فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

فڕین

کات 25/12/1402 118 بازدید

دووانیوەڕۆیەکی گەرمی هاوینی ساڵی پەنجاو چوار لە کۆڵانێکی خۆڵاوی پاڵم داوە بە دیوارێکی گڵینەوە و، لەکاتێکدا کەس بەدەرەوە نیە بە چیلکەیەک خۆڵەپۆتەی بەردەمی خۆم وەردەدەم. مێش و مەگەس ویزەویزیانە و، زەردەواڵەی بن میچەکان لەگەڕ و هاتووچۆدان.

سەر بەرزدەکەمەوە و لە ئاسمانی شین و بەرز دەڕوانم. کتوپڕ لەو دووردوورانە چاوم بە شتێک دەکەوێ. شتێکی بچووک کە دەفڕێ و… دەکشێ و دەکشێ. خەتێکی سپی بە شوێن خۆیدا جێدێڵێ. دووای بیرکردنەوەیەکی زور بە خۆم دەڵێم تەیارەیە.

دوواتر، زۆر دوواتر دەزانم لە رۆژهەڵاتەوە بووە بەرەو رۆژئاوا.

سەرەڕای ئەوەی دەستم کردووە بە سێبەری چاوەکانم، بە وردی لێی دەڕوانم و هەوڵدەدەم ونی نەکەم، هیچ بیرێکم بۆی نیە. ئەو شتە بچووکە تەنیا شتێکە و بەس، وەک هەموو شتەکانی دەورووبەرم. هەر لە میچەکانی بەرامبەرمەوە بگرە، هەتا درێژایی کۆڵان کە ساڵانی ساڵە بە رۆحم ئاشنایە.

سەر دادەخەمەوە، کتوپڕ بە خۆم دەڵێم بڵێی منیش رۆژێک ئاوەها سەفەربکەم؟ لە کۆڵان دەڕوانم. ئەوسا وەها کۆڵان لەبەر چاوم خەمگین و دڵتەنگ دەبێ کە دەترسم.

ناوێرم چیتر سەر بەرزبکەمەوە. لێدەگەڕێم فڕۆکەکە بۆخۆی رێگای خۆی بگرێتەبەر و بڕوا. جگە لەوە روونیی ئاسمان چاوم ئازار دەدا. بە من چی کێ بۆ کوێ دەچێ و چۆن دەچێ. دارهەلووکەکە هەڵدەگرم و، دەستدەبەم هەلووکەکەیش لەگیرفانم دەردێنم. راستی بۆ کەس بەدەرەوە نیە؟ بۆ دیارنین؟

دایکم دەنگی دابووم کە بەم نیوەڕۆ گەرمە بۆ کوێ… خۆ کەس بەدەرەوە نیە… جگە لە تۆی ماڵ وێرانی بێ ئۆقرە کە ناتوانی تۆزێ خۆت لە ماڵەوە راگری!

پێم وابێ دایکم راستی دەکرد.

هەلووکەکە بەم دەستەمەوە و دارهەلووکەکەیش بەو دەستەی ترمەوە دەگووشم. گرینگ نیە کەس بەدەرەوە نیە، گرینگ ئەوەیە کە من دەتوانم راوەستم هەتا ئەوانی دیکە دێن… بۆ ئەوەی هانیشیان بدەم، دەچم و لەبەردەمی دەرگای دانە بە دانەیان رادەوەستم و لە کون و کەلەبەرەکانەوە لە حەوشە و لە خانووەکانیان دەڕوانم. جگە لە تەق و تۆقی دەوری و کەوچک و پیاڵە و لێوان هیچی تر نابیستم و نابینم.

خلۆر دەبمەوە بۆ سەر دیواری قوتابخانە. لەگەڵ ئەوەی بەگەرمای هەتاو داغ بووە، بەڵام لەسەری دادەنیشم. پشیلەیەک لە قوژبنێکی سێبەردا خۆی حەشارداوە و، مڕو مۆچ و دڕدۆنگ لە من دەڕوانێ. منیش لێی دەڕوانم. سەیرێکی خێرای ئاسمان دەکەمەوە. وەک بڵێی بەویش دەڵێم کە لالۆ لەو بەرزاییە بڕوانی باشترە. ئەویش بێ خەیاڵە.

بۆ پاییز، مامۆستا لەبەر تەختەڕەشەکە بە دارەکەی دەستی ئاماژە بە نەقشەی دونیا دەکا و، دەڵێ ئێرە رۆژهەڵاتە، ئێرە رۆژئاوا، ئێرە باکوورە و ئەوێیش باشوور. من بیری ئەو رۆژەی هاوین دەکەمەوە، دەست هەڵدەبڕم و دەپرسم داخۆ ئەگەر فڕۆکەیەک لە پشت دیوارەکەی ماڵی ‘خا سوعدا’وە بەرەو ماڵی حاجی برایمی بەزاز بفڕێ، لە رۆژهەڵاتەوەیە بەرەو رۆژئاوا، یان بەپێچەوانەوە؟ هێشتا پرسیارەکەم تەواو نەبووە کە منداڵ دەستدەکەن بە پێکەنین. مامۆستا تووڕەدەبێ و، بێدەنگیان دەکا. پاشان بە تاوانی پرسیاری بێ ئەدەبانە دەمباتە بەر تەختە رەشەکە، رێک لە ژێر نەقشەی دونیا چەند شووڵی چاکم تێدەسرەوێنێ و لە پۆل دەرم دەکا. کاکی مودیریش دەمنێرێتەوە بۆ ماڵەوە و، دەڵێ دەبێ بۆ سبەی لەگەڵ باوکم بێمەوە.

فڕین

باوکم بە تووڕەییەوە لەکاتێکدا زلەیەکم تێ رادەوەشێنێ، دەپرسێ گنخاو لەسەر چی!؟ بە گریانەوە دەڵێم لەسەر رۆژهەڵات و رۆژئاوا! باوکم لە عەزرەتا ئەمجارە دوو شەقی مزریشم حەواڵە دەکا.

هەتا دوو رۆژ بەلای چەپمدا دەشەلێم.

کە باوکم لە قوتابخانە دەگەڕێتەوە هەر وا وڕە. نازانێ چ باسە و بۆ لە منیان داوە و بۆ بە شوێن ئەویشیاندا ناردووە. بە دایکم دەڵێ ژنەکە تەنیا خوا بە گەورەیی خۆی لە مامۆستای ئەم سەردەمە دەگا. بۆ شەو بنێشتێکم بۆ دێنێتەوە. لەوانەی کە پێیان دەگوت ئادامسی شیک.

پەنجا ساڵ دوواتر، کاتێک لە باکووری ئۆرووپا لەبەر دەمی پەنجەرەکەم دانیشتووم و سەرنجی دەریا دەدەم، لەکاتێکدا هەموو رۆژێ بە چەندین فڕۆکە بەسەر ئاسمانی شارەکەماندا نزم تێدەپەڕن بۆ ئەوەی لە فڕۆکەخانەی ‘گاردەموون’ کە تەنیا کاتژمێرێک لێمان دوورە، بنیشنەوە، لە کاتێکدا پشیلەی دراوسێکەمان لە باڵکۆنەکەی خۆیانەوە بازدەدا بۆ باڵکۆنەکەی تەنیشتی، بە خۆم دەڵێم هەر ئەوەندەی لانیکەم ئەو رۆژە بەقسەی دایکم بکردایە و لەماڵ نەچوومایەتە دەر،… هەر ئەوەندەی ئەو رۆژە چاوم بەو تەیارەیە نەکەوتایە!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *