فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

‘با’ی هاوڕێم

کات 12/04/1403 172 بازدید

‘با’ی هاوڕێم

من ئیستایش لەو کۆڵانەوە هەموو رۆژێ لە خەونەکانمدا تێدەپەڕم. تێدەپەڕمەوە. ئیستایش هێشتا سەرەڕای تێپەڕینی ساڵانی ساڵ کراسەکەم بۆنی خۆڵ دەدا، دەستەکانم بۆنی تۆپێکی پلاستیکی و پێڵاوە لاسیقییە دڕاوەکانم بۆنی ئارەق. ئیستایش کە هەتاو دادەچێ بەخۆم دەڵێم ئەمە دووا شەق دەبێ،… دووا گوڵ. کە نابێ. هەتاو لە مێژە لەپشت کێوەکانا رۆچووەو، گڵۆپە زەردەکان لە پەنجەرەکانەوە بە ئاستەم دەڕژێنە ناو کۆڵان. هەموو رۆیشتوون. هەر من ماوم. نازانم بۆ من هەمیشە دووا کەسم! چییە بەردەوام من لە کۆڵان دێڵێتەوە؟

لەو دیو حەساری قوتابخانەکەوە، بای ئێوارە چقڵەکان دەلەرێنێتەوە. گوێم لە ناڵەی برینەکانی جەستەی بایە لە حاڵی گوزەردا. ئیستا دەزانم ‘با’یش بریندار دەبێ. دەنگی دایکم دێ، دەنگی خێزان. دەنگی رادیۆ و تەلەفزیۆن. رادیۆکە لە پەنجەرەی ژووری باوەگەورەوە و، تەلەفزیۆنەکە لە ژووری خێزانەوە. هەواڵەکانە. زمانێک کە من تێی ناگەم. نازانم بۆ باوکم و باوەگەورە ئەوەندە ئاوێتەی هەواڵەکانن. راستی باسی چییە!

بزەیەکم دێتێ. دوواتر، زۆر دوواتر ئەوە هەواڵەکان بوون منیان لەگەڵ خۆیان برد. ئەو هەواڵانەی تێیان نەدەگەیشتم. بەخۆم دەڵێم رەنگە بۆ تەنیا یەک جار باوکم، یان باوەگەورە کەمێک باسیان بۆ بکردمایە، تەنیا کەمێک هەواڵێکیان بۆ شی بکردمایەوە. ئا تەنیا یەک هەواڵ. ئیتر رەنگە ساڵانی دوواتر منیان لەگەڵ خۆیان نەبردایە.

گوێم لێیە بای راگوزاری ناو دڕکەکانی حەوشەی قوتابخانەکە، بە دەممەوە پێدەکەنێ. وەک بڵێی هاوڕێیەکی جێ ماوم. وەک بڵێی پەلەی نیە، دەزانێ لە یەکێک لە ئێوارەکانی ژیاندا سەرئەنجام دەست دەخەمە ناو دەستی و، لە گەڵی دەڕۆم. بە بێ خواحافیزی و، بە بێ هیچ ئاوڕدانەوەیەک. ‘با’ دەڵێ خەفەت مەخۆ من باسی هەموو شتێکت بۆ دەکەم. دەڵێ تەنانەت باسی هەواڵەکانیش. منیش بزەیەکم دێتێ. خۆشحاڵم کە سەرئەنجام لێیان تێدەگەم.

تۆپە لاسیقییەکە کونی تێ بووە. کە شەقی تێهەڵدەدەی دەقوپێ. ناڕوا. کە لێی دەئاڵێین، لە ژێر پێماندا دەپلیشێتەوە. هاوڕێکانم رادەگرم. تۆپەکە هەڵدەگرم و، بە فوو چاکی دەکەمەوە. ئەوسا دەست پێدەکەینەوە. ‘با’ دیسان پێدەکەنێتەوە.

ئەو کۆڵانە هەمیشە خۆڵاوی بوو. مامە رەشەی دراوسێمان کە هەمیشە ئێوارەیان لە مزگەوت دەگەڕایەوە، گوێم لێ بوو بەوانی تر دەگوت، خۆڵ سەرچاوەی خڵقەتە، دەیگوت خوای مەزن بەشەری لە خاک دروست کرد. رادەکەم و لەکاتێکدا گوڵێکی دیکە دەکەم بەخۆم دەڵێم ئەمەیش وەکوو هەواڵەکانی تر، سەرئەنجام رۆژێ دێ من تێی بگەم. مامە رەشە شوکری خوا دەکا کە بۆ وێنە خوا مرۆڤی لە زبڵ یاخود لە کاکڵی شەیتان سازنەکردووە. ئەوسا شۆڕ بەسەر گۆچانەکەیدا دەچێتە حەوشەکەیان، لەبەر دەم شێری ئاوەکەدا دەست و دەمووچاوی دەشوا و، بە پلیکانە قەدیمییەکاندا سەردەکەوێ. ئیستا دەزانم ئەو قەت وەک من گوێی لە بای ئێوارەیانی حەوشی قوتابخانەکە نەبووە. بە ئیستایشەوە دڵنیام مامە رەشە بە نەزانی سەر نایەوە.

تۆپە لاسیقییەکە دەبەمە ژوورەوە. لە ژێرزەمینییە تاریکەکە بە بێ ئەوەی بچمە ناویەوە، بە فڕێدانی جێی دێڵم. تۆپەکە لە شوێنێک لە ناو تاریکایی ئۆقرە دەگرێ. لە حەوشێ وەک مامە رەشە ئاوێک بە سەرو روومەتمدا دەکەم. دایکم لەپشت پەنجەرەکەوە هاوارم لێدەکا “قاچەکانیشت!” قاچەکانیشم.

ئەوەندە تینوومە، نانم پێناخورێ. هەر دەست دەبەم بۆ لێوانەکە و بۆ دۆلکەکە. دەنگم دەدەن کە نانەکەم بخۆم. چی بکەم، ئیشتیام نایبا. من دەبێ سەرەتا تینوویەتیم بشکێ. یەکیان دەڵێ “لەبەر کۆڵان و شەڕەشەق ئاگایان لەخۆیان نیە!” راست دەکا. من ئاگام لە خۆم نیە.

پێم وایە تاوانی کۆڵان بوو. کۆڵان هەموو شتێکی پێ لەبیر دەبردمەوە. ئاە، کۆڵان! داخۆ لەوێوە نەبوو رێگای بەرەو دونیا دەستی پێدەکرد!؟… ها لەوێوە نەبوو؟

بوو.

نە باوکم ئەمەی دەزانی، نە باوەگەورە و نە… ئەوانی تر. تەنیا ‘با’ی هاوڕێم دەیزانی. ‘با’ و دڕکستانەکەی ئەو دیو حەساری قوتابخانەکە. پێم وابێ منیش. گەر درۆ نەکەم. منێک کە دەمزانی، بەڵام وەک هەواڵەکان لێی تێنەدەگەیشتم.

نازانم نانم خوارد، یان نا. لەبیرم نایە. هەر لە تەنیشت سفرەکە سەرم لە گێژەوە دەهات. ماندوویی ئۆقرەی پێ بڕیبووم. تەلەفزیۆنەکە هەواڵی دەگوت. باوەگەورە دەنگی خێزانی دا کە هێواش خەبەرە! من لە نێوان تاریک و روونیی زەینمدا گوێم لە دەنگی گڕی پیاوێ بوو کە باسی… باسی نازانم چی دەکرد! لە بیرم دێ خەو بردمییەوە. ئەوسا خەونم بینی. لە خەونەکەمدا من لەسەر حەسارەکە دانیشتبووم و، لەگەڵ بای هاوڕێم بەو نیوە شەوە قسەمان دەکرد. ئەو کە لە وڵاتانی دیکەوە هاتبوو، شتی سەیرسەیری دەگێڕایەوە. بۆ وێنە دەیگوت لە هەندێ وڵات منداڵان بە تۆپی راستەقینەی فوتبال کایە دەکەن نەک بە تۆپی لاسیقی، دەیگوت لەوێ تیمیان هەیە و، پێکەوە بۆ پێشبڕکێ لە گەڵ منداڵانی تر دەچن بۆ سەفەر. با گوتی لە کاتی یاری کردنیشدا وەها نیە ئاو خواردنەوەت لەبیر بچێتەوە. قومقومەیان پێیە. لە خەونەکەمدا بای هاوڕێم گوتی پێت خۆشە رۆژێک لەگەڵم بێی و، پیشانت بدەم؟

ئەی بۆ نا!

شەو دیسان خەون بەردەوام بوو. ئەمجارە تۆپە لاسیقییەکە لە ناو ژێرزەمینییەکە بە دزییەوە هاتە سەرەوە. رێک بۆ ناو جێگاکەم. بەڵێنی پێدام لەگەڵ ئەوەی کون ببوو، بەڵام هەوای ناو خۆی رابگرێ بۆ ئەوەی چیتر تەریق نەبمەوە. گوتی تەنیا ئەوەندە کە بەڵێنم پێ بدەی قەت لێرە لەم کۆڵانە نەڕۆی!

بە ئاستەم گوێم لێیە دایکم دەڵێ ئەوە تۆنگە ئاوی ئەمشەویشیان. من کە هێشتا تینوومە، بەڵام ئەوەندە ماندووم کە توانای جووڵانم نیە. بەخۆم دەڵێم رەنگە نیوەشەو لێی بخۆمەوە.

نیوەشەو میز دەکەم بە خۆمدا.

من ئیستایش لەو کۆڵانەوە گوزەر دەکەم. ئەگەرچی وەک خۆی نەماوە. بە بای هاورێم دەڵێم پێکەوە سەفەرێکی خۆشمان بوو، لەبیرت دێ؟ بای هاوڕێم سەر هەڵدەبڕێ و، ورد لێم دەڕوانێ. دەڵێم تەنیا ئەوەندەی من وەک تۆ نیم بتوانم دیسان بە هەمان کۆڵان و دڕکستان و بەسەر هەمان حەساردا تێ بپەڕمەوە. با بزەیەکی دێ. دەڵی تۆ کە با نی.

راست دەکا. من ‘با’ نیم.

دەڵێم وایە من تەنیا خەیاڵم. ئەوسا دەزانم بۆ من و ئەو بووینە هاوڕێ. ئیستا دەزانم بۆچی من دڵم لە کۆڵان هەڵنەدەکەندرا.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *