فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

خۆکوژی

کات 20/01/1403 291 بازدید

خۆکوژی

کارل دراوسێمە. لەوەتەی هاتوومە ئەم وڵاتە و لێرەم، دەیبینم. کارل پیاوێکی نۆروێژییە و، ساڵانی ساڵە دەیناسم، یەعنی وەک گوتم دەیبینم. هەموو رۆژێ، بەسەرما و گەرما، چ نیو میتر بەفر باریبێ و چ هەوا دە دەرەجە لەژێر سفردا بێ، یاخود هەوا گەرم و هەتاوی بێ و پەڵە هەورێک چییە بە ئاسمانەوە نەبێ، ئەو سبحی زوو لەخەو هەڵدەستێ و لەکاتێکدا قاتە رێک و پێکەکەی لەبەر کردووە و جانتا رەشەکەی بەدەستەوەیە بە بەردەم ئاپارتمانەکەی ئێمەدا بەرەو وێستگەی قەتار تێدەپەڕێ. وەک هەمیشە گورج و گۆڵ و چالاکە. کارل لە بلۆکەکەی تەنیشت ئێمەدا دەژی. ئەوەی لەم پیاوە تەمەن مامناوەندییەدا سەرنجی منی راکێشاوە، ئەم نەزمی رۆژانەیەتی. ئەو بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر و زیاتر لە هەموو خەڵکی تر بە دەم کارەکەیەوەیەتی و مەگین نەخۆش کەوێ، ئەگینا بۆ یەک چرکە و یەک رۆژیش بێ دووا نەکەوتووە.

من نازانم کارل خاوەن ژن و منداڵە یان نا، قەتیش لەگەڵ هیچ ژنێک نەمبینیوە. ئەو هەمیشە خۆیەتی. کە بەرێگایشدا دەڕوا، سەری دادەخا. وەک بڵێی یان نایەوێ خەڵکی ببینێ، یاخود مێشکی بە شتێکەوە مەشغوڵە، یان رەنگە ئەمە عادەتی بێ.

من بەیانیان لەبەر پەنجەرەی ئاشپەزخانەکەمەوە، کە بەسەر خیابانەکەدا دەڕوانێ، دەیبینم. ناویشی دەزانم چونکە رۆژێک بەڕێکەوت لەناو قەتارەکەدا کەسێک بانگی لێکرد. زوو لەبەریشم کرد چونکە ناوی لە ناوە چکولەکەی ‘مارکس’ی دەکرد. ئەرێ کارل مارکس، کە من عومەرێک لایەنگری بووم و خۆشم ویستبوو. هەڵبەت ئیستایش لایەنگری هەر ماوم، بەڵام نەک وەک جاران. هۆکارەکەیشی بۆ خۆم جوان نازانم. رەنگە لەبەر ئەوەی پیاو بە تێپەڕینی کات شتەکان لەلای وەک رابردوو کاڵ و کاڵتر دەبنەوە، یاخود بە گشتی تاقەتی نامێنێ.

بەهەرحاڵ کارل، بە پێچەوانەی مارکس، بۆ من ئەم ساڵانە هەمیشە سەرنجڕاکێش بووە. رادەوەستام، یاخود بەردەوام لە پەنجەرەکەوە لە دەرەوەم دەڕوانی بۆ ئەوەی بزانم کەی دەردەکەوت. ئەوسا تا لەو پێ پلیکانانەی ئەوی دەگەیاندە قەتارەکە و وندەبوو، لێم دەڕوانی. بەخۆم دەگوت ئافەرین کارل کە قەت لە ژیان تێرنابێ و، هەموو رۆژێ بەو گڕوتینەی هەمیشەییەوە لە ماڵەوە دەردەپەڕێ و، دەچێتە سەر کار.

کارل نەک تەنیا لە ئیشەکەیدا بەڵکو لە سەفەرەکانیشیدا هەروا بە بەرنامە بوو. هەموو ساڵێک پێنج هەفتە مەرەخسییەکەی لە سەرەتای مانگی حەوتەوە دەگرت هەتا هەفتەی یەکەمی مانگی هەشت. بۆیە من دەمزانی کەی دەچێ بۆ سەفەر. ئیتر لەو پێنج هەفتەیەدا چاوەڕوانی نەدەبووم. وەک بیستبووم کارل هەر ساڵەی دەچوو بۆ وڵاتێک. هەڵبەت لە باشووری ئۆرووپا و، لە باکووری ئەفریقا. پێم وابێ، بەهۆکارێک کە بۆ من نادیار بوو، ئاشقی سەوداسەری دەریای ناوەراست بوو. هەرچەند من لام وایە بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە دەریای ناوەڕاست لانکی شارستانیەت بووە و بەتایبەت فیلسووفەکانی یۆنانی کەونارا هەموو لەوێوە دەرکەوتبوون.

رۆژەکان هاتن و رۆیشتن. کارل کەمێک شانی بۆ داژەنیبوو و، ئیتر وەک جاران نەمابوو. ئەمەیش ئاساییە. وەک دەزانین باڵابەرزەکان زووتر دەچەمنەوە.

ئەمساڵ پێش ئەوەی مانگی حەوت بێ و کارل بچێ بۆ سەفەر، لە مانگی شەش دا دیار نەما. سەرەتا بەخۆم گوت بێگومان نەخۆش کەوتووە. ئاخر جاروبار وەک هەر مرۆڤێکی تر بە هۆی کیشەی ناساخی و ڤاریرۆس و باکتەریا و شتی لەم بابەتەوە ئەوەیش نەخۆش دەکەوت و چەند رۆژێک نەدەچوو بۆ سەر ئیش. بەڵام رۆژەکان تێپەڕین و هەر دیار نەبوو. با ئەوەش بڵێم کە مانگی شەش بەپێچەوانەی ساڵان ئەوەندە هەوا خۆش بوو و کتوپڕ ئەوەندە گەرمی کردبوو کە سەیربوو! بەخۆم گوت نەکا لە خۆشیانا و بە بێ بەرنامە حەزی بە سەفەرێکی کتوپڕی کردبێ و، بە بێ ئەوەی بە کەسێکی گوتبێ، رۆیشتبێ!

تا کتوپڕ بەیانییەک، پێم وابێ لە کۆتایی مانگدا بوو، هەواڵی بەیانیی رادیۆ گوتی پیاوێک بەناوی کارل یوهانسن کە کارمەندی شرکەتێکی بەرهەمهێنانی دەواو دەرمان بووە بە هۆی مەلەوە لە ئاوی دەریادا خنکاوە و پۆلیس کە نازانێ هێشتا هۆکاری خنکاندنەکەی چییە، خەریکی لێکۆڵینەوەیە!

من وەها داچڵەکام و، وەها بەم هەواڵە هەڵبەزیمەوە کە تەواو سەرم لێ شێوا. چۆن شتی وا دەبێ!؟ چۆن پیاوی وا دەخنکێ؟ ئەسڵەن پیاوی وا ناچێ بۆ مەلە، یەعنی نابێ بچێ بۆ مەلە تا بخنکێ! بەڵام پرسیارەکانی من بێسوود بوو. بە گوێرەی ئەزموونی خۆم لەم وڵاتە دەمزانی کە پۆلیس قەت درۆ ناکەن و هەتا هەواڵێکیان بەتەواوی لا راست نەبێ، بڵاوی ناکەنەوە. بەخۆم گوت رەنگە ئەمە ناوی ئەو پیاوە نەبێ و، هی کەسێکی تر بێ. ویستم بچم بۆ دووکانی گەڕەکەکەمان و، رۆژنامەیەک بکڕم. بەڵام ئەوەندە دڵنیا بووم کە خۆیەتی، بە پێویستم نەزانێ بچم. دەرنەکەوتنی رۆژانەی، بۆ من باشترین بەڵگەی سەلمێنەری ئەم راستییە تاڵ و ناخۆشە بوو.

بۆ چەند رۆژ دوواتر بوو، یان یەک دوو هەفتەیەک نازانم، خەمین و پەشێوی ئەم هەواڵە ناوەختە، چێوشەقەکانم هەڵگرت و بە لۆژەلۆژ چوومە دەرەوە. لە فرۆشگەی ‘ریما تووسن’ لامدا و لەگەڵ کڕینی کەمێک کەل و پەل رۆژنامەی ئەو رۆژەی ‘ڤێ گە’یشم کڕی. هەواڵەکەی تیابوو. بە وێنەکەیەوە کە کەمێک لە خۆی گەنجتر دەینواند. دووا راپۆرت یاخود سەرنجی پۆلیس لەسەر کەیسەکەی نووسرابوو. کارل کە خاوەن هیچ ژن و منداڵێک نەبووە و، وەک موهەندیس کاری کردبوو لە رێکەوتی بیست و پێنجی ی مانگی شەش لە کەنداوی ئۆسلۆ لە ‘فۆرنەبوو’ خنکاوە. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی پۆلیس، ئەم خنکاندنە زیاتر لە خۆکوژی دەچێ لەبەر ئەوەی ناوبراو مەلەوانی چاک بووە. لەوە دەچێ بەهۆی کێشە و گرفتێکەوە، کە بۆ پۆلیس و ناوەندە بەرپرسەکان دیار نیە، کارل خۆکوژی کردبێ و بەم شێوەیە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابێ.

خۆکوژی

سەر لەسەر هەواڵەکە هەڵدەگرم و، لەکاتێکدا مێشکی سەرم خەریکە دەتەقێ شێتانە لە دەورووبەرم دەڕوانم. نا نا، ئەمە درۆیە، وانابێ! پیاوێکی ئاوا کە لە کاتناسی و نەزمیشدا ‘کانت’ی فەیلەسووفیش پێی نەدەگەیشتەوە، قەت خۆی نەکوشتووە. بڕیارم دا بچمە لای پۆلیس و ئەمەیان پێ بڵێم. بگرە بەڕێیش کەوتم، لەکاتێکدا قاچەکانم بەزەحمەت یارمەتییان دەدام و ژان لەوانە بوو بمکوژێ، لەنیوەی رێگادا پەشیمان بوومەوە. ئاخر بەڵگەم چی بوو؟ بمگوتایە ئەو هەموو رۆژێ لە هەمان کاتدا دەچوو بۆ وێستگەی قەتار! سەرێکم بادا و گەڕامەوە.

بەڵام دونیا لەدژم بێ من باوەڕم نیە ئەو پیاوە خۆی کوشتبێ. مەگەر سەعات دەتوانێ خۆی بکوژێ؟ تەنیا ئەوەندەی باترییەکەی تەواو دەبێ و، ئەویش بۆخۆی رادەوەستێ. چرکە ژمێر و خولەک ژمێر و کاتژمێر هەر هەموویان پێکەوە رادەوەستن. خۆ کارل سەعات نەبوو.

شەوانە لەکاتێکدا هەموو گڵۆپەکان دەکوژێنمەوە و لە دەرەوە دەڕووانم، سەیری ئەو رێگایەی دەکەم وا ئەوی پیا دەڕۆیشت. رێگا لەوەی هەیە چۆڵتر دەنوێنێ. پەشیمانم لەوەی بۆ جارێکیش بێ نەچووم و لە نزیکەوە بیبینم. کارل دەڵێم. ئەو پیاوەی وا من هەر لە خۆوە گیرۆدەی ببووم. ئەو پیاوەی وا تەنیا رووداوی دووپاتکراوەی بەر پەنجەرەی ژوورەکەی من بوو. ئەو پیاوەی وا بە منی دەگوت رابردوو بەردەوامە و، داهاتوو یەکجار دوور.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *