فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سەربڕین

کات 03/12/1402 191 بازدید

سەربڕین

دایکم باوەڕی بە کاتژمێر نیە. ئەو بۆ ئەوەی بەیانی زوو لەخەو هەستێ کەڵەشێرێکی کڕیوە. یەعنی نەیکڕیوە! ئەوەتەی لەبیرم دێ لە حەوشە گەورە و پڕ لە گیا و گوڵ و درەختەکەی ئێمە هەمیشە کەڵەشێری تیابووە. هەڵبەت تەمەنی کەڵەشێریش زۆر نیە، دەڵێن پێنج، هەشت یاخود تا پانزە ساڵیش دەتوانێ بژی.

یەکەم کەڵەشێریش کەی و چۆن هاتووەتە ماڵی ئێمە، من نازانم. دیارە ئەمە گرینگ نیە. لای من هەموویان، سەرەڕای جیاوازیی رەنگ و قەڵافەت و شێوەی خوێندنیان، لەیەکتر دەچن.

دایکم دەڵێ جیاوازییەکی زۆر موهیم لە نێوان کەڵەشێر و سەعاتدا هەیە. ئەویش ئەوەیکە خوێندنی کەڵەشێر لە خەو هەڵتدەستێنێ، بەڵام زەنگی سەعات داتدەچڵەکێنێ،… جا ئەوە کەی لەخەو بەئاگاهاتنە! هەروەها دەڵێ کاتێک کەڵەشێر دەخوێنێ، دەستبەجێ خەیاڵت دەچێ بۆ هەتاوی پشت کێوەکان، بۆ کولانە و بۆ سەر کۆمەڵە دارێک، یان بۆ کۆڵانی چۆڵ و دوورودرێژی گەڕەک، کەتێک هێشتا کەس بە دەرەوە نیە. بەڵام زەنگی کاتژمێر شتێکی ترە. تەنیا هەڵتدەبەزێنێتەوە و بەتووش سەرئێشەتەوە دەکا. خەیاڵیشت ناچێ بۆ هیچ شوێنێ،… ئا بۆ هیچ شوێنێک، بگرە دەیکوژێ. وەک مریشک سەری دەبڕێ.

دایکم راست دەکا. منیش پێم وایە، وایە! تەنیا ئەوەندەی کە کەڵەشێر لەیەک کاتی دیاریکراودا، وەک سەعات زەنگ لێنادا، ببوورە ناخوێنێ. هەمیشە جیاوازییەک لەم بەیانییەوە بۆ ئەو بەیانییەی تر هەیە. هەرچەند دایکم پێی وایە وانیە و، بگرە کەڵەشێر لە کاتژمێریش دەقیقترە.

من زۆر جار ویستوومە تاقی بکەمەوە و، بە دایکمی بسەلمێنم کە هیچ گیانلەبەرێک بەقەدەر کەرەسەی خوڵقاوی دەستی خۆی دەقیق و ورد نیە. پێی دەڵێم گیانلەبەرەکان خەیاڵ دەیانبا، یاخود ئەمڕۆ لە رۆژەکەی تر ماندووترن، یان شوێنێکیان دێشێ و بۆیە هەمیشە یان کورت دێنن یان درێژ! دایکم لە وەڵامدا دەڵێ کەڵەشێرەکەی من وا نیە، جیاوازە.

دیارە ئەمەیش زۆر گرینگ نیە. ئەوەیکە ئەمڕۆ کەمێک زووتر لەخەو هەستی و سبەی کەمێک درەنگتر، شتێکی وەها نیە. گرینگ ئەوەیە پێش ئەوەی هەتاو سەردەربێنێ و تیشکی گەش و زێڕینی لە رۆژهەڵاتەوە باوێ، خەیاڵی دایکم بەرەو کۆلانەکە و بەرەو هەتاو پەلکێش کرابێ. ئاخر ئەو جگە لەمە شتێکی دیکەی وەهای نیە خەیاڵی پێوەبکا.

ساڵان هاتن و چوون. دایکم وەک هەمیشە دڵخۆش بە کەڵەشێر(ەکانی)، هەموو بەیانییەک پیش ئەوەی خێزان هەستن، لەخەو هەڵدەستا، دەچوو بۆ ئاودەست، دەستنوێژی دەگرت، سەماوەرە رووسییەکەی هەڵدەکرد، نانی بەیانی ئامادەدەکرد، دانی بۆ کەڵەشێر و مریشکەکان رۆدەکرد، کەمێک سەیری ئەو شاخە دوورەدەستەی دەکرد وا بەڵێن بوو هەتاو لە پشتییەوە سەر دەربێنێ و لە کۆتاییشدا لەبەر خۆیەوە شوکری خوای دەکرد کە ژیان بەردەوامە. ئەوەش بڵێم لای ئەو وەها بوو کە هەمیشە بەڵێن بوو کارەساتێک بقەومێ و، ئەگەریش هێشتا نەقەومابوو تەنیا بە هۆی گەورەیی و میهرەبانیی خوداوە بووە و بەس.

تا کتوپڕ شتێکی سەیر روویدا. شەوێک درەنگان، کاتێک هەموو شار و هەموو گەڕەک نوستبوون و دایکم لە جێگاکەیدا خەریکی دووا رووانینەکانی ناو تاریکیی ژوورەکە لە سەقفەکە بوو، لەنەکاو کەڵەشێرەکەمان کەوتە خوێندن. بە هۆی شەو و بێدەنگیی، دەنگی وەها لەهەر کاتێکی تر زلتر بوو کە هەموو ئەگەر خەویشمان لێکەوتبێ بەئاگاهاتین. دایکم وەها ترسا، کە رابوو. لەسەر جێگاکەی دانیشت، روومەتی خۆی گرت و رووی کردە باوکم و گوتی بیسمیللایی رەحمانەلڕەحیم! فوویەکی بە دەورووبەری خۆیدا کرد و، درێژەی دایە کە خوایە گیان بە قوورەتی خۆت رەحممان پێ بکەیت و لەبەڵای ناگەهان بمانپارێزی.

بەڵام کیشەکە لەوەدا بوو کە شتەکە بەمە کۆتایی نەدەهات. وەک دەگوترا ئەو کەڵەشێرەی ناوەخت دەخوێنێ، دەبێ سەری ببڕی، ئەگینا ئەوەی دەقەومێ وا نابێ بقەومێ. من کە دەمزانی سەربڕینی کەڵەشێرەکە بۆ دایکم زۆر ناخۆشە و دایکم بە ژیانی نەیهێشتبوو سەری هیچ کەڵەشێرێک سەربڕن، گوتم دایەگیان گوێ مەدەرێ، ئەمانە هەمووی قسەن، داخۆ ئەو بەستەزمانە چۆن بوو بەو نیوەشەوە قووقاندوویەتی، یان جێگاکەی ناخۆش بووە، یان سەری لێشێواوە، یان مریشکەکان نەخەوتوون و ئەویش بەم جۆرە لێیان قەڵس بووە، بەهەرحاڵ شتێک بووە و بڕواناکەم فڕی بەسەر کارەسات و شتی لەم بابەتەوە بێ. گوتم جا کەڵەشێری داماو چی داوە بەسەر کارەساتەوە! ئەم و ئەو کوجا مەرحەبا!

هەرچیم کرد و کۆشا، سوودی نەبوو. دایکم لێم مۆڕدەبووەوە و، دەیگوت رۆڵە تۆ چووزانی، تۆ هێشتا منداڵی و ئاگات لە دونیا نیە، دەیگوت تۆ نازانی کە ئەم حەیوانە بەستەزمانانە بەجۆرێک بە شتە نهێنییەکانی ژیان و خڵقەتەوە گرێدراون و بۆیە پێش لەئێمە ئاگاداری دەبنەوە. تەنانەت نموونەیەکیشی هێنایەوە و، گوتی کە ‘خا نەهیە’ی دراوسێیان گێڕاویەتییەوە پێش ئەوەی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق هەڵگیرسێ، هەر بەو شێوەیە کەڵەشێری خزمێکیان بەنیوەشەو خوێندوویەتی و کەچی سەریان نەبڕیوە و هەفتەیەکی پێنەچووە شەڕ هەڵگیرساوە. گوتی ئەگەر سەریان ببڕیایە، ئەوا بۆ ماوەی هەشت ساڵ ئەو شەڕە دانەدەگیرسا و ئەو هەموو خەڵکە بێتاوان و بێگوناحە تیانەدەچوون!

ئەو رۆژە دایکم منی نارد بە شوێن کاک عەلی دا کە کرێکارێکی دوورەخزممان بوو و، جاروبارە بۆ کرێکاری باوکم لێی رادەسپارد و دەهات کاری بۆ دەکردین. چووم بە شوێنیدا. کە هات، دایکم چەقۆیەکی ئاشپەزخانەی لەگەڵ ژێرپیاڵەیەک دایە و کاک عەلی دەستیکرد بە تیژکردنی چەقۆکە. دایکم ئاگام لێبوو حەجمینی نەبوو. هەر دەهات و دەچوو و، زووزوو هەناسەی قووڵی هەڵدەکێشا و بگرە چەند فرمێسکێکیشی رشت.
سەیر ئەوە بوو هەر کە کاک عەلی قامکێکی بە سەر لێواری تیژی چەقۆکەدا دەهێنا و دەیگوت ئیستا ئامادەیە و دەیەویست هەستێ، دایکم دەنگی دەدا کە نا، هێشتا تیژ نیە و واباشترە کاک عەلی کەمێک زیاتر دەمەکەی بە بنی ژێرپیاڵەکدا بێنێ کە ئیستاکە رەش داگیرسابوو. لەبەینیشدا دایکم نان و چایەکی بۆ دانا و، کەوتە قسە و باس کردن لەگەڵیدا. ئەوەیکە ژن و منداڵی چۆنن و، رۆژگار چۆن دەگوزەرێ و داخۆ نەخۆش نین و شتی لەم بابەتە. کاک عەلیش کە تێگەیشتبوو دایکم کات دەکوژێ و دەیەوێ سەربڕینی کەڵەشێرە نازدار و خۆشەویستەکەی دووابخا، ئەویش پەلەی لێنەدەکرد و پاڵی لێدایەوە و بەکاوەخۆ کەوتە وەڵامدانەوە پرسیارەکانی دایکم و گفتوگۆکردن لەگەڵیدا.

بەڵام بەدبەختی ئەوەیە هەرچەندە کاتیش بکوژی و بتهەوێ دووای بخەی، سەرئەنجام ئەو چرکەیەی وا لێی دەترسی و خۆتی لێ دووردەخەیتەوە دێ و دەبێ مل بدەیتە چارەنووس.

کاک عەلی رابوو و چەقۆ بەدەست وەک پاڵەوانی ناو چیرۆکەکان بەرەو حەوشێ بەڕێکەوت. هەستم دەکرد هەستێکی لەخۆباییبوونێکی سەیری تیایە. ئەمەیش ئاسایی بوو. ئاخر کووشتن و سەربڕین کاری هەموو کەس نیە و، لەدەستی هەر کەس نایە. دایکم لە ژوورەکە نەجووڵاو، چوو بۆ ئاشپەزخانە. من شوێن کاک عەلی کەوتم. کاک عەلی شارەزای ماڵی ئێمە بوو و، دەیزانی کولانەکە لە کوێیە. راستییەکەی ئەوە بوو شوێنی مریشکەکان بە تەل بڕدرابوو و، لە حەوشەکە جیاکرابووەوە. ئەمەیش زۆرتر لەبەر سەوزە و ئەو تەماتە و خەیارانە بوو کە هەموو ساڵێک دەچێندران و، کاک عەلی بۆ خۆی بەهار زوو کەرتووەکانی هەڵدەدایەوە.

چەپەرەکەمان کردەوە و، بەرەو کولانەکان رۆیشتین کە دوو دانەبوون. سەیربوو، هەرچیمان کرد کەڵەشێرەکەمان نەبینییەوە! چەند جار ناو هەر دوو کولانەکەمان بەسەر کردەوە، بەر و پشتیمان پشکنییەوە، ورد ورد بە حەوشەکەدا گەڕایین،… کاک عەلی بە نیگای پڕ لە پرسیارەوە لێمی رووانی، گوتم دەبێ هەر لەم دەورووبەرانەدا بێ، گوتم لەبیرم نایەت بۆ یەک جاریش بووبێ چووبێتە ماڵی دراوسێکان، گوتم حەوشەکەمان گەورەیە و خەون و خەیاڵی وا لەخۆی نەدەگرت. هەستمکرد کاک عەلی تووڕەیە. وەک بڵێی دڵی ئێشاوە. بەخۆم گوت نەکا لای وابێ پێی رادەبوێرین. منیش کەمکەم نیگەران دەبووم. بەڕاستی کەڵەشێرەکە چی لێهاتبوو! بەدایکم گوت. دایکم بەپەلە هاتە حەوشەکە. گەرم و گوڕ کەوتە پشکنین. ماندوو و، لەکاتێکدا هەناسەی سوارببوو لە من و لە کاک عەلی رووانی.

سەرئەنجام کاک عەلی پارەی خۆی وەرگرت و، رۆیشت. گوتی هەر دۆزیتانەوە لێم راسپێرن، دێمەوە.

ئەو شەوە من لەناو جێگاکەمدا وەک دایکم هەر بیرم لە کەڵەشێرەکە دەکردەوە. راستی چی لێ بەسەرهاتبوو؟ بۆ کوێ رۆیشتبوو؟ بگرە چەند جارێک هاتمە حەوشە و، بە چراقووەیەک کولانەکانم پشکنییەوە. مریشکەکان بە بێ کەڵەشێرەکە لەتاریکیدا هەڵنیشتبوون و، بەچاوە زەق و پڕ لە پرسیارەکانیان لێمیان دەڕوانی.

سەربڕین

سەرئەنجام دایکم لەو دیو و، منیش لەم دیو خەومان لێکەوت. ئەو شەوە بۆ یەکەم جار ئەو سەعاتەم کۆک کرد کە لەمێژبوو کڕیبوومان و، بەڵام لەبەر دایکمان کەڵکمان لێ وەرنەدەگرت. دەنگی چرکە چرکی چرکەژمێرەکە ژوورەکەی لەخۆی تەژی کردبوو.

بەیانی زوو بە دەنگی کەڵەشێرەکە خەبەرم بووەوە! وەک هەمیشە پڕ بە گەرووی دەیخوێند و حەوش و گەرەکەکەی هێنابووە سەر سەری خۆی! هەڵاتمە حەوشێ. سەیرە، دایکم نەهاتبوو. هەرچیم کرد کەڵەشێرەکەم نەدۆزییەوە! بەخۆم گوت رەنگە هی دراوسیکەمان بێ. بەڵام نا، دڵنیابووم ئەو دەنگە هی ئەوەی خۆمان بوو.

لەو بەیانییەوە من هەموو رۆژێک بەدەنگی کەڵەشێرەکە خەبەرم دەبێتەوە.

بە خۆم دەڵێم کارەساتەکە هەر خۆی بوو. بە بێ ئەوەی سەری ببڕن، مرد. یاخود دەخوێنێ بە بێ ئەوەی بژی.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *