فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دەروێشی قالۆنچە

کات 09/03/1403 85 بازدید

دەروێشی قالۆنچە

دەروێش لە شەقاوەکانی زەمانی شا بوو. هەر زوو دەستی لەدەرس خوێندن هەڵگرتبوو و، لە شارێکی بچووکی سنوورنشینی وەک بانەوە لەپاش ماوەیەک رووی کردبووە کرماشان و ئەوسا تاران. لە کرماشان چاو و رووی دەکرێتەوە و، لە تارانیش لەدووای ماوەیەکی کورتی کرێکاری کردن، بە هۆی چاونەترسی و خووی شەڕکەرییەوە دەکرێ بە سەرکرێکار و ئیتر وەزعی باشتر دەبێ. دەروێش دواتر زۆر خیرا لەگەڵ چەند کەسی وەک خۆی دەبێ بە ئاشنا و، بۆ هەمیشە واز لە کاری جەستەیی دێنێ و دەستدەکا بە کاری نایاسایی وەک بڵاوکردنەوەی مەواد و باجگیری لە خەڵک و بەم شێوەیە پارە و پوولێک پێکەوە دەنێ. دەروێش بە گوێرەی شەقاوەکانی ئەو سەردەمە سمێڵێکی پان دەهێڵێتەوە، قژێکی لوولی درێژ شۆڕدەکاتەوە بە کڵاوێکی رەشی جاهیلی بەسەرەوە و دەستماڵێکی مەشەدیش لە ملیدا. هەروەها بە کراس و شەڵوارێکی عەجەمییەوە و قایشێکی پان و رەشەوە کە کونە زل و خۆڵەمێشییەکانی هەر لە دوورەوە دەدرەوشانەوە. بەم شێوەیە بۆ خۆی دەبێ بە شەقاوەیەکی ناودار و، ترس و دڵەڕاوکێ دەخاتە دڵ و دەروونی خەڵکییەوە.

دەروێش هەتا شۆڕشی ساڵی پەنجاو حەوت نانی لە رۆندا دەبێ و، لە تاران چاکی دەگوزەرێنێ. خواردن و خواردنەوە، هەتیوبازی، قەحبەگایین و رابواردنی بێ وچان دەبێ بە رەوتی سەرەکیی ژیانی، بەڵام لە بەختی رەشی ئەو لە دووای چەند ساڵێ خەڵک دەڕژێنە سەر شەقام و حکومەتی شا دەڕووخێنن. لەم کەین و بەینەدا دەروێش تووڕە لە وەزعەکە، روودەکاتەوە شارە بچووکەکەی خۆیان و بڕیاردەدا تا دۆخەکە بەلایەکدا دەکەوێ و لانیکەم ئەو بەجوانی لێی روون دەبێتەوە کە کێ بە کێیە و کێ دێتە سەر حوکم لەوێ لە زێدی خۆی بمێنێەوە. بەڵام چارەنووس وەها دەبێ کە بۆ هەمیشە لە بانە دەمێنێەوە و، ئیتر قەت بۆ تاران ناگەڕێتەوە. دەروێش سمێڵی پان و قژی لوول و درێژی وەک خۆی دێڵێتەوە، بگرە کراسەکەیشی هەر هەمان دەبێ، تەنیا ئەوەندەی کە لەجیاتی شەڵوارەکەی پانتۆڵێکی کوردی لەبەر دەکا و کڵاوە جاهیلییەکەیش فڕێدەدا. دیارە داهێنانێکی نوێیش دەکا، لەبەر ئەوەی خۆی زیاتر لە خەڵکی جیابکاتەوە، بەنەخوێنەکەی تەواو لە خوارەوە دەبەستێ. ئەمە دەبووە هۆی ئەوەی لاسەرووی جەستەی درێژتر بنوێنێ و، قاچەکانی کورتتر. جگە لەوە پانتۆڵەکە لەسەر پێڵاوەکانی کە هەمیشە کڵاش بوون کۆببێتەوە و، بەم شێوەیە رواڵەتێکی سەیر پەیدا بکا. نافەکی پانتۆڵەکەیشی شۆڕ شۆڕ لە ناو گەڵیدا تا سەر ئەژنۆکانی دەهات. بەگشتی کاتێک بەرێگادا دەڕۆیشت لە قالۆنچەی هەڵفڕیوی دەکرد. لەبەر ئەمە خەڵکی ناویان لێنابوو “دەروێشی قالۆنچە”!

دەروێشی قالۆنچە وەڕەز لەوەی وەک زەمانی شا شەقاوەیی باوی نەمابوو و، چیتر دوو سینەماکەی شار کاریان نەدەکرد، تەواو رقی لەم دۆخە دەهاتەوە. جگە لەوە قسەوباسی سیاسی و ئەوەیکە زۆربەی گەنجەکان خەریکی حیزبایەتی بوون و، رۆژ تا ئێوارە باس باسی خودموختاری و سوسیالیسم و شتی لەم بابەتە بوو، تەواو سەری لێ ئەستاندبوو. هەمیشە لەبەر خۆیەوە دەیگوت فریای دوو چەقۆلێدانی زیاتر بکەوتینایە و دوو هەتیو و قەحبەی زیاترمان بگایە ئاوای لێنەدەهات! ئاخر ئەمە ببووە هۆی ئەوەی کە کەسی وەک ئەو نە هەیبەتی جارانی لە ناو خەڵکیدا بمێنێ، نە کەسێکی وەهایش لێی بترسێ و نە شێوە ژیان و رواڵەت و قەد و قیافەیشی چیتر جێگای سەرنجی خەڵکی بێ. دەروێش هەموو رۆژێ بە هەڵهێنانەوەی هەنگاوە بڵیند و بە پەلەکەکانی و لە کاتێکدا خێسەی لە هەموو شتێک دەکرد بەرەو دووکانەکەی کە چایخانەیەکی لاپەڕی ناو پاساژێکی کۆن بوو، شۆڕ دەبووەوە و خۆی گوتەنی دەبا چاوەڕوانی دەرفەتێک بمێنێتەوە کە ئەو پێی وابوو سەرئەنجام هەر دەڕەخسێتەوە. لای ئەو ژیان بە بێ شەقاوە و شقاوەکان یەکجار کورتی دێنا.

بەڵام لە بەختی رەشی ئەو، ئەم دەرفەتە نەهاتەوە پێش. بە دووای شۆڕش ئەوەندەی پێ نەچوو، بوو بە شەڕی کوردستان و دوواتر شەڕی ئێران ـ ئێراق و بەم شێوەیە کەسی وەک ئەو لە لادا و بە تەریکی و کەساسی مانەوە. چەند جارێک هەروا ناوە ناوە دەروێشی قالۆنچە بڕیاری دا بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵکی چەک لە شان بکا، مەسەلەن ببێ بە پێشمەرگە، سەرباز یاخود پاسدار. بەڵام هەموو جارێ پەشیمان دەبووەوە. بە خۆی دەگوت کوڕە هیچ شتێک وەک چەک نیە، یەک فیشەکە و تەواو، خۆ نە شەڕە شەقە و نە دوو شەڕە جوێن و هات و هاوار، یان بگرە شەڕە چەقۆیش. نە بابە بەکەڵک نایەت، پیاو هەر نابێ بیریشی لێ بکاتەوە!

زۆر جار ئەمە دەبووە ئەوەی خۆی ترسنۆک بێتە بەرچاو، بەڵام دەستبەجێ دڵی خۆی دەدایەوە و دەیگوت هەموو کەس دەزانێ هەر کەسێ ترسنۆک بێ ئەوا من نیم، من لە خیابانەکانی تاران بە سەدان جار ئازایەتیی خۆم سەلماندوومە، لە بەر دەم کابارەکان و سینەماکان و خیابانی ناسرخەسرەو. نا، کەس بە خەیاڵیشیدا نایەت وەها لەسەر من بیر بکاتەوە.

دوو سێ ساڵێک تێپەڕین، دەرویش زۆر خێرا و بە هۆکارێکی نادیار ریش و سمێڵی ماش و برینجی کرد و، دەرفەتەکە هەر هەڵنەکەوت. رازی بە قەدەری خودا یاخود چارەنووس هاتە سەر ئەو رایە کە نا بەڕاستی دونیا گۆڕاوەو، یەک جار بۆ هەمیشە دەبی زەمانی شا لەبیری خۆی بباتەوە.

زستانی ساڵی شەست زستانێکی تاڵ و تووش بوو و، بەفرێکی یەکجار زۆر دەباری. دونیا بەتەواوی بەرگی سپی پۆشیبوو و کۆڵانەکان تەژی لە بەفر رێیان بە رێبوار نەدەدا. زستانان باشترین وەرزی کەسابەتی چایخانەکان بوو. ئاگری خۆشی کوورەی دار، هەڵمی چایی تازەدەم، هێلکەو رۆنی سەر قاپی فافۆن و ماستی تازەی بزن کە بۆنەکەی رۆژەڕێیەک دەڕۆیشت، دەستەدەستە پیاوانی بەتاڵ و ماندووی بەرەو خۆی رادەکێشا.

ئێوارەیەکیان دەروێشی قالۆنچە چایخانەکەی کەمێک درەنگان داخست. کە سەیری بەفرەکەی کرد، بڕیاری دا بۆ خەوتن بچێتەوە بۆ ماڵی باوکی. ئەوێ نزیکتر بوو و، بەم بەفرە زۆرە ماندوو و شەکەت لەوەی کە تەواوی رۆژ بە پێوە راوەستابوو، تاقەتی نەبوو بچێتەوە لای ژن و منداڵی. جگە لەوە لەمێژ بوو سەردانی ماڵی باوکی نەکردبوو. بەخۆی گوت یاڵلا هیچ نابێ. ئەمەی گوت، دەڕابەکەی دادایەوە و، بەڕێکەوت.

رێگا کە خۆی لە خۆیدا تەنیا دە خولەکێک دەبوو بە نیوکاتژمێرێک بڕی. کلوە درشتەکانی بەفر وەک سەلکە چۆلەکە دەنیشتنە سەر شان و باهۆی. بەدەم رێگای جگەرەیەکی زەڕی بۆ داگیرساند و، بە تاسەوە چەند مژی قووڵی لێدا. لای دەروێش زستانان جگەرە هەمیشە تامێکی تری دەدا کە لە هەموو وەرزەکانی دیکەی جیا دەکردەوە.

کە گەیشت، دایکی بە تاسەوە پێشوازی لێکرد و بەخێرهاتنی کرد. درەنگ گەیشتبوو و، باوکی لەجێگادا بوو. پاش کەمێک قسەکردن لەگەڵ دایکی، لەو ژوورەیدا وا بەسەر بانی دراوسێکەیاندا دەیڕوانی، چووە ناو جێگاکەیەوە و لەکاتێکدا دوواجگەرەی هەر لەوێدا کێشا، خەو بردییەوە.

سبەی زوو کتوپڕ بە دەنگی هاوارهاواری دایکی خەبەری بووەوە.

ـ ئەرێ کاکە ئەوە خێرە هەرچی بەفری سەر بانەکەیە ئەڕژێنیتە ناو حەوشەکەی ئێمەوە! بۆ نایکەیتە ناو حەوشەکەی خۆیانەوە، یان بەرەو کۆڵان، ها!؟

دەروێشی قالۆنچە گوێی لێ بوو پیاوێکی دەنگ نووساو کە بەزەحمەت دەنگی لە تاپەنجەرەکەوە دەهاتە ژوورەوە، لە وەڵامدا دەیگوت:

ـ دادەگیان! حەوشە و کۆڵانیش پڕبوون، جگە لەوە پێیان وتووم ئەتوانم بەفر بکەمە حەوشەکەی ئێوەوە.

ـ کێ وا ئەڵێ،… جا ئەگەر ئاوا تێی بکەی ئەمساڵ ئەبێ ئەم ماڵە چۆڵ کەین، جگە لەوە تەواو رێگای سەر تەنوورت لێگرتووین. ئەمساڵ لە برسانا قڕمان ئەکەی!

ـ دادەگیان! وەک ئەیبینی بانەکە گەورەیەو ناوتوانم بەفری ئەم سەر راماڵم بۆ ئەو سەر. جا بۆ لەگەڵ ساحەب ماڵ بۆخۆیان قسە ناکەی، من کرێکارم و ئەوەی ئەکەم وا پێم ئەڵێن.

دایکی دەروێش کە هەتا دەهات زیاتر دەنگی هەڵدێنا و تووڕە و تووڕەتر دەبوو، نەڕاندی:

ـ بەو ماڵکاولانە بڵێ ئێرە چیتر جێ نابێتەوە، ئێمەیش کارمان بەم حەوشە و دەرکە و بانە هەیە، خۆ زیندانیمان ناکەن!

ماوەیەک دەنگ نەهات.

ـ دادەگیان، بەفرە بەفر، خۆ دار و بەرد نیە، ئەتوێتەوە و ئەڕوا، کێ بە بەفر سەخڵەت بووە تا ئێوە ببن… ماشااللە ئەمساڵ خواگیان وادیارە دەرگای خێرو بەرەکەتی خۆی بەتەواوی کردووەتەوە.

ـ بەخوا یەک وەروەرەی تر بکەیتە ناو حەوشەکەمانەوە هەزار جووت شەقت تێهەڵدەدەم!

کابرای وەروەرەچی کە پیاوێکی گچکەی باڵاکورتی فەقیرۆکە بوو و، تەکانی لە کۆمەڵە بەفرێکی بارستایی ئەستوور دەدا و هەرچی دەکرد بۆی نەدەجووڵا، چیتر وەڵامی ژنەی نەدایەوە. دایکی دەروێشی قالۆنچە هەر هات و هاواری بوو و، وازی نەدەهێنا.

دەروێش تووڕە و هەڵچوو لەم دەنگەدەنگە کە بەم بەیانییە زووە یەخەی پێگرتبوو، رابوو. بە ژێر شەڵوارییەکەیەوە بەپەلە روویکردە پەنجەرەکە و، بە پاڵێکی هێواش دایکی دوورخستەوە و نەڕاندی کە:

ـ یەک تۆزی تر بەفر بکەیتە ناو حەوشەکەوە دێم و نافەکت ئەبڕم خوێڕی گەوادی ناحاڵی!

کابرا سەرێکی بەرزکردەوە و، شەکەت و ماندوو و تەڕ و تڵیس وتی:

دەروێشی قالۆنچە

ـ کاکە گیان! لەگەڵ خاوەن بانەکە قسەبکەن، لەگەڵ ئەو،… من بۆ؟

دەروێش بەبێ ئەوەی جل و بەرگ لەبەر بکا، بەهەمان بیجامە و فانیلەوە، لە کاتێکدا توورەیی زۆر جووڵەی خستبووە سمێڵی و روخساری سوور سوور هەڵگەڕابوو و دەستی دەلەرزی، بە دوو قەڵەمباز لە پلیکانەکان چووە خوارەوە. حەوشەکەی بە زەحمەت تێپەڕاند، بە پەیژە کورتەکەدا سەرکەوت و خۆی گەیاندە کابرای وەروەرەچی. بە بێ ئەوەی یەک قسەی لەگەڵ بکا، یەک دوو شەپڵاخەی تووندی ئاراستەکرد، وەک سەردەمی تاران یەخەی گرت و کەلەیەکی مزری سرەواندە ناوچاوی و لەپاش ئەوەی کابرا گێژ و وڕ بوو وەک پاڵەوان خستیە سەر شانی و بریدە قەراخ بانەکە و سووڕێکی بەخۆیدا و فڕێی دایە ناو کۆڵانەکەوە!

ـ گەوای بێشەرەف نەموت دەم مەخە دەمی دایکمەوە!

ئەوسا دوو تفی رۆکردە خوارەوە و، گەڕایەوە بۆ ماڵەوە. پێش ئەوەی لە پەیژەکە بچێتەوە خوارەوە، چاوێکی بە دەورووبەریدا گێڕا. هەندێ لە دراوسێکان لە پشت پەنجەرەکانیانەوە ئاگایان لەهەموو رووداوەکە بوو.

ئەو رۆژە، دەروێشی قالۆنچە بەهۆی بەفر و کڕێوەی زۆرەوە کەمێک درەنگتر چایخانەکەی کردەوە. گرینگ نەبوو. خەڵکی ئەو رۆژە زۆر بە دەرەوە نەبوون. هەموو سەرقاڵی بەفر راماڵین بوون.

دەروێشی قالۆنچە لە دووای ساڵانی ساڵ، هەستێکی خۆش بۆی گەڕابووەوە و رازی لە دۆخەکە بە کاوەخۆتر و متمانەی زیاتر لەناو دووکانەکەیدا هەنگاوی هەڵدێنا و سەماوەرکانی رۆشن کرد.

لە کاتێکدا زەبتە کۆنەکەی گۆرانی ‘کرماشان شاری شیرین’می حەسەن زیرەکی بڵاودەکردەوە و، جگەرەیەکی زەڕی تری بە لالێوەوە بوو، لەبەر خۆیە گوتی نەمگوت دونیا هەر ئاوا نابێ!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *