاڵێکی کێوی بابۆسدا خەریکی سەرکەوتنە.

دەڵێ گەر باوەرم پێناکەن با هیوا بنێرین. با ئەویش بۆخۆی بچێ بیبیستێ و هەواڵتان بۆ بهێنێتەوە… بەڵام باوەڕبکەن درۆناکەم، کاکمیان لەگەڵا نیە، لە زۆر کەسم پرسی، گەر هەبووایە باسیان دەکرد، ئەی بۆ ناوی ئەوانی تر ئەڵێن بەڵام هی ئەو نا؟ ها؟ یەعنی ئەوەیکە ئەوی تیا نیە.

باوەگەورە کە کش و مات دانیشتووە و تەنیا گوێدەگرێ، هەڵدەداتێ کە تۆ بە لانی ناخێرتەوە هەواڵەی تەواوت نەهێناوەتەوە و ئیستاکە دەتەوێ منداڵێک بنێرین!!… بەسیکە! تێگەیشتین!

دایەگەورە هەڵدەداتێ کە دەی کوڕم با جارێکی تریش بۆ دڵنیایی بچیتەوە، قەیچێکە، رەنگە ئەمجارە خەبەری باشتر وەربگرێ، خۆ جارێکی تریش تاقیکردنەوە زەرەری نیە… ها… وانیە!؟ بەخوا گەر پیاو بوومایە هەزار جاری تر دەچوومەوە… بەڵام بڵێم چی!

بەس مامە کە گەنجێکی بیست ساڵانە بەردەوام لەسەر قسەکەی خۆیەتی. دەڵێ من دڵنیام، دڵنیام… لە زۆر کەسم بیست. ئەگەر باوەڕم پێناکەن هیوا بنێرن. با ئەویش هەواڵێک بێنێتەوە. مزگەوت خۆ دووریش نیە. دوو کۆڵان ئەولاترە…

باوەگەورە بە تووڕەییەوە دەڵێ هیوا! منداڵێکی دە ساڵە!؟… تڕحێو لەم قسانە!

هەموو نیگایان دەچێتەوە سەر هیوا. هیوایش لێیان دەڕوانێتەوە. لە پەنجەرە کراوەکەی هاوینەوە بەردەوام دەنگی ئەو ئاپۆرایە دێ وا لە مزگەتەکە کۆبوونەتەوە. لە کۆڵانیشەوە دەنگی پێ و دەنگی ورتەورتی خەڵک دێ کە خەریکن تێدەپەڕن، ئەوانیش بەرەو مزگەوت بەڕێوەن. ئەمشەو هەموو شار خەیاڵی لەسەر مزگەوتەکەیە. بگرە لە گەڕەکەکانی تریشەوە هاتوون.

هیوا سەیری دایکی دەکا کە ‘فەرانەک’ی خوشکی بە باوەشەوەیە و بێدەنگ لەبەر دەمی خۆی دەڕوانێ. هیوا هەمیشە دایکی داماو هاتووەتە بەرچاوی، بەڵام ئەمشەو داماوتر لەهەر کاتێکی تری خۆیەتی. دونیای بێوەژنی بە کۆشێک منداڵی سەروپێچکەوە ئەوەندە دووری نەدەنواند. دەستت بکێشایە، دەیگەیشتێ!

نەنکی دەڵێ جا منداڵێکی وا بەم شەوە چۆن دەنێردرێتە دەرەوە! تا پیاوێکی وەک تۆ دانیشتووە شتی وا چۆن دەبێ!

ساڵانی ساڵ دوواتر کە هیوا بیر لەم شەوە دەکاتەوە، لە خۆی دەپرسێ راستی باوەگەورە کە مردووەکە دەبوو بە کوڕی، بۆ هیممەتی نەکرد و ئەو شەوە بۆ خۆی بۆ پرسیارێکی وردتر رووی نەکردە مزگەوت!

لە ژوورەکەدا مشتومڕەکە بەردەوامە. منداڵەکان یەکیان بە تەنیشت دایکییەوە خەوی لێکەوتووە و، یەکی تریشیان داوای ئاو دەکا. خشەخشی بڵیندگۆکەی مزگەوت دێتێ گوێ، بەڵام کەس لێیەوە هیچ ناڵێ!

هیوا جارێکی تر لە تای کراوەی پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوە دەکاتەوە. کۆڵان بە گڵۆپی ماڵان لێرە و لەوێ کەمێک روونتر دیارە. دارچرابەرقەکان لە تاریکی تاریکتر، قەدکشاو وەک نیگابان ئاگایان لە رێبواران و لە کۆڵانە. هیوا رادەبێ. هەموو لێی دەڕوانن. مامی دەڵێ ئافەرین هیواگیان! بچۆ تۆیش بپرسە… ئافەرین!

کەس بەری پێ ناگرێ. تەنانەت دایکیشی کە هەمیشە شەوانە بۆ چوونە دەرەوەی کوڕەکەی بۆ کۆڵان کێشەی هەبوو، تەنانەت گەر لەبەر دەرگایشدا لەگەڵ هاوڕێکانی دانیشتنایە و دووریش نەکەوتنایەتەوە، هەر نەیدەهێشت. هیوا زۆر جار فێڵی دەکرد.

هیوا پێلاوە کەتانییەکانی هەڵدەکێشێ و، دەڕوا. کۆڵان تاریک و کش و ماتە. هیوا بەدەم رێگاوە هەوڵدەدا بەناو رووناکایی گڵۆپی ماڵەکاندا بڕوا کە پەڵەپەڵە لێرەو لەوێ کەوتوون، بگرە سەیری پەنجەرەکانیش دەکا، بینینی گڵۆپ و خەڵک و دەنگی قسە و تەلەفزیۆن و رادوێ ورەیان پێدەدا. کەواتە کۆڵان و شەو ئەوەندەیش لە ژیان دوور نەبوون!

هێشتا راستەکۆڵانەکەی بەردەمی ماڵەکەی خۆیانی نەبڕیوە، کە بەتووش دوو نەفەرەوە دەبێ، ئەوانیش هەمان راستەرێگایان گرتووەتە بەر. هیوا بە دە هەنگاوێک لەدوواوە بە شوێنیاندا دەڕوا. ئیتر خەیاڵی راحەت دەبێ.

توونی ترسناکی حەمامەکە کە هەمیشە وێردی سەرزمانی هاوڕێکانی لە گێڕانەوەی چیرۆکەکاندا بوو، تێدەپەڕێنێ و دەگاتە کۆڵانەکەی بەردەمی مزگەوت. چ حەشر و هەڵایەکە!

ئاپۆرای تێکچڕژاوی خەڵک دەرفەتی تێپەڕینی نەدەدا. سەر بانی هەندێ لە ماڵەکان پڕی ژن و منداڵ بوون. هەراهەرایەک بوو، نەبێتەوە. هەندێ کەس بێهۆ دەیانقیژاند. لای هیوا لەوە دەچوو بە شوێن کەسێکدا دەگەڕێن. باشە چی بکا؟ چۆن هەواڵ بپرسێ؟ لە کێ بپرسێ؟ لە سیمای تاریک و لێڵی مرۆڤەکانی رووانی. داخۆ کەس میترێک نزمتر لە خۆی سەرنجی دەچووە سەر منداڵێکی دە ساڵان!؟

هەروا لە یەک دووانێکی پرسی کە زەحمەت نەبێ باوکی منیشیان لەگەڵە؟ نە وەڵامیان دایەوە و، نە بە جیددیش لێیان رووانی. هیوا ناهومێد، بە ئارامی و نادڵنیاییەوە خۆی خزاندە ناو حەشیمەتەکەوە. شتێک لە دەروونەوە پێی دەگوت دەبێ بچێتە ناو مزگەوتەکە. هەرچی بوو لەوێ بوو. ئا، هەواڵی راستەقینە لەوێ بوو.

سەرەتا خۆخزاندنە باو جەمعییەتەکەوە زۆر زەحمەت نەبوو. شاش و بۆش بوو. چەند هەنگاوێکی تێپەڕاند. ئەمە ورەی دایە بەری. ئەگەرچی باڵای بەرزی مرۆڤەکان و سێبەری قورسیان کەمێک دەیترساند. هەرچۆنێک بوو خۆی گەیاندە دەرگای مزگەوتەکە. سەیربوو، لەگەڵ ئەوەی چاوی لەبەردەمی خۆی نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی بزووتنی حەشیمەتەکە بەرەو ئەوێ بوو، ئەویش خۆبەخۆ گەیشتە ناو دەروازەکە. دەرگای مزگەوتەکەی بۆ ئاشنا بوو.
بە سەدان جار لێرەوە تێپەڕیبوو. بەسەر سێ پلیکانە هەمیشەییەکەدا سەرکەوت. ئەم سەرکەوتنە ورەی زیاتری دایەبەر. هەستێک لە دەروونەوە پێی دەگوت کە هەر ئەم جووڵەیە دەیگەیەنێتە ئەو شوێنەی وا مەبەستی بوو. لە دەرگای مزگەوتەکەوە ئیتر هەتا دەهات جەماوەرەکە چڕ و چڕتر دەبووەوە. لە هەر چوارلاوە جەستەی لاواز و بچووکی دەگووشرا. هەستی بە کەمی هەوا و بە خنکان دەکرد. تەنانەت چەند چرکەیەک وەها هەستی ترس و مەرگ دایگرت کە لەوانە بوو بقیڕێنێ و داوای یارمەتی بکا. بەڵام خۆی گرت. کتوپڕ یەکێک لە پیاوەکان کە بە تەنیشتییەوە بوو سەیری ئەمی کرد و، بە تەعەجوبەوە لێی رووانی. هیوا هەلەکەی قۆستەوە و دەستبەجێ پرسی کە داخۆ عەلی کازمی لەناو تەرمەکاندایە؟ کابرا بە بێ ئەوەی جوابی بداتەوە رێگای خۆی گرتەبەر و، هیوای لەبیر چووەوە! یان رەنگە هەر لەسەرەتاوە نەیبینیبوو!

هیوا جاری وابوو دەبا شەڕبکا. ئەو ماوەیەی لەناو ئاپۆراکەدا مابووەوە بەرەبەرە فێری شەڕ و پاڵ پێوەنانی کردبوو. بە جەستەی کەم هێزی خۆی ئەویش پاڵی بەوانی ترەوە دەنا. ئەو کاتانەی وا پاڵەکەی ئەو لەگەڵ پاڵی ئەوانی تر خۆبەخۆ هاوئاهەنگ دەبوو، هەستی بە چ هێزێکی سەیر دەکرد! ئەمە یارمەتیدا و ئارام ئارام لە حەوشەکە بەرەو بەشی ئاودەستەکان و مردووشۆرخانەکە کە لە تەنیشتیدا بوو، بەرەو پێش رۆیشت. بەدەم رێگاوە دیسان چەندین جاری تریش پرسیارەکەی لەو سیمایانەی وا بە رێکەوت لێیان دەڕووانییەوە، پرسییەوە. کەچی هەمان وەڵام و هەمان هەڵوێست.

لەم کەین و بەینەدا بوو کە بڵێندگۆی مزگەوتەکە کەوتە کار و، کەسێک داوای لە خەڵکی کرد کە رەحمەتی خوایان لێ بێ ئارام بن و بێڵن مزگەوت کاری خۆی بکا و تەرمەکان بە شێوازی شیاوی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ، داوای کرد کە خەڵکەکە پێویست ناکا بەم شێوەیە وەزعەکە قەرەباڵغ بکەن و…

بەڵام خۆ مەگەر کەس گوێی بەم داوایانە دەدا!؟

هیوا کە سەرەتا لای وابوو بەم قسانە وەزعەکە کەمێک هێوردەبێتەوە و رەنگە ئەو بتوانێ باشتر و خێراتر بە مەبەستی خۆی بگا، هیوایەتێکی تیاگەڕا. بەڵام چ بێسوود بوو! بەپێچەوانەوە حەشیمەتەکە لەگەڵ هەر هەنگاوێک چڕ و چڕتر دەبووەوە. هیوا زانی کە دەبێ کاری خۆی خۆی بیکا و، بەس.

هەناسەکێشان جاری وابوو بەڕاستی دژوار بوو. جاری وابوو هەستی دەکرد وەک ئەوەی لەناو بیردا بێ. لەناو چاڵێکی قووڵ و بێ بن کە ئاسمانی پڕ ئەستێرە لەو سەرسەرەوە بەئاستەم دیار بوو. یەک دوو جارێک بەدەم پاڵنانەوە قیژاندی. پیاوێک لێی تووڕە بوو. هیوا بێدەنگ بووەوە. قوڵپی گریانێک دایگرت. نەکا ئێرە کۆتایی هەموو شتێک بێ! نەکا لەژێر دەست و پێدا بکەوێ و، ورد و خاشی کەن! داخۆ مردوویەک بایەخی ئەوەی هەبوو زیندوویەک لەپێناویدا بمرێ؟… ئەویش تەنیا لەپێناوت هەواڵێ مردنیدا؟!

بەڵام بە خۆشییەوە هەر کاتێک ئەم بیرە رووی تێدەکرد، کتوپڕ حەشیمەتەکە دەجووڵا و چەند هەنگاوێک بەرەو پێش دەڕۆیشت. ئەوەندەی زانی خۆی لەناو ئاودەستەکاندا بینییەوە. بۆنی توندی ناو ئاودەستەکان ئەمجارە لە بۆنی تووندی ئارەقی جەستەی پیاوەکانی دەورووبەری ئاڵا و، ئەوەندەی تر هەناسەکێشانی دژوارتر کرد. لێرەدا جەماوەرەکە راوەستا. جووڵە نەما. هیوا لە سەقفەکەی رووانی. دەیزانی مردووشۆرخانەکە بەلای دەستی چەپیدایە. دارمەیتەکەیان هەمیشە بە دەستی راست لەسەر کۆمەڵێک شمەک لەبەر دەمی ئەو ریزە پەنجەرە بەرزەدا دادەنا کە لە ناو توالتەکانیشەوە کاتێک هەڵدەستایتە سەرپێ دەبینی. کەواتە بە شانی چەپدا کەوتە زەختکردن لە جەماوەرەکە بەو تەمایەی رێگایەک بۆخۆی بکاتەوە. لەم مشتومڕەدا بوو کە هەستی بە بۆنێکی دیکەیش کرد. بۆنێک کە لە لای ئاشنا نەبوو. بۆنێکی غریب و نامۆ و… ترسناک. هیوا کەمێک ئارام بووەوە. خۆی دایە شەپۆلی جەماوەرەکە کە دەڵێی ئیستاکە ئەوانیش بەرەو چەپ دەجووڵان.

ئەوسا لە دەرگایەک گوزەرا و خۆی لە ژوورێکی تردا بینییەوە. زانی مردووشۆرخانەکەیە. بۆنە نامۆکە خەست و خەستر دەبووەوە. هەراوهوریا بەردەوامی مێشکی کاس دەکرد. یەک دووانێک دەیاننەڕاند و داوایان لەخەڵکی دەکرد بڵاوەی لێبکەن. بەڵام کێ گوێی دەدایە!؟ بۆ سارد، دونیای تەنیبوو. هەستی هێڵنج هیوای داگرت. گەر بۆنی توندی ئارەقی لەشەی پیاوەکانی دەورووبەری نەبایە، کە جاروبارە بەسەر بۆ ساردەکەدا زاڵ دەبوو، ئەوا بێگومان دەڕشایەوە.

هیوا چەند جارێکی تریش پرسی. دیسان بە بێ هیچ چەشنە وەڵامێک. راستی ئەم خەڵکە بۆ کوێ دەچوون و، بەتەمای چی بوون؟ سەرئەنجام لە کوێ دەگیرسانەوە.

لەپڕ هیوا هەستی کرد ئەو تەکان و هێنان و بەرەی کە سەرەتا هەبوو نەما و، جەماوەرەکە کەمێک دامرکا. وەک بڵێی شتێک لەپێشەوە بەری پێدەگرتن. جاری وابوو هەستی دەکرد شەپۆلەکە پێچەوانە دەبێتەوە و، ئەو بەرەو دوواوە پاڵ پێوەدەنیتەوە. تا کتوپڕ خۆی لەبەر سەکۆیەکدا بینییەوە. سەکۆیەک بە دوو مەیتەوە. دوو تەرمی خوێناویی ناو نایلۆنێکی سەرتاپای هەڵپچڕاو. خوێنین و تێکشکاو! بگرە کتوپڕ پاڵێکی توندی پێوەنرا و، دەمەوڕوو کەوت بە سەر یەکێک لە تەرمەکاندا. ئەوەندە نزیک کە لەوانە بوو دڵی بتۆقێ. سەکۆ کاشیکراوەکە وەک خاڵێکی سپی ناوەندی جەغزێکی گەڕۆک، جەغزێک پێکهاتوو لە دەریای مرۆڤەکان، لەبەر گڵۆپێکی زەرددا دەدرەوشایەوە. ئێرە کۆتایی جیهان و جووڵە بوو.

بە ئیستایشەوە هیوا نازانێ ئەو شەوە چۆن بوو دڵی رانەوەستا!

هاتنەوە دەرەوە بەقەدەر چوونە ژوورەوە دژوار بوو. بگرە دژوارتر. دوو شەپۆلی بەرامبەر: ئەوانەی وا دەیانویست بچنە ژوورەوە و ئەوانەی وا دەیانویست بێنەوە دەرەوە بەریەک دەکەوتن. ئیستا بوو کە لە هەموو زەخت و پاڵنان و بەم لاولادا کەوتنەکان ئاگادار دەبوو.

هیوا نازانی چۆن هاتەوە دەرەوە… نازانێ چۆن دیسان خۆی لە بۆنی خەستی ئارەقەی لەش، بۆنی تووندی ئاودەست و بۆساردی خوێن و مەیت رزگار کرد؛ بەڵام هەر کە لە کۆڵانی بەر مزگەوتەکە بەرەو ماڵەوە ترازا، زانی، نا، دڵنیا بوو کە تەرمی عەلی کازمی باوکی لەناو تەرمەکاندا نەبووە. دڵنیابوو بە مردوویش دەیناسییەوە. ئەو بەجوانی و لە نزیکەوە روخساری هەردووکیانی بینیبوو. روخساری ئەوانی تر. بە سیمای تەپیو و بێ رۆح و بێ گیانیانەوە. بە چاوە نیوە ون و چەپ و چیڕەکانیانەوە.

هیوا بە بێ ئەوەی لە توونی حەمامەکە بترسێ، بە بێ ئەوەی چیرۆکی ترسناکی منداڵانی گەڕەک لەوێ چۆکی پێدابدەن، لەوێ دانیشت، پاڵی بە دیوارەکەوە نا و، کەوتە گریان. گریانێک پڕ لە خۆشی و پر لە ترس. خۆشی ئەوەی عەلی کازمی لەناو ئەواندا نەبوو و، ترس لەوەی کە گەر لەناویاندا بووایە دونیا چەند ترسناک دەبوو… چەند ترسناک!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەو ساڵانەی تەرم غەریب بوو
تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *