فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

لەخەیاڵدا

کات 21/12/1402 210 بازدید

لەخەیاڵدا

کە لێکی دەداتەوە دوو ساڵ دەبێ کەبابی نەخواردووە. ئەگەر هەڵە نەبێ. خراپی ئەم جۆرە شتانە ئەوەیە کە مرۆڤ قەت لە شوێنێکدا نایاننووسێ تا جوانتر لە بیری بمێنێ. بەهەرحاڵ هەر چۆنێک بێ دوو ساڵ دەبێ.

لای ئەو کەباب بووە بە مێژوو. وەک هەموو شتەکانی تر. کەباب چووەتە لای هەموو رووداوەکانی تر. بۆ نموونە وەک ساڵی زەماوەندەکەی، ساڵی تەواوکردنی قوتابخانە،… یان دیاردە گەورەکانی تر، ئەو شتانەی وا هەموو باسی لێدەکەن. وەک حەوت ساڵ شەڕ، یان هەموو ئەو ئایدیایانەی وا کاتی خۆی خەڵک پێیان وابوو ئەوەندەی نەماوە بەیارمەتییان دونیا سەروبن بکەن.

بەڵام خراپی کەباب ئەوە بوو کە بەپێچەوانەی هەموو هەم شتانە بەردەوام بۆنی دەهاتەوە. هەر ئەوەندە پێویست بوو سەرەوخوارێکی شەقام بکەی و بەبەردەم چەند رێستورانێکدا تێپەڕی بۆ ئەوەی بۆنەکەی بێتەوە بە لووتتدا، هەڵیمژیتەوە و بەم شێوەیە بێتەوە بیرت کە مێژوو سەرەڕای مێژووبوونی دەتوانێ زۆر بەئاسانی بگەڕێتەوە. لەوەیش ناخۆشتر نیە بوونەوەر، یاخود رووداوە مێژووییەکان بگەڕێنەوە. سەرت لێ دەشێوێنن. ئیتر نازانی لە کوێدای. نازانێ چی بکەی و، چۆن بژی. بۆ وێنە بیهێنە خەیاڵی خۆت کە کتوپڕ زەماوەند بکەیتەوە لەگەڵ هەمان هاوسەرت، یاخود خۆت دیسان لە ناو شەڕی ئێران ـ ئێراقدا ببینیتەوە، یان یەکێک لەو هاوڕێیانەت وا لەسەر سیاسەت کوژراوە و لەمێژە نێژراوە و بگرە هەر ئێسک و پروسکیشی نەماوە لەبەر دەمتدا وەک جاری جاران قوت بێتەوە! چ دەکەی… ها چ دەکەی؟ داخۆ شێت نابی. بێگومان پیاو دەستبەجێ تێکدەچێ.

کەبابیش وایە. دێتەوە و سەرت لێدەشێوێنێ. هەڵبەت ئەوەیش بڵێم من پیاوێکی نەوسن نیم. ئەوەی بەلامەوە گرینگ نیە خواردنە، هەمیشەیش وابوومە. هەر ئەوەندەی سکم تێربێ لام تەواوە؛ بەڵام ژیان وەهایە کە جاری وایە تۆ بە کەباب سکت تێرکردووە. جا بەهەڵکەوت بووە، یان خێرخوازێک کاتی خۆی کەبابێکی بۆ کڕیوی، ئەوە باسێکی جیاوازە. ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی جۆرێک لە حەز و لە بیرەوەریی و، هەر وەک وتم مێژوو لای تۆ سەر هەڵبدا کە لادان لێی زەحمەتە. هەمووشمان دەزانین کە مێژوو گرینگە. دەزانین لەڕاستیدا مرۆڤ لەناو مێژوودا دەژی. یەعنی ئەوەیکە لە رابردوو و لە هەنووکە و لە داهاتوودا. هەتا هەیشی، ئەمانە هیچیان ون نابن. یەعنی ون دەبن، بەڵام لە دەروونی تۆدا بەردەوام دەژین. ئیتر مێژوو هەمیشە لەگەڵتە… تۆ لەودا و ئەو لە تۆدا.

کەبابیش وایە. بە خۆم دەڵێم رەنگە کەباب وەک شتەکانی تر نەبێ. یەعنی لەگەڵ ئەوەی کە دەتوانێ بگەڕێتەوە، بەڵام زۆر بەتووش سەرسوڕمانتەوە نەکا. دات‌نەچڵەکێنێ. دەتوانی لەسەر مێزێک لە رێستورانێک دانیشی و، لەکاتێکدا ئەو لەسەر دەورییەکەی بەردەمت لەسەر نانێکی چەور راکشاوە و شیشێک تەماتە و سەلکێک پیاز و کەمێک ترش و پەرداخێک دۆ و دوو نانی گەرم و تازەی بەسەرەوەیە، وەک جاری جاران دەست بکەیتەوە بە خواردنی. جارجارەیش سەر هەڵبێنی و بەدەم خواردنییەوە سەیری هەموو ئەو کەسانەی تر بکەی کە لە رێستورانەکەدا دانیشتوون و، وەک تۆ خەریکی خواردنن، بە بێ ئەوەی داڵغەیان بچێتەوە سەر مێژوو. من پێموایە کەباب بەپێچەوانەی رووداوە مێژووییەکانی تر بشگەڕێتەوە، بەڵام مێژوو لەگەڵ خۆ ناهێنێتەوە. ئەمەیش یەکێک لە تایبەتمەندییە سەیرو سەمەرەکانییەتی.

راستی کەباب چۆن سازدەکرێ؟ ئەها، پێموابێ قیمەیە، پیازە، نانەوردەیە،… خوێیە… ئەوجار پشکۆیە… بەشیشییەوەی دەکەن و دەیخەنە سەر ئاورەکە و… ئەها ئەوسا باوەشێنێ دەکەن. ئەوەندەی لەبیرم بێ جاری وایە بە باوەشێن (ئەگەر کارەبا نەبێ)و، جاری وایە بە… بە باوەشێنی بەرقی. چڕەدووکەڵێکی سەیریش دەکا… وەک مێژوو. ئیستا کە بۆمبارانەکانی شەڕی ئۆکراین و غەززە لە تەلەفزیۆندا دەبینم، دەزانم کە لەناومێژوودا و بەدرێژاییەکەی چ دووکەڵێک سازکراوە و بە قوڕگی ئاسماندا کراوە. نازانم خوا تا ئیستا چۆن نەخنکاوە! سەیر ئەوەیە هیچی ئەم دووکەڵانەیش نەماوە. باشی هەوا ئەوەیە کە سەرلەنوێ دووکەڵ جا چ هی کەباب بێ یاخود هی بۆمب، لەخۆیدا قووتدەداتەوە و، وەک جاری جارانی لێدێتەوە. بەم شێوەیە مێژوو دەبێ بە خەیاڵ.

خۆشحاڵم کەبابیش خەیاڵە. لەبەر ئەوەی دەتوانی لەدەستی قوتار ببی. هەرچەندە بگەڕێتەوە و مێشکت داگیربکاتەوە، ئەوا بۆ ماوەیەکە. لەم کاتانەدا بەخۆم دەڵێم مێژوو خۆ هەر رابردوو نیە، داهاتوویشە، بۆیە بیر لە داهاتوو بکەوە. ئیتر بیرە لە ئایندە دەکەمەوە. ئایندەیش دەکرێ بە بێ کەباب بێت، وەک چۆن بە بێ هەموو ئەو بیرە مەزنە مێژووییانەیە کە وەک گوتم کاتی خۆی هەبوون. بەڕای من هەڵکەوتێکی سەیریشە کە کەباب و ئەوان پێکەوە لەدایکبوون و… بەڵام پێکیشەوە نەمردن. کەبابێک کە هەر ماوە و هەر بۆنەکەی لەهەندێ شەقام و کووچە و کۆڵاندا دێت و دەڕوا. نا… شتێک پێموابێ هەڵەیە.

کە دەگەمەوە ماڵ، هەست بە ماندووییەکی سەیردەکەم. دڵنیام نیسکێنمان هەیە، ئەویش وەک کەباب بە سەلکێک پیازەوە! بزەیەکی تاڵم دیتێ. بە خۆم دەڵێم نیسکینیش ناخۆش نیە. هەمان پرۆتینی هەیە و، بگرە لە گۆشتی سوور باشتریشە چونکە نابێتە هۆی پیریی کتوپڕیی و خێرا. تەنیا ئەوەندەی تامەکەی ئەوە نیە. نەبوونی تامیش خۆ کەسی تا ئیستا نەکوشتووە.

شەو لەناو جێگاکەمدا بەلای شانی راستدا دەکەوم و، لە قڵشتی بەینی پەردەکانەوە لەدەرەوە دەڕوانم. بەرای من مێژوو تامەکەی وەک کەبابە. لەخۆوە نیە پیاو ئەوەندەی دەچێتەوە سەر. لەخۆوە نیە ئەوەندە بیر لە رووداوەکانی تەمەنت دەکەیتەوە، چ ئەوانەی راستەوخۆ بینیوتن و چ ئەوانەی بیستووتن و خوێندووتنەوە. چ چێژێکی هەیە!

پێش ئەوەی خەوم لێ بکەوێ، بەخۆم دەڵێم نا بێسوودە، لەخەیاڵی کەباب دەربازم نابێ،… هەر ئەوەندەی نەهێڵم زۆر ئازارم بدات… هەر ئەوەندەی تەواوی بیرەوەرییە مێژووییەکانی من داگیرنەکا.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *