جەژنی لەدایکبوون
جەژنی لەدایکبوون
ئەوەتەی لەبیری دێ قەت کەس جەژنی رۆژی لەدایکبوونی بۆ نەگرتبوو. نە تەنیا هی خۆی، بەڵکو هی هیچ کەسی تری دەورووبەریشی نەگیرابوو. نە هی خۆی بینیبوو و، نە هی ئەوانی تر. ئەسڵەن ئەو کاتانە کەس بیری لە شتی وا نەدەکردەوە، نە لە رۆژی لە دایکبوون و نە لە جەژن گرتنی و هەروەها نە لە پیرۆزبایی کردنی.
ئەوەی لە مێشکی هەموو کەسدا بوو ئەوە بوو کە لەدایک ببووی و ئیتر تەواو! بۆ خۆت بەردەوام بە لە ژیانکردن هەتا رۆژێ لە رۆژەکانی تەمەن سەر دەنێیتەوە و، بۆ هەمیشە لە چاو هەرچی بوونەوەری دیکەیە بۆ هەمیشە وندەبووی. بگرە بە زەحمەت تاریخی لە دایکبوونەکەی خۆیشی لەبیربوو. هەموو جارێک کە لێیان دەپرسی، دەبا کەمێک بیری لێ بکردایەتەوە و ئەوسا لە دووای کەمێک ورتە ورت لەگەڵ خۆی بڵێ شانزەی مانگی بەفرانباری هەزار و سێ سەد و چل و هەشت. ئیستا کە بیری لێدەکاتەوە بە خۆی دەڵێ لەخۆوە نەبوو کە ئەو سەردەمانە ئەوەندە خۆبەختکردنیش لە رێگای ئایدیا سیاسییەکان ئاسان بوو.
بەڵام دووای چەند ساڵ مانەوە لە تورکیە و، نیشتەجێ بوونی لە وڵاتێکی ئۆرووپایی، دۆخەکە بەتەواوی گۆڕا. لە راستیدا ئەوەی بیری لێ نەکردبووەوە، گرتنی جێژنی رۆژی لەدایکبوون بوو. کاتێک ژنەکەی پێی گوت هەفتەی داهاتوو ساڵگەردی رۆژی لەدایکبوونی کوڕەکەیانە و، تەمەنی دەبێ بە حەوت ساڵ و دەبێ جەژنی بۆ بگرن، واقی وڕما. چاوی بچووک کردەوەو، لەژنەکەی جوان رووانی،… ئەوسا گوتی جەژن!؟ هاوسەرەکەی گوتی ئەرێ جەژن، جەژنی لەدایکبوونی منداڵەکەمان، هاوپۆلەکانی دەعوەت دەکەین، جا دەبێ لەئیستاوە شمەکی پێویست بکڕین.
کڕییان. رۆژێکی خۆش بوو. دە پازدە منداڵێکی هاوکلاسی کوڕەکەیان هاتبوون، لە کچ و لە کوڕ. بە دیارییەوە. کۆتایی هاوین بوو و هەوا خۆش. تازە قوتابخانە کرابووەوە. لە باغی پشتی خانووەکەیان ئاوریان کردەوە و، دەستیان کرد بە برژاندنی سوسیس و هەمبەرگر و دووایی کەیکیشیان دابەش کرد. لە دووای سێ چوار سەعاتێک سەرئەنجام جەژنەکە کۆتایی هات.
لەبیری دێ ئەو شەوە، کەمێک رۆچووە بیرەوە. بیری ئەوەی کە گرتنی جەژنی رۆژی لەدایکبوونیش چ حاڵ و هەوایەکی هەبوو، منداڵەکەی چەند خۆشحاڵ بوو بەو دیارییانەی وا بۆی هاتبوون، چەندە ژنەکەیشی خۆبەخشانە لە هاتوچۆ و لە کاری بەردەوامدا بوو! بەڵام هەر ئەو شەوە زۆر خێرا ئەمەی لەبیر چووەوە و، چووەوە سەر بارودۆخی خۆی. ئەوەیکە دەبێ فێری زمان بێ و، خۆگونجاندن لەم کۆمەڵگا نوێیەدا چەند زەحمەت بوو و… شتی لەم بابەتە. ئەو شەوە بەدەم ئەم خەیاڵاتانەوە، شەکەت و ماندوو خەو بردییەوە.
لە رۆژی دوواترەوە ئیتر هیچی لەبیرنەما. زۆر خێرا جەژنەکەی لەبیر کرد. پاییز هات و، تێپەڕی… بوو بە زستان. بەفری بێ بەزەیی باکوور لەگەڵ سەرمایەکی کوشندە هەموو وڵاتی داگرت. ئەوەندەی نەخایاند کە دیسان ژنەکەی باسی جەژنی لەدایکبوونێکی تری کرد!… باسی رۆژی لەدایکبوونی ئەو، شانزەی مانگی بەفرانبار کە ئەو رێک تیایا دەبوو بە چل و پێنج ساڵ! ژنەکەی گوتی ماڵی کاک ئەحمەدی ئاشنامان دەعوەت دەکەین و خۆمان. خواردن و کەیکێکی بۆ سازدەکەین و،… تەواو!
ئەم کە چاوەڕووانی شتی وانەبوو و قەت بیری لەوە نەکردبووەوە کە رۆژێ لە رۆژان رۆژی لەدایکبوونی ئەوەیش بکەن بە جەژن، هەروا لە ژنەکەی راما. نە هیچی گوت و، نە هیچیشی نەگوت! دەمی قونجابوو و، چاوەکانی پڕی قسە. هاوسەرەکەی گوتی تۆ کارت نەبێ، من بۆخۆم هەموو شتێ جۆردەکەم.
ویستی بڵێ کچێ جەژنی لەدایکبوونی چی و، شتی چی! من کە ئیتر خۆ منداڵ نەماوم و، بگرە پیریش بووم. ویستی بڵێ هەر نایشزانم تەمەنم چەندە و دەبم بە چەند ساڵ، ویستی بڵێ لە جیاتی ئەمانە واباشە لەبیری ئەوەدا بین کە چۆن زوو زمان فێربین و خۆمان بکەن بەناو ئەم کۆمەڵگایەدا،… بەڵام زاری هەڵنەهات.
شازدەی بەفرانبار کە بە تاریخی زایینی دەبوو بە شەشی جانواری، ئێوارەکەی لە ماڵەوە کۆبوونەوە. کاک ئەحمەد بە خۆی و ماڵ و منداڵی هاتن. خەڵکی مەریوان بوون و ئەوا دە ساڵێک دەبوو لەم وڵاتە دەژیان. زمان فێرببوون و کاریان دەکرد. بگرە سێ چوار ساڵێک دەبوو خانوویان کڕیبوو و، بەگشتی کەیفیان ساز بوو. کاک ئەحمەد ئەو شەوە بەردەوام باسی گرینگیی فێربوونی زمانی لەم وڵاتە دەکرد، ئەوەی کە چەندە گرینگە. دەیگوت زمان وەک دەرگایە، بە بێ دەرگا و توانای کردنەوەی کەس ناتوانێ بچێتە هیچ خانوویەکەوە. یەک دوو جاریش تەلەفۆنی بۆ هات و بە زمانی فینلاندی دەکەوتە قسەکردن. ئەم وەها گوێی بۆهەڵدەخست، نەبێتەوە! بەخۆی دەگوت بڵێی منیش رۆژێک ئاوەها فێری ئەم زمانە قۆڕە ببم!؟
سەرئەنجام شام خورا، کەیک هات و شەمع رۆشن کرا و دیاریش پێشکەش. کاک ئەحمەد تابلۆیەکی هێنابوو. ئەسپێکی خۆش رەوت لە بەستێنی شیناییەکی خەیاڵاویدا کە ‘با’ یاڵی دەشەکاندەوە. وەک بڵێی دەیزانی هێشتا خانووەکەیان رووت و قووتە و، باشتر وابوو دیارییەک بێنێ کە بۆ هەموویان بێ نەک تەنیا بۆ ئەو. ژنەکەیشی کراس و شەرواڵێکی جوانی بۆ کڕیبوو.
ئەو شەوە تا درەنگان دانیشتن و، باسی ژیانی فینلاند و رابردوو و وەزعی دونیایان کرد. کاک ئەحمەد کە پیاوێکی کۆنە سیاسی بوو، بەجوانی ئاگای لە دونیا بوو و باش شەن و کەوی دۆخەکەی دەکرد. دیارە ئەمیش کە هەر وەک میوانەکەی رابردوویەکی سیاسی هەبوو، زۆر کەمی نەدەهێنا، هەر ئەوەندەی کە لەسەر دۆخی فینلاند شتی وەهای نەدەزانی و ئەمە دەبووە هۆی ئەوەی بەتووش دڵەڕاوکێوە بێ.
لەگەرمەی قسەوباسەکانیاندا بوون کە کتوپڕ کاک ئەحمەد پرسی تۆ لە شانزەی بەفرانبارا لەدایک بووی، وانیە؟
ـ بەڵێ لە شانزەی بەفرانبارا.
ـ چ رێکەوتێکی سەیر!
ژنەکەی هەڵیدایە:
ـ رێکەوت! مەبەستت چییە کاک ئەحمەد؟
ـ مەبەستم ئەوەیە کە کاک ئازاد و جۆرج بووش پێکەوە لەیەک رۆژدا لەدایک بوون!
ـ جۆرج بووش؟
ـ بەڵێ جۆرج بووش. دیارە ئەو لە ساڵی ١٩۴۶، لەدایکبووە. بەو حسێبە بیست و چوار ساڵ لە کاک ئازاد بەتەمەنترە.
ئازاد کە خۆی بە چەپ دەزانی و، بەگوێرەی نەریتی چەپی رۆژهەڵاتی هەتا مۆخی ئێسقان رقیان لە ئامریکا و لە سیاسەتمەدارەکانیان بوو، بەم هەواڵە کەمێک داچڵەکا، بەڵام زۆر خێرا هاتەوە سەر خۆی. بگرە بەلاشییەوە سەرنجڕاکێش بوو. بەخۆی گوت خۆ لەدایکبوون بەدەست کەس نیە و، نە من و نە جۆرج لەوە پێش لەسەری رێک نەکەوتبووین.
شەو لەدووای ئەوەی میوانەکان رۆیشتن، شتەکانیان کۆکردەوە و خەوتن. ئازاد، خەیاڵ سەری پێ هەڵگرتبوو. خەوی لێ نەدەکەوت. هەستا، چووە بەر پەنجەرەکە و لە دەرەوەی رووانی. بەفرێکی یەکجار زۆر باریبوو. کۆڵان بێ چرپە راکشابوو و، چاوەڕووانی رێبواری سبەی. ئازاد بیری لە تەمەنی خۆی کردەوە: چل و پێنج ساڵ! وەک بڵێی ئیستا بەتەواوی هەست بە شتێک بەناوی چل و پێنج دەکا. نا، ئیتر ژمارە نەبوو.
لەو کاتەدا تاکسییەک لەبەر ماڵەکەیانەوە تێپەڕی و تیشکی بەهێزی گڵۆپەکانی تا ئەو سەری کۆڵان کشا و دنکە بەفرەکانی بەفری بەلێشاوی ئاشکراتر دەکرد، ئازاد رووی کردە ژووری منداڵەکەی. کوڕەکەی نوقمی خەو، بە ئارامی هەناسەی هەڵدەکێشا. چەند مەعسوومتر دەینواند. ئازاد بۆ ماوەیەکی چاک لێی راما. لە چەناگەی، لە چاوە قونجاوەکانی، لە کوڵمی، لە قژی پەرێشانی. بە خۆی گوت چل و پینج ساڵ!
ئەوسا بیری لە چل و پێنج ساڵی تر کردەوە. گەر بژیایە دەبوو بە نەوەد ساڵ، کوڕەکەیشی بە پەنجاو دوو. سەرێکی بادا و، رووی کردەوە ژووری خەوەکەی خۆی.
زستانی ساڵی ٢٠١۵، لە هیچ زستانێکی تر نەدەچوو!
فەڕۆخ نێعمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید