فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

خوێندنەوەیەکی کورتی ڕۆمانی گێژاو

کات 28/02/1403 156 بازدید

خوێندنەوەیەکی کورتی ڕۆمانی گێژاو

دیاردەی قیزەوەنی ژنکوژی نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو هەموو وڵاتانی ناوچەکە و بگرە دوورتریش هەبووە و هەتا ئێستاش هەر جارەی لە جێگایەک ژنێک یان کچێک دەکوژرێ. ئەو دیاردەیە بۆتە هەوێنی کۆمەڵێک بەرهەمی ئەدەبی کە زۆرتر لە ناو بەستێنی گێڕانەوەدا خۆی نواندووە. ئەو دیاردەیە سووژە یا خۆ هەوێنی زۆر یەک لە بەرهەمەکانی نووسەرانی کورد بووە و هەر کامەی لە دەلاقەی خۆیەوە بەسەرهاتێکی لەو چەشنەی گێڕاوەتەوە و لە قەوارەی کتێب دا بڵاوی کردووەتەوە.

ڕۆمانی “گێژاو” بەرهەمی نووسەر و وەرگێر “فەڕۆخ نێعمەتپوور”یش بەو سووژەیە تەیار کراوە و خوێنەر دەباتەوە دەهەی پەنجای هەتاوی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەرهەمەکە لە دووتوێی کتێبێکی دووسەد و هەشت لاپەڕەییدا لە ساڵی دووهەزاروبیست بڵاو بۆتەوە و هەڵگری چیڕۆکی کوشتنی دوو ژن واتە دایکێک و کچەکەی کە هەر کامیان لە دوو قۆناغی جیاوازدا دەکەونەی بەر هروژمی چەقۆ و نەشتەری مێردەکانییان و بە یەک چارەنووس دوچار دەبن و دەکوژرێن.

دیارە خوێندنەوەی بەرهەمێکی ئەدەبی وەکوو ڕۆمان شەنوکەوێکی زۆری دەوێ و دەکرێت و دەبێت لە چەندین ڕەهەندەوە بۆی بڕوانی و خوێندنەوەی بۆ بکەی، ئەو باسە بێنییە ئاراوە کە نووسەر لەو ڕەهەندانەدا چەندە سەرکەوتووانە کاری کردووە و کامە لای بەهێزە و کامە لای بێ‌هێز. کەم و کۆڕییەکان چن، کاراکتەرەکان لە چ ئاستێکدان، زمان لەوێدا چۆنە، گۆشە نیگا و فۆڕمی گێڕانەوە و هەروەها لە کۆتاییدا ویست و پەیامی ئەو بەرهەمە چ بووە و چەندە توانیویەتی بە پوخت و پاراوی لە کلی دەربێنێ. هەر بۆیە لە خوێندنەوەیەکی ئاوەها کورتدا مەجالی نووسین لە سەر ئەو باسانە نالوێ.

کاراکتەری سەرەکی ئەو بەرهەمە “بێزار ماجوومی” کوڕێکی گەنجە کە دەستی چەپی بە شێوەی زگماگ گۆجە و لە بەشی یەکەمی ڕۆمانەکەدا وەکوو بگێڕەوە دەردەکەوێ و دەچێتە لای نووسەرێک کە چیڕۆکی کوشتنی هاوژینەکەی بۆ بگێڕیتەوە و نووسەریش بۆی بنووسێتەوە. چیرۆکی کوشتنی پڕشنگ ئەو کچەی کە دایکیشی بە هەمان دەرد چوبوو، وەکوو تەعلیقی بەرهەمەکە لە بەشی یەکەمدا خوێنەر دەخاتە بەر دەم ئەو پرسیارە کە بۆ و لە سەرچی؟

ئەو بەرهەمە لە دەهەی پەنجای هەتاوییەوە دەست پێدەکا و دەگاتە شۆڕشی گەلانی ئێران و دواتر جم و جۆڵی هێزە کوردییەکان، شەڕی سێ مانگەی پێشمەرگە و دەوڵەتی تازەی ناوەند، جگە لە چیڕۆکی سەرەکی ئەو بەرهەمە خوێنەر لەگەڵ چەندین دەورەی هەستیاری مێژوویی-سیاسیش ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە لە دەرەوەی دەقدا خۆی پەستاوتووەتە ناو کتێبەکەوە و لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد.

جگە لە بێزاری ماجوومی و پرشنگ، کە چیڕۆکەکە بە ژیانی وان تەیار کراوە، کۆمەڵێک لەتە کاراکتەری تر وەکوو سەیدەی ئاسنگەر و خێزانی کە دایک و باوکی بێزارن، فەقێ ئەحمەد کە باوکی پڕشنگە و دایکی بە دەست وییەوە کوژراوە و لە زیندان دا دەبێت، رەحیمی مکانیک کە مامی پڕشنگە و گەورەی دەکا و بە شووی دەدا، بەکرەی زێڕینگەر کە دەر و جیرانی بێزارە، بێهزاد کە ژن‌برای بەکرەی زێڕینگەرە، حاجی وەستا کە سێحەبی دووکانە ئاسنگەرییەکەیە و سەیدەی باوکی بێزار لە لای وی کار دەکا. هەروەها عەبەی ماجووم کە وەستای چێ کردنی ماجوومە “ماجووم یان کەشکی نەقوڵ، جۆرە نوقڵێکی دەست‌سازی خۆماڵی” و هەر ئەویش بێزار فێرە ئەو شوغڵ و دەراماتە دەکا.

کۆی ڕووداوەکان لە زمان بێزاری ماجوومییەوە دەگێردرێتەوە، لەوێدا لەگەڵ چەند قۆناغێک لە ژیانی و بەسەرهاتی ڕووبەڕوو دەبینەوە کە لە سەردەمی منداڵییەوە ئەو کاتەی دەینێنە بەر خوێندن و سێ ساڵیش زیاتر بڕ ناکا لە خۆ دەگرێت تا ئەو کاتەی باوک و دایکی بە پێشنیاری حاجی وەستا پڕشنگی بۆ دەخوازن. بێزار کە بە ماجووم فرۆشتن فێرە کاسبی و دەرامات بووە.

دیاردەی ژن‌کوژی و پرسی ژن پەیام و ئامانجی بەرهەمەکە بووە. خوێندنەوەی کارەساتێکی لەو چەشنە تەزووی سارد بە لەشی خوێنەر دادێنێ. چی وا دەکا کە مرۆڤێک هاوژینی خۆی بکووژێ؟ کۆی بەرهەمەکە هەوڵی ئەوەی بووە لە چاو بگێڕەوە یان هەمان کاراکتەری سەرەکی کە بێزارە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، کە بێزار لە چ چین و توێژێکی کۆمەڵایەتییەوە هاتووە؟ ئەو کۆمەڵگایەی لێی ژیاوە لە چ توێخێکی بیرکردنەوەدا بووە؟ هاواڵ و کەس و کاری لە ماڵەوە و لە دەرەوە کێ بوون؟ نووسەر لە ڕێگەی فرۆشتنی ماجوومەوە و تێکەڵ کردنی ئەو کاراکتەرە لە گەڵ ناو جەنگەی بازاڕ و کۆڵانان وای کردبوو کە کەسایەتی و بیرکردنەوەی لە کل دەربێت.

خاڵێکی ئەرێنی ئەو بەرهەمەش ئەوە بوو کە زۆر بە دەم دروشمەوە نەچووبوو. ڕوانگە و بیر و بۆچوونی خەڵکی شارێکی بۆ خوێنەر وێنا دەکرد کە ژن لەوێدا چەندە مەترسییەکی گەورە و گرانە. تۆ بڵێی تەنیا بێزار تاوانکەر بووبێت؟ ئایا تەنیا ئەو دەستەی چەقۆکەی وەشاندووە تاوانەکەی کردووە یا نا و دەکرێ کۆمەڵگا و شارێک و گەلێک لەو تاوانەدا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بەشدار بێت؟

ئەگەرچی بە هێنانی کاراکتەری بێهزاد کە بە بێ ئەوەی ئاماژە بکرێ سەر بە چ لایەنێک بووە هەوڵی داوە بێزار لە گەڵ جیهانبینی چەپ و سیاست و هەروەها کتێب خوێندنەوەش ئاشنا بکات. سەمەدی بێهرەنگی پێ بناسێنێ، پاشان هەمان بێهزاد لە جەنگەی شۆڕشی گەلانی ئێران ببێتە کەسایەتییەکی خۆشناو و سیاسی ناو شار و وتار بۆ خەڵک بخوێنێتەوە. کاراکتەری سەرەکی بە بێهزادی چەک‌لەشانیش دەگا و برینداربوون و نەقوستانی و ئاوارەییشی لێ دەبیستێتەوە. شۆڕشێک کە بەو جۆرە سەری ڕۆڵەکەی خۆی خواردبوو و ئاوارەی هەندەرانی کردبوو.

بەڵام کۆی کاراکتەری بێزار لە ناو جەغزی باوک و دایکی، حاجی وەستا و دەر و جیران و کەسەکانی تر دا پێ دەگرێت و گەورە دەبێت. فام دەکاتەوە و بیر دەکاتەوە. هەر ئەوە کە لە منداڵییەوە کاتێک دەبیستێ دایکی پڕشەنگ بە چەقۆ لە لایەن مێردەکەی کە دواتر دەبێتە خەزووری کوژراوە، دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بە بەردەوامی لە زار و زمانی خەڵک ببیستێتەوە کە ژنێک دەکوژرێ کۆمەڵگا چۆنی بۆ دەڕوانێ؟ چۆن بۆ کچێکی منداڵی چکۆلانە دەڕوانێ کە لە پاش ئەو قەتڵە جێ ماوە؟

فۆڕمی گێڕانەوەی بەرهەمەکەش بە بەشی خۆی سەرنجڕاکێش و نوێ بوو. هێنانی کۆتایی بۆ سەرەتا و ساز کردنی پرسیارێک بۆ خوێنەر، فلاشبەکەکان، لە کۆتایی بەرهەمەکەدا هەودای گێڕانەوەکە لە دەست کاراکتەری سەرەکی دەپچڕا و دەکەوتە دەستی نووسەر، بە گشتی فۆڕمەکەی لەبار بوو و خوێنەر لەگەڵی بە خێرایی ڕادەهات.

خاڵێکی نەرێنی ئەو بەرهەمە کە هەیبوو دەگەڕێتەوە بۆ کاراکتەر یان لەتە کاراکتەرەکانی تر، ئەو خاڵە نەرێنییە لە ڕۆمانی کوردیدا بە گشتی زۆرە، ئەویش نەبوونی کەسەکانی تر لە ناو دەقەکەدایە، واتە حوزوورییان نەبوو. هەست و نوست و گوفتاریان تەنیا لە ڕیگەی بگێڕەوە بە خوێنەر دەدرا. کاراکتەری پڕشەنگ دەکرا بە فۆڕمێکی تر لە گێڕانەوە زیندوو حوزووری هەبا و لەوێدا بگێڕەوە تەنیا کامێرایەک بایە بە سەر سەری پڕشەنگەوە. یان خۆیان دوابان. دەکرا زۆرتر لە ژیانی منداڵی پاش مەرگی دایکی بکۆڵدراباوە کە لە ماڵی مامی دەژیا. بەرهەمێکی وەها بە هەوێنێکی لەو چەشنە و قەتڵی دایک و کچێک کە هاوچەرەنووس دەبن دەبوو زۆرتر ڕۆچووبایەتە ناو ئەو دوو کاراکتەرە. دیارە لە کۆتاییدا نووسەر خۆی بڕیار دەدات چیڕۆکەکەی خۆی چۆن بگێڕێتەوە.

لە کۆتاییدا ڕۆمانێکی جوان و بەچێژ بوو و هیوای سەرکەوتن بۆ کاک فەرۆخ نیعمەت‌پوور.

ئەرسەلان چەلەبی

ژێدەر: گێژاو-رۆمان
نووسینی فەرۆخ نێعمەتپوور, چاپی ساڵی ٢٠٢٣ وەشانی چل و نۆ-سوید

بینینی کتێب: گێژاو

تەگەکان : ، ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *