فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دووا سەربازی شەڕ

کات 06/04/1403 59 بازدید

دووا سەربازی شەڕ

قڕپۆک، قڕباق، قرپۆک، بۆق، بەق، قۆرواق، قرپک یان هەر چییەکی تری ناو لێ بنێن تەنیا سەربازێ بوو لەم دەشتە پان و بەرینە نەکوژرابوو و لە شەڕ رزگاری ببوو. شەڕێکی دەستەویەخەی سەخت کە دووا گیانلەبەری نەهێشتبوو.

بەقەکەی ئێـمە لە راستیدا مرۆڤ بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی بە تەنیا لە تەنیشت کانییەک مابووەوە، لەنەکاو گۆڕابوو. بەیانییەک کە تینوو و برسی لەبێهۆشی خەبەری دەبێتەوە، دەبینێ بووە بە بەق.

بۆ خۆیشی نازانێ چۆن چۆنی لە مردن قوتاری ببوو. بست بە بستی دەشتەکە بە تۆپ و خومپارە و بۆمباران کێڵدرابوو. فیشەکی دونیا چییە بەسەر ناوچەکەدا هەڵتۆقابوو،… کەچی ئەم دەرباز ببوو.

لە بیری دێ جارێکیان تۆپێک رێک لە تەنیشتی دابوو و، ئەم وەک پووشی دەم بایەکی تووند، بێ هیچ چەشنە دەسەڵاتێک لەپڕ بەرز بووەوە بۆ ناو حەوت تەبەقی ئاسمان. لە بیری نایەت تەنانەت هیچ قڕباقێ قەت توانیبێتی ئەوەندە بەرز بفڕێ، یاخود باز بدات. بۆیە لەگەڵ ئەوەی یەکجار ترسابوو، کەچی سەریشی بەو دیمەنە دەگمەنەی کە قەت لە ژیانیدا نەیبینیبوو، سووڕ مابوو. دونیا لەو سەرەوە چەند شتێکی تر دەینواند. ئەو قەت نەیدەزانی کە جیهان دەکرێ ئەوەندە پان و بەرین بێ. بۆیە بەپێچەوانەی جاران بەو ئاکامە گەیشتبوو کە هەر لەخۆوە شەڕ روویدابوو. بەو ئاکامە گەیشتبوو کە دونیا لەوە گەورەترە مرۆڤەکان بتوانن بۆ هەمیشە بە قازانجی خۆیان داگیری بکەن و بەم شێوەیە لەسەری ئەم هەموو شەڕە بێهوودەیە هەڵگیرسێنن.

ئیستا، کە هەر خۆی مابوو، وەک هەمیشە لەسەر کانییەکەی جاران کە ئەستێرێکی بەدەمەوەیە، لەدووای خواردنی چەند مێش و میشوولە، کە دیارە بە هۆی زۆریی تەرمەکانەوە ژمارەیان بە خۆشییەوە یەکجار زۆر ببوو، لەسەر بەردێک پاڵدەکەوت و سەیری داچوونی هەتاوی دەکرد. ئەو هەمیشە ئاشقی زەردەپەڕی ئێوارەیان بووە. لێی تێر نەدەبوو. لەبەر ئەوەی داچوونی هەتاو بەمانای هاتنی نۆرەی خوێندنی ئەو بوو. دەیتوانێ هەتا سبەی بە کەیفی خۆی دەنگ هەڵبڕێ و، لەناو سروشتی بەتاڵ لە زیندەوەرەکان بقیڕێنێ. ئەو لەوە پێش لە سەربازەکانی بیستبوو کە شەو بە دەنگی قۆرواقەوە خۆشە.

بۆقەکەی ئێمە، بەڵام خەفەتێکی گەورەی هەبوو. یەک تاقە مارمێلک چییە نەمابوو. بەراستی ئیشتیای گۆشتی بەلەزەتی مارمێلکی دەکرد. ئیشتیای جووڵەی کلکیان کاتێ هەموو جەستەیانی قووت دەدا و دووابەش دەکەوتە لنگە فرتەیەکی بێسوود. قرپۆکەکەی ئێمە ئاشقی دوواجووڵەی مەرگ بوو. لای ئەو ئەمە لە خۆیدا مانای بەردەوامیی ژیان بوو. چی لەمەیش خۆشتر!

سروشت، بۆنێکی ناخۆش سەرتاسەری داگرتبوو. بۆنی تووندی رزینی جەستە و کەلاک دەهات. ئەو جاری وابوو بۆ ئەوەی کەمێک خۆی لەم دۆخە رزگار بکا، خۆی دەهاویشتە ناو ئاوەکەوە و ماوەیەکی چاک لەو ژێرەدا دەمایەوە. بەچاوە گردەکانی کە وەک کەللا شووشە دەخولانەوە سەیری سەرەوە و هەروەها بنی ئاوەکەی دەکرد و، بە خۆی دەگوت سروشت سەرئەنجام ئەم بۆنەیش قووت دەداتەوە و لەناو خۆیدا بزری دەکا.

رۆژەکان وەک هەمیشە تێدەپەڕین. سەرەتا بە خواردنی مێش و مێشوولە تێری دەخوارد، بەڵام ورگی دڕابوو و ئیتر هەستی بە تێرخواردن نەدەکرد. رۆژێک لە تەرمی سەربازێ کە چەند میترێک لەولای کانییەکەوە کەوتبوو، نزیک کەوتەوە. تەرمەکە قۆل و قاچێکی پێوە نەمابوو. جگە لەمە کەمکەم شی ببووەوە. زیاتر لێی چووە پێش. چەند تیکە گۆشتی رزیو و خۆڵاویی بینی کە بە دەورووبەریدا کەوتبوو. یەکیانی بە زمانە درێژ و لینجەکەی قۆستەوە و، قووتی دا. ناخۆش نەبوو! یەکی دیکەی قۆستەوە. ئەوسا یەکی تریش. ئای چەند خۆش بوو!

دووا سەربازی شەڕ

قرپۆکەکەی ئێمە لەو رۆژەوە وازی لە خواردنی مێش و مێشوولە هێناو، بەر بووەتە خواردنی تەرم و کەلاکی کوژراوەکان.

ئیستا ئیتر چەند ساڵ تێپەڕیوە.

لەو دەشتە بەقێک دەژی بەقەدەر گیسکێک. چاوەکانی وەک دوو ژێرپیاڵە، چەناگەی وەک لمبۆزی رێوی، دەمی گەورەتر لە زاری نەهەنگ، قاچەکانی وەک قاچی تیمساح و، زمانی درێژ وەک زەردەمار.

قۆرواقەکەی ئێمە ئیتر ناخوینێ. ژێکانی گەرووی وەها ئەستوورن چیتر هیچ هەوایەک نایانلەرێنێتەوە.

قرپکەکە وەک جاران هەموو ئێوارەیەک لەسەر تەختە بەردێکی پان و گەورە دادەنیشێ و، چاوەڕووانی ئێوارەیە. لەمێژە بەو ئاکامە گەیشتووە کە شەو لە بێدەنگی خۆیدا زیاتر شەوە تا هەر کاتێکی تر.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *