فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

قاوە

کات 02/02/1403 56 بازدید

قاوە

بە گوێرەی عادەتێکی قەدیمی چاییخۆرم. یەعنی ئەوەندەی لەبیرم دێ ئێمە هەر چاییمان خواردووەتەوە. نەک من و بنەماڵەکەم، بەڵکو هەموو خەڵکی ئەو شارەی وا من لێیەوە دێم. ئا، بە دڵنیاییەوە!

ناوی قاوەم بیستبوو، هەرچەند بە جوانی نەمدەزانی چییە. بگرە سەرەتا لەبەر ئەوەی بە چاییخانەیان دەگوت قاوەخانە، لام وابوو قاوە و چایی جیاوازییان نیە. یەعنی چایی هەمان قاوەیە و، قاوەیش هەمان چایی! دوواتر بەرەبەرە بەهۆی دیتنی فیلمی سینەمایی و تەلەفزیۆن و ئەوسا خوێندنەوەی کتێب زانیم قاوە شتێکی ترە. کاتێک بەمەم زانی، نە پێکەنینم بەخۆم هات و نە شەرمم لەخۆم کرد. تەنیا ئەوەندەی تووڕەییەک دایگرتم.

دیارە قاوە ئەوەندە گرینگ نەبوو زۆری بیر لێ بکەمەوە. بۆیە لەبیرم دەچووەوە و، بگرە بە بیستنەوەی ناوی قاوەخانە بە هیچ کلۆجێک زەینم نەدەچووەوە سەری. هەر ئەوەندەی جارێکیان بەڕێکەوت هاوڕێیەکم کە سەفەری شارەکانی تری کردبوو، لە میوانییەک قاوەیان بۆ دانابوو و خواردبوویەوە، باسی قاوەکەی بۆ کردم. گوتی رەنگی رەشە و، وەک زەهری ماریش تاڵە و ناخۆش! من لەگەڵ ئەوەی بەخیلیم پێدەبرد، بەڵام بە بیستنی ئەم قسەیە خۆشحاڵ بووم. بەخۆم گوت کەواتە شتێکی وەهام لەدەست نەداوە.

یەکەم جار کە قاوەم لە نزیکەوە بینی و خواردمەوە، لە سلێمانی بوو. پێم وابێ ساڵی نەوەدو یەکی زایین بوو. لەکاتی راپەڕین. بۆ یەکەم جار بەسەردان لەوێ بووم و، چەند زیندانییەک لە زیندانی ئەبوغرێب ئازادکرابوون. لەگەڵ خزمان سەردانی یەکیانمان کرد کە ئاشنا و دراوسێیان بوو. پیاوێکی بەتەمەن لەنێوان پەنجا تا شەست ساڵ، یان رەنگە زیاتر، تێکشکاو و تێکقوپاو، بە سەرێکی رووتاوەوە کە لێرەو لەوێ دوواتاڵە سپییەکانی خوار و خێج راوەستابوون. جگەرەی بە جگەرە دادەگیرساند و، کاتێک دەدوا بەردەوام نیگای لەسەر عەرزەکەی بەردەمی بوو. هیچ پەلەی نەبوو. وەک بڵێی کات لای ئەو یەکجار بە بەرییەوە مابوو. خەڵکێکی زۆری لێبوو و، کارەبایش نەبوو. چراتۆڕی دەئایسا. لەگەڵ ئەوەی ژوورەکان روون بوون، بەڵام سێبەرەکانیش جمەیان دەهات.

قاوە

لە سەر موبلێک دانیشتبووم. ناڵێم موبلیش بۆ یەکەم جار بوو، بەڵام وەک ئەوە وابوو یەکەم جار بێ لەسەری دانیشتبێتم. قاچەکانم عادەتیان نەبوو و، بۆیە بێ ئۆقرە هەڵدەگەڕام. حەزم دەکرد لەسەر عەرزەکە دانیشم. لە کاتێکدا خەڵکی دانیشتبوون و، گوێیان لەبەسەرهاتی کابرای زیندانی دەگرت کە باسی ئەشکەنجە و ئازارەکانی خۆی لە زینداندا دەکرد، ئەوەیکە چۆن بەعسییەکان لێیاندابوو و چۆن چۆنی هاوڕێکانیان ئیعدام کردبوو.

کەسێک بە کەشەفەوە پەیدا بوو. کە گەیشتە من، منیش وەک هەموو ئەوانی تر، لە کاتێکدا بەتەواوی بیرو هۆشم لەسەر قسەکانی کابرابوو، دانەی خۆم هەڵگرت. فنجانێکی گچکە بوو. بە هۆی سێبەرەکانەوە جوان ناوەکەیم نەدەبینی. بەئارامی لەتەنیشت خۆم لەسەر مێزەکە دامنا. قەندی لێنەبوو. چاوم بۆ شەکر گێرا، ئەویشم نەبینی. بەخۆم گوت وادیارە ئەم ماڵە نەک قەند، بەڵکو شەکریش بە چاییەوە ناخۆن. پاش ماوەیەک بەدەم گوێگرتنی قسە سەرنجڕاکێشەکانی کابرای ئازادکراوەوە، دەستم برد و نام بە دەممەوە. کەمێک درەنگ گەیشتە زمانم. تامی تاڵی وەها مەزاجی تێکدام کە داچڵەکام. بەخۆم گوت ئەمە چ جۆر چاییەکە! خزمەکەم کە لە تەنیشتمدا بوو و ئاگای لێبوو، بزەیەکی کرد و گوتی ئەوە قاوەیە، چا نییە!… گوتی پەلەی لێ مەکە!

ئیستا ئیتر قاوەخۆرم و، لەگەڵ ئەوەی بە دەیان ساڵە لە ئۆرووپا دەژیم و لەمێژە بەتوندی دژی ناوی قاوەخانەم، لە ماڵەوە قاوەم هەیە. هەڵبەت من زیاتر لەسەر کار قاوە دەخۆمەوە. لە ماڵەوە وەک جاران بەردەوام چاییخۆرم. قاوەم هەیە لەبەر ئەوەی جاروبارە، بەتایبەت لە دووای وەرزش ئیشتیای دەکەم. دیارە بۆ میوانیشە. بە جگەرەیشەوە خۆشە. خۆشترە لە چایی. تامی تاڵی جگەرە دەڕەوێنێتەوە.

هاوڕێیەکم هەیە خارجی. جاروبارە زەنگم بۆ دەدا و، دەڵێ با بچین پێکەوە قاوەیەک بخۆینەوە. من زۆر جار بەقسەی دەکەم و، پێکەوە دەچینە دەرەوە. لە قاوەخانەیەکی تەنیشت جادە لەناوەندی شار دادەنیشین و لە کاتێکدا باسی هەموو شتێک دەکەین، قاوە دەخۆینەوە. زۆر حەزی بە سیاسەتە. بەتایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لام سەیرە. منێش جارێکیان باسی سەفەرەکەی سلێمانیم بۆ کرد. هەڵبەت قاوەکەیم لێ قرتاند.

ئیستا ئیتر بەجوانی فێربووم چۆن قاوە بخۆمەوە. نابێ یەکسەر هەڵیقوڕێنم. وەک دەڵێن دەبێ مەزە مەزەی بکەم. بگرە ناوی هەموو جۆرەکانیشی دەزانم: کافەلاتە، کاپۆچینۆ، ئامریکانو و… جاری وایە داوای شیری زیاییش دەکەم و ئیتر لە دەممدا ئەوەندە تاڵ نیە. هەرچەند بە تاڵییەکەیشی راهاتووم و، جۆرێک لەززوتم پێدەبەخشێ. دەبێ بڵێم زیاتر حەزم لە بۆنەکەیەتی تا تامەکەی. ژنێکی هاوکارم کە خاوەن کچێکە و لە مێردەکەی جیابووەتەوە و تاونەتاویش (مەسەلەن بە چەند ساڵ جارێک) پیاو دەگۆڕێ، دەڵێ بە ئەشقی قاوەوە لە خەو هەڵدەستێ. ژنێکی یەکجار میهرەبان کە دەڵێ تەنانەت کاتێک دەچێ بۆ ئیسپانیا بە ئەشقی قاوەوە لە قەراخ دەریا دادەنیشێ و، خۆی لەبەر هەتاودا هەڵدەخا. دەڵێ لەڕاستیدا ژیان بە قاوەوە مانای هەیە و، گەر خودا قاوەی دروست نەکردایە ئەو نەیدەزانی بۆ و چۆن دەبێ بژی! لای ئەو قاوە شاکاری خڵقەتە.

من گوێی لێدەگرم و، خەیاڵ دەمباتەوە بۆ رابردوو. جاری وایە حەزدەکەم پێی بڵێم بەبێ قاوەیش ژیان دەشێ. حەزدەکەم بڵێم گەر وەک من لە شوێنێک لەدایک بووایە کە بە چاییخانەیان دەگوت قاوەخانە و، کەسیش قاوەی لەوێ نەخواردبووەوە، ئەوا رەنگە ئیستا وای نەگوتایە. ئەو درێژەی دەداتێ کە بەتازەیی زۆر شتی لەسەر قاوە خوێندووەتەوە. دەڵێ قاوە یەکجار بۆ دڵ و بۆ سووڕی خوێن باشە. دەڵێ دژی سەرەتانیشە. هەروەها پێ لەسەر ئەوەیش دادەگرێ کە بۆ دابەزینی کێشی لەشیش لەدونیادا نموونەی نیە. سوور دەبێتەوە، ئەوسا بزەیەکی بۆ دەکا و، دەڵێ هەمیشە لە دەروونەوە هەستم بەوە کردووە کە لە خۆوە نیە ئەوەندە ئاشقی قاوەم!

ماوەیەکیشە فێری قاوەی عەرەبیش بوومە. دەزانم ئەمەیش جۆرێکی تریەتی. رەش‌تر و خەست‌ترێکە. بیری ئەو شەوەی سلێمانی ساڵی نەوەدەو یەکم دەخاتەوە. شەوی چراتۆڕییەکان و سێبەرەکان، شەوی بەسەرهاتەکانی زیندانی ئەبوغرێب. نازانم بۆ، بەڵام لەگەڵ ئەوەی عادەتم بە قاوە گرتووە و دەیخۆمەوە، لەگەڵ ئەوەی هەموو جۆرەکانی دەناسم، بەڵام هەر حەزم بە جۆرە عەرەبییەکەی نیە. ئاگایشم لەخۆمە باسی نەکەم، بۆ ئەوەی نەکا بڵێن رەگەزپەرستم و رقم لە عەرەبانە.

تا لە بیرم نەچووە با ئەوەیش بڵێم کە قاوە لەسەفەریش خۆشە. بە تایبەت کاتێک بە ماشینی خۆت دەڕۆی. جارو بارە لە شوێنێک لادەدەی و، داوای قاوەیەک دەکەی. لام وایە قاوە زیاتر مانا بە سەفەر دەبەخشێ. جا چ لەکاتی رۆیشتندا و، چ لە کاتی گەڕانەوەیشدا. هەستدەکەی کە بەڕاستی بە رێگاوەی،… ئەوەیکە لەسەفەرێکی تەواودای. لەگەڵیشی لەکاتی سەفەردا جگەرە دەکێشم، ئەگەرچی بەڕاستی جگەرەکێشیش نیم. هاوڕێکانم دەڵێن حەک ماڵتە دووکەڵ چییە بەخەساری نادەی! بە تەعەجوبەوە لێیان دەڕوانم و، دەڵێم وانیە من هەمیشە ئاگام لێیە کە هەموو دووکەڵەکەی هەڵنەمژم. ئەوان سەرم لێ‌بادەدەن. هەڵبەت گرینگ نیە،… چی دەڵێن با بیڵێن.

شەوێک بەڕێکەوت دۆستێکی کۆن دەبینمەوە. لە فەیسبووکدا. هاوکلاسێکی قەدیمییە. یەکێک لەوانەیە کە ساڵانی ساڵە نە بیرم لە ناوەکەی کردووەتەوە و، نە لە روخساری. ئەسڵەن بەگشتی لەبیرم چووبووەوە. ماوەیەکی باش بەگەرمی چەت دەکەین. باسی زۆر شت دێتە گۆڕێ. دەڵێ تۆ زیرەک بووی، بەڵام زۆر گوێت بە دەرس و دەور نەدەدا. لەدڵی خۆمدا دەڵێم راستدەکا. دەڵێم هەر کەسەو و شتێک لەگەڵ خۆی دەیبا. ئەو ئیموجییەکی بزە دەنێرێ. نازانم چۆنە دەچینە سەر ساڵی کۆتایی خوێندن لە قوتابخانە. دەڵێم لەبیرمە بە نمرەی چاکەوە دەرچووی. دەنووسێ سوپاس، بەڵام هۆکارێکی گرینگی قاوە بوو! من واقم وڕدەمێنێ. قاوە!؟ دەڵێ ئەرێ قاوە. دەڵێم چۆن؟ دەڵێ شەوانی ئیمتحان قاوەم دەخواردەوە، بۆیە دەمتوانی کەمتر بخەوم و زیاتر بخوێنمەوە!

لەدووای چەتەکە، ئیشتیام دەچێتەوە سەر قاوە. لەگەڵ ئەوەی شەو درەنگانە و، سبەی دەبێ زوو لەخەو هەستم و بچم بۆ سەر کار، قاوەیەکی خەستی بۆ سازدەکەم. دەستدەبەم کتێبێکی رۆمان لە کتێبخانەکەم رادەکێشمە دەرەوە و، دەستدەکەم بە خوێندنەوەی.

ئەمشەو حەزێکی سەیری خوێندنەوەم تیایە. لەگەڵ هەر قومێکی قاوەکە بەخۆم دەڵێم گرینگ نیە، سبەی لەسەر کار هەرچۆنێک بێ دەتوانم سەرخەوێکی بۆ بشکێنم!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *