فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ئازووقە

کات 08/05/1403 150 بازدید

ئازووقە

کۆڵ لە کؤل خۆ دەداتە بەر لا دیوارێک. دەنگی گرمە و ناڵەی هلیکۆپتەر دار و بەرد دەلەرێنێتەوە. لەمە خراپتر تەقە تفەنگیشە کە دونیای داگرتووە. دایە شوکری چ بە گوێرەی ئەزموونی تەمەنی و چ بە گوێرەی ئەو ئارامییە دەروونییەی کە هەیەتی دەزانێ کە نابێ هەڵەشە بێ. دەزانێ هاوار هاوار کردن، خۆ رنین و خۆ بەم لاولادان هیچ چارەسەر نیە. هیچ یارمەتییەک نادا. دەزانێ تەنیا رێگا، دیان بە خودا گرتنە. ئەو لە دووای مەرگی مێردەکەی فێری ئەمە ببوو. گریان و شیوەن هیچ دادی نەدابوو. بەگژدا کردنی بچووکیی منداڵەکانی بە ئاسماندا و داوای گەڕانەوەی مێردەکەی بۆ باوەشی ژیان، بە هیچ شوێنێک نەگەیشتبوو. چارەنووس، کەڕ و کوێر بە لایدا تێپەڕیبوو. دایە شوکری لەو کاتەوە فێر ببوو کە کارەساتیش وەک هەموو شتەکانی تری ژیانە. کە هات، دێت! هاتووە و هیچ شتێک دادی نادا.

پاڵ بە دیوارە گەرمەکەی سەرەتای هاوینی پەنجاو نۆ، کە روو لە رۆژهەڵاتە دەدا و لە ئاسمان دەڕوانێ. هیچ دیار نیە. تەنیا دەنگە. دیوارەکان و قەوارەی کشاوی خانووەکان، ناهێڵن. بە خۆی دەڵێ باشتر.

دیسان بە گوێرەی ئەزموونی دەزانێ کە ئەگەرچی شەڕە، بەڵام شەڕیش وەها نیە کە هەر دەم و هەر ئان و ساتێک تەقە بێ و، پیاوە بێ رەحمەکان بیانەوێ لە هەر چرکەیەکدا لە یەکتر بکوژن. ئەوانیش پشوویان دەوێ. هەدا دەدەن. تفەنگەکان دەبێ سارد ببنەوە بۆ ئەوەی بتوانن سەر لە نوێ تەقە بکەنەوە. کاتی هەدادانەکانیش ئەو کاتانەن وا ئەو دەتوانێ دەست بە دیوارەکانەوە بگرێ، رابێتەوە و دیسان بەڕێ بکەوێتەوە.

ئەمڕۆ لە گوندەوە رووی لە شار کردبووەوە. یەعنی دوێ ئێوارە هاتبووەوە بۆ ئەوەی کەمێک ئازووقەی وەک نیسک و ماش و نۆک و شتی لەم بابەتە هەڵبگرێ و دیسان روو لە گوند بکاتەوە. ئەمشەو بە تەنیا لە ناو شار لە ماڵەوە مابووەوە. لەناو خانووە کۆن و هەمیشەییەکەیدا. چرا مووشیەکی هەڵکردبوو و پەردەکانی جوان جوان دادابووەوە بۆ ئەوەی تیشکەکەی لە سەربازخانەکەی شارەوە دیار نەبێ. تەواوی شەو کەمێک دەستی بە ناو ماڵەکەدا هێنابوو. لە تاریکی حەوشە لەبەر تیشکی ئەستێرەکاندا راوەستابوو. تاقە درەختەکەی ئاودابوو و بەر هەیوانەکەیشی گسک دابوو. گوێی لە بێدەنگی شەو گرتبوو. تەقە دوورەکان رایانچڵەکاندبوو. سەیری سەمای نوورئەفکەنەکانی کردبوو. دایە شوکری قەت ئاوا لە خانووەکەی خۆی نەڕوانیبوو. باشتر بڵێین قەت خانووەکە ئاوا بەم شێوەیە نەهاتبووە بەر چاوی. وەک بڵێی لێرە لە ناو ماڵی خۆی غەریب بێ. وەک بڵێی بۆ یەکەم جارە روو لێرە دەکا و، قەت لێرە بۆ تاقە رۆژێکیش بێ نەژیابێ! وەک بڵێی مێردەکەی لێرە نەمردبێ.

ئەمڕۆ تەقە گەرمترە. دایە شوکری قاچی لە سەر خاکی کۆڵانەکە رادەکێشێ. دەرپێ چیتەکەی هەڵدەکشێ و، قولە لاوازەکانی دەردەکەون. عەرز بەو بەیانییە زووە گەرمە! کۆڵەکەی داناگرێ. سەر دادەخا و لەبەر دەمی خۆی دەڕوانێ. چەکەرەی پرسیارێ کە لەمێژە هەر لە دەروونیدایە، دیسان سەر هەڵدەداتەوە. چەکەرەی پرسیارێک کە قەت نەبوو بە قەدی رووەکێک: راستی دونیا بۆ کتوپڕ وای لێهات؟

دایە شوکری لە دەروونیدا دەکرا هەموو شتێ رووبدات،… ئا هەموو شتێک: هەر لە ئاورگرتنی ماڵەکەیەوە بگرە تا مردنی دراوسێکان، نەخۆش کەوتنی منداڵەکانی، زستانی سەخت و دژوار، دڵۆپەی بانی و بگرە مەرگی مێردەکەیشی،… بەڵام ئەمەی وا یەک دوو ساڵێکە بەسەر وڵاتدا هاتبوو قەت بە مێشکیدا نەهاتبوو. خەڵکی بۆ وا شێت و هار ببوون؟ ئاخر چۆن دەکرا حکومەتێک برووخێ و، یەکی دی بێت! چۆن دەکرا دونیا کتوپڕ ئەم گۆڕانە گەورەی بەسەردا بێ! دایە ئەو رۆژە ئارامانەی ساڵانی لەبیرە. کۆڵان چەندە وەک خۆی بوو، پیاوانی گەڕەک چۆن هەموو ئێوارەیەک لە بازاڕ دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە، ژنان چۆن بە ماڵ و بە منداڵەوە سەرقاڵ بوون و شار چەندە وەک جارانی خۆی بوو… بە بی هیچ رووداوێکی تایبەتی،… ئاە ئەو ساڵانە. بەڵام… بەڵام لەنەکاو هەموو شتێ گۆڕابوو.

سەر بەرز دەکاتەوە و لە ئاسمان دەڕوانێ. دایە لای وایە دەبێ لەم دونیایەدا هێزێ هەبێ کە کەس ئاگای لێ نیە. هێزێ کە هەمیشە خۆی دەرناخا و، تەنیا جاروبارە رووی نگریسی خۆی نیشان دەدا. هێزێ کە کەس نە دەتوانێ بیبینێ و، نە دەتوانێ هەستی پێ بکا. لای ئەو ئەم هێزە خودایش نیە. لای دایە خودا میهرەبانە. لای ئەو دەکرا خودا بەسەر خەڵکیدا بەڵا و کارەسات بێنێ، بەڵام نەک بەم چەشنە. کارەساتەکانی خودا لای دائە لە چەشنی ئاسایی بوون. ئاە، وەرە دونیا کتوپڕ وەها بە بارێکی تردا بکەوێ کە هەموو خەڵکی شار چۆڵ بکەن و کەس لە سەر ماڵی خۆی نەمێنێ…

لێرە و لەوێ بەردەوام شەڕ بێ و هەموو رۆژێ تەرمی تر بکەوێتە سەر عەرز. کەواتە مانای ئەوەیە دەبێ هێزێکی دیکە هەبێ. بەڵام وەک هەمیشە دایە دیسان بە هیچ شوێنێ ناگا. تەنیا دەزانێ کە شتێکی تریش هەیە. شتێک کە ئەم لای وایە خوا نەیخوڵقاندووە. شتێک کە دەبێ… دەبێ دەستکردی کەسی تر بێ،… بۆ وێنە شەیتان!… ئا شەیتان، بۆ نا! دایە بەم داهێنانەی خۆی بزەیەک لەسەر لێوە وشکەکانی دەگەڕێ. چاوە کزەکانی بە چوار دەوری خۆیدا دەگێڕێ و، دەڵێ ئەستەغفیڕەڵلا… ئەستەغفیڕەڵڵا!

دایە شوکری بێوەژنێکی تەمەن چل ساڵە کە دە ساڵێکە مێردەکەی مردووە و، بە تەنیا لەگەڵ دوو کچۆڵەکەی دەژی. دایە شوکری بە نانەوایی دەژی. واتە نان بۆ خەڵکی دەکا. هەر لە هەویر شێلانەوە بگرە تا گونک گرتن، کردنەوەو پێوەدانی. نانەکانی بەناو بانگن. ئەوەندە لە تەنیشت تەنووردا دانیشتووە کە دەمووچاوی زوو چرچ هەڵگەڕاون. زەرد و لاواز وەک داری وشکی تەنوور. لە کاتی نان کردن، بە گۆشەی لەچکەکەی زوو زوو فرمێسکەکانی کە بە هۆی دووکەڵەوە لە چاوەکانی شۆڕ دەبنەوە، دەسڕێتەوە و هاوکات بەجوانی ئاگای لە نانەکانیشیەتی کە نەسووتێن. کەس بە قەدەر دایە شوکری نازانێ نان یەعنی چی. تا ئیستا چەندین جار دەستەکانی بۆ دەرهێنانەوەی ئەو نانانەی وا کەوتوونەتە بنی تەنوورەکانەوە، سووتاون، بەڵام ئەو هەر واز ناهێنێ. هەزار جاری دیکەیش بسووتێ، ئەو سەر لەنوێ دەریان دێنێتەوە و فڕێیان دەداتە تەنیشت تەنوورەکەوە.

دایە شوکری لە خانووەکەی بەرامبەری ورد دەبێتەوە. لە پەنجەرەکانی، لە دیوارە ئاجوورییەکانی. پۆلێک چۆلەکە بێ خەیاڵی هەموو شتێک، لەسەر گوێسەبانەکەی لەسەر شتێک شەڕیانە. جریوەجریوی شێتانەیان لەگەڵ دەنگی کۆپتەرەکان تێکەڵ دەبن. بە خۆی دەڵێ خۆزگەم بە خۆیان!

لەو کاتەوە شەڕ دەستی پێکردووە، ئەو تاقە قڕانێ چییە دەری نەهێناوە. لە گوند بە خێر ژوورێکیان پێداوە و، هەر هەمان ساحیب ماڵ ماست و پەنیریشی دەداتێ. هەندێ پارەی پاشەکەوتیشی هەیە کە بۆ رۆژە نەهاتەکان کەمکەم لایدابوو. لەو کاتەوە مێردەکەی مردبوو لەناو یەغانەکی لە دوو توێی پەڕۆیەکدا هەندێ ئەسکەناسی لاخستبوو.

پێش ئەم شەڕە، لە دووای رووخانی شا، رۆژێ لە ماڵی دراوسێیەکیان خەریکی نانکردن دەبێ. پەنجەرەی ژووری دانیشتنەکە کە بەسەر تەنوورەکەدا دەیڕوانی، کراوە بوو و پیاوەکانی ماڵەکە مشت و مڕی قسەباسێکیان بوو. بە دەنگی بەرز و گڕ و پڕ لە تووڕەیی لەگەڵ یەکتر دەدوان. یەک باسی سو… سوس… سوسی‌۱، ئاە وشەکەی لەبیر نیە، دەکرد و یەکی تریان باسی خود… خود موختا… ئەها خودموختاری دەکرد. دایە نازانێ ئەمانە چین. بیری مێردەکەی دەکردەوە کە ئەگەر لە ژیاندا مابا ئەوا باسی ئەمانی بۆ دەکرد و، ئەویش وەک هەموو خەڵکی تر لەم سڕ و تڕە دەگەیشت کە دونیا پێیانەوە سەرقاڵ بوو.

کە نەگەیشت!

بە خۆی دەڵێ سوس… و خودموختاری دەبێ چی بن کە ئەم خەڵکە ئەوەندە لەسەری توند و قایمن! ئەوسا سوس و خودموختاری وەک تەشتێک هەویر و وەک تەلیسێک ئارد یاخود چین چین نانی کراوە دێنە بەرچای کە خەڵک بۆ بەدەست هێنانیان وەک پشیلە لەیەک مۆڕ دەبنەوە و بە رووی یەکتردا دەپژن!

دونیا بۆ ماوەیەک ئارام دەبێتەوە. وەک بڵێی کۆپترەکان رۆیشتبن. تفەنگەکان بێدەنگ دەبن. تەنیا جارو بارە تەقەیەک. دایە شوکری نازانێ جارێکە رابێ، یان نا. هەستێک لە دەروونەوە پێی دەڵێ جارێ چاوەڕووان بێ. سەیری ئەم سەراوسەری کۆڵانەکە دەکاتەوە. کەس بەدەرەوە نیە. هەر قەراریش نیە بەدەرەوە بێ. شار لەمێژە چۆڵ چۆڵە. خانووەکان پەپوو تیایاندا دەخوێنێ. خەڵکی هەموو روویان کردووەتە دێهات. بەخۆی دەڵێ خوایە کەی ئەمە تەواو دەبێ… کەی؟ بۆ ئەم خەڵکە وا شێت و هار بوون!

سەرئەنجام بەیارمەتیی دیوارە گڵینەکەی پشتی سەری، هەڵدەستێ. کۆڵەکەی لەسەر پشتی کەمێک رێک و پێک دەکا. شوکور کە هیچی لێ نەقەوماوە و، بارەکەی لە جێی خۆیەتی. ئیستا دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ گوند… بۆ لای کچۆڵەکانی.

دەگاتە سەر خیابان. خیابانەکە دەچێتەوە سەر بلوارێک کە ئەو دەبێ لەوێوە روو بکاتە دووا ماڵەکانی شار. ئیتر لەوێوە بەرەو دێ. هەوا تا دێ گەرمتر دەبێ. هەتاو زیاتر خۆی بۆ قووڵایی ئاسمان دەکشێنێ. بیر دەکاتەوە کە هاوین هەمیشە وەها بووە.

دایە شوکری لە کێوەکەی ئەو بەر دەڕوانێ. وەک بڵێی لەوێ هیچ خەبەرێک نەبێ. سروشت بەپێچەوانەی ئێرە، ناو شار، چەند خۆیەتی. دایە نیوە بزەیەک لێوەکانی هەڵدەقرچێنێ. بۆ دڵنیایی زیاتر، ئەگەرچی پشتی ئارەقاوی جوان هەست بە کۆڵەکەی دەکا، بەڵام لادەکاتەوە و بەلاچاو لێی دەڕوانێ. دەروونی دەگەشێتەوە.

دونیا بە پێچەوانەی رووداوەکانی نێوانی، چەند گەشە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ژێرنووس:

۱ـ سوسیالیزم

تەگەکان : ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *